Wednesday 22 May 2013



فەرموون با خەڵک یەکلای بکاتەوە
هێمن میرانی

دوایین راگەیاندراوی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و کۆڕەکەی بەڕێز مەسرور بارزانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیدی هەردوو حزبی حوکمڕان و هاوپەیمانی بەرامبەر بە پرسی دەستووری هەرێمی کوردستان روونتر کردەوە. ئێستا لە سەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستان لە نێو پێنج حزبە گەورەکەی کوردستان دوو بەرە هەیە. یەکەم چوار حزب ( سێ ئۆپۆزیسیۆنەکە) و یەکێتی لەگەڵ گەڕانەوەی رەشنووسی دەستورن بۆ هەموارکردنەوە بەر لەوەی بخرێتە راپرسی. بەرەی دووەم پارتی دیموکراتی کوردستانە ( رەنگە هەندێ حزبی دیکەی بچووکیش هەبن) لە گەڵ ئەوەن راپرسی بکرێ و دەستوور رێکارە یاساییەکەی خۆی بگرێ جا بە سەرکەوتن یان رەت کردنەوە بخرێتە راپرسی.
ئەرگومێنتی بەرەی یەکەم کە داوای گەڕانەوەی دەستور دەکەن پەیوەندی بە کۆمەڵێک خاڵی بنەڕەتیەوە هەیە کە پەیوەندیان بە شیوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم ( داوا دەکەن سەرۆک لە جیاتی راستەوخۆ لە پارلەمان هەڵبژێردرێ) و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم و هەندێ دامودەزگای وەکو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و دەسەڵاتەکانی. ئەو بەرەیە ( بە رەسمی گۆڕان ئەوەی راگەیاندووە) کە دژی ئەوەن ئەو دەستوورە بخرێتە راپرسیەوە ( چونکە ئەوان دەلێن ئەو دەستوورە بە باڵای سەرۆکی ئێستای هەرێم نوسراوەو دەسەڵاتی بنەماڵەکەی پتەو دەکا بزوتنەوەی گۆڕان) و لایەنەکانی دیکەی نێو ئەو بەرەیە سەرنجیان لەسەر دەسەڵاتەکانی سەرەوە هەیە و یەکێتیش کە بەرەسمی تازە هاتۆتە نێو ئەو بەرەیە وەکو لە دوایین راگەیاندراویان هاتووە داوای سازانی نیشتیمانی دەکەن و دیار نیە ئەوان سەرنجیان لە سەر کوێی دەستوور هەیە.
ئەرگومێنتی بەرەی دووەم کە لە وتە و راگەیەندراوەکانی پێشووی سەرکردایەتی پارتی و کۆڕەکەی بەڕێز مەسرور بارزانی بە روونی دەرکەوتن ئەوەیە کە ئەوان باوەڕیان وایە کەس لە رووی قانونیەوە ئەو مافەی نیە دەستوور بگەڕێنێتەوە پارلەمان، چونکە تەواوی رێکارە قانونیەکان تەواو کراون و ماوە راپرسی بکرێ و خەڵک یەکلای بکاتەوە، ئەوەی بە ناوی سازانی نیشتیمانیەوە داوا دەکرێ ( ئەوە لە راستیدا سازانی سیاسییە مەسرور بارزانی). بۆیە بە لێکدانەوەی ئەوان کەس بۆی نیە لە جیاتی خەڵک کە ئێستا هاتۆتە سەر راپرسی کردن سازان بکات و رێ لە خەڵک بگرێ مافی خۆی پراکتیزە بکا. هەمان وەڵامیشیان بۆ ئەو سەرنجانە هەیە کە لەسەر شیوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و دەسەڵاتەکانی دەیخەنە روو.
ئێستا کە بەرەکە بە تەواوی روونە و هەردوولاش بەرگری لە ئەرگومێنتەکانی خۆیان دەکەن، دەسەڵاتی رێکخستنی راپرسی لەسەر دەستوور لە دەست دەسەڵاتی جێبەجێ کردنە. با سەرۆکی هەرێم ناوی خوای لێ بهێنێ و کۆمیسیۆن رابسپێرێ کە ئامادەکاری بۆ ریفراندۆم بکەن و هەر بەرەو با ئەرگومێنتەکانی خۆی بخاتە بازاڕەوە و خەڵک دواجار بڕیار بدات کە ئەو دەستوورەی قەبوڵە یان نا. ئەگەر نیوە زیاتری دەنگەکانی هێنا ئەوە دەبێ هەموولایەک رێز لەو پرەنسیپە بگرن کە بۆ پەسندکردنی دەستوور لە راپرسی بە قانوون دانراوە، ئەگەر خەڵکیش لە راپرسی دەستوورەکەی رەت کردەوە بێ کێشە پڕۆژەکە دەگەڕێتەوە پارلەمان بۆ هەموار کردن.
پێناچێ چیتر ئەو دوو بەرەییە لەسەر تەلەفزیۆن و رۆژنامە و فەیس بووک بگەنە شێوازێک کە هەروو لا رازی بکا، فەرموون با دەنگی خەڵک تاقی بکەینەوە و کەس خۆی بە خاوەنی شەقام نەزانێ. فەرموون بۆ راپرسی.

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...