Tuesday 7 July 2015

دەزانن بۆ دوو ئیدارەیی ماوە؟

لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی دوو ئیدارەکەی پێشووی کوردستان، زۆنی زەرد و سەوز دەستی پێکرد. تێکەڵکردنەوە پرۆسەیەکی خاوی بێ پلان بوو، پرۆسەیەک کە هیچ جۆرە پلە بەندیەکی زەمەنی و چاودێریەکی گشتی و دامودەزگایی بەسەرەوە نەبووە بە هۆی نا کارایی دامەزراوە نیشتیمانیەکانی وەکو پارلەمان و دەزگاکانی چاودێری. ئەو رێکخستن و یەکخستنەوەی ئیدارە لە کوردستان لە هیچ جێگەیەکی پرۆسەی گواستنەوە یان قۆناغی رێگوزەر Transition جێگەی نابێتەوە بە هۆی بێ پلانیەوە.  بۆیە لەوساوە لە بری تێکەڵکردنەوەی ئیدارە بە فیعلی، دەسەڵات و داهاتی کوردستان لە نێوان پارتی و یەکێتی دابەشکرا. لەوساوە بە کەیفی خۆیان و بە رێکەوتن خەڵکی خۆیان لە دامەزراوەکانی دامەزراند تا ئەندازەی حکومەتیان وەکو باڵۆن هەڵاوسان. بە کەیفی خۆیان ئەوەی ویستیان بە وەزیر و عەقید و بەڕێوەبەری گشتی و راوێژکار دایانمەزراند. بە ئارەزووی خۆیان پارەی گشتیان بۆ دامەزراندنی میدیای گەورەی حزبی تەرخان کرد، بە کەیفی خۆیان داهاتی گشتیان دایە حزبەکان بە بێ هیچ رێنمایی و قانونێک... تێکەڵکردنەوەی ئیدارە لە راستیدا دابەشکردنی داهات و سەروەت بوو بە رێکەوتنێکی سیاسی حزبی نەک یەکخستنەوەی نیشتیمان.
ئێستاش کە تەرازووی هێز لە کوردستان لە قازانجی ئەو دوو حزبە نەماوە و هێز و دەنگی دیکە هاتونەتە کایەوە، بێگومان دیارە هەموو کارێک دەکەن بۆ ئەوەی ئەو دۆخەی رابردوو وەکو خۆی بمێنێتەوە. مەبەستم لەوەی دابەشکردنی دەسەڵات و داهات لە نێوان خۆیان بمێنێتەوە.


ئێستاش کە سیاسیەکانیان و نوسەرە دەربارەکانیان باس لە دوو ئیدارەیی دەکەن، میللەت بە گەمژە دەزانن و دوو ئیدارەیی وەکو کارتی فشار و ترس بەکار دێنن، لە کاتێک ئەوەی دوو ئیدارەیی دروست کرد ئێوە بوون، ئەوەی لە ٢٠٠٥ ەوە لە جیاتی یەکخستنی ئیدارە بە پلان و بەرنامەیەکی نیشتیمانی خەریکی تاڵانکردنی داهاتی گشتیە بە جۆرێک ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی خستۆتە سەر ساجی عەلی ئەوە هەر ئێوەن.
خەڵکی کوردستان دەبێ بە هۆشیاریی و چاوکراوەییەوە لەو دەنگۆیانە بڕوانێ، چیتر پارتی و یەکێتی بە تەنیا خاوەنی کوردستان نین تا هەڕەشەی دوو ئیدارەیی بکەن، یەکێکیان ٣٨ کورسی هەیە و ئەوەی دیکە ١٨ بەو هەموو فڕ و فێڵ و گزیەوە.
 پێم سەیرە ئەو هەموو خەڵک دەڵێ بەڵێ دوو ئیدارەیی ماوە، دیارە ئێمەش ئەوە دەزانین خۆ لە مەریخەوە نەهاتووین، بەڵام ئەوەی سەیرە ئەو خوێندەوار و کادیرە حزبیانە وا دەزانن کە خەڵکی دیکە دوو ئیدارەیی دروست کردووە؟ کاکی براینە بەرژەوەندی تەسکی سیاسی و حزبەکانی ئێوە رێگە نادات ئەو وڵاتەی ئێمە ببێتە خاوەن دامەزراوەی یەکگرتووی بەهێز. برادەرینە ئەوە حزبەکانی ئێوەیە نایەڵێ ئیدارەیەکی یەکگرتوومان هەبێ چونکە لەوێدا دەسەڵات و پارەتان بە نا شەرعی لە دەست نامێنێ..

