Monday 17 December 2012

زێره‌ڤانى بىَ موچه‌!
هێمن میرانى
پێنه‌دانى موچه‌ى هێزه‌كانى زێره‌ڤانى یان هه‌ر داموده‌زگایه‌كى دیكه‌ بۆ ماوه‌ى دوو مانگ به‌ بىَ ئه‌وه‌ى وڵات دووچارى كاره‌ساتى سروشتى یان ئیفلاس بوو بىَ، دووباره‌ و سه‌د باره‌ بوونه‌وه‌ى ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ كاتێك موچه‌ سه‌ره‌تاییترین مافى ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ كار ده‌كه‌ن، شوره‌ییه‌كى زۆر گه‌وره‌یه‌ و حكومه‌ت یان هه‌ر حزبێك به‌رپرس بێ له‌ به‌رده‌وامى ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌ تایبه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكێك كه‌ برِیار نیه‌ به‌ خۆبه‌خش كار بكه‌ن ( بۆ نمونه‌ ئه‌مانه‌ ئه‌ندامى حزب، یان چالاكوانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى نین تا كارى دیكه‌یان هه‌بىَ ) له‌ ساده‌ترین مانادا ده‌یانه‌وىَ ئه‌و خه‌ڵكه‌ ته‌نانه‌ت بۆ بچووكترین مافى خۆشى ده‌ست پانبكاته‌وه‌ و بپارێته‌وه‌، كاتێك موچه‌شیان دا ئیدى بیكه‌نه‌ ده‌ست كه‌وت و خه‌ڵك چه‌پڵه‌یان بۆ لێ بدات و بیكاته‌ مانشێتى گه‌وره‌ گه‌وره‌. وه‌ڵاهى عه‌یبه‌ بیلاهى شه‌رمه‌، ئه‌مه‌ ئه‌و په‌رِى بىَ قانونى و حساب نه‌كردنه‌ بۆ كه‌رامه‌تى تاكى كورد، حساب نه‌كرده‌ بۆ گوزه‌رانى خه‌ڵكێك كه‌ منداڵه‌كانى ده‌بىَ حه‌فتا رۆژ چاوه‌رِوانى چۆره‌ موچه‌یه‌ك بكه‌ن... نازانم بڵێم كىَ ده‌بىَ ئه‌مه‌ چاك بكات، چونكه‌ ئیدى له‌وه‌ ده‌رچووه‌ كه‌ به‌ هۆكارى فه‌نى و چى و چى موچه‌كه‌یان دوا بخرىَ، ئاخر ئه‌مه‌ له‌ هه‌ر شوێنێكى دونیا باس بكه‌یت و بڵێى حكومه‌تیشم هه‌یه‌، وه‌ڵا له‌ گاڵته‌ش كه‌مترت پىَ ده‌ده‌ن..
قسه‌ ده‌كه‌ى ده‌ڵێن ئه‌تو له‌سه‌ر حسابى حكومه‌ت چویتیه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ خوێندن و ره‌خنه‌ش له‌ حكومه‌ته‌كه‌مان ده‌گرى، قسه‌ش ناكه‌یت وه‌ڵاهى ناكرىَ چیتر بێده‌نگ بین به‌رامبه‌ر به‌و سوكایه‌تیه‌ى هه‌موو حه‌فتا رۆژ جارێك به‌و خه‌ڵكه‌ شه‌ره‌فمه‌ند و به‌ ته‌حه‌موله‌ ده‌كرىَ..
لینك:
له‌م لینكه‌ى خواره‌وه‌ كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌ و ئه‌فسه‌رى زێره‌ڤانى رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ حه‌فتاو پێنج رۆژه‌ موچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌.
http://xendan.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=47972&Jor=1

Thursday 13 December 2012

كورسى و له‌زه‌ت...
هێمن میرانى
ره‌نگه‌ بوون به‌ كه‌سى یه‌كه‌م له‌ داموده‌زگاكان له‌زه‌تى تایبه‌تى خۆى هه‌بىَ، ئه‌مرِۆ براى به‌رێز كاك غه‌فور مه‌خموریش كرایه‌وه‌ سكرتێرى گشتى حزبه‌كه‌ى خۆى، پیرۆزبایى لىَ ده‌كه‌م هه‌رچه‌نده‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ خۆى ئاماده‌ نه‌بووه‌ خۆى كاندید بكات به‌ڵام كه‌سى دیكه‌ خۆى بۆ سكرتێرایه‌تى كاندید نه‌كردووه‌. یه‌كێك له‌و نه‌خۆشیانه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانى گرتۆته‌وه‌ به‌ ته‌واوى حزب و حكومه‌ت و داموده‌زگا مه‌ده‌نى و ئیعلامییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ برِێكى كه‌مى ئه‌م دامه‌زراوانه‌ سه‌رۆك و سكرتێر و مودیر په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ن. ئاخر له‌وه‌ بگه‌رىَ كه‌ زۆرینه‌ى زۆرى حزبه‌ سیاسییه‌كان له‌ سى چل ساڵه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ ده‌ پانزه‌ ساڵ یه‌ك كه‌س " به‌ هه‌ڵبژاردن و كۆنگره‌" هه‌ر سه‌رۆك و سكرتێره‌، خه‌مه‌كه‌ له‌وه‌یه‌ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ حكومه‌تیشى گرتۆته‌وه‌ و پارتى و یه‌كێتى له‌ نێوان كاك به‌رهه‌م و كاك نێچیرڤان له‌ دوو ئیداره‌یى و ئیداره‌ى یه‌كگرتوودا پاس پاسانى به‌ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت ده‌كه‌ن، خه‌مه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ مودیرى ته‌له‌فزیۆن هه‌یه‌ دوانزه‌ سێانزه‌ ساله‌ مودیره‌، سه‌رۆكى سه‌نته‌ر هه‌یه‌ نزیكه‌ى پانزه‌ ساڵه‌ هه‌ر خۆى سه‌رۆكه‌، سه‌رۆك رێكخراو هه‌یه‌ له‌وه‌ته‌ى رێكخراوه‌كه‌ هه‌یه‌ هه‌ر خۆیه‌تى و به‌س. هه‌موو ئه‌وانه‌ى دیراسه‌ى گه‌نده‌ڵى ده‌كه‌ن به‌ ئه‌نجامێكى گشتگیر گه‌یشتوون كه زۆر مانه‌وه‌ له‌ پۆست و پله‌ و پایه‌ یه‌كێكه‌ له‌و هۆكارانه‌ى گه‌نده‌ڵى دروست ده‌كات، چونكه‌ واى لىَ دىَ كه‌سه‌كه‌ پۆسته‌كه‌ وه‌كو موڵكى خۆى سه‌یر ده‌كات و ده‌رفه‌ت بۆ كه‌سى دیكه‌ نارِه‌خسێنى. ئه‌گه‌ر من كاك غه‌فور مه‌خمورى بومایه‌ خۆم كاندید نه‌ده‌كرده‌وه‌ خۆ ئه‌گه‌ر ده‌رگاى حزبه‌كه‌ داخرابوایه‌، یه‌عنى چى حزبێك هه‌بىَ و كه‌س ئاماده‌ نه‌بىَ خۆى بۆ سكرتێرایه‌تى كاندید بكات... براده‌رینه‌ ئه‌مه‌ نه‌خۆشییه‌كى زۆر گه‌وره‌یه‌ له‌ كایه‌ى سیاسى كوردیدا و خه‌ریكه‌ په‌ل بۆ سێكته‌ره‌كانى دیكه‌ش ده‌هاوێى..
هه‌موو داموده‌زگایه‌كى حزبى و مه‌ده‌نى له‌ كوردستان پێویستیان به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ ساڵ خولى وه‌رگرتنى  سه‌رۆكایه‌تى و مودیرایه‌تى و سكرتێرایه‌تى ده‌ست نیشان بكرىَ، بۆ ئه‌وه‌ى كه‌س مدى العمر له‌سه‌ر كورسى یه‌كه‌م نه‌بىَ.



