Saturday 22 June 2013


پێویستیمان بە رەوت و بیرکردنەوەیەکی نوێ هەیە

هێمن میرانی
مرۆڤ کاتێک مێژووی وڵاتی خۆی دەخوێنێتەوە، بە سانایی دەتوانی ئەو هۆکارە ناوخۆیانە دەست نیشان بکا کە هەمیشە هیواکانی بۆ گەیشتن بە ئازادی و کیانی کوردی کاڵ کردونەتەوە.
لە مێژووی دوور و نزیکدا دووبەرەکی ناوخۆیی و باڵ باڵێن و رەپێش خستنی بەرژەوەندی سیاسی و کەسی و عەشایەری و لە مێژووی نوێش بەرژەوەندی گروپ و حزبی گورزی کەمەر شکێنیان لە هیواکانی کورد داوە. هەڵبەت ئەم دووبەرەکیانە هەمیشە لە لایەن وڵاتانی ناوچەکە و رژێمەکانی عێراق لە بەر رۆشنایی سیاسەتی " پەرتکە و زاڵ بە" لە دژی کورد بەکارهێنراوە و ئەمیان کردۆتە دوژمنی زیاتری ئەولا و لە دەرفەت و هەڵکەوتەی دیکەدا بە پێچەوانەوە...
 دەستی گەورەی تورکیا و ئێران و رژێمی بەعس لە دوایین جەولەکانی شەڕی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان حاشا هەڵنەگرە.  زۆر دوور نەڕۆین لەسەر کەیسی کەرکوک ئیبراهیم جەعفەری نەیگویبوو باشە کەرکوک بگەڕێتەوە سەر کام پارچەی هەرێمی کوردستان؟
ئەوەی جێگای نەنگی و داخە، هەرگیز سوود و پەند لەو شکستانەی رابردوو وەرنەگیراوە، سەرکردەی دەستە و تاقم و گروپەکان بۆ خستنی بەرامبەرەکەیان ( کە برای نەتەوەیی خۆیانە) باکیان نەبووە بە دۆستایەتی کردن لە گەڵ هیچ کام لە تورکیا و ئێران و عێراق.
مایکل گۆنتەری توێژەری هەر ناسراوی بیانی دەربارەی دۆزی کورد کە سەدان توێژینەوە و کتێبی لەسەر کورد نوسیووە، بەو دەرەنجامە گەیشتووە کە کورد بێ سەرکردەیە، سەرکردەیەک وەکو بسمارک ی ئەڵمانی و گاربالدی هیندی نیە کە خۆیان لە سەروو بەرژەوەندییە بچووک و تەسکەکانەوە ببینن و بۆ وڵاتەکەیان تەرخان ببن.
گۆنتەر دەڵێ سەرکردەکانی ئێستای کورد کە جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی و عەبدوڵڵا ئۆجەلانن. چەندە شەڕیان لە دژی ئەو وڵآتانە کردووە کە ئینکاری بوون و مافەکانی کورد دەکەن، ئەوەندەش شەڕیان لە دژی یەکتری کردووە.
لە وەها دۆخێکدا کە ئەو بەڕێزانە و زۆرینەی ئەوانەی لە نیوەی دووەمی سەدەی رابردوو تا ١٩٩٨ شەڕیان لە دژی یەکتری کردووە لە پۆستە هەرە هەستیارەکانی حکومی و حزبین لە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا و  هێشتا ئاراستەی سیاسەت دەکەن لە کوردستان، مرۆڤ ناتوانێ چاوەڕێی ئەوەیان لێ بکا کە لە حزبەکانی خۆیان و بەرژەوەندییە تەسکەکان فراوانتر بیر بکەنەوە و هەڵسوکەوت بکەن، بە تایبەت کە هێشتا نەیارەکانیان لە شار، ئەوانەن کە لە شاخدا قازیفەیان بە یەکتری وەناوە.
دوو دڵ نیمە لەوەی کە کوردستان پێویستی بە جیلێکی نوێی سیاسیە، پێویستی بە رەوتێکی نوێی سیاسیە کە ئەو بەڕێزانەی تیا نەبێ کە ناکوکی سیاسی نیو سەدە کۆیان دەکاتەوە و ناتوانن لە دەرەوەی ئەو ناکۆکیانە بیر بکەنەوە.
نەوەیەک لە سیاسی کە ئەو باکگراوندە ئاڵۆزەی نەبێ و لەسەر بنەمای هەڵوێست و رەفتارەکانی نیوسەدە لەمەوبەر شیکار بۆ رووداو و پێشهاتە سیاسیەکان نەکا. ئەمەش لە دۆخی ئێستادا هاتنە کایەوە و سەرهەڵدانی زۆر ئاسان نیە بە تایبەت کە هیچ ئاماژەیەک نیە کە ئەو بەڕێزانە خانەنشین ببن و حزبەکانیان بدەنە دەست نەوەیەکی نوێ، یان هیچ ئاماژەیەک بۆ سەرهەڵدانی بزاڤێکی نوێ نیە کە هەڵسوڕێنەرەکانی پاڵەوانی شەڕ نەبوو بن و باکگراوندێکی سیاسی ئاڵۆزیان نەبێ.
لەو پێودانگەوە پێشبینی ناکەم لە دە ساڵی ئایندە دۆخی کوردستان زۆر لە ئێستا باشتربێ. بە تایبەت لە روانگەی ئەو ملشکاندنە سیاسیەی بە ناوی پلۆرالیزم و فرەییەوە بەڕێوە دەچێ و هەمیشە کوردستانی لەسەر لێواری شەڕی ناوخۆ راگرتووە و سایکۆلۆجیای خەڵک و ئاشتی کۆمەڵایەتی بە تەواوی تێک داوە.
23.06.2013

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...