Monday 25 February 2019

د.هێمن میرانی: شەفافیەت و سەروەری یاسا بنەمای سەرەکیی حکومداریی باشن

(سبەی):
دیمانە: لاوک ئەمجەد
د.هێمن میرانی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان بە پێویستی دەزانێت کاری حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بەگژداچونەوەی گەندەڵی و باشکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بێت، پێیوایە خەڵکی کوردستان بە بە ئومێدەوە سەیری رێککەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دەکات و دەڵێت: پلانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، بوەتە پلانێکی جدی و پاڵپشتیکاری زۆری لە ناو پارتیدا هەیە و لەناو بزوتنەوەی گۆڕانیش وەکو خاڵێکی گرنگ لە رێککەوتننامەکە جێگەی کردوەتەوە.
لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ (سبەی) د.هێمن میرانی راگری فاکەڵتی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی سۆران باس لە بنەماکانی حکومداری باش لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: پرسی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، یەکێک دەبێت لە کارە لە پێشینەییەکانی حکومەتی داهاتو، بەوپێیەی لایەنەکان لە رێککەوتنەکانیان جەختیان لەسەر کردوەتەوە و لەسەر ئەوانەشەوە دەبێت ئیرادەیەکی سیاسی بەهێز هەبێت کە ئیتر تەنها لێپرسینەوە لە کەسانی گەندەڵ نەکرێت، بەڵکو هەوڵ بدرێت رێگەی لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی بگیرێت.
- ئەزمونی حکومڕانی هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن؟
د.هێمن میرانی: لە کوردستان ئەزمونێکی تاڕادەیەک باش هەیە لە حکومڕانی، سەرباری ئەو هەمو هەوراز و نشێوییانەی کوردستان پێیدا تێپەڕیوە کە لە ساڵی (1992)ەوە تائێستا کۆمەڵێک قۆناغی جۆراوجۆر لە حکومڕانی کوردستان هاتونەتە پێش، هیوا هەیە بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتەوە لەلایەن لایەنە سیاسیەکانەوە، ئەزمونی باشتر وەربگرن و ئەو کەموکورتییانەی لە کابینەکانی رابردودا هەبوە پێکەوە چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە، هەروەها هێزە سەرەکییەکانی هەرێم بەتایبەتیش پارتی و گۆڕان، بەپێیەی ئەو دو هێزە لە کابینەی رابردو کێشەیان هەبوە، وا چاوەڕوان دەکرێت کە هەردولا لاپەڕەیەکی نوێیان هەڵدابێتەوە و چیتر باسی رابردو نەکەن بە قەد ئەوەی هەردولا هەوڵبدەن کار بکەن بۆ پێشخستنی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و پێشخستنی بواری خزمەتگوزاری و باشکردنی گوزەرانی خەڵک، ئەوەش زۆر جێگەی دڵخۆشییە و خەڵكیکی زۆریش لە کوردستان بە ئومێدەوە سەیری ئەو پەیوەندییە دەکات و لە کۆتاییدا لە قازانجی خەڵکی کوردستانە، هەروەها جگە لە گۆڕان و پارتی، یەکێتیش هێزێکی کاریگەرە و پێویستە بچێتە رێککەوتنەکەوە و بەشداری حکومەت بکات و ئەو سێ هێزە سەرەکییە پێکەوە مۆدێلێکی حکومڕانی باش پێشکەش بکەن.
یەکەم هەنگاو بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی، بریتییە لە بونی ئیرادەیەکی سیاسی راستەقینە
- هەرێمی کوردستان دوای ساڵانێک لە قەیران، ئێستا لە بەردەم پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتدایە، زۆرێک لە هێزەکان باس لە پێویستی چاکسازی و روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و پەیڕەوکردنی بنەماکانی "حکومڕانی باش" دەکەن لەو کابینەیە، پێت وایە ئیتر ئێستا کاتی گرتنەبەری ئەو رێکارانە و هەنگاونانە بەرەو "حکومی رەشید"؟
د.هێمن میرانی: پلانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، بوەتە پلانێکی جدی و پاڵپشتیکاری زۆری لە ناو پارتیدا هەیە و لەناو بزوتنەوەی گۆڕانیش وەکو خاڵێکی گرنگ لە رێککەوتننامەکە جێگەی کردوەتەوە، بێگومان یەکێتیش لەو روەوە قسەی خۆی دەبێت، پێویستە ببێتە خاڵی سەرەکی حکومەت و ئەو سێ هێزە بە جددی کاری لەسەر بکەن و میکانیزمی جۆراوجۆر بدۆزنەوە بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی.