Wednesday 12 December 2012

گه‌نده‌ڵى و سزادانى گه‌نده‌ڵه‌كان..
پرۆفیسیۆرێكى بوارى گه‌نده‌ڵى كه‌ به‌ ره‌گه‌ز خه‌ڵكى كینیایه‌ و ئێستا بۆ تراسنپه‌رێنسى ئینته‌رناشناڵ كار ده‌كات، له‌م رۆژانه‌ سیمینارێكى له‌ له‌نده‌ن هه‌بوو.. ئه‌و به‌رێزه‌ ده‌یگوت سه‌ره‌تا له‌ كینیا ئه‌گه‌ر كه‌سیك مانگایه‌كى بدزیبوایه‌ یه‌كسه‌ر حكومه‌ت ده‌یگرت و ده‌یخسته‌ به‌ندینخانه‌ و سزا ده‌درا، به‌ڵام به‌ سه‌دان كه‌س پاره‌ى میلله‌ت و حكومه‌تیان ده‌دزى كه‌س به‌ خه‌یاڵیشتى دانه‌ده‌هات و كه‌سیش ده‌ستگیر نه‌ده‌كرا. له‌ بنه‌رِه‌تدا كینییه‌كان هیچ ده‌سته‌واژه‌یه‌كیان نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ى ناو له‌م دیارده‌یه‌ بنێن كه‌ Corruption ه‌ ( ئێمه‌ش پێى ده‌ڵێین گه‌نده‌ڵى)...
له‌ كوردستانیش هێلكه‌یه‌ك بدزى ئه‌گه‌ر فه‌قیر بى قورِت به‌سه‌رى ده‌بى، به‌ڵام دزىگه‌وره‌ گه‌وره‌ هه‌ن و " پاره‌ى میلله‌تیش ده‌خۆن و ژه‌هراویش نابن"! ئه‌رىَ ئه‌گه‌ر هه‌ر لۆ خۆشیش بىََ، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌ندىَ له‌و كه‌سانه‌ لا نابات و نایانداته‌ دادگا... خۆ سه‌رده‌مێك ئه‌و ده‌نگوباسانه‌ زۆر خۆش بوون، ده‌یانگوت ئه‌ها فڵان له‌ فرۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر گێرِدرایه‌وه‌ و نه‌یانهێشت سه‌فه‌ر بكات، ئه‌ها فڵان كه‌س كه‌شف بوو ئه‌و هه‌موو دونیا شته‌ى هه‌یه‌..سزادانى هه‌ندێك ده‌بێته‌ ترساندنى لایه‌نى كه‌م ئه‌وانه‌ى دیكه‌ كه‌ پشتى ئه‌ستوور و گه‌وره‌یان نیه‌، بێ ده‌نگ بوون باشترین هاندانه‌.



پارله‌مانى گه‌نجان...
چه‌نده‌ ئۆرگان و داموده‌زگاى زیاتر له‌ كوردستان دابمه‌زرىَ، هێنده‌ زیاتر سه‌روه‌تى گشتى به‌ فیرِۆ ده‌رِوات و ئاستى خزمه‌تگوزارى داده‌به‌زىَ، چه‌نده‌ حزبى دیكه‌ له‌ كوردستان دابمه‌زرىَ كه‌ له‌ سه‌د كه‌س تێپه‌رِ نه‌كه‌ن و بودجه‌یه‌كى گه‌وره‌شیان پىَ بدرىَ، هێنده‌ ماناى راسته‌قینه‌ى دیموكراسى كاڵ ده‌بێته‌وه‌ و فره‌ییه‌كى سیاسى ساخته‌  روخسارى سیستمى سیاسى كوردستان ره‌نگ ده‌كات... ئه‌و هه‌موو سه‌نته‌ر و رێكخراو و ناوه‌ندى رۆشنبیرى و فه‌رهه‌نگخانه‌ و بنكه‌ و حزب و رێكخراوى جه‌ماوه‌رى و گۆڤار و رۆژنامه‌ و بلاڤۆك و ته‌له‌فزیۆنى مه‌حه‌لى و سه‌ته‌لایت و وێب سایت و رادیۆ و چى و چىچ و چى كه‌ پاره‌ له‌ ( حكومه‌تى كوردستان) وه‌رده‌گرن قورساییه‌كى گه‌وره‌ن به‌سه‌ر بودجه‌ى گشتى و كاریگه‌رییه‌كى  كه‌میان به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌وه‌ هه‌یه‌. شوێنى كار و كه‌سابه‌ت و ده‌وامى دووه‌مى ئه‌و براده‌رانه‌ن كه‌ ناتوانن به‌ موچه‌یه‌ك ژیانیان بسورِێنن. ره‌نگه‌ زۆر راشكاو و گشتگیرانه‌ قسه‌م كردبىَ، به‌ڵام برِێكى زۆرى ئه‌و ده‌زگایانه‌ى ناوم هێنان خۆشیان ده‌زانن هیچ ئیزافه‌یه‌كیان نیه‌ و ته‌نیا بونه‌ته‌ دوكان و شوێنى كه‌سابه‌ت...پارله‌مانه‌ گشتیه‌كه‌ گه‌لێك كارایه‌ نۆره‌ى هى گه‌نجانه‌!
هێمن میرانى