بۆیە تکایە لە بری ئەوەی مامەڵە لە گەڵ دیاردەکە بکەن کە هەموومان دەزانین هەیە، وەرن بوێرن و رەخنە و فشار بخەنە سەر حزبەکانتان کە تا کەی، ئاخر تا کەی ئیدارە دەبێ حزبی و دابەشکراو بێ، بوێرن و قسە بکەن لە بری ئەوەی تەنیا رەخنە لە حزبی بەرامبەر بگرن.

Sunday 5 July 2015

قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم

هێمن میرانی
تاکە چارەسەری واقیعی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ دۆخی ئێستا هەموارکردنی قانونی سەرۆکایەتی هەرێمە، چونکە ئەگەر پرۆژەی دەستوریش ئامادە ببێ ناتوانرێ بخرێتە راپرسیەوە. 
واتە ماوە و نەماوە یەک دەرگا ئەویش هەمواری قانونی سەرۆکایەتی هەرێمە.
لایەنەکانی دیکە پرۆژەی خۆیان پێشکەش کردووە، ماوە پارتی.
پارتی لەو کۆبوونەوانەی هەوڵ دەدات رەزامەندی وەرگرێ بۆ مانەوەی بارزانی بۆ دوو ساڵی دیکە. پێ ناچێ حزبەکان هیچ کامیان کێشەی جددیان لەمبارەیەوە هەبێ. دەمێنێتەوە چۆن مانەوەیەک و بە چ دەسەڵاتێک و لە بەرامبەر بە چی؟
پارتی پێ دەچێ حەزی لەوە بێ وەکو ٣٠ ی حوزەیرانی ٢٠١٣ قانونێکی دیکە دەربچێ و بارزانی بە دەسەڵاتەکانی ئێستای دوو ساڵی دیکە بمێنێتەوە بە بێ دەستکاری کردنی قانونی سەرۆکایەتی هەرێم کە سیستمی سیاسی هەرێمی گۆڕیووە بۆ جۆرێک لە سیستمی نیمچە سەرۆکایەتی.
کۆبوونەوەی پارتی لە گەڵ لایەنەکانی دیکە تێکۆشانە لە پێناو ئەو ئامانجە کە هاتنە دی زەحمەتتر بووە لە ٢٠١٣ بە تایبەت کە هەر لایەنە و ترسی لە لایەنگرانی خۆی هەیە و یەکێتیش وا خۆی نمایش دەکات کە باجی گەورەی داوە بە هۆی ٣٠ حوزەیرانەوە.
ئەگەر ئەمە نەبێ، یان ئەوەتا پارتی دەچێتە ژێر باری بەشێک لە داخوازی لایەنەکانی دیکە بە هەموارکردنەوەی قانونی سەرۆکایەتی هەرێم بە جۆرێک کە بۆ لەمەولا سەرۆک لە نێو پارلەمان هەڵبژێردرێ و بارزانی بۆ دوو ساڵی دیکە تا خولی داهاتووی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان، یان دەبێ چاوەڕێی بۆشایی سەرۆکایەتی بکەین لە دوای مانگی ئابەوە. چونکە هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی لێژنەی دەستووری و خستنە راپرسی پرۆژە کۆنەکە تەنیا قسەی سەر فەیس بووکە، کوردستان نە لە رووی ئابوری، نە لەرووی سیاسی و ئەمنیەوە بۆ هیچ جۆرە راپرسی و هەڵبژاردنێک ئامادە نیە.
واتە ئەگەرەکان هەر بەو ئاراستەیە دەڕۆن کە بارزانی دوو ساڵی داهاتووش هەر سەرۆکی هەرێمە، بەڵام ئایا سەرۆکی هەرێمێک بە دەسەڵاتەکانی ئێستای، یان سەرۆکی هەرێمێک بەو دەسەڵاتانەی حزبەکانی دیکە لە پرۆژەکانیان لە ٢٣ی حوزەیران لە پارلەمان خستیانە روو؟

