Friday 18 January 2013


پێكه‌وه‌ كاركردن
هێمن میرانى
ئۆپۆزیسیۆن ( هه‌ندىَ جار راسته‌وخۆ و هه‌ندىَ جار له‌ رێى سێبه‌ره‌كانیان): ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵه‌ و به‌ خۆشى بىَ یان به‌ ترشى ده‌بىَ برِوات و ساحه‌كه‌ بۆ خه‌ڵكى دیكه‌ چۆل بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ى خه‌ڵكیش ده‌نگیان بۆ بده‌ن ئه‌وه‌ ته‌زویره‌!.
ده‌سه‌ڵات ( هه‌ندىَ جار راسته‌وخۆ و هه‌ندىَ جار له‌ رێى سێبه‌ره‌كانیان): ئۆپۆزیسیۆن به‌كرێگیراوى ئێرانن و قاسم سلێمانى ئاراسته‌یان ده‌كات، ئه‌وان به‌و دۆخه‌ ماندوو نه‌بوون و نابىَ ئه‌و قسه‌ گه‌ورانه‌ بكه‌ن، ئیسلامییه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ ئاراسته‌ ده‌كرێن و كورِى خه‌ڵكى دیكه‌ن.
ئه‌م دوو گوتاره‌ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان دوا ده‌خات و نیگه‌رانى زیاتر و جیاوازى زیاتر له‌ نێو خه‌ڵك دروست ده‌كات و رقه‌كان قوڵتر ده‌كات.. ده‌ركه‌وت كه‌ نه‌ ئۆپۆزیسیۆن ده‌توانىَ به‌ چه‌پڵه‌ و هۆیها ئه‌و دوو حزبه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌ربكات، نه‌ ئه‌و دوو حزبه‌ش به‌م سیاسه‌تى ئێستایان ده‌ست له‌و داموده‌زگایانه‌ به‌رده‌ده‌ن كه‌ حه‌ق وایه‌ هى حكومه‌تى هه‌رێم بن...
حه‌قه‌ خه‌ڵك داوا بكه‌ن كه‌ ئه‌و دوو به‌ره‌ییه‌ كه‌ بۆ ئه‌و دۆخه‌ هه‌ستیاره‌ى ئێستا زۆر زۆر خه‌ته‌ره‌ سنوورێكى بۆ دابندرىَ، ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ى لوتكه‌ى نێوان چوار سه‌رۆكه‌كه‌ كه‌ ورده‌كارییه‌كه‌یان به‌ خه‌ڵك نه‌گوت ده‌كرىَ وه‌كو هه‌نگاوێكى گرنگ سه‌یر بكرىَ كه‌ هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ به‌و باوه‌رِه‌ گه‌یشتوون كه‌ هیچ لایه‌كیان ناتوانىَ ئه‌وه‌ى دیكه‌ به‌م سیاسه‌ته‌ تونده‌ بخات...
به‌ برِواى من ره‌نگه‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتووش نه‌توانىَ وه‌كو پێویست هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان بگۆرِىَ، بۆیه‌ ده‌بىَ هه‌ر پێنج هێزه‌ سیاسییه‌ گه‌وره‌كه‌ به‌ مۆدێلێك بگه‌ن كه‌ له‌م دۆخه‌ هه‌ستیاره‌ كوردستان بپه‌رِێننه‌وه‌ و هه‌موومان پێكه‌وه‌ قازانج بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌گه‌ر كوردستان خرایه‌ سه‌ر خه‌تى راست و به‌ زۆرترین قازانج و كه‌مترین زیان له‌ كه‌فوكوڵى ئێستاى عێراق و ناوچه‌كه‌ په‌رِیه‌وه‌، هه‌موومان قازانج ده‌كه‌ین. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وانه‌ى هه‌ست به‌ مه‌ترسى دۆخه‌كه‌ نه‌كه‌ن ده‌بىَ به‌رپرسیارێتى هه‌ر ئه‌گه‌رێكى خراپ بگه‌نه‌ ئه‌ستۆ كه‌ ببێته‌ هۆى تێكچوونى ئه‌وه‌ى هه‌مانه‌.
هیوادارم سه‌رده‌مى پێوه‌ كاركردن بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى كوردستان ده‌ست پىَ بكات..

18.01.2013




هێمن میرانی: گفتوگۆكانی ئیمرالی دوا دەرفەتە بەر بەتوندوتیژی گەورە بگرێ‌ لەتوركی
هێمن میرانی خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لەسەر پەیوەندییەكانی توركیاو ئەوروپاو شارەزا لەكاروباری توركیا لەوەڵامی چەند پرسیارێكی "ئێستانیوز"دا پێیوایە كەوتنی رژێمی ئەسەدو هاتنە كایەوەی فەزایەكی سیاسی نوێ‌ لەسوریا كە بێگومان رۆژئاوای كوردستان ژمارەیەكی قورس دەبێ‌ لەو فەزا نوێیە، كاریگەری راستەوخۆی بەسەر دۆخی باكوری كوردستان دەبێ‌ بۆیە ئێستا توركیا پەنای بردووەتە بەر دیالۆگ، هەروەها پێیوایە حزبە سیاسییەكانی توركیا وەكو باقی پرسەكانی دیكە سیاسەت بە دۆزی كوردەوە دەكەن، وەكو كاڵایەك بۆ دەنگ كۆكردنەوە بە دەستی دێنن.