Sunday 9 December 2012

 بۆ فه‌خامه‌تى سه‌رۆك كۆمار و تێكۆشه‌رى ئازیز مام جه‌لال...
هێمن میرانى
محه‌مه‌د حه‌سه‌نێن هه‌یكه‌ل ى گه‌وره‌ مێژوونووس و نوسه‌رى ناودارى عه‌ره‌بى ده‌گێرته‌وه‌ كه‌ پێش شۆرِشى ئیسلامى ئێران دیمانه‌ى له‌گه‌ڵ خومه‌ینى هه‌بووه‌، هه‌یكه‌ل چه‌ندین سه‌ركرده‌ى دونیاى بینیووه‌ و دیمانه‌ى له‌گه‌ڵ كردوون، خۆى بۆ دیمانه‌كه‌ى ئیمام خومه‌ینى ئاماده‌ ده‌كات و ده‌چێته‌ شوێنى دیدار، كه‌ دیمانه‌كه‌ ته‌واو ده‌بىَ به‌ سه‌رسورِمانه‌وه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ هاوكاره‌كه‌ى خومه‌ینى ده‌پرسىَ كه‌ یه‌كه‌م جاره‌ رووبه‌رووى حاڵه‌تێكى سه‌یر بۆته‌وه‌، هه‌رچى ئه‌و پرسیارى خۆى كردووه‌، خومه‌ینى به‌ جۆرێك قسه‌ى كردووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ پرسیاره‌كان یه‌كى نه‌گرتۆته‌وه‌. هاوكاره‌كه‌ى جوان ده‌ڵىَ كه‌ ( ئیمام زۆر له‌ لاى گرنگ نیه‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى تۆ وه‌كو ئه‌وه‌ى تۆ ده‌ته‌وىَ بداته‌وه‌ یان نا، به‌ڵام له‌لاى ئه‌و گرنگه‌ كه‌ له‌ رێى جه‌نابته‌وه‌ چ به‌ جیهان ده‌ڵىَ)...
جه‌نابى مام و سه‌رۆك كۆمار... تۆ تێكۆشه‌رێكى دێرینى كوردستانى و سه‌رت له‌ نێو سیاسه‌تدا سپى كرد و ته‌مه‌نت له‌ نێو سیاسه‌تدا گه‌یانده‌ هه‌شتا ساڵ، پێم سه‌یره‌ به‌م جۆره‌ باسى ده‌وڵه‌ت و خه‌ونى ده‌وڵه‌ت بوون و سه‌ربه‌خۆیى كوردستان ده‌كه‌یت؟ ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌ راست ئه‌مه‌ تێگه‌یشتن و لێكدانه‌وه‌ى راسته‌قینه‌ى جه‌نابیشت بىَ حه‌ق نیه‌ به‌و راشكاوییه‌ بۆ میدیا باسى بكه‌یت، ده‌كرىَ وه‌كو خومه‌ینى ئه‌وه‌ بڵێى كه‌ خۆت و میلله‌ته‌كه‌ت ده‌یانه‌وىَ نه‌ك ئه‌وه‌ى میدیا و دووژمنه‌كانى كوردستان ده‌یانه‌وىَ. هیچ مه‌جبور نی به‌م جۆره‌ قسه‌ بكه‌ى مام، به‌ڵام بۆ ده‌یكه‌ى، ئه‌مه‌یان ته‌نیا خۆت ده‌زانى!
َ مامه‌ گیان، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى عاقڵ بىَ داواى سه‌ربه‌خۆیى ناكات) راست بىَ ئێوه‌ بۆ یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستانتان دامه‌زراند كه‌ دروشمى ناوه‌ندى مافى چاره‌ى خۆ نوسینه‌ بۆ گه‌لى كوردستان؟