هەروەها یەکەم هەنگاویش بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی، بریتییە لە بونی ئیرادەیەکی سیاسی راستەقینە کە رێگە نەدات چیتر داهات و دەسەڵاتی کوردستان بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی بەکاربهێندرێت، کە ئەو ئیرادە سیاسییەش پێویستە سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان و سەرۆکی هەرێم و پەرلەمان بیخوڵقێنن و ئەو هێزانەی لە پشت دامەزراوەکانەوەن پاڵپشتی بەکەن.
هەنگاوی دوەمیش بریتییە لە دۆزینەوەی میکانیزم بۆ رێگریکردن لە گەندەڵی، واتە کەمین دانەنرێت کە کێ گەندەڵی دەکات سزا بدرێت، بەڵکو دەبێت رێگریی لە گەندەڵبونی خەڵک و بەفیڕۆدانی سامان و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات بکرێت، ئەوەش بە پتەوکردنی میکانیزمی چاودێری هەم لە ناو حکومەت، هەم پەرلەمان بۆ حکومەت، هەروەها پێشخستنی میکانیزمی چاودێریکردنی کارمەندانی دەوڵەت، واتە هەر دامەزراوەیەک پێویستە چاودێر بێت بەسەر فەرمانبەرەکانییەوە، بۆیە ناکرێت کابینەیەکی حکومەت بکرێتە قوربانی کۆمەڵێک وەزیر و بەرپرس و خەڵکی گەندەڵ.
- تا چەند دۆسییەی روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازیی پێویستە لە رێککەوتنی نێوان لایەنەکان جێی بکرێتەوە و بخرێتە کارنامەی حکومەتەوە بۆ ئەوەی لە بەڵێن و داواکارییەوە، ببێتە یاسا و حکومەت پابەند بێت بە گرتنەبەری رێکارەکان بۆیان؟
د.هێمن میرانی: ئەو سێ هێزەی کە حکومەت پێکدەهێنن، پێویستە لەسەر ئەوەی رێکبکەون کە چاوپۆشی لە کەس نەکرێت و داڵدەی هیچ کەسێک نەدرێت کە دەسەڵات و سامانی گشتی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت، هەروەها دواتر دەبێت رێگە بە پەرلەمان بدرێت کە خۆی چالاک بکات و پرسی لێپرسینەوە یان پرساندن لەم کابینەیە بە جدیی کاری لەسەر بکات کە کاری زۆر گرنگن بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی.
- رۆڵی دەسەڵاتی دادوەری چییە لە پرسی روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و هەروەها حکومڕانی رەشید لە هەرێمی کوردستان؟
د.هێمن میرانی: ئەوەی پێی دەوترێت رۆڵی یاسا کە یەکێکە لە بنەماکانی "حکومڕانی باش" پێویستە دامەزراوەکانی دادوەریی، دامەزراوەی چالاک و کارا و سەربەخۆ بن، واتە سەر بە هیچ لایەنێکی سیاسی نەبن، یان هیچ لایەنێکی سیاسی هەوڵ نەدات هەژمونی خۆی تێدا بسەپێنێت، هەروەها سەرباری سەرنج و تێبینییەکان، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری لە ساڵی (2007)ەوە دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە کە دەکاتە ماوەی (12) ساڵ، جگە لەوەش ئەو ماوەیە بۆ پەروەردەکردنی دادوەری سەربەخۆ و ئازا و هێنانەکایەی هەندێک یاسا کە دادوەران بپارێزێت لە کۆمەڵگەیەکدا کە پڕە لە بەرپرسی چەکدار و لیوای تایبەت، کارێکی ئاسان نییە، دەکرێت ئاستی داخوازییەکان بەرز بێت، بەڵام دەبێت زەمینەی بۆ خۆش بکرێت و هەروەها پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵاتی دادوەریی بەرنامە و پلانی باشیان هەبێت بۆ سەروەری یاسا.
- بونی شەفافییەت بە یەکێکی دیکە لە پایەکانی حکومڕانی باش یان رەشید دادەنرێت، لەمڕوەوە ئەرکی حکومەت و لایەنەکان چییە، تاوەکو بتوانرێت گومانەکانی خەڵک بڕەوێندرێتەوە، هەروەها ببێتە وەڵامدەرەوەیەکی باش بۆ هاوڵاتیان؟
د.هێمن میرانی: یەکێک لە کاروبارەکانی حکومداریی ئەوەیە کە کاروبارەکان بەشێوەیەکی شەفافانە ئەنجام بدرێت، واتە پێویستە خەڵک گومانی لەسەر کارەکانی حکومەت نەبێت و حکومەت بە بەردەوامی لەگەڵ خەڵکدا لە پەیوەندیدا بێت، ئەوەش لە رێگەی وتەبێژێکی کاراوە کە بەردەوام رونکردنەوە لە سەر سیاسەتی حکومەت بدات و پەیامەکان بگەیەنێت و رێگە نەدات خەڵک گومانی هەبێت، بە تایبەت لە بواری دارایی و داهات و بودجە و خەرجی کە بەشێوەیەکی شەفافانە خەڵک ئاگادار بکەنەوە یان بەلانی کەم لایەنەکانی نێو حکومەت دەبێت ئاگاداربن، چونکە ناکرێت تۆ بەشداری بیت لە حکومەت، بەڵام ئاگاداری داهاتی نەوت نەبیت یاخود خەرجی وەزارەتێک نەزانیت.
