Tuesday 8 December 2015

رۆژی جیهانی دژە گەندەڵی…پەنجەرەیەک بە رووی کوردستاندا

رۆژی جیهانی دژە گەندەڵیپەنجەرەیەک بە رووی کوردستاندا

هێمن میرانی*
هێمن میرانی

لە جیاتی بەرایی
گەندەڵی لە فراوانترین پێناسەیدا بریتیە لە بەکارهێنانی دەسەڵات و سەروەت و پێگەی گشتی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی، جا ئەو بەرژەوەندیە تایبەتیە دەکرێ هی کەسێک، گروپێک، حزبێک، خێزانێک یان ناوچەیەک بێ. ئەمە ئەو پێناسە گشتیەیە کە زۆرترین لێکۆڵەر و دەزگای نێودەوڵەتی گرنگی وەکو بانکی نێودەوڵەتی و رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتیش پەسندی دەکەن. بە گشتی گەندەڵی دابەشکراوە بۆ دوو جۆر: گەندەڵی بچووک Petty Corruption  و گەندەڵی سیاسی یان گەورە Grand or Political Corruption. ئەوەی یەکەم ئەو جۆرەی گەندەڵیە کە کارمەندە کەمدەسەڵاتەکانی دەوڵەت ئەنجامی دەدەن بۆ نمونە وەرگرتنی بەرتیل لە بەرامبەر پێدانی پاسپۆرت، مۆڵەتی شوفێری، سڕینەوەی سزای هاتوچۆ، یان بەڕێکردنی هەر کاروبارێکی دەوڵەتی لە لایەن کارمەندێکەوە بۆ کەسێک لە بەرامبەر وەرگرتنی پاداشتێکی دارایی یان هەر جۆرە پاداشتێکی دیکە. جۆری دووەم کە گەندەڵی سیاسیە مانای سوود وەرگرتنی کارمەندە پلە باڵاکانی دەوڵەتە لە پۆست و پێگەی رەسمیان بۆ دەوڵەمەندکردنی خۆیان، حزبەکانیان، کەسوکاریان و ئەو کەسانەش کە خۆیان دەیانەوێ. بۆ نمونە بەرپرسێکی باڵای دەوڵەت پێگەی خۆی بەکاردەهێنێ بۆ دامەزراندنی کەسە نزیکەکانی خۆی، تەرخانکردنی داهات و سامانی گشتی بۆ پڕۆژەی تایبەتی خۆی یان هی حزب و کەسە نزیکەکانی خۆی، و شێوەی دیکەی لەم جۆرە دەچێتە خانەی گەندەڵی سیاسی. لێکۆڵینەوەی زۆر نەکراوە دەربارەی پەیوەندی نێوان دوو جۆرەکەی سەرەوەی گەندەڵی و ئاخۆ کامیان دەبێتە هۆکاری هاتنە کایەوەی ئەوەی دیکە. لێکۆڵەرێکی ئێرانی کە هەوڵی داوە ئەو پەیوەندییە بدۆزێتەوە لە کەیسی ئێراندا بەو ئەنجامە گەیشتووە کە گەندەڵی سیاسی دەرگا بەسەر گەندەڵی بچووک دەکاتەوە. کاتێک هاوڵاتیان درک دەکەن کە بەرپرس و سەردارەکانیان خەریکی تاڵانکردنی داهاتی گشتین، ئیدی هۆیەک نامێنێتەوە بۆ ئەوەی ئەوان پیاوی خاس و پاک و وڵات دۆست بن. شاعیری ناوداری ئێرانی سەعدی لە کتێبی گولستاندا دەڵێ" ئەگەر پادشا سێوێکی لە باخی کەسێکدا لێکردەوە، ئیدی سەربازەکانی دارسێوەکە لە رەگەوە هەڵدەکێشن". کوردیش جوانی گوتووە " کانیەک لە سەرچاوەکەی پیس بووبێ، لە خوارەوە ناتوانرێ ئاوەکەی پاک بکرێتەوە". هەروەها لێکۆڵەران هێشتا بە دوای دۆزینەوەی هۆکار و پاڵنەرەکانی گەندەڵیەوەن، رۆژ دوای رۆژ توێژینەوەی زانستی و کتێبی قەبارە گەورە دەربارەی فۆرم و جۆر و هۆکار و لێکەوتەکانی گەندەڵی بڵاو دەبنەوە. گەشەی