Thursday 14 November 2013


بارزانى له‌ ئامه‌د... نوێنه‌ر یان نێوه‌ندكار
هێمن میرانی*
وا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌رێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر داوه‌تى به‌رێز ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان - سه‌رۆك وه‌زیرى توركیا شه‌مه‌ ده‌چێته‌ ئامه‌د و به‌شداری زنجیره‌ك چالاكى و كۆبوونه‌وه‌ ده‌كا. ئه‌م رووداوه‌ له‌ ناوه‌ندى سیاسى و میدیاییه‌كانى كوردستانى و توركی لێكدانه‌وه‌ى جیاجیاى بۆ ده‌كرێ. به‌ بڕواى من ئه‌م خاڵانه‌ى خواره‌وه‌ جێى سه‌رنج ده‌بن له‌و سه‌ردانه‌ چاوه‌ڕوان كراوه‌دا:
یه‌كه‌م: له‌ رووى سیمبولیه‌وه‌ رووداوێكى گرنگه‌، جیاوازه‌ له‌ سه‌ردانى بارزانى بۆ ئه‌نكه‌ره‌ یان واشنتن یان هه‌ر پایته‌ختێكى دیكه‌ى دونیا. ئه‌گه‌ر سیاسه‌تمه‌داره‌ توركه‌كان و میدیاكانیشیان ئامه‌د وه‌كو هه‌ر شارێكى دیكه‌ى توركیا بناسن و له‌ بایه‌خى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌ردۆگان و بارزانى و هه‌ر سیاسییه‌كى دیكه‌ له‌وێ كه‌م بكه‌نه‌وه‌، كورد ئه‌و دیده‌ى نیه‌، ئامه‌د به‌ لاى هه‌موو كوردێك پایته‌ختى باكورى كوردستان و شارێكه‌ ماناى رۆحى و سیاسى گه‌وره‌ى بۆ هه‌موومان هه‌یه‌.
دووه‌م: بۆ خودى هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌ دوو ده‌یه‌ى رابردوو په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌ گه‌ڵ توركیا له‌ هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زى زۆر بووه‌، ئه‌و سه‌ردانه‌ ده‌كرێ وێستگه‌یه‌كى دیكه‌ى پێشكه‌وتنى په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانى نێوان هه‌رێم و توركیا بكاته‌وه‌.
سێیه‌م: هه‌رچه‌نده‌ به‌رنامه‌ى سه‌ردانه‌كه‌ دیار نیه‌ و نه‌زانراوه‌ بارزانى له‌وێ كێ ده‌بینێ و باسى چی ده‌كا، به‌ڵام وریایانه‌ مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌ردانه‌ له‌ لایه‌ن خودى بارزانى و رێكخه‌رانى دیداره‌كان بۆ په‌یوه‌ندى نێوان باكور و باشوورى كوردستان و كۆنگره‌ى چاوه‌ڕوانكراوى نه‌ته‌وه‌یی و دۆزى ئاشتى له‌ باكورى كوردستان زۆر گرنگه‌. چۆن؟
ئه‌لف: مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌، له‌ رووى سیاسى و ده‌ستووریه‌وه‌ هیچ پۆست و ناوێكى له‌ توركیا نیه‌، نه‌ له‌ نێو هێزه‌ كوردییه‌كان و نه‌ له‌ نێو داموده‌زگاى ده‌وڵه‌تى. بۆیه‌ هه‌ر رۆڵێك كه‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ به‌ بارزانى ده‌دات له‌ پرۆسه‌ى ئاشتى ده‌بێ بچێته‌ خانه‌ى نێوه‌ندگیرى و هاوكارى كردن نه‌ك نوێنه‌رایه‌تى كردن، چونكه‌ مه‌ترسى ئه‌وه‌ ده‌كرێ كه‌ توركیا و حزبى ئاك پارتى، هه‌وڵ بده‌ن بارزانى بخه‌نه‌ نێو گه‌مه‌یه‌كى سیاسى ناوخۆیی توركیا كه‌ دواجار كورد به‌ باكور و باشوره‌وه‌ زیانى لێ ده‌كا. بارزانى ناتوانێ نوێنه‌رایه‌تى هیچ هێز و ته‌یارێكى سیاسى له‌ توركیا بكا و ناشبێ قه‌بوڵ بكا كه‌ وه‌كو كارتى ده‌نگدان له‌ لایه‌ن ئاك پارتیه‌وه‌ به‌كار بهێندرێ.