ئا: شەمێران سلێمان

ئێستانیوز: گفتوگۆكانی ئیمرالی و هەوڵدان بۆ چارەسەری كێشەی كورد لەباكور، پێتوایە ئەمجارە گفتوگۆكان سەركەوتووبێت و بەدەردی گفتوگۆكانی ئۆسلۆ نەچێت؟

هێمن میرانی: سەركەوتنی هەر گفتوگۆیەك دەوەستێتە لەسەر هەڵوێستی لایەنەكانی نێو پرۆسەكە، ئەوان دەتوانن بڕیاربدەن كە رەوتی گفتوگۆكان بەرەو كوێ‌ بەرن. قسەی ئێمە تەنیا لێكدانەوەو پێشبینیە، پێشبینیش لەدونیای سیاسەتدا كەم جار وەكو خۆی دەردەچێ‌. ئەوەی پەیوەستە بە دۆخی سیاسی هەنوكەی توركیا بێگومان لەكاتەكانی دیكەدا جیاوازە، ئەویش بە هۆی ئەو رووداوانەی لە ناوچەكەدا دەگوزەرێن و كەفوكوڵ دەكەن، بە تایبەت دۆخی سوریا كە بە لایەكدا كەوتنی بێ هیچ گومانێك كاریگەری گرنگ لەسەر كۆی نەخشەی ناوچەكە بە گشتی و ئەو دەوڵەتانی دۆزی كوردیان بە هەڵپەسێردراوی هێشتۆتەوە بە تایبەت.

بە تێگەیشتن لەم راستیە وا دەردەكەوێ‌ كە توركیا مەبەستێتی رووداوەكان بقۆزێتەوە و بینەری كەمترین توندوتیژی ناوخۆیی بێ‌ لەدوای كەوتنی رژێمەكەی ئەسەد. چونكە كەوتنی رژێمی ئەسەدو هاتنە كایەوەی فەزایەكی سیاسی نوێ‌ لەسوریا كە بێگومان رۆژئاوای كوردستان ژمارەیەكی قورس دەبێ‌ لەو فەزا نوێیە، كاریگەری راستەوخۆی بەسەر دۆخی باكوری كوردستان دەبێ‌. توركیا دیارە بە نیازە تا ئەو كات جۆرێك لەئاشتی لەناوخۆی وڵاتەكەی لەگەڵ كورد بێنێتەوە كایەوە. هیوادارین ئەمە سەربكەوێ‌، چونكە رەنگە ئەمە دوا دەرفەت بێ‌ كە بەر لەتوندوتیژی گەورە بگرێ‌ لە ناوخۆی توركیا.

ئێستانیوز: لەلایەك دەوڵەتی توركیا و ئەردۆغان باس لەجدییەت بوونیان دەكەن لەچارەسەركردنی كێشەی كورد لەلایەكیشەوە گرتنی هاوڵاتیانی كورد بەردەوامەو ئۆپەراسیۆنەكانیش بۆ قەندیل و تۆپبارانكردنی هەرێم رانەگیراوە، لێكدانەوەت چییە بۆ ئەم هەڵوێستە دوو فاقییەی توركیا؟

هێمن میرانی: پێكهاتەی سیستمی دەوڵەتی توركیاو پێكهاتە سیاسییەكەشی زۆر ئاڵۆزە، هەموو شتەكان بە تەنیا بە دەست حكومەتەوە نین، حكومەتیش بە تەنیا ناتوانێ‌ هەموو هەڵوێستەكان و قورسایی كارەكانی بخاتە سەر یەك كەیس. بەرژەوەندی سیاسی حزبی حاكم لەبەردەم كۆمەڵێك پرسی زۆر هەستیاردایە، هێشتا دۆخی ناوخۆیی توركیا بەهۆی ئەو شەڕەی لەساڵی 1984 ەوە لەگەڵ پەكەكە دروست بووەو ئەو هەموو قوربانیەی لێ‌ كەوتۆتە، بارگاوییە بە هەستی ناسیۆنالیستی و توندڕەوی دژی كورد و پەكەكە، سەیر بكە هەندێ‌ حزب و خەڵك تەنانەت دژی ئەوەن كە تەرمی ئەو سێ‌ سیاسەتمەدارە كوردە تیرۆركراوەی پاریس بە مردوویش بێتەوە توركیا. تێبینی بكە دۆخەكە چەند ئاڵۆزە، دواتر هێشتا بە رەسمی توركیاو پەكەكە لەقۆناغی ئاشتی و ئاگربەست نیە، لە نێوان هەردوولادا شەڕ هەیە.

