Monday 24 August 2015

دیبەیت نا، هەردوو وەزیرەکە بانگ بکەنە پارلەمان






هێمن میرانی
 لە عەیبەکانی حکومەتی هاوپەیمانی و بنکە فراوان ئەوەیە کە ئیدی پارلەمانیش دەبێتە شوێنێک بۆ شاردنەوەی ناشرینیەکانی حکومەت و دەسەڵآتدارەکان بە هۆی ئەوەی هەر حزبە و ناچارە بەرگری لە وەزیرەکانی خۆی بکات. بە هۆی قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێمەوە، ژیانی خەڵک خەریکە نارەحەتتر دەبێ، بە تایبەت دوای ئەوەی هەردوو بەڕێزان وەزیرانی سامانە سروشتیەکان و دارایی کەوتونەتە وەڵام و وەڵامکاری و یەکتر تۆمەتبارکردن بە دیار نەمانی داهاتی نەوت یان نەهێنانی لە تورکیاوە بە هۆکاری سیاسی، هەندێ پارلەمانتاریش لەو کێشانە گلاون جا بە هۆی هەڵوێستیان بێ یان هەر هۆکارێکی دیکە. پارلەمانتار شێرکۆ جەودەت داوای دیبەت لە دوو وەزیرەکە دەکات، لە راستیدا من خۆم چاوەڕوانی داواکاری وام لە پارلەمانتار نەدەکرد، چونکە ئەوان وەکو لێژنەی نەوت و گاز و لێژنەی دارایی دەسەڵاتیان هەیە و دەبێ زۆر بە پەلە لە دوای کۆتایی هاتنی پشووی پارلەمان ئەو دوو وەزیرە بەڕێزە بانگ بکەنە پارلەمان بۆ لێپرسینەوە نەک داوای دیبەت و دایەلۆگی سەر تەلەفزیۆنیان لێ بکەن. ئەوەی لەو بەینەدا یاری پێ دەکرێ قوتی خەڵک، ژیانی نەهامەتی فەرمانبەرانی کوردستانە، داهاتی نەوتە کە خەریکە دەبێتە بەڵا بۆ کوردستان.
ئێمەی هاوڵاتیان لە ئێستادا کەسمان نیە پەنای بۆ ببەین جگە لە پارلەمانتاران کە دەبێ لە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پارلەمان ئەو دوو وەزیرە بەڕێزە لەسەر ئەو جیاوازیە قوڵانە و ئەو ژمارە جیاوازانەی دەیخەنە روو بانگ بکرێن  و داوای روونکردنەوەیان لێ بکرێ. دەبێ لێکۆڵینەوەی ورد لە چۆنیەتی ناردنە دەرەوە و فرۆشتنی نەوتی کوردستان بە سەربەخۆیانە بکرێ بە تایبەت کە ئێستا حکومەتی عێراقیش وەکو پێویست ئاگادار نیە کە چی دەگوزەرێ.
ئاشکرایە گەندەڵی لە کاتی نائۆقرەیی دامودەزگاییدا تەشەنە دەکات، ئەو وڵاتانەی نەوتیان هەیە، ئەگەر دامودەزگای چاودێری و لێپرسینەوەیان لاواز بێ، نەوت بۆتە بەڵآ بەسەر ژیانی خەڵک و ئایندەی وڵات. من خۆم گومانی زۆر گەورەم لە لا دروست بووە دەربارەی ئەو ژمارە جیاوازانەی لەم ماوەیە هەردوو وەزارەتی ناو براو خستویانەتە روو.
پارلەمانتارانی بەڕێز لە هەموو فراکسیۆنەکان، تکایە ئەم بابەتە بە جددیتر وەربگرن لەوەی دەمەتەقێی نێوان دوو وەزیری بەڕێز بێ. نەوت لە کوردستان ئەگەر چاودێریەکی توندی نەخرێتە سەر، چاودێری بەو مانایەی کە دەبێ پارلەمان بە وردی ئاگاداری پرۆسەی ناردنە دەرەوە  و داهات و خەرجیەکان بێ نەک تەنیا وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کە ئاشکرایە وەزارەتێکە پێویستی بە شەفافیەتی زیاتر و کرانەوەی زیاتر هەیە. ئەگەر بە جددی کەرتی نەوت مامەڵەی لە گەڵ نەکرێ، کوردستان و ژیانی خەڵک بەرەو مۆدێلێکی خراپی ئیدارەکردنی داهاتی نەوت دەبات.