توێژینەوە لە بواری گەندەڵیدا هێمایەکە لە هێماکانی بایەخی ئەم بابەتە لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و کولتوری دونیادا. رۆژی ٩ ی دیسەمبەر لە لایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کراوەتە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی International Anti-Corruption Day . لەم رۆژەدا چالاکی جۆراوجۆر لە وڵاتانی دونیادا بەڕێوەدەچێ بۆ ناساندنی گەندەڵی و لێکەوتە خراپەکانی بە خەڵک بە مەبەستی بەرزکردنەوەی هۆشیاری خۆپارێزی و هەروەها بۆ فشار دروست کردن لە سەر دەسەڵآتدار و حوکمڕانان بۆ ئەوەی هەنگاوی پێویست و کرداری بۆ شەڕی راستەقینەی دژە گەندەڵی بگرنە بەر. ئەم وتارە پەنجەرەیەک بەسەر کوردستاندا دەکاتەوە و هەوڵ دەدات  تیشک بخاتە سەر پێویستیەکانی بەرەنگاربوونەوەیەکی کرداری گەندەڵی لە وڵاتی خۆماندا.

گەندەڵی وەکو مەترسیەکی راستەقینە
لە دوایین کتێبیدا کە ئەمساڵ بە ناوی گەندەڵی سیاسیەوە بڵآوی کردەوە، لێکۆڵەری دیاری بەریتانی پرۆفیسۆر پۆڵ هەیود لە رێی بەراوردکردنی ژمارەی ئەو لێکۆڵینەوە زانستیانەی لە نێوان ساڵانی ١٩٩٠ تا ٢٠١٠، واتە لە ماوەی ٢٠ ساڵدا لە بواری گەندەڵی ئەنجامدراون، ئاماژە بەو راستیە دەکات کە گەندەڵی بۆتە دیاردەیەکی بەرچاوی سەردەم و پێگەی گرنگی لە بواری ئەکادیمیاشدا وەرگرتووە. لە ساڵی ١٩٩٠ نزیکەی ٦٠ بۆ ٧٠ توێژینەوە لە سەر ئاستی جیهان لە بواری گەندەڵی ئەنجام درابوون، کەچی لە ساڵی ٢٠١٠ ئەو ژمارەیە بۆ زیاتر لە ٨٠٠ توێژینەوە بەرز بۆتەوە. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی دەزگای راگەیاندنی BBC، لە ساڵی ٢٠١١ گەندەڵی لە پلەی یەکەمی ئەو کێشانە بووە کە لە دونیادا باس کراوە و رۆشنایی خراوەتە سەر. بەرچاو خستنی ئەم زانیاریانە بۆ ئەوە باشن بۆ ئەوەی خەڵک و سیاسەتمەداری کوردستان ئاگایان لەمە هەبێ کە گەندەڵی ئەمڕۆ دیاردەیەکی مەترسیداری گەردوونیە و هیچ وڵاتێک ناتوانێ بێ خەم دانیشێ و بانگەشەی ئەوەش بکات کە گەندەڵی مەترسی لەسەر ئەواندا نیە. ئەمڕۆ گەندەڵی ئەوەندە پەل و پۆی لە نێو سیاسەت و حوکمڕانی دونیادا هاویشتووە، لێکۆڵەرانی بانکی نێودەوڵەتی ناویان لێ ناوە شێرپەنجە. پرسیاری گەورە لێرەدا ئەوەیە، کە گەندەڵی بۆتە دیاردەیەکی جیهانی و لە هەموو شوێنێکدا کەم و زۆر بوونی هەیە، ئایا چ دەتوانرێ بکرێ؟ لێرەدا بڕێک لە سیاسەتمەدار و دەسەڵاتدارانی کوردستان هەوڵ دەدەن ئەم راستیە خراپ بەکار بهێنن بۆ خۆ دزینەوە لە هەنگاونان بۆ شەڕی راستەقینەی گەندەڵی و هێشتنەوەی دۆخی هەنوکەیی Status quo  بە نەگۆڕی و وەکو خۆی بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسییەکانیان نەکەونە بەر مەترسیەوە. دەنا بوون و پەرشو بڵآوی گەندەڵی لە دونیادا بۆتە هاندەر و پاڵنەرێکی گەورە بۆ دەوڵەتان لە پێناوی ئەوەی بەردەوام لە ئاگاییدا بن بۆ نوێکردنەوەی دامودەزگا و چالاکترکردنیان لە بواری لێکۆڵینەوە، بەدواداچوون و چاودێری Checks and balances  بۆ ئەوەی رێگری لە خراپبەکارهێنانی دەسەڵات و سەروەرتی گشتی بکرێ. با لێرەدا پرسیارێکی دیکەش لە خۆمان بکەین، ئایا ئێمە لە کوردستاندا لە کوێی ئەم گەنگەشە و گفتوگۆ و پلانانەی بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیداین؟. ئایا حکومەت و سەردارانی وڵاتی ئێمە چۆن لە گەندەڵی گەیشتوون و چۆن مامەڵەیان لە گەڵ کردووە؟ رەنگە من نەتوانم وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەم بۆ خۆشم دەست بکەوێ.

گەندەڵی وەکو کارتی سیاسی
لە ئێستادا چیتر پێویست نیە لێکۆڵینەوە لە ئەگەری بوون یان نەبوونی گەندەڵی بکرێ لە کوردستان، چونکە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بوون و بڵاوی گەندەڵی لە کوردستان بۆتە بابەتێکی روون و ئاشکرا. لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی ساڵانە عێراق لە لایەن رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتیەوە لە ریزی دە دەوڵەتە هەر گەندەڵەکەی دونیا پۆڵێن دەکرێ. ئەگەرچی ئەو پێوانەیەی ئەو رێکخراوە ساڵانە بڵاوی دەکاتەوە جێگەی مشتومڕی زانستیە، بەڵام هێشتا تاکە سەرچاوە کە پۆڵێنبەندی ساڵانە لە بواری گەندەڵی ئەنجام دەدات ئەم دەزگایەیە و بەردەوامیشە لە پێشخستنی پێوەر و شێوازەکانی بەڕێوەبردنی لێکۆڵینەوەکانی. لە پاڵ ئەمەشدا ئەوە راستیەکی حاشا هەڵنەگرە کە کوردستان لە بواری خۆپارێزی و رێگری لە تەشەنەی گەندەڵی ئەگەر لە دواوەی عێراق نەبێ، هەرگیز لە عێراق باشتر نیە. روونکردنەوەی ئەم بابەتە پێویستی بە وتارێکی دیکە هەیە بۆیە لێرە ئەو بەراوردکاریە ناکەین. لە سەر ئاستی ناوخۆ سەرکردە دیارەکانی هەرێمی کوردستان لە بۆنەی جیاجیادا دانیان بە بڵاوی گەندەڵی و مەترسیەکانی داناوە. سەرنجی خوێنەران رادەکێشم بۆ گەڕانەوە بۆ پڕۆژەی لێکجیاکردنەوەی حزب و حکومەت کە بەڕێز مام جەلال لە ساڵی ٢٠٠٨ بڵاوی کردەوە، ڕاپۆرتی چوار حزبەکە (یەکگرتوو، کۆمەڵ، سۆسیالیست و زەحمەتکێشان) لە ساڵی ٢٠٠٨، وتارەکانی بەڕێز نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ٢٠٠٦ ەوە، پڕۆژەکەی بەڕێز مەسعود بارزانی لە ساڵی ٢٠١١ و راپۆرتی یەکەمی لێژنەی باڵای بەدواداچوونی پڕۆژەکەی بارزانی لە ساڵی ٢٠١٢، پڕۆژەی سێ هێزەکەی ئۆپۆزیسیۆن بۆ چاکسازی لە ساڵی ٢٠١١، و ئەو زنجیرە وتار و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونە رۆژنامەوانیانەی کەناڵە میدیایە ئەهلیەکانی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٠ ەوە بە پشت بەستن بە دەکیومێنت و بەڵگەی فەرمی دزە پێکراوی حکومی بڵاوی دەکەنەوە، هەروەها ئەو زنجیرە وتار و بەرنامە تەلەفزیۆنانەی پارلەمانتارانی خولی پێشوو و ئەو خولەی ئێستاش لە بواری گەندەڵیدا بڵاوی دەکەنەوە. ئەمانە هەمووی هێمای بوونی گەندەڵین وەکو دیاردەیەکی بەربڵآو، بە هەردوو جۆرەکەی کە لەسەرەوە ئاماژە بۆ کراوە. کەسایەتی دیاری بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، جالالی سام ئاغا، دەڵێ گەندەڵی لە کوردستان وەکو دیاردەی تاڵانی لێهاتووە کە تەنیا لە کاتی ئاشوب و شەڕدا لە وڵاتان روودەدات. لێرەدا پرسیار ئەوەیە، باشە کە هەمووان دەزانن گەندەڵی لەم ئاستە مەترسیدارەیە لە کوردستان، ئەی چی کراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی؟
بە ورد بوونەوە لەو هەنگاوە کرداریانەی لە ماوەی دە ساڵی رابردوو بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ گەندەڵی لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە نیشتیمانیەکانی کوردستان نراون، دەتوانرێ ئەو ئەنجامگیرە بگوترێ کە پلانێکی نیشتیمانی کە پشت ببەستێ بە لێکۆڵینەوەی زانستی ورد بۆ شەڕی گەندەڵی لە کوردستاندا تا کاتی نوسینی ئەم وتارەش بوونی نیە.  زۆرینەی ئەو هەنگاوانەی لە قۆناغی جۆراوجۆردا بۆ ناوهێنانی گەندەڵی نراون زیاتر وەکو کاردانەوە و دەرمانی ئازار شکێن، یان وەکو ئەوەی لە نێو خەڵک دەڵێن پینە و پەڕۆکردن، دێنە بەرچاو نەک وەکو کاری ستراتیجی و پلان بۆ داڕێژراو. ئەمەش بێگومان زیاتر لە هۆکارێکی لە دواوەیە. لە پێش هەموویان لاوازی و کەمدەسەڵاتی دامەزراوە نیشتیمانیەکانە لە بەرامبەر دەسەڵات و هەژموونی حزبدا. لێکۆڵەری ئەمریکی کۆنۆر ئۆدوێر دەڵێ " لە هەر وڵاتێک گروپی سیاسی پێش لە دایک بوونی دامەزراوە نیشتیمانیەکان بوونیان هەبێ‌، دامودەزگا نیشتیمانیەکان لاواز دەبن". ئەمە بە تەواوی بۆ دۆخی کوردستان راستە. هێشتا بڕیارە گرنگەکان مەکتەب سیاسی حزبەکان دەیدەن. هێشتا دامەزراوە نیشتیمانیەکان لە ئاست توانا و دەسەڵاتی مەکتەب سیاسی حزبەکان لاواز دەردەکەن. رووداوەکانی دۆخی ئێستای کوردستانیش باشترین بەڵگەن لە سەر ئەم راستیە کە هێشتا دوای ئەو هەموو ساڵە حوکمڕانی و کابینەیە یەک لە دوای یەکەی حکومەت، بڕیارە گرنگەکان بە باش و خراپیانەوە لە مەکتەب سیاسییەکانەوە دەردەچن. لە دۆخی ئاوادا زەحمەتە بیر لە بوونی پلانی دامەزراوەیی بۆ دەستپاکی Integrity  و شەڕی راستەقینەی گەندەڵی بکرێتەوە. چونکە پلان و ستراتیجیەتی ئاوا  گرنگ پێویستی بە بوونی دامەزراوەی نیشتیمانی سەربەخۆ و بێلایەن Impartial  هەیە کە توانای هەبێ بەرگری لە پێگەی خۆی بکات و یاسا و رێنماییەکانی بەسەر هەموان جێ بەجێ بکات.