ئێستانیوز: هەڵوێستی شەقامی توركی و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا لەمەسەلەی چارەسەری كێشەی كورد بە ئاشتی و دیالۆگ چۆن دەبینی؟

هێمن میرانی: حزبە سیاسییەكانی توركیا وەكو باقی پرسەكانی دیكە سیاسەت بە دۆزی كوردەوە دەكەن، وەكو كاڵایەك بۆ دەنگ كۆكردنەوە بە دەستی دێنن، بۆیەشە ئاساییە كە هەڵبەزو دابەز لەهەڵوێستەكانیان ببینین، ئەگەر سەرنج لەرابردوو بدەین دەبینین نەك تەنیا حزبی فەرمانڕەوا AKP، بەڵكو هەردوو حزبە ئۆپۆزیسیۆنەكەش CHP و MHP بەشێوەو گوتاری جیاواز جیاواز باسی دۆزی كوردیان كردووە، بەڵام لەئێستادا هەڵوێستی AKP گرنگە، چونكە ئەوان حكومەت و زۆرینەی پارلەمانیان بە دەستەوەیە كە دەتوانن گۆڕانكاری بهێننە كایەوە.

ئێستانیوز: ئایا تیرۆركردنی سێ‌ ژنە چالاكی باكور لەپاریس دەبێتە هۆی پەكخستنی گفتوگۆكان و ئەم هەوڵەش لەبار بچێ‌؟

هێمن میرانی: بە بڕوای من هەردوولا، مەبەستم حكومەتی توركیا و پەكەكەیە، بە هەستی لەو دۆخە دەڕوانن و هەردوولاش دەزانن كە ئەم هەوڵە بۆ تێكدان و لەباربردنی ئاشتیە، بۆیە تا ئێستا بە شێوەی بەرپرسیارانە رەفتار كراوە، هیوادارم ئەمە بەردەوام بێ‌ و هەوڵەكانی ئەمجارە بەرهەمیان هەبێ‌.

ئێستانیوز: بە خوێندنەوەی تۆ ئەگەر ئەم گفتوگۆیانە سەربگرێ‌، كورد چی دەست دەكەوێ‌، یان بڵێین توركیا تا كوێ‌ ئامادەیە مافەكانی كورد بدات؟

هێمن میرانی: توركیا بە بەراورد بە دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وڵاتێكی دیموكراسیە، پارلەمان كارایە و دەزگای دادوەری سەربەخۆ و خاوەن سەنگ و دەسەڵاتی خۆیەتی. لە وڵاتی دیموكراسیدا بواری چارەسەری مافی پێكهاتە جیاوازەكان هەیە. كورد لەتوركیا داوای مافی سیاسی دەكات، داوا دەكات لەدەستوردا چیتر وەكو توركیا نەناسرێ‌، مافی هاوڵاتی بوون لەدەستوردا بچەسپێ‌ و هەر كەس ئازاد بێ‌ وەكو ئەوەی لەدایك بووە ببێ‌، نەك بە گوێرەی قانون بكرێ‌ بە تورك. زمانی دایك ئازاد و بكرێتە زمانی پەروەردەیی. هەروەها بواری حوكمداری لەناوچە كوردییەكان بەكورد بدرێ‌. ئەمانە دەتوانرێ‌ لەچوارچێوە جیاجیای سیستمی حوكمڕانیدا جێیان بكرێتەوە. بە بڕوای من بە قەد ئەوەی ئەم مافانە گرنگن ئەوە گرنگ نیە چ ناوێكی لێ‌ دەنرێ‌.

ئێستانیوز: لەئەگەری سەرنەگرتنی ئەم گفتوگۆیانە كاردانەوەكانی شەقامی كوردی چی دەبێت؟

هێمن میرانی: لەدوای كەوتنی رژێمی ئەسەد، پاڵپشتی بۆ دۆزی باكوری كوردستان دەگاتە ئاستێكی زۆر باڵا، بێگومان كوردانی باكور ئیدی ژێر دەستەیی و بێ‌ مافی قەبوڵ ناكەن، پێموایە حكومەتی توركیا بە تەواوی لەم راستیە گەیشتووە، دەستی دەستی كردن بە دۆزی كورد و راگرتنی بەم شێوەیەی ئێستا بۆ قۆناغی دوای كەوتنی رژێمی ئەسەد، زەمینە و گریمانەی توندوتیژی گەورە لە توركیا خۆش دەكات، هیوادارم ئەمە روو نەدات.



پرۆفایل:

هێمن میرانی

لەدایك بووی 1982 هەولێر

دەرچووی بەشی زانستە سیاسییەكان–زانكۆی سەڵاحەددین 2003

هەڵگری بڕوانامەی ماستەر 2008 لەسەر تێزی پەیوەندییەكانی توركیا و یەكێتی ئەوروپا

ئێستا خوێندكاری دكتۆرایە لە بواری سیاسەت و حوكمڕانی لەزانكۆی لێستەر لەبەریتانيا
http://www.estanews.com/Default.aspx?page=article&id=10342&l=3

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...