Saturday 4 July 2015

..مەیەنە ئەوروپا...نامەیەکی کراوە بۆ گەنجانی برینداری کوردستان

دیارە بە هۆی دۆخی خراپی ئابوری و شەڕ و شۆڕەوە لە کوردستان کۆچ بۆ رۆژئاوا دەستی پێکردۆتەوە. هەڵبەت ئەم کۆچە هەر بەردەوام بووە، بەڵام لە ساڵانی رابردوو تا رادەیەک رەوتی پێچەوانەی وەرگرتبوو، کۆچ لە ئەوروپاوە بۆ کوردستان.
گەنجانی خۆشەویست:
ئەوانەی تەنیا بە قسەی خزم و کەس و درۆ و دەلەسەی میدیاوە دەخەڵەتێن و ئەو رێگایە پڕ زەحمەتیە دەگرنە بەر، تەنیا ئەم چەند خاڵە لە برای خۆتان بە راستگۆیانە وەربگرن، دواتر خۆتان خاوەنی بڕیاری خۆتانن:

یەکەم: دۆخی ئەوروپا لە رووی ژیان و گوزەرانی ئابوری و باری سیاسیەوە گۆڕانی گەورەی بە خۆیەوە دیووە و هەرگیز لە ئەوروپای هەشتاکان و نەوەدەکان و سەرەتای دووهەزارەکان ناچێ. بۆیە ئەگەر برات یان خزم و کەست لە هەشتا و نەوەدەکان هاتووە و لێرە گیرساوەتەوە و بۆتە خاوەن مۆڵەتی مانەوە و پاسپۆرت و ئیش و کاری خۆی هەیە، لە دۆخی خۆیەوە دەیەوێ هانی تۆش بداتی وڵآت بەجێ بهێڵی، هەڵبەت لە دڵسۆزیەوە بێ یان بە هەر هۆکارێکی دیکە، دڵنیابە لەوەی ئەوەی بۆ ئەو رەخساوە هەرگیز بە ئاسانی دەستی تۆ ناکەوێ.



لێرە ئێستا دژە کۆچبەرەکان لە زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپاوە لەسەر حوکمن. نەک تەنیا ئەگەری وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی زۆر ئاستەم بووە، بەڵکو ئەوانەش کە لەسەر پارەی حکومەت – سۆشیال یان بیمەی بێ کاری- دەژین تا ئەندازەیەکی زۆر بە هەزار درۆ و دەلەسە چۆڕە پارەیەک وەردەگرن کە بەشی تێربوونی سکیشیان ناکات. دەیان کەس دەناسم لێرە لە بەریتانیا خۆی شێت کردووە یان بە درۆ خۆی نەخۆش خستووە بۆ ئەوەی چۆرە پارەیەکی حکومەت وەربگرێ! خوا دەزانێ چۆن باسی ئەوروپاش دەکات بۆ کەس و کار و برادەرەکانی لە کوردستان !! دەیان نمونەی وام بینووە کە بە گوناحی دەزانم گەنجی کورد دوای ئەو هەموو ساڵە وا بە ریسوایی ژیان بەسەر ببات.

دووەم: وەکو ئەگەرێک دابنێ کە هاتی، گەیشتی بە سەلامەتی، بە ئاسانی مافی مانەوەت وەرگرت، کە ئەمانە زۆر زەحمەت بوونە وەکو لە خاڵی سەرەوە باسم کرد. وا نەزانی ژیان لێرە وەکو تەمبەڵخانەکەی لای خۆمان وایە و تەنیا چەند سەعاتێک دەوام کردن، یان ئەمڕۆ ئیش کردن و دوو رۆژ پاڵدانەوە و سوڕانەوە و گەڕان و ئەملا و ئەولای ئاسانت دەست دەکەوێ. ژیان لێرە رۆژ لە دوای رۆژ لە زەحمەت بوونە. ئەوەندەت هەیە دەبێ ئیش بکەیت و بێتەوە ماڵەوە و بخەویت و بەیانی دووبارەی بکەیتەوە. سەیری وێنەی جوانی ئەو کەسانە مەکە کە لە ئەوروپاوە لە فەیس بووک دایبدەنێن و وەکو بەهەشتی تەمبەڵان ئێرە وێنا دەکەن، باوەڕ بکەن وا نیە. ئەوەندەی لێرە ماندوو دەبیت، ئەو کارانەی خەڵک لێرە دەیکات، لە کوردستان بیکات کێشەی تایبەتی خۆی نابێ.