هۆکاری دووەم نەبوونی ئیرادەیەکی سیاسی راستەقینەیە بۆ شەڕی گەندەڵی. نەبوونی ئیرادەی راستەقینەی سیاسی بۆ شەڕی گەندەڵی پەیوەندی بە بوونی بەرژەوەندی سیاسی حزبی و کەسیەوە هەیە. ئەمڕۆ گەندەڵی زیاتر وەکو کارتێکی سیاسی فشار لە دژی حزبەکانی حوکمڕانی کوردستان بەکار دەهێنرێ. دەنگەدەنگی زۆری میدیایی لەسەر ئەم بابەتە دۆخێکی هێناوەتە کایەوە کە شەڕی راستەقینەی گەندەڵی یەکسان کراوە بە شەڕ کردن لە گەڵ حزبەکانی حوکمڕان و کاراکتەرە سیاسیە دیارەکانی کوردستان بە قازانجی حزبەکانی دیکە. ئەم وێنا کردنە زیانی زۆری لە کوردستان داوە چونکە رۆژ دوای رۆژ دەبێتە هۆی درەنگخستنی زیاتری پرۆسەی دەستپێکردنی شەڕی گەندەڵی.  لە کاتێک دەبێ شەڕی گەندەڵی وەکو ستراتیج وێنا بکرێ نەک وەکوکارتی سیاسی بەکار بهێندرێ بە تایبەت بۆ وڵاتێکی وەکو کوردستان  کە لە قۆناغی بونیادنانی دامەزراوە نیشتیمانیەکانیدا هەوراز و نشێوی زۆری دیووە. هەروەها بەرژەوەندی تۆڕەکانی گەندەڵی رێگرێکی دیکەیە لە لە دایکبوونی ئیرادەی راستەقینە. ئەمڕۆ بە ئاشکرا ناوی ژمارەیەکی زۆری سەرکردە و سیاسەتمەدار دەهێندرێ کە لە پاڵ کورسیەکانیان بونەتە بازرگان و خاوەن پڕۆژەی گەورە. ئەمانە لە دۆخی هەنوکەدا تەنیا خۆیان قازانج ناکەن بەڵکو تۆڕێکی فراوانی کەس و کۆمپانیا و گروپیشیان لە چوار دەورە کۆبۆتەوە کە بەرگری لە مانەوەی دۆخەکە وەکو خۆی دەکەن و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە هەر گۆڕانکاریەک کە رەنگە بەرژەوەندییەکان بخاتە بەر مەترسیەوە.
هۆکارێکی دیکە پەیوەندی بە ستراکتۆری قانونی و دامەزراوەیی دەزگاکانی چاودێری و جێبەجێکردنی قانونەوە هەیە کە خۆیان لە پارلەمان، دەزگای دادوەری، دەستەی نەزاهە، دیوانی چاودێری دارایی و پۆلیسەوە هەیە. ئەگەر قانونی باشیشمان هەبێ کە بتوانرێ بە زیندووکردنەوەیان شەڕی گەندەڵکاران بکرێ، لە بواری جێبەجێکردنی قانون بەسەر هەموان کێشەی گەورەمان هەیە. دەزگاکانی چاودێری لە ئاستی پێویستدا نین، دەزگای دادوەری زۆری ماوە دەسەڵاتی بەسەر خاوەن بەرژەوەندییە گەورە و دەسەڵاتدارەکان بشکێ، پۆلیس هێشتا ئەو دەزگا سەربەخۆیە کارایە نیە بتوانێ قانون بەسەر هەموان جێ بەجێ بکات. بۆیە ئەمەش دیسان دەمانباتەوە سەر بوونی کێشەی دامەزراوەیی لەبەر ئەوەی هێشتا ئەو دەزگایانە بێ دەسەڵاتن لە بەرامبەر کۆمەڵێک تۆڕی بەرژەوەندی گەورەدا. ئەی چارەسەر چیە؟
چارەسەرکردنی گەندەڵی کارێکی ئەوەندە ئاسان نیە تا لە وتارێکدا بنوسرێ. ئەوەی لێکۆڵەران و دەزگا کاراکانی دژە گەندەڵی لە