Friday 17 May 2013

با هەڵوێست لەسەر تەقە کردن وەربگرین

هێمن میرانی

چونکە حکومەت لە وڵآتی ئێمە سیاسەتی رۆژ دەکا و زۆر زوو بەڵێنەکانی خۆی لە بیر دەچێتەوە، ئەولەویەتی نیە، کارێک دەست پێ دەکا و بە نیوەچڵی بەجێی دەهێڵێ، هەمیشە ئێمە دەبێ دەستمان لەسەر دڵمان بێ و چاوەڕێی شتی ناخۆش بکەین.
لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ دیسان لایەنگرانی پارتی و یەکێتی دەستیان بە تەقەکردن کرد. ئەو کات وتارێکی زۆر توندم نوسی و رۆژنامەی ئاسۆ لە بەشی خوارەوەی لاپەڕەکانی رۆژنامەکە بڵاویان کردەوە.ماڵیان ئاوا چاک بوو هەر بڵاویان کردەوە!
لەوێش داوام کرد کە ئەو بابەتە دەبێ هەر ئێستا هەڵوەستەی لەسەر بکرێ بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو بەرەڵڵایە دابندرێ. کەس نەیکردە خەم، ئەوە دیسان دەیان کەس بریندار بوون، هەزاران گوللەی وێڵ نرانە ئاسمان و کەوتنەوە ماڵی خەڵک و شەقامەکان.
ئەوە خەتای کێیە؟
کە خەڵك هەمووی چەکدارە و ئەو بابەتە سنووردار نەکراوە خەتای حکومەت و پارتی و یەکێتیە، چونکە ئەوە بەشێکی چەکداری لایەنگری ئەو دوو حزبەن رێز بۆ قانون و ژیانی خەڵک دانانێن، ئەوە حکومەتی هەرێمە کە ئەو دوو حزبە پێکهێنەرینە دۆش داماوە و باکی بە ژیانی خەڵک نیە.
چی بکەین؟
ئەگەر من ئێستا لە کوردستان بوام و لەو رێکخراوانە کارم کردبوایە، دەیان هەزار واژووم کۆ دەکردەوە و پارلەمانم ناچار دەکرد قانونێکی توند و تایبەت بە بواری چەکداری و تەقەی خۆشی دەربکا. ئەگەر من لە ناو پارتی و یەکێتی ئەندام بوام، بە حزبەکەی خۆمم دەگوت لە کادر و چەکدارەکانی خۆتەوە دەست پێ بکە. ئەو فەوزایە لە گەڵ قسە زلەکانی سەر تەلەفزیۆنەکانتان وێک نایەتەوە!!



دەبێ پارلەمان قانونێکی تایبەت دەربکا و حکومەت بە جددی بەتەنگ ئەو بابەتەوە بێ و ئەوەی چەکی بێ مۆڵەتی هەبێ دەبێ لێی وەربگیرێتەوە و هەر کەسێک تەقەی خۆشی بکا بە بڕێکی ماددی زۆر سزا و ماوەیەکیش بەند بکرێ.
باشە چ پێویست دەکا هەموو خەڵک چەکی هەبێ؟ ئەی ئەوە نیە رۆژ و شەو نازی ئەمن و ئاسایش و بەرقەراری بەسەر خەڵك دەکەن! ئەی ئەگەر هەموومان ژیان و سامان و سەرمان پارێزراوە بۆ بە قانوون چاومان دەرناهێنن و ئەو چەکە پیسانەمان لێ وەرناگرنەوە!
باشە تا کەی باکتان بە ژیانی خەڵك نیە؟ تا کەی بریندار و کوشتنی خەڵك بە کەم دەزانن؟ ئاخر ئەوە ٢٠١٣ یە، تا کەی؟
ئەو کەسانەی هێندە نا بەرپرس و بچوکن و بە تەقە و باراندنی گوللەی وێڵ خۆشی دەردەبڕن، شایەنی بەزەیی و رێز نین، دەبێ قانونێکی توند هەبێ چاویان دەربکا و بیانکاتە پەند.
رێزدارینە پارلەمانتاران و حکومەتە ساواکەمان:
تکایە ئەو بابەتە بە گرنگەوە وەر بگرن، ئەگەر ئەمشەو یەکێک لەو بریندارانە گیان لە دەست بدات، ناوی لێ بنێین شەهیدی چی؟ تکایە باکتان بە ژیانی خەڵک هەبێ و سنوورێک بۆ ئەو شەقاوانە دابنێن.

سەردانی پەیجەکەی بکەن: www.facebook.com/hemn2011

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...