سێیەم: راستە دۆخی سیاسی و ئابوری کوردستان ناخۆشە، راستە سیاسەت بۆتە قوڕێکی خەست و خەریکە هەموو میللەت نوقوم دەکات. راستە شەڕ لە بەر دەرگامانە، بەڵام باوەڕتان بێ بۆ کەسێک ئەگەر تۆزێک کاری رۆژانەی هەبێ و بتوانێ ژیانێکی ئاسایی بەڕێ بکات هەر کوردستان لە ئەوروپا باشترە بۆ خۆمان. ئەوروپا بۆ خۆیان و ژیانی خۆیان باشە.

چوارەم: ئەم قسانەم مانای ئەوە نیە ئەوروپا زۆر ناخۆشە، بەڵام بۆ ئەوانە دەبێتە زەحمەتیەکی زۆر کە تازە دێن. دەبێ بزانن کە ئێوە تازە دەگەن ناتوانن ئەو شتانەتان بە ئاسانی دەست بکەوێ کە ئەو کوردانە هەیانە کە بیست ساڵە لێرەن، تەنیا ئەمەتان لەبەر چاو بێ. ئەوروپا ئەو کاتە خۆشە کە بە پاسپۆرتەوە بێ بە گیرفانێکی گەرمەوە بۆ چەند هەفتەیەک گەشت بکەیت. یان لێرە بژیت و خاوەن مافی مانەوە و پاسپۆرت و ئیشێکی باش بیت. ئەمانەش بۆ ئەوانەی تازە دێن بە ئاسانی دەست ناکەوێ. 

پێنجەم: تکایە ئەوانەی لێرە دەژین ئەم نوسینە بە سەنگەر گرتن لە خۆتان تێ مەگەن. تکایە ئێوە ژیانی خۆتان بەو گەنجانە بەراورد مەکەن کە تازە دێن، کێ دەڵێ مافی مانەوە وەردەگرێ، کێ دەڵێ لەو رێگایە سەختە گیانی لە دەست نادات و ماندووبوونی ئەو هەموو ساڵەی دایک و باوکی بە فیڕۆ ناچێت. ئەوانەی لێرەن و گیرساونەتەوە و کاریان هەیە، جا هەر جۆرە کارێک بێ، بە ئاسانی دەستیان نەکەوتووە و لە دۆخێکی سیاسی تەواو جیاوازی ئەوروپاوە گەیشتونەتە ئێرە. پەناهەندەکانی ئێرە خۆیان بۆم باس دەکەن کە سەرەتاکانی دووهەزار زۆر ژیان خۆشتر و ئاسانتر بوو لە ئێستا.

رەنگە لێم بپرسی باشە ئیشم نیە، چی بکەم لە کوردستان؟ بە بڕوای من ئەمە تەنیا بیانوو نیە بۆ ئەوەی ئەو رێگایە زەحمەتە بگریە بەر، چونکە ئەو دۆخەی ئێستای کوردستان کاتیە و تەواو دەبێ، واشنەزانی کە هاتیە ئێرە ئیشت ماشیە و تەواو، هەرگیز وا نیە. ئەو ئەوروپایەی خزمەکانت بۆت باس دەکەن، ئەو ئەوروپایەی لە میدیاکان دەیبینی، یان لە وێنەی فەیس بووکی برادەرەکانت، زۆر زۆر جیاوازە لەوەی پەناهەندەیەکی تازە هاتوو لێرە رووبەرووی دەبێتەوە.
ئەم قسانەی سەرەوە وەکو راستی دەربارەی ئێرە بزانە، ئینجا بڕیاری خۆت بدە.

هێمن میرانی - بەریتانیا

(ئەگەر بە دڵت بوو، تکایە شەیری بکە بۆ ئەوەی هاوڕێکانت بیخوێننەوە)

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...