Thursday 21 January 2016

بۆنی نەوت و تۆزی ئارد دز


هێمن میرانی




کاتێک خۆت وەزیری نەوت بیت و هاوسەرەکەت بازرگانی بە نەوتەوە بکات، لە وڵاتێک کە هیچ دەزگایەکی چاودێری تێدا کارا نەبێ، بە تایبەت کە سێکتەری نەوت لە تاریکترین سێکتەرەکان بێ، سەیرە ئەگەر چاوەڕوانی سکانداڵ و کەیسی گەورەی گەندەڵی نەکەین!!!.

من نازانم ئەو هەواڵەی سایتی وشە دەربارەی دەستبەسەرداگرتنی بڕێک پارەی ژنەکەی وەزیری نەوت* چەند راستی تێدایە، بەڵام تێکەڵکردنی بازرگانی و پۆستی رەسمی تەنیا گەندەڵی بەرهەم دەهێنێ، بە ئینگلیزی پێی دەڵێن Conflict of Interests، واتە دۆخێک دێتە ئاراوە کە تێکەڵی و ئاڵۆزی لە نێوان بەرژەوەندی تایبەت و گشتیدا دروست دەبێ.
بۆیە هاوڵاتی بەڕێز:
ئەگەر هەر وەزیر و سەرۆک حکومەت و بەرپرسێکت بینی کە لەو کاتەی لە پۆستی رەسمیدایە، خۆی یان کەسە نزیکەکانی خەریکی بازرگانی کردنن، ئیدی گومان مەکە کە گەندەڵی گەورە بەڕێوە دەچێ! چونکە ئەمە گومانی ناوێ!

ئەم دۆخە لە کوردستان متمانەی نێوان خەڵک و حکومەتی لەق کرد، سامانی گشتی بۆ بەرژەوەندی بەرپرسەکان و کەسوکاریان ئاراستە کرد و کوردستانی کردە وڵاتێک کە وێڕای داهاتێکی یەکجار زۆر، ساڵانە کورتی لە بودجەیدا هەبێ و جگە لە نەوت خاوەنی هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی کاریگەری داهات نەبێ تا بە ئەمڕۆ گەیشتین!


تەنیا حکومەتێکی نوێ، کە ئەو بەڕێزانەی ئێستای تێدا نەبن، دەتوانێ ئەو کەیسانە هەڵبداتەوە و رووبەرووی دادگایان بکاتەوە، چونکە ئەگەر ئێستا دانەیەک ئاشکرا بێ، ئەڵقەکانی دیکەی زنجیرەکە بە دوایدا دێن، بۆیە پێتان سەیر نەبێ ئەگەر بەرپرسان هاتنە سەر خەت و ئەو دەنگۆیەیان بە درۆ خستەوە کە ژنەکەی ئاشتی هەورامی گەندەڵی کردووە لە بازرگانی کردن بە نەوتدا، چونکە هەموویان نهێنێ و پۆخڵەواتەکانی یەکتری دەزانن، ئاشکراکردنی یەکێکیان، دەبێتە مەترسی لەسەر ئەوانی دیکە...
لە ساڵی ٢٠١١ لە کاتی خۆپیشاندانەکان،  دواتر پڕۆژە چاکسازیەکەی سەرۆکی هەرێم، لە نێو خەڵک دەگوترا کە بەرپرسێکی دارایی ئەوسا بە هۆی گەندەڵیەوە هاتوچۆی دەرەوەی لێ قەدەغەکراوە، دەگوترا کە بەرپرسەکە گوتبووی " ئاساییە دادگاییم بکەن، چونکە من ئەگەر ئاردم دزی بێ، تۆزەکەشی بەر خۆم نەکەوتووە"...
بهێنە بەرچاوی خۆت ئارد بدزی و تۆزەکەت بەر نەکەوێ! سەیرە ها؟. بە مانایەی هەرچی ئەو دزیویەتی یان بە نا قانونی کردوویەتی بارتەقای تۆزەکەشی بۆ خۆی نەبوو، بەڵکو بۆ 'سەرێ' بووە. ئەم رووداوە راست بێ یان درۆ، مانای تایبەتی خۆی هەیە.

ئەمڕۆش ئەگەر نەوتەوانەکان ئاشکرا بکرێن، رەنگە بەشێکیان تەنیا بۆنیان بۆ چووبێ!

لە راستیدا ئاشکرا کردن نا، چونکە ئاشکرایە چی دەگوزەرێ و خەڵک بە خوێندەوار و نەخوێندەوارەوە باسی دەکات، تەنیا داتاکان بە وردی و بە رەسمی نازانرێن..

لێکۆڵەرانی بواری گەندەڵی دەڵێن لە کوێ بەرپرس خەریکی بازرگانی بوو، لەوێ گەندەڵی سیاسی هەیە و تاوانی گەورە بەرامبەر بە داهاتی گشتی و دامودەزگاکان بەڕێوەدەچێ..

لەمەشدا گروپێک دەوڵەمەند دەبن و دەئاوسێن، خەڵکیش برسی و بێ خزمەتگوزاری و بێ چارە... رێک وەکو وڵاتە جوانەکەی خۆمان کە بە ئەمڕۆیان گەیاند.


*لینکی هەواڵەکەی سایتی وشە
http://wishe.net/dreja.aspx?=hewal&jmare=34705&Jor=1

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...