 
Anti Corruption Seminar
Hawler, Kurdistan
24.06.2012















Hemn Merany's presentation about fighting corruption

http://www.youtube.com/watch?v=X21Vdkj4GZI

به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌ كوردستان

هێمن میرانى

گه‌نده‌ڵى وه‌كو ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌ده‌بیاتى زانستى سیاسه‌تدا پێناسه‌ى بۆكراوه‌، دیارده‌یه‌كى فره‌ ره‌هه‌نده‌ كه‌ به‌ سانایى توێژه‌ران و لێكۆڵه‌ران ناتوانن پێناسه‌یه‌كى گشتگیرى بۆ بدۆزنه‌وه‌ كه‌ به‌ كه‌ڵكى ئه‌وه‌ بىَ بۆ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ و سه‌رده‌مێك بگونجىَ. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ به‌ سه‌دان پێناسه‌ له‌لایه‌ن لێكۆڵه‌ران و رێكخراوه‌نێو ده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌ خراوه‌ته‌ روو. هه‌ر یه‌كه‌یان له‌ روانگه‌یه‌كه‌وه‌ له‌ دیارده‌كه‌ ده‌رِوانىَ و چوارچێوه‌ى بۆ ده‌ست نیشان ده‌كات. دارێڵ بالیه‌ Daryl Balia به‌رێوه‌به‌رى جێبه‌جێكارى به‌شى مۆراڵ له‌ ئۆفیسى كۆمیسیۆنى خزمه‌تگوزارى گشتى ئه‌فریقیا دیارده‌كه‌ ده‌به‌سێتێته‌وه‌ به‌ ته‌مه‌نى بوونى حكومه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵىَ " گه‌نده‌ڵى به‌ قه‌د ته‌مه‌نى حكومه‌ته‌وه‌ كۆنه‌، له‌ هه‌ر شوێنێك ماڵى گشتى هه‌بوو، بێگومان باند و گروپ هه‌ن كه‌ چاو ده‌برِنه‌ سه‌روه‌رتى گشتى و ده‌یدزن". له‌ ساده‌ترین پێناسه‌یدا كه‌ زۆرترین لێكۆڵه‌ر و هه‌روه‌ها رێكخراوى شه‌فافیه‌تى نێوده‌وڵه‌تى Transparency International و بانكى نێوده‌وڵه‌تى The World Bank له‌سه‌رى كۆكن گه‌نده‌ڵى " بریتیه‌ له‌ خراپ به‌كارهێنانى سه‌روه‌ت و ده‌سه‌ڵاتى گشتى به‌ مه‌به‌ستى به‌دى هێنانى به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى". كێشمه‌كێشمى زۆر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرا كه‌ ده‌سته‌واژه‌ى ( خراپ به‌كارهێنان) كه‌ به‌ ئینگلیزیه‌كه‌ى misuse و abuse زیاتر به‌كار دێن چى ده‌گه‌یه‌نن و مانایان چیه‌؟ چونكه‌ هه‌ر توێژه‌رێك هه‌وڵ ده‌دات له‌ روانگه‌ى تایبه‌تمه‌ندى كۆمه‌ڵگه‌ و دونیابینى خۆیه‌وه‌ سه‌یرى چه‌مكى خراپ به‌كارهێنان نستى سیاسه‌ت له‌ كه‌نه‌دا پرۆفیسۆر كینس گیبۆنس Kenneth Gibbons له‌ هه‌ولێكیدا بۆ دانانى چوارچێوه‌یه‌ك بۆ چه‌مكى "خراپ به‌كارهێنانى ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌تى گشتى" چه‌ند خاڵێكى ده‌ست نیشان كرد كه‌ ئه‌مانه‌ن " یه‌كه‌م: كاتێك كارمه‌ندێكى ده‌وڵه‌ت پۆستێك له‌ داموده‌زگایه‌كى حكومه‌ت پێشكه‌شى ئه‌ندامێكى خێزانه‌كه‌ى خۆى ده‌كات و ره‌چاوى په‌یوه‌ندى تایبه‌ت و خێزانى ده‌كات نه‌ك لێهاتوویى و شاره‌زایى، ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌ گه‌نده‌ڵى و پێى ده‌گوترىَ ( خزم خزمێنه‌ - Nepotism). دووه‌م: كاتێك حزبى ده‌سه‌ڵات پاش بردنه‌وه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌ست ده‌كات به‌ دوورخستنه‌وه‌ و له‌سه‌ر كار لابردنى ئه‌و كارمه‌ندانه‌ى حكومه‌ت كه‌ پاڵپشتیان له‌ حزبه‌ نه‌یاره‌كانى كردووه‌، ئه‌مه‌ش جۆرێكه‌ له‌ گه‌نده‌ڵى و ناو نراوه‌ ( Patronage). سێیه‌م: كاتێك دروستكه‌رانى برِیار و پارله‌مانتاران ده‌نگ بۆ پرۆژه‌ قانونێك ده‌ده‌ن یان برِیارێك ده‌رده‌كه‌ن كه‌ ده‌بێته‌ هۆى به‌خشینى پرۆژه‌ و به‌رژه‌وه‌ندى به‌ كه‌سێك یان گروپێك خه‌ڵك. پاڵنه‌ره‌كه‌ ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ كه‌رتێكى كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌ بچىَ به‌ قه‌د ئه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى دروستكه‌رانى برِیار له‌ گه‌ڵ ئه‌و برِیاره‌ یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش ناو نراوه‌ ( Legislative conflict of interest). چواره‌م: كاتێك كارمه‌ندى ده‌وڵه‌ت له‌ چوارچێوه‌ى كاره‌كه‌یدا زانیارى و شاره‌زایى خۆى به‌كارده‌هێنىَ بۆ به‌ده‌ستهێنانى به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌ت له‌ رێى پێشكه‌ش كردنى راوێژ و زانیارى بۆ كه‌رتى تایبه‌ت. ئه‌مه‌ش پێى گوتراوه‌ (Bureaucratic conflict of interest). ئه‌گه‌ر ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌م پێناسه‌ و لێكدانه‌وه‌یه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ بكه‌ین، ده‌توانرىَ گه‌نده‌ڵى وه‌كو دیارده‌ بناسرێته‌وه‌. ئێستا با پرسیار بكه‌ین كه‌ كوردستان له‌ كوێى ئه‌م دیارده‌یه‌یه‌؟
به‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ كوردستان هێشتا ده‌وڵه‌ت نیه‌ و هه‌رێمێكى فیدراڵه‌ له‌ چوارچێوه‌ى عێراقدا، نه‌توانراوه‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانى تایبه‌ت به‌ بوارى پێوان و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵى سه‌رنجى خۆیان له‌سه‌رى به‌ تایبه‌ت بڵێن. ئێمه‌ هێشتا له‌ چوارچێوه‌ى عێراقدا پۆڵێن ده‌كرێن و باش و خراپییه‌كانى عێراق به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستانیشدا جێبه‌جێ ده‌كرێن. رێكخراوى شه‌فافیه‌تى نێوده‌وڵه‌تى ساڵانه‌ راپۆرتێكى تێرو ته‌سه‌ل به‌ ناوى CPI كه‌ كورتكراوه‌ Corruption perception index ه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ و تیایدا به‌ وردبونه‌وه‌ و به‌كارهێنانى داتاى چه‌ندین رێكخراوى دیكه‌ و سه‌رنجى شاره‌زایان و لێكدانه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كانى ده‌وڵه‌تان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى، ریزبه‌ندییه‌ك بۆ ده‌وڵه‌تانى دونیا له‌ بوارى گه‌نده‌ڵیدا پێشكه‌ش ده‌كات. ئه‌مساڵیش كه‌ رێكخراوه‌ له‌ 5ى كانوونى یه‌كه‌مى 2012 راپۆرتى نوێى خۆى بڵاوكرده‌وه‌، عێراق له‌ ده‌ گه‌نده‌ڵترین ده‌وڵه‌تى دونیا ماوه‌ته‌وه‌ و ریزبه‌ندى هه‌شته‌مین گه‌نده‌ڵترین ده‌وڵه‌تى دونیایه‌ له‌ كۆى 174 ده‌وڵه‌تدا. كه‌واته‌ پێمان خۆشبىَ یان نا ئێمه‌ش له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیدا له‌م چوارچێوه‌ گه‌نده‌ڵه‌دا سه‌یر ده‌كرێین. با پرسیار بكه‌ین ئایا راسته‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستانیش به‌شێكى گه‌نده‌ڵى وڵاتێكى گه‌نده‌ڵه‌ كه‌ له‌ ده‌ گه‌نده‌ڵترین ده‌وڵه‌تى دونیادا ده‌ژمێردرىَ؟ سه‌لماندنى ئه‌مه‌ پێویستى به‌ زۆر خۆ ماندوو كردن نیه‌، ره‌نگه‌ له‌ رێژه‌دا جیاوازى هه‌بىَ و له‌ سێكته‌رى جیاواز جیاوازدا باشى و خراپى له‌ نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى به‌غدا هه‌بىَ، به‌ڵام له‌ روانگه‌ گشتییه‌كه‌یدا پرۆسه‌ى دیموكراتیزه‌كردنى هه‌رێمى كوردستان له‌ دواى راپه‌رینى 1991 ه‌وه‌ دووچارى كۆمه‌ڵێك ده‌ردى زۆر كوشنده‌ هاتووه‌ كه‌ گه‌نده‌ڵى یه‌كێكه‌ له‌ ده‌رده‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كان. به‌ بىَ ئه‌وه‌ى بچینه‌ نێو ورده‌كارى، ته‌نیا ئه‌و بیست خاڵه‌ى به‌رێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ نه‌ورۆزى 2011 وه‌كو به‌شێك له‌ ستراتیجیه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌ لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ باسى كرد، ئاماژه‌ى زۆر مه‌ترسیدارن بۆ ئاستى ئه‌و دیارده‌یه‌ له‌ كوردستان. ته‌نیا ئه‌گه‌ر سه‌یرى دیووى دووه‌مى ئه‌و بیست خاڵه‌ بكه‌یت كه‌ به‌رێزیان باسى كرد، بۆمان ده‌رده‌كه‌وىَ كه‌ چه‌ند جۆرى گه‌نده‌ڵى له‌ كوردستاندا هه‌ن. هه‌روه‌ها هه‌ڵوه‌سته‌ كردن له‌سه‌ر ئه‌و راپۆرته‌ى ( لێژنه‌ى به‌دواداچوونى پرۆسه‌ى چاكسازى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان) له‌ 11ى ئادارى 2012 خستیانه‌ روو، ئه‌م ئه‌نجامه‌ ده‌خاته‌ به‌ر ده‌ست كه‌ گه‌نده‌ڵى یه‌كێكه‌ له‌ ده‌رده‌ كوشنده‌كانى به‌رده‌م ئه‌زموونى حوكمرانى و پرۆسه‌ى پێشخستنى دیموكراسى له‌كوردستان. ئه‌گه‌ر سه‌یرى سه‌رچاوه‌یه‌كى دیكه‌ بكه‌ین كه‌ ئۆفیسى حوكمرِانى و ده‌ستپاكییه‌ (Office of governance and integrity) یه‌ و سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى كوردستانه‌، ده‌بینین له‌ به‌رنامه‌ و ئه‌ده‌بیاتى ئه‌م ئۆفیسه‌ شتى زۆر دڵخۆشكه‌ر ده‌بینرىَ كه‌ ده‌كرىَ وه‌كو تێگه‌یشتنى گشتى بۆ دیارده‌ى گه‌نده‌ڵى و ئاستى هۆشیارى سیاسى سه‌یر بكرىَ، به‌ڵام كاتێك دێیته‌ سه‌ر كردار، هه‌ست ده‌كرىَ دواخستن و خۆ بواردن له‌ مامه‌ڵه‌كردنێكى زانستیانه‌ بۆ ئه‌م دیارده‌یه‌ هه‌یه‌ و جۆرێك له‌ شه‌رِى سیاسى پێوه‌ ده‌كرىَ. به‌ برِواى من حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و هێزه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان هه‌ڵه‌یه‌كى زۆر گه‌وره‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن چاره‌سه‌رى گه‌نده‌ڵى بده‌نه‌ ده‌ست زه‌مه‌ن و حكومه‌ت دواى حكومه‌ت خۆى ده‌بوورىَ له‌ مامه‌ڵه‌كردنێكى راسته‌قینه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دیارده‌یه‌. دواخستنى دامه‌زراندنى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى له‌ كوردستان و پاش په‌سندكردنى قانونه‌كه‌ى، یه‌كێكه‌ له‌و هێمایانه‌ كه‌ شه‌رِى سیاسى رێگرێكى گه‌وره‌یه‌ له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ى ریفۆرم له‌ كوردستان. ره‌نگه‌ له‌ وتارێكى وادا نه‌توانرىَ چاره‌سه‌ر بخرێته‌ روو، به‌ڵام ده‌بىَ ئه‌وه‌ بزانرىَ كه‌ تا نه‌بینه‌ خاوه‌ن ستراتیجه‌تێكى روون و راسته‌قینه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و ده‌ست به‌ كردار له‌م بواره‌دا نه‌كرىَ، له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ئێمه‌ هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى عێراقێكى گه‌نده‌ڵدا سه‌یرده‌كرێن كه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌رى راسته‌وخۆى به‌سه‌ر گه‌شه‌ى ئابورى كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ له‌كوێدا گه‌نده‌ڵى و بىَ قانونى هه‌بىَ، له‌وێدا كه‌مترین سه‌رمایه‌ى بیانى ده‌بینرىَ. به‌ هۆى ئه‌وه‌ى له‌ بۆنه‌ى رۆژى جیهانى به‌ره‌نگابوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵیدا، كه‌ 9ى كانوونى یه‌كه‌مه‌، ئه‌م وتاره‌ ده‌نوسرىَ، حه‌ز ده‌كه‌م چه‌ند سه‌ره‌ قه‌ڵه‌مێك وه‌كو پێشنیار بخه‌مه‌ به‌رده‌ست ده‌سه‌ڵاتى سیاسى له‌ كوردستان كه‌ ده‌كرىَ ببنه‌ خاڵى گرنگ له‌ پرۆسه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌ كوردستان. یه‌كه‌م: هه‌رچى زووه‌ ده‌بىَ په‌له‌ بكرىَ له‌ دامه‌زراندنى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى كوردستان و ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌بنه‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامى ئه‌م ده‌سته‌یه‌ ده‌بىَ به‌ ته‌واوى كه‌سانى بىَ لایه‌ن بن، نه‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌رى هیچ حزب و به‌رپرسێكى ئیدارى. راوێژ به‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بكرىَ بۆ ئه‌وه‌ى راهێنان به‌م ده‌سته‌ بكرىَ و بۆ كارى خۆیان ئاماده‌ بكرێن. دووه‌م: ده‌زگاى داواكارى گشتى بخرێته‌ سه‌ر ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى كوردستان و هه‌وڵ بدرىَ ئه‌م ده‌زگایه‌ش له‌ بوارى بێلایه‌نى و كاراییدا ئاماده‌ بكرىَ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و پێشێلكارییانه‌ بكات كه‌ میدیا به‌ ده‌كیومێنت و به‌ڵگه‌ى حكومییه‌وه‌ ده‌یانخاته‌ روو، پێشێلكاران بدرێنه‌ دادگا. سێیه‌م: ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى كارایانه‌تر و بێ لایه‌نانه‌تر بكه‌وێته‌ كار و دادوه‌رانى به‌رێز خۆیان له‌ سه‌رووى كاریگه‌رى هه‌موو حزب و سیاسی و ئیدارییه‌ك ببینن، ئه‌مه‌ كارێكى ئاسان نیه‌، به‌ڵام لایه‌نى كه‌م دادوه‌ره‌ نوێكان ده‌بىَ به‌و رۆحیه‌ته‌وه‌ په‌روه‌رده‌ بكرێن و ده‌ستێوه‌ردانى حزبى له‌ كاروبارى قه‌زا به‌ ته‌واوى رابگێرىَ. چواره‌م: پارله‌مان نابىَ له‌ بىَ رۆڵكردن و حساب بۆ نه‌كردنى له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ بێده‌نگ بىَ، چونكه‌ تا پارله‌مان ده‌سه‌ڵاتى خۆى بۆ بوارى چاودێرى كردنى حكومه‌ت به‌ شێوه‌یه‌كى ئه‌كتیڤ به‌كارنه‌هێنىَ و به‌ كردار و دوور له‌ موزایه‌دى حزبى و سیاسى كاره‌كانى خۆى نه‌كات، ناتوانرىَ ببینه‌ خاوه‌ن حكومه‌تێكى شه‌فاف و به‌رپرس (transparent and accountable) كه‌ وه‌كو دوو پێشمه‌رچى لاوازى گه‌نده‌ڵین له‌ داموده‌زگاى ده‌وڵه‌تدا. پێنجه‌م: ده‌بىَ پێداچوونه‌وه‌ به‌ بوارى په‌روه‌رده‌ بكرىَ و بناغه‌ى فه‌لسه‌فه‌ى په‌روه‌رده‌یى له‌سه‌ر بنه‌ماى پاراستنى سه‌وه‌رت و موڵكى گشتى و بوون به‌ كه‌سێكى ده‌ست پاك و راستگۆ و وڵاتپارێز دابرێژرىَ كه‌ تاكى كورد و نه‌وه‌ى نوىَ له‌ نه‌وه‌یه‌كى ( دژ به‌ حكومه‌ت، دژ به‌ داموده‌زگاى ده‌وڵه‌ت، دژ به‌ سه‌وه‌رتى گشتى كه‌ به‌رهه‌مى ئه‌و سیاسه‌ته‌ بوو كه‌ حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دواى یه‌كه‌كانى عێراق جێبه‌جێیان كرد) بگۆرِىَ بۆ نه‌وه‌یه‌ك كه‌ حكومه‌ت و داموده‌زگاكانى، سه‌روه‌تى گشتى به‌قه‌د موڵك و به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى خۆى بپارێزىَ.
شه‌شه‌م: له‌ بوارى قانونیدا پێداچوونه‌وه‌ بكرىَ و سزاى توند بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ دابندرىَ كه‌ كرداره‌كانیان ده‌چێته‌ خانه‌ى گه‌نده‌ڵى، چونكه‌ هه‌موو توێژه‌ر و داموده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كه‌ به‌ربه‌رست -Deterrence به‌ تایبه‌ت سزاى توند به‌ گوێره‌ى قانون زۆر گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ر بگیرىَ له‌ ته‌شه‌نه‌كردنى گه‌نده‌ڵى.
حه‌وته‌م: رۆشنبیران و خه‌ڵك به‌ گشتى به‌ جیاوازى بیروباوه‌رِى سیاسى چیتر بێده‌نگ نه‌بن له‌ به‌فیرِۆدانى سامانى گشتى و ناعه‌داله‌تى، هه‌ر كارێك له‌ كوردستان و هه‌ر ئیمتیازێك به‌ خه‌ڵك ده‌درىَ ده‌بىَ به‌ شه‌فاف و عه‌داله‌ت بىَ و نابىَ به‌ نوسراوى نهێنى و له‌ ژووره‌ تاریكه‌كان ئیمتیاز ببه‌خشرێته‌وه‌ و سامانى گشتى به‌ ناعه‌داله‌تى بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند كردن و بێده‌نگ كردنى هه‌ندێك به‌كاربهێنرىَ و خه‌ڵكى دیكه‌ش خراپ ترین ئاستى ژیانیان هه‌بىَ. خه‌ڵك ده‌بىَ له‌ رێى نوسین و هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه‌وه‌ فشار بكات وحزبه‌كان و حكومه‌ت ناچار بكه‌ن واز له‌و جۆره‌ كارانه‌ بێنن یان لایه‌نى كه‌م ئاستێكى بۆ دابنرىَ، چونكه‌ چه‌نده‌ كردارى نهێنى و نا قانونى و ئیمتیاز ببه‌خشرێته‌وه‌، هێنده‌ قورسایى زیاتر ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر بودجه‌ و پرۆژه‌ و خزمه‌تگوزارى كه‌متر ده‌بنه‌وه‌ كه‌ بۆ خه‌م و خزمه‌تى گشتین.
09.12.0212