Saturday 4 July 2015

..مەیەنە ئەوروپا...نامەیەکی کراوە بۆ گەنجانی برینداری کوردستان

دیارە بە هۆی دۆخی خراپی ئابوری و شەڕ و شۆڕەوە لە کوردستان کۆچ بۆ رۆژئاوا دەستی پێکردۆتەوە. هەڵبەت ئەم کۆچە هەر بەردەوام بووە، بەڵام لە ساڵانی رابردوو تا رادەیەک رەوتی پێچەوانەی وەرگرتبوو، کۆچ لە ئەوروپاوە بۆ کوردستان.
گەنجانی خۆشەویست:
ئەوانەی تەنیا بە قسەی خزم و کەس و درۆ و دەلەسەی میدیاوە دەخەڵەتێن و ئەو رێگایە پڕ زەحمەتیە دەگرنە بەر، تەنیا ئەم چەند خاڵە لە برای خۆتان بە راستگۆیانە وەربگرن، دواتر خۆتان خاوەنی بڕیاری خۆتانن:

یەکەم: دۆخی ئەوروپا لە رووی ژیان و گوزەرانی ئابوری و باری سیاسیەوە گۆڕانی گەورەی بە خۆیەوە دیووە و هەرگیز لە ئەوروپای هەشتاکان و نەوەدەکان و سەرەتای دووهەزارەکان ناچێ. بۆیە ئەگەر برات یان خزم و کەست لە هەشتا و نەوەدەکان هاتووە و لێرە گیرساوەتەوە و بۆتە خاوەن مۆڵەتی مانەوە و پاسپۆرت و ئیش و کاری خۆی هەیە، لە دۆخی خۆیەوە دەیەوێ هانی تۆش بداتی وڵآت بەجێ بهێڵی، هەڵبەت لە دڵسۆزیەوە بێ یان بە هەر هۆکارێکی دیکە، دڵنیابە لەوەی ئەوەی بۆ ئەو رەخساوە هەرگیز بە ئاسانی دەستی تۆ ناکەوێ.



لێرە ئێستا دژە کۆچبەرەکان لە زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپاوە لەسەر حوکمن. نەک تەنیا ئەگەری وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی زۆر ئاستەم بووە، بەڵکو ئەوانەش کە لەسەر پارەی حکومەت – سۆشیال یان بیمەی بێ کاری- دەژین تا ئەندازەیەکی زۆر بە هەزار درۆ و دەلەسە چۆڕە پارەیەک وەردەگرن کە بەشی تێربوونی سکیشیان ناکات. دەیان کەس دەناسم لێرە لە بەریتانیا خۆی شێت کردووە یان بە درۆ خۆی نەخۆش خستووە بۆ ئەوەی چۆرە پارەیەکی حکومەت وەربگرێ! خوا دەزانێ چۆن باسی ئەوروپاش دەکات بۆ کەس و کار و برادەرەکانی لە کوردستان !! دەیان نمونەی وام بینووە کە بە گوناحی دەزانم گەنجی کورد دوای ئەو هەموو ساڵە وا بە ریسوایی ژیان بەسەر ببات.

دووەم: وەکو ئەگەرێک دابنێ کە هاتی، گەیشتی بە سەلامەتی، بە ئاسانی مافی مانەوەت وەرگرت، کە ئەمانە زۆر زەحمەت بوونە وەکو لە خاڵی سەرەوە باسم کرد. وا نەزانی ژیان لێرە وەکو تەمبەڵخانەکەی لای خۆمان وایە و تەنیا چەند سەعاتێک دەوام کردن، یان ئەمڕۆ ئیش کردن و دوو رۆژ پاڵدانەوە و سوڕانەوە و گەڕان و ئەملا و ئەولای ئاسانت دەست دەکەوێ. ژیان لێرە رۆژ لە دوای رۆژ لە زەحمەت بوونە. ئەوەندەت هەیە دەبێ ئیش بکەیت و بێتەوە ماڵەوە و بخەویت و بەیانی دووبارەی بکەیتەوە. سەیری وێنەی جوانی ئەو کەسانە مەکە کە لە ئەوروپاوە لە فەیس بووک دایبدەنێن و وەکو بەهەشتی تەمبەڵان ئێرە وێنا دەکەن، باوەڕ بکەن وا نیە. ئەوەندەی لێرە ماندوو دەبیت، ئەو کارانەی خەڵک لێرە دەیکات، لە کوردستان بیکات کێشەی تایبەتی خۆی نابێ.