با: بارزانى ده‌بێ له‌ وتار و دیداره‌كانیدا له‌وێ ئه‌و نامه‌یه‌ به‌ روونى بگه‌یه‌نێ كه‌ كورد له‌ باكور نوێنه‌رایه‌تى خۆى هه‌یه‌ و حكومه‌تى توركیا بۆ هه‌ر چاره‌سه‌ر و هه‌نگاوێكى ئاشتى ده‌بێ له‌ گه‌ڵ نوێنه‌رانى كورد له‌ حزبه‌ كوردییه‌كان و پارله‌مانتارانى كورد له‌ پارله‌مانى توركیا و ناوه‌نده‌ مه‌ده‌نییه‌كان دابنیشێ، نه‌ك له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێكى دیكه‌. واته‌ تۆپه‌كه‌ بخاته‌وه‌ گۆڕه‌پانى خۆیان، نه‌ك وتارێك بدات پشتگیرى له‌ ئاك پارتى و حكومه‌ت بكا، چونكه‌ ده‌بێ له‌ بیرمان بێ شه‌ڕى گه‌وره‌ى حكومه‌ت و ئاك پارتى له‌ باكورى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ده‌په‌یه‌، ئه‌وان له‌ ململانێى سیاسین له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانى خه‌ڵك و ئاك پارتى ده‌یه‌وێ خۆى وه‌كو حزبێكى نیشتیمانى سه‌روو جیاوازى ئیتنى و نه‌ته‌وه‌یی بناسێ و پێگه‌ى به‌ده‌په‌ و پارته‌ كوردییه‌كانى دیكه‌ له‌ باكورى كوردستان لاواز بكا، بارزانى ده‌بێ وریا بێ و نه‌بێته‌ نوێنه‌رى ئه‌و سیاسه‌ته‌ى ئاك پارتى.
ج: ده‌مێكه‌ به‌رێز ئۆجه‌لان ى سه‌رۆكى ده‌ستگیركراوى په‌كه‌كه‌ و سیاسییه‌ كوردییه‌كانى دیكه‌ى باكور پێشنیاریان كردووه‌ كه‌ حكومه‌ت بۆ پێشخستنى پرۆسه‌ى ئاشتى و چاره‌سه‌رى دۆزى كورد له‌ باكورى كوردستان سوود له‌ نێوه‌ندگیرى سه‌ركرده‌كانى باشور وه‌كو تاڵه‌بانى و بارزانى وه‌ربگرن. بێگومان جێى خۆشحاڵى باكورییه‌كانیش ده‌بێ كه‌ توركیا هه‌رسه‌ركرده‌یه‌كى كورد وه‌كو نێوه‌ندكار و هاوكار بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ئاشتى قه‌بوڵ بكا. له‌م سه‌ردانه‌دا پێویسته‌ بارزانى چاوه‌ڕێی رۆڵى له‌م جۆره‌ بكا.
به‌ كورتى ئه‌و سه‌ردانه‌ گرنگه‌ ئه‌گه‌ر نه‌خرێته‌ خزمه‌ت پشتگیریكردنى ئاك پارتى و سیاسه‌تى حكومه‌ت به‌ ته‌نیا.
*خوێندكارى دكتۆرا له‌ سیاسه‌ت و حوكمڕانى - به‌ریتانیا




دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...