Saturday 8 December 2012




ئۆپۆزیسیۆن بوون و خانه‌نشینى پله‌ به‌رز...




هێمن میرانى
یه‌كێك له‌و گه‌نده‌ڵییه‌ زه‌قانه‌ى دوو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ى كوردستان له‌ دواى راپه‌رێنه‌وه‌ كردوویانه‌ بریتیه‌ له‌ خانه‌نشین كردنى سه‌دان كادرى باڵاى خۆیان به‌ پله‌ى وه‌زیر، وه‌كیل وه‌زیر و به‌رێوه‌به‌رى گشتى به‌ بىَ ئه‌وه‌ى بۆ یه‌ك چركه‌ له‌ پله‌یه‌كى وه‌زیفى وادا كاریان كردبىَ. من دژى ئه‌وه‌ نیم هیچ پێشمه‌رگه‌یه‌كى كۆن رێزى لىَ بنرىَ و ژیانى خۆش بكرىَ، به‌ڵام چونكه‌ خۆشیان ده‌زانن كاره‌كه‌ هه‌ڵه‌یه‌ و گه‌نده‌ڵییه‌كى زه‌قه‌، به‌ نوسراوى نهێنى ئه‌م كارانه‌ ده‌كه‌ن. ئێستاش قسه‌ هاتۆته‌ سه‌ر هه‌ندىَ كه‌سى دیكه‌ كه‌ وه‌كو رۆشنبیرى بىَ لایه‌ن یان نزیك له‌ هێزه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كان كه‌ ئه‌مانیش به‌ پله‌ى سه‌ربازى باڵا خانه‌نشین كراون، كاك رێبین هه‌ردى یه‌كێكه‌ له‌و به‌رێزانه‌ و خۆشى له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئه‌مه‌ى نه‌شاردۆته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر به‌ لیستى ئۆپۆزیسیۆن كرابىَ، واته‌ ئه‌گه‌ر هێزه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كان ئه‌و ناوانه‌یان خستبێته‌ لیسته‌وه‌ و به‌ نوسراوى نهێنى بۆ حكومه‌تیان ره‌وانه‌ كردبىَ و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیش به‌ نوسراوى نهێنى و به‌ شێوه‌یه‌ى ( نه‌ له‌ ئێوه‌ ده‌نگ و نه‌ له‌ ئێمه‌ ده‌نگ) ئه‌م كاره‌ كرابىَ، بێگومان هێزه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كان هه‌ڵه‌یه‌كیان كردووه‌ كه‌ مه‌گه‌ر خۆیان بتوانن بیانووى بۆبدۆزنه‌وه‌. بێگومان ده‌پرسن بۆئه‌مه‌گه‌نده‌ڵییه‌؟ دووباره‌ى ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ى كۆن و نوىَ مافی خۆیه‌تى ژیانى دابین بكرىَ، به‌ڵام ئه‌مه‌ ده‌بىَ چوارچێوه‌یه‌كى قانونى روونى بۆ بدۆزرێته‌وه‌ و به‌ نهێنى و دزى و فزى نه‌بىَ و لایه‌نى كه‌مى بوارى عه‌داله‌تى تێدا ره‌چاو بكرىَ، چ ماناى هه‌یه‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ بیست دانه‌ ساڵه‌ به‌ بىَ پچرِان چه‌كى له‌ شانه‌ و موچه‌كه‌ى تۆزێك له‌ سه‌رووى پێنج سه‌د هه‌زار دینار و ره‌نگه‌ كه‌متریش بىَ، كه‌چى بابایه‌ك له‌م لاوه‌ به‌ پله‌ى عه‌مید یان عه‌قید و چى و چى خانه‌نشین بكرىَ و بىَ شه‌رمانه‌ش خۆل بكاته‌ چاوى خه‌ڵك... ئه‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتى به‌ دزى كردویانه‌ گه‌نده‌لییه‌ و یان ده‌بىَ بخرێته‌ چوارچێوه‌ى قانونى و به‌ ئاشكرا و به‌ به‌رچاوى خه‌ڵك و ره‌چاوى عه‌داله‌تى تێدا بكرىَ و خه‌ڵكى دیكه‌ش بچنه‌ نێو ئه‌م پرۆسه‌یه‌، یان ده‌بىَ رۆژێك بێت هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌. ئه‌وه‌ى ئێستاش ئه‌و به‌ناو رۆشنبیر و موعاره‌زه‌ و شه‌قام پێوانه‌ بۆیان كراوه‌ هیچى كه‌متر نیه‌ له‌و عه‌یبه‌ سیاسییه‌ى پارتى و یه‌كێتى له‌سه‌ر بودجه‌ى گشتى و نان و گیرفانى خه‌ڵك چه‌ندین ساڵه‌ ده‌یكه‌ن... حكومه‌تمان گه‌نده‌ڵ بوو، ئه‌و براده‌رانه‌شمان بوونه‌ دیلى پاره‌ و ئیمتیاز، ئه‌گه‌ر ئۆپۆزیسیۆنیش ئه‌وه‌ى به‌ نوسراوكردبىَ، ئێمه‌ له‌به‌رده‌م ئۆپۆزیسیۆنێكى درۆزن و خۆفرۆشین كه‌ وه‌كو نه‌وشیروان مسته‌فا گوتى( له‌به‌رده‌م ئیمیتازدا خۆیان نه‌گرت)...
زۆر به‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌ چاوه‌رِىَ ده‌كه‌م كه‌ په‌یجى ئه‌لجه‌زیره‌ى كوردى ئه‌و ده‌كیومێنتانه‌ بڵاو بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بزانین داخوه‌ ئه‌م كاره‌ به‌چ شێوه‌یه‌ك كراوه‌، ئه‌و كات قسه‌ى زیاترمان ده‌بىَ..