سێیەم: راستە دۆخی سیاسی و ئابوری کوردستان ناخۆشە، راستە سیاسەت بۆتە قوڕێکی خەست و خەریکە هەموو میللەت نوقوم دەکات. راستە شەڕ لە بەر دەرگامانە، بەڵام باوەڕتان بێ بۆ کەسێک ئەگەر تۆزێک کاری رۆژانەی هەبێ و بتوانێ ژیانێکی ئاسایی بەڕێ بکات هەر کوردستان لە ئەوروپا باشترە بۆ خۆمان. ئەوروپا بۆ خۆیان و ژیانی خۆیان باشە.

چوارەم: ئەم قسانەم مانای ئەوە نیە ئەوروپا زۆر ناخۆشە، بەڵام بۆ ئەوانە دەبێتە زەحمەتیەکی زۆر کە تازە دێن. دەبێ بزانن کە ئێوە تازە دەگەن ناتوانن ئەو شتانەتان بە ئاسانی دەست بکەوێ کە ئەو کوردانە هەیانە کە بیست ساڵە لێرەن، تەنیا ئەمەتان لەبەر چاو بێ. ئەوروپا ئەو کاتە خۆشە کە بە پاسپۆرتەوە بێ بە گیرفانێکی گەرمەوە بۆ چەند هەفتەیەک گەشت بکەیت. یان لێرە بژیت و خاوەن مافی مانەوە و پاسپۆرت و ئیشێکی باش بیت. ئەمانەش بۆ ئەوانەی تازە دێن بە ئاسانی دەست ناکەوێ. 

پێنجەم: تکایە ئەوانەی لێرە دەژین ئەم نوسینە بە سەنگەر گرتن لە خۆتان تێ مەگەن. تکایە ئێوە ژیانی خۆتان بەو گەنجانە بەراورد مەکەن کە تازە دێن، کێ دەڵێ مافی مانەوە وەردەگرێ، کێ دەڵێ لەو رێگایە سەختە گیانی لە دەست نادات و ماندووبوونی ئەو هەموو ساڵەی دایک و باوکی بە فیڕۆ ناچێت. ئەوانەی لێرەن و گیرساونەتەوە و کاریان هەیە، جا هەر جۆرە کارێک بێ، بە ئاسانی دەستیان نەکەوتووە و لە دۆخێکی سیاسی تەواو جیاوازی ئەوروپاوە گەیشتونەتە ئێرە. پەناهەندەکانی ئێرە خۆیان بۆم باس دەکەن کە سەرەتاکانی دووهەزار زۆر ژیان خۆشتر و ئاسانتر بوو لە ئێستا.

رەنگە لێم بپرسی باشە ئیشم نیە، چی بکەم لە کوردستان؟ بە بڕوای من ئەمە تەنیا بیانوو نیە بۆ ئەوەی ئەو رێگایە زەحمەتە بگریە بەر، چونکە ئەو دۆخەی ئێستای کوردستان کاتیە و تەواو دەبێ، واشنەزانی کە هاتیە ئێرە ئیشت ماشیە و تەواو، هەرگیز وا نیە. ئەو ئەوروپایەی خزمەکانت بۆت باس دەکەن، ئەو ئەوروپایەی لە میدیاکان دەیبینی، یان لە وێنەی فەیس بووکی برادەرەکانت، زۆر زۆر جیاوازە لەوەی پەناهەندەیەکی تازە هاتوو لێرە رووبەرووی دەبێتەوە.
ئەم قسانەی سەرەوە وەکو راستی دەربارەی ئێرە بزانە، ئینجا بڕیاری خۆت بدە.

هێمن میرانی - بەریتانیا

(ئەگەر بە دڵت بوو، تکایە شەیری بکە بۆ ئەوەی هاوڕێکانت بیخوێننەوە)

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...