هەروەها پەیوەست بە وەڵامدانەوەی خەڵک، پێویستە حکومەت، حکومەتێکی وەڵامدەرەوە بێت واتە بە تەنگ خواستەکانی خەڵكەوە بێت، بۆ نمونە کاتێک کێشەی دارایی و موچە هەیە، یان ئەگەر نەتوانێت پاشەکەوتی موچە هەڵبگرێت، پێویستە حکومەت ئەوەندە لەگەڵ خەڵک کراوە بێت کە گومانی ئەوە دروست نەکات، پاشەکەوتی پێ چاک دەکرێت، بەڵام بە ئەنقەست چاکی ناکات و نابێت بۆشایی نێوان خەڵک و حکومەت زیاد بێت.
- لە "حکومداری باش"دا دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ هێزەکان و هاوڵاتیاندا بکرێت؟
د.هێمن میرانی: یەکسانی و لە خۆگرتن کە بابەتێکە پێویستە حکومەت کەس پەراوێز نەخات، بەواتایەکی دیکە کاتێک حکومەت پێکدەهێندرێت، ئەو حکومەتە هی هەمو خەڵکە و حکومەتی ئەوانەش کە بونەتە ئۆپۆزسیۆن، چونکە هێزی سیاسی دەبێتە ئۆپۆزسیۆن، بۆیە نابێت لێپێچینەوە لە لایەنگری هێزێکی هێزێکی سیاسی بکرێت یاخود لە پڕۆژە بێبەش بکرێت یان موچەی ببڕدرێت یان توشی کێشە بکرێت تەنها لەبەرئەوەی لایەنگری حیزبێکە، چونکە ئەو حیزبەکەی هەڵوێستی وەرگرتوە و بوەتە ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسی لە ناو پەرلەمان و رەخنە لە ئەدای حکومەت دەگرێت و خۆی بە بەدیل پیشان دەدات، بۆیە نابێت میللەت لە خزمەتگوزاری گشتی بێبەش بکرێت و پێویستە بە یەکچاو و یەکسانیی سەیری خەڵک بکات و حکومەت پێویستە هی هەموان بێت و بە پلان کار بکات.
دەبێت هەوڵی سڕینەوەی یەکتر نەدرێت، بەڵکو لەرێگەی خزمەتگوزارییەوە سەرنجی خەڵک رابکێشرێت
- رۆڵی لێپرسینەوە چییە لە حکومداریی باش-دا؟
د.هێمن میرانی: لە بابەتی لێپرسینەوە، کاتێک حکومەت بەرامبەر بە پەرلەمان متمانە وەردەگرێت، پێویستە بەرپرسیار بێت لە هەر کەموکورتییەک و پەرلەمان دەسەڵاتی بانگهێشتکردن و لێپرسینەوەی حکومەتی هەیە تاڕادەی وەرگرتنەوەی متمانە، هەڵبەتە بۆ کوردستان ئێمە چەند ئەزمونێکمان هەیە، ئەزمونی ئۆپۆزسیۆنبونی بزوتنەوەی گۆڕان و هێزەکانی تر لە (2009) تا (2013)، دواتریش ئەزمونی بەشداریکردنی گۆڕان و هێزەکانی دیکە لە حکومەت کە هەمو ئەوانە دەبێت لە بەرچاو بگیرێت و هەوڵی سڕینەوەی یەکتر نەدرێت، بەڵکو لەرێگەی خزمەتگوزارییەوە هەوڵی راکێشانی سەرنجی خەڵک بدرێت و هەروەها لایەنە بەشداربوەکانی حکومەت ئەزمونیان لە رابردو وەرگرتبێت، چونکە دەرکەوت هیچ لایەنێک ناتوانێت ئەوی دیکە بسڕێتەوە و دەبێت پێکەوە لە گۆڕەپانەکەدا کار بکەن، هەروەها گەشەکردنی هەر هێزێک نابێت ببێتە هۆی لەخۆبایی بون و خەڵک لەبیر بکات، هەر هێز کە لە گەشە دەوەستێت مانای ئەوە نییە کە کۆتایی هاتوە، بەڵکو دەتوانێت بۆ داهاتو پێداچونەوە بکات.
لینکی دیمانەکە لە سایتی سبەی:
https://www.sbeiy.com/Details.aspx…

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...