Friday 7 December 2012

Some corrupt leaders


Daryl Balia, Chief Director of Ethics in the Office of the Public Service Commission in African pointed out that “corruption is as old as government itself, and where there is a public rand there'll always be a crooked hand” (Grobler, 2002: Quotation page). In addition,  Lord Acton, who lived from 1834 to 1902 and was Regius Professor of Modern History at Cambridge University, in England has very famous quote about corrupt leaders, he said “Power tends to corrupt and absolute power corrupts absolutely.”Hence, just have a look at some corrupt leaders, or ' crooked hand'.

Reference:
Amundsen, I. (2006). Political corruption. U4 Anti-Corruption Resource Centre.

هه‌رسه‌ركرده‌یه‌ك ویستى پىَ درێژى بكات و ده‌سه‌ڵاته‌كانى خۆى زیاد بكات، ده‌بىَ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌رى لىَ بگیرىَ و لێى قه‌بوڵ نه‌كرىَ، ده‌نا رۆژ دواى رۆژ زیاتر كۆنترۆڵى كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كات و حه‌زى مانه‌وه‌ى زیاترى له‌ لا چه‌كه‌ره‌ ده‌بىَ... پشتیوانى له‌ گه‌لى میسر ده‌كه‌م كه‌ ده‌یانه‌وىَ سه‌رۆكه‌كه‌یان حوسنى موباركێكى ئیسلامى نه‌بىَ، به‌ڵكو سه‌رۆكێكى نوىَ بىَ كه‌ كورسى وه‌كو ده‌رفه‌تێكى كاتى بۆ خزمه‌ت كردنى كۆمه‌ڵگه‌ سه‌یر بكات نه‌ك بۆ خۆ پته‌وكردن. ئه‌گه‌ر له‌ عێراق زوو رێگرى له‌ نورى مالیكى بكرابوایه‌ كه‌ به‌ ویستى خۆى كۆنترۆڵى سوپا و هه‌واڵگرى و جومگه‌گرگه‌كانى دیكه‌ى ده‌سه‌ڵات نه‌كات، ئیستا وا نه‌ده‌بووه‌ كه‌ڵه‌گا... هیچ كاتێك دیموكراسى ماناى ئه‌وه‌ نیه‌ زۆرینه‌ هه‌وڵى تواندنه‌وه‌ و سرِینه‌وه‌ى تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى كه‌مینه‌ بدات، ئه‌وه‌ دیكتاتۆریه‌تى زۆرینه‌یه‌ جا له‌ هه‌ر كوێى دونیا بىَ.
به‌ڵى بۆ سه‌رۆكێك كه‌ باوه‌رِى به‌ به‌جێهێشتنى كورسى هه‌بىَ و ده‌سه‌ڵات به‌ ده‌رفه‌ت بۆ خزمه‌تكردنى خه‌ڵك بزانىَ و ره‌زاى خۆى زۆر گران نه‌كات.
هێمن میرانى
ئه‌و وێنه‌یه‌ و هه‌ندىَ ورده‌ سه‌رنج له‌ رابردوو
هێمن میرانى
- به‌ بیرم دىَ ده‌ر و دراوسێكانمان ئه‌گه‌ر ئێواره‌یه‌ك بۆ میواندارى بهاتبانایه‌ ماڵمان، یه‌كێكیان كلاشینكۆفێكى سینى، یان مزه‌لى جه‌یشى شه‌عبى یان حه‌فتا و پێنجییه‌كى له‌گه‌ڵ خۆى ده‌هێنا، ئه‌وه‌ى حه‌فتا و پێنجیه‌ك و قه‌مسه‌ڵه‌یه‌كى عه‌سكه‌رى هه‌بوایه‌ هه‌ر پادشایه‌ك بوو بۆ خۆى!
- به‌ بیرم دىَ كه‌ له‌و شارۆچكه‌یه‌ى لێى ده‌ژیام به‌ زۆرى زۆردارى ئاڵاى حزبى فه‌رِمانرِه‌واى ناوچه‌كه‌ ده‌بوایه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ماڵ و دوكانێك هه‌ڵبدرىَ، ئێمه‌ هه‌ڵمان نه‌دا، چونكه‌ ئێمه‌ (already) له‌سه‌ر ئه‌و حزبه‌ حساب بووین...
- به‌ بیرم دىَ كه‌ كاتێك گه‌نجێك زه‌واجى ده‌كرد، ده‌بوایه‌ ده‌مانچه‌یه‌ك و چه‌ند یه‌ده‌گێكى فیشه‌كى ده‌مانچه‌ له‌به‌ر پشتى خۆى ببه‌ستى و له‌ ته‌ك بووكه‌ خان بوه‌ستىَ و خه‌ڵكیش وێنه‌ى له‌گه‌ڵ بگرن، جا ئه‌و ده‌مانچه‌یه‌ هى خۆى بوایه‌ چاك بوو، ده‌نا ده‌بوایه‌ له‌م و له‌و بپارِێته‌وه‌ كه‌ ده‌مانچه‌كه‌ى خۆیان بۆ رۆژى زه‌ماوه‌ندى به‌ قه‌رز پىَ بده‌ن...
- به‌ بیرم دىَ له‌ ناو ماڵى خۆت بووى، نان گران بوو، به‌نزین گران بوو، نه‌ كاره‌با هه‌بوو نه‌ ئاو... له‌ ناكاو چه‌ند چه‌كدارێك كه‌ سه‌ر به‌ یه‌كێك له‌دوو حزبه‌كه‌ گه‌وره‌كه‌ى كوردستان بوون و ناویان له‌ خۆیان نابوو ( پێشمه‌رگه‌) خۆیان ده‌كرده‌ ماڵه‌وه‌ و داوایان ده‌كرد سه‌یاره‌كه‌ت وه‌كو ( سوغره‌) بده‌ى یان به‌ خۆت هه‌تا فڵان شارییان ببه‌ى، یان ئه‌و چه‌كانه‌ بگوازییه‌وه‌... ئه‌گه‌ر ئازاش بووى ده‌تگوت نا؟!!
- به‌ بیرم دىَ سه‌دان كه‌س له‌ نێو ماڵى خۆیان به‌ كراس و بیجامه‌وه‌ ده‌رهێندران و دواتر به‌ مردوویى ته‌رمه‌كانیان درایه‌وه‌ خێزانه‌كانیان ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 19 ى مایسى 1992 ده‌نگیان به‌ حزبه‌كه‌ى دیكه‌ دابوو!!.
- هاوینه‌ و له‌سه‌ر بان خه‌وتووى، نه‌ كاره‌با هه‌یه‌ و نه‌ سپلیت، له‌گه‌ڵ خشه‌ خش و ته‌قه‌ ته‌ق به‌خه‌به‌ر دێى، سه‌یر ده‌كه‌ى چه‌كداره‌كانى ( به‌ناو پێشمه‌رگه‌كانى ) فڵانه‌ مه‌سئول خه‌ریكى برِینى كێبڵ و دزینى موعاویله‌ى گه‌رِه‌كه‌ى خۆیانن!.