تکایە کە پارلەمان دەستی بەکاری ئاسایی کردەوە، هەر دوو وەزیرە بەڕێزەکان بانگ بکەن و جددی تر لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆ بکەن، هەڵبەت بە هۆی نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنەوە، تکایە پارلەمانتاران بە ئەرکی خۆتانی بزانن کە بەرگری لە ژیانی خەڵک و قوتی فەرمانبەرە ئازا و خۆڕاگرەکانی کوردستان بکەن کە ئەوەی ئەمڕۆ لە حکومەتی خۆیان قەبوڵی دەکەن، لە کەم شوێنی دونیادا وێنەی هەیە، تکایە بە هۆی حزبایەتیەوە کەمتەرخەمی مەکەن لە بانگ کردنی هەر وەزیرێکی بەڕێز کە سەروکاری لە گەڵ ژیانی خەڵک هەیە. تکایە بزانن کە ئارامی خەڵک سنووری هەیە بە تایبەت دوای ئەوەی چەندین جار بەڵێن دراوە کە دوای چەند مانگێکی دیکە داهات و فرۆشی نەوت دەگاتە ژمارەیەکی دیاریکراو و دواتر بێدەنگی لێ کراوە، خەڵکیش رۆژ دوای رۆژ نەهامەتیەکانی زیاتر دەبێ. تکایە پارلەمانتاران بزانن کە ئێمە بۆ ئەرکێکی گەورەتر لەوەی ئێستاتان رەوانەی پارلەمانمان کردوون.

رۆژی دوو شەممە ٢٤ ی ئابی ٢٠١٥ لە سایتی خەندان بڵاو بۆتەوە

Thursday 13 August 2015

شکات لە ئاری هەرسین و هاوشێوەکانی بکەن


 هێمن  میرانی 


دوو ئیدارەیی ئەزموونێکی خراپ و ناخۆش بوو، لە راستیدا بەشێکی زۆری ئەو کێشانەی ئەمڕۆی کوردستان لێکەوتەی ئەو دابەشکارییەن، رەنگە ئێرە شوێنی هەڵسەنگاندنی ئەو دۆخە ناخۆشەی ئەوسا نەبێ. تەنیا سەرنج بە لای من کە گرنگ بوو ئەوەیە کە هەندێ بەڕێز بۆ هەر مەبەستێک بێ بە ئاشکرا بانگەشە بۆ گەڕانەوە بۆ بازنەی یەکەم، دابەشکردنەوەی کوردستان بۆ دوو زۆنەکەی جاران دەکەن، راستە کە هێشتا کوردستان لە جومگە گرنگەکانی حوکمڕانیدا یەک هەرێم نیە، بەڵام لایەنی کەم هەنگاوی باش نراوە بۆ بەهێزکردنی دامودەزگاکان.. بە رای من رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و دەزگاکانی لێپرسینەوە دەبێ شکات لە هەر بەڕێزێک بکەن بە هەر ناوێکەوە بێ، بە تایبەت کە خاوەن پلە و پۆست بێ و بە ئاشکرا بانگەشەی دابەشکردنەوەی کوردستان بکات. دەیان قانون لە کوردستان هەیە کە هەڵگرانی ئەو جۆرە بیرە سزا بدات، بە تایبەت کە بە ئاشکرا بانگەشە بکەن و تەنیا لە هزری خۆیاندا نەیهێڵنەوە. بانگەشە کردن بۆ دوو ئیدارەیی مەترسی خستنە سەر ئاسایش و سەروەری هەرێمی کوردستان و بڵاوکردنەوەی ترسە لە لای خەڵک، کە بە قانون ئەمانە تاوانی گەورەن.
تکایە دەزگا پەیوەنددارەکان، بە تایبەت داواکاری گشتی و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی وەرنە دەنگ و ئەو کەسانە ریسوا بکەن کە بۆ هەر مەبەستێکی کەسی و سیاسی و حزبی بێ، بانگەشەی وا بڵاو دەکەنەوە.
بە دەر لەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە چ قۆناغێک لە نا تەبایی سیاسی و بێ رێزی بەرامبەر بە قانون، نابێ رێگە بدرێ کەس ئەوەندە خۆی پێ ئازا بێ داوای دابەشکردنەوەی کوردستان بکات بۆ دوو ئیدارە، ئەم قسانەم بە تایبەت لە گەڵ بەڕێز ئاری هەرسین، پارلەمانتاری پارتیە کە چەند جارێکە لە میدیا دەخوێنمەوە کە پێشنیاری لەم جۆرەی بۆ حزبەکەی کردووە و بە ئاشکرا لە فەیس بووکەکەی نوسیویەتی.
ئەم جۆرە پێشنیارە بەشێک نیە لە ئازادی دەبڕین، ئەم جۆرە داواکارییە تاوانە و سەروەری کوردستان و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەخاتە بەر مەترسییەکی گەورەوە. تکایە شکاتی لێ بکەن، خۆم لە کوردستان بوام بە تەنیا دەچووم شکاتم لێی دەکرد و دەمدایە دادگا. بۆ ئەوەی ئەو بەڕێزە و کەسی دیکە جورئەتی ئەوە نەکەن بۆ قازانج و ئافەرینی سیاسی باکیان بە هیچ نەبێ و رێز لە خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە نەگرن کە بۆ کوردستان تێ دەکۆشن نەک بۆ دابەشکاری سیاسی... تکام وایە لە دوای ئەو سەرنجەی من چەند کەسێک، چەند رێکخراوێک، دادوەرانی بەڕێزی داواکاری گشتی شکات لەو پارلەمانتارە بکەن، تکایە شکاتی لێ بکەن و قەبوڵ مەکەن کەس لەوە زیاتر ئیهانە بەو میللەت و وڵاتە بکات.



دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...