Saturday 20 June 2015

بەڵێ سەرۆک بارزانیمان پێویستە



هێمن میرانی
پۆستی سەرۆکی هەرێم، کە بەڕێز مەسعود بارزانی یەکەم سەرۆکیەتی لە ١٠ ساڵی رابردوو، خەریکە بە جۆریکی خراپ کورد لە باشوری کوردستان لە دۆخێکی یەکجار هەستیاردا دابەش دەکات.
بارزانی بە گوێرەی قانونی سەرۆکایەتی هەرێم جارێک لە پارلەمان و جارێک بە دەنگی خەڵک و دوو ساڵیش بە قانونێکی پارلەمان، کە قانونی سەرۆکایەتی هەرێمی پەک خستووە، لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندایە.
بارزانی پێویستی بەوە نیە من لێرە باسی بکەم، مێژووی خۆی و تێکۆشانی خۆی لە پێناوی میللەتەکەی شاهێدی ئەون.
لە ئێستادا کە کوردستان بە دۆخێکی یەکجار خراپی ئابوری تێپەڕ دەبێ، لە شەڕێکی سەختیشدایە لە گەڵ داعش، خەریکە کورسیەکەی بارزانی دەبێتە هۆکاری پەرتکردنی زیاتری ناوماڵی کورد. پەرتکردنێک کە رەنگە لە دۆخێکی ئاساییدا وەکو کێبڕکێی سیاسی سەیر بکرێ بەڵام لە ئێستای کوردستاندا مەگەر وەکو هەڕەشەیەکی ناوخۆیی چاوی لێ بکرێ.
کوردستان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە، پارتی کە دەیەوێ بە هەر جۆرێک بێ بارزانی ببێتەوە سەرۆکی هەرێم بە دەسەڵاتەکانی ئێستای، لایەنی بەرامبەر کە رەنگە زۆر لاریان لە مانەوەی بارزانی نەبێ ئەگەر لە پارلەمان هەڵبژێردرێ و دەسەڵاتەکانی ببێتە تەشریفاتی.
ئەو پێداگیریەی هەردوو لایەن لە دۆخی ئێستادا خۆپەرستی و حزبایەتیەکی بێ مانایە. پارتی ئەگەر پێی وایە سەرۆک بارزانی، نەک لە بەر خۆی و لەبەر حزبەکەی، بەڵکو لەبەر دۆخی کوردستان و ئەگەرەکانی هەڵوەشانەوەی عێراق پێویستە سەرکردایەتی کوردستان بکات، دەبێ کۆمەڵێک باج بدات لە بەرامبەر مانەوەیدا.
بۆ حزبەکانی دیکەش ئاسایی نیە قەبوڵ بکەن کە پارتی بە ٣٩ کورسیەوە سەرۆکی هەرێم بە دەسەڵآتەکانی ئێستای لە دەرەوەی هەڵبژاردن و قانون بسەپێنێ ( تێبینی: بە گوێرەی قانونی سەرۆکایەتی هەرێم و قانونی درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی ئێستا، بەڕێز بارزانی بۆی نیە لە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان خۆی کاندید بکاتەوە)، لەولاش سەرۆکی حکومەت هەر بە دەست پارتی بێ و سەرۆکی دەزگایەکی هەستیاری وەکو ئاژانسی پاراستنی کوردستان و وەزارەتی نەوت و ناوخۆ هەر لەو حزبە بێ.
رەنگە بپرسن ئەمانە ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی پارتین، ئێ باشە، بەڵام ئەی بۆ کە قسە دێتە سەر پۆستی سەرۆکی هەرێم و هەڵبژاردن و قانون، دۆخەکە دەبێتە بابەتێکی دیکە!
منیش لە گەڵ ئەوەم لە ئێستای کوردستاندا، بە تایبەت کە سەرکردەی حزبەکانی دیکە و پیاوە دیارەکانی کوردستان بوێرەی ئەوەیان تێدا نیە خۆیان کاندید بکەن، بەڕێز بارزانی پێویستە وەکو سەرۆکی هەرێم بمێنێتەوە. بەڵآم ئەوە چۆن دەکرێ، چ دەروازەیەکی بۆ دەدزۆرێتەوە؟
بە هەڵبژاردن بێ، بە گوێرەی قانونە بەرکارەکان، بەڕێز بارزانی مافی خۆ کاندیدکردنەوەی نیە.
قانونی سەرۆکایەتی هەرێم هەموار بکەین؟ پارتی بە تەنیا ناتوانی ئەو قانون تێپەڕێنی ئەگەر حزبەکانی دیکە رازی نەکرێن.
کەواتە مەسەلەکە رازی کردنی حزبەکانی دیکەیە؟ بەڵێ بەڵێ بێگومان دەبێ ئەوانیش رازی بکرێن.
من وا هەست دەکەم ئیدارە لە کوردستان دەبێ دووبارە دابرێژرێتەوەو هەر پێنج حزبە گەورەکە لە ئیدارەکردنی کوردستان بۆ ئەم قۆناغە بەشداری کاریگەر بن تا شەڕ تەواو دەبێ و دەتوانین هەڵبژاردنێکی دیکە بکەین.
بۆ نمونە دەکرێ قانونی سەرۆکایەتی هەرێم هەموار بکرێ و بارزانی بۆ چوار ساڵی دیکە لە پۆستەکەی بمێنێتەوە. سەرۆکایەتی حکومەت بدرێتە بزوتنەوەی گۆڕان وەکو هێزی دووەم، سەرۆکایەتی پارلەمان بدرێتە یەکێتی وەکو هێزی سێیەم و پۆستی گرنگیش بدرێتە حزبەکانی دیکە. بەم جۆرە هەموان لە ئەرک و بەرپرسیارێتیدا بەشدار دەبن و پێویستیشمان بەوە نابێ لەو بێ موچەییە دەیان ملیۆن دۆلار لە هەڵبژاردنێکی نا پێویستدا خەرج بکەین.
بەڵی بارزانی پێویستە بۆ کوردستان و من خۆم هیچ گومان لە دڵسۆزی و لێهاتووی ئەو نیە، بەڵام پارتی دەبێ باجی مانەوەی بارزانی بدات و حزبەکانی دیکەش رازی بکات هەم بۆ مانەوەی بارزانی و هەمیش بۆ پاراستنی یەکڕیزی و سەقامگیری سیاسی لە کوردستان.

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...