- به‌ بیرم دىَ لۆ خۆت كاسبیت ده‌كرد، ئه‌وه‌نده‌ت ده‌زانى چه‌ند چه‌كدارێك له‌ په‌ناى گردێك یان له‌ دۆڵێك لێت په‌یدا ده‌بوون و خۆیان وه‌كو ( پێشمه‌رگه‌) ى فڵانه‌ به‌رپرس ده‌ناساند و داواى برێك پاره‌یان لىَ ده‌كرد، جا هه‌رچى ناوێك له‌و پاره‌وه‌رگرتنه‌ ده‌نێى بنىَ...!!
- به‌ بیرم دىَ فڵانه‌ حزب ریزێك ئۆتۆمبێڵى به‌ سوغره‌ ده‌گرت و پرِى ده‌كرد له‌ لایه‌نگرى خۆى و به‌ ناو شارى ده‌سورِاندنه‌وه‌ و ئاڵاى حزبه‌كه‌ى خۆى و وینه‌ى به‌رپرسه‌كه‌ى خۆى به‌ به‌رچاوى لایه‌نگرانى حزبه‌كانى دیكه‌ و خه‌ڵكى دیكه‌ با ده‌دا و ئه‌گه‌ر حه‌زیشیان لىَ بوایه‌ هه‌تا دڵیان دا ده‌كه‌وت ته‌قه‌ى خۆشیان بۆ ئاسمان كرد..
به‌بیرم دىَ و به‌ بیرم دىَ و به‌ بیرم دىَ...
- ئه‌م رووداوانه‌ زۆر دوور نین، ته‌نیا له‌ نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو بوون...كاتێك بیر له‌مانه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كوردستانى ئه‌وسام هه‌ر وه‌كو غانا و كینیا و سوودان دێته‌ به‌رچاو..
- كاتێك بیر له‌مانه‌و سه‌دانى دیكه‌ ده‌كه‌یته‌وه‌ و به‌راوردیان ده‌كه‌یت به‌م دۆخه‌ى ئێستا، كاكه‌ زۆر زۆر پێش كه‌وتووین... هه‌ر شوكرانه‌ى ده‌وىَ...
Hasty is from Kurdistan not Iraq...
Hasty has not got any place in a school yet, we applied for four schools and unfortunately we have been told that all places are full now. Today as a temporary solution Hasty went to a pre-school nursery. One of his teachers asked him:
Teacher: Where are you from Hasty, are you from Iraq?
Hasty: No I am from Kurdistan not Iraq!
So proud of you my son, you are the future of your Kurdistan.
هه‌ستى خه‌ڵكى كوردستانه‌ نه‌ك عێراق
هه‌ستى هێشتا له‌ قوتابخانه‌ وه‌رنه‌گیراوه‌، به‌ داخه‌وه‌ فۆرممان پێشكه‌شى چوار قوتابخانه‌ كردووه‌، كه‌چى ده‌ڵێن شوێنمان نیه‌ و ده‌بىَ چاوه‌رِى بكه‌ن... ئێمه‌ وه‌كو چاره‌سه‌رێكى كاتى ئه‌مرِۆ هه‌ستیمان ره‌وانه‌ى باخچه‌یه‌كى منداڵان ى تایبه‌ت كرد. یه‌كێك له‌ مامۆستاكانى ئه‌مرِۆ پرسیارى له‌ هه‌ستى كردبوو: هه‌ستى تۆ خه‌ڵكى كوێى، تۆ خه‌ڵكى عێراقى؟هه‌ستیش وه‌ڵامى دابووه‌: نه‌خێر من خه‌ڵكى كوردستانم...
كه‌ بۆى گێراینه‌وه‌ خه‌ریك بوو له‌ خۆشیان باڵ بگرم، جێى شانازى ئێمه‌ى ئاینده‌ى كوردستان، هه‌ستى
No to WAR

My son Hasty: Dad! please write about peace, I hate war. I know in the war someone's dad might be killed, please write about peace Dad!
Transparency International Corruption index 2012

Iraq has remained its place as one of the top ten corrupt countries worldwide

http://www.transparency.org/cpi2012/results

Welcome to Hemn Merany's blog



Hemn Merany is  Kurdish Author and Academician. He lives in United Kingdom, Leicester. He has started doing PhD in Politics and governance, Leicester University. He is married and got two little kids, Hasty and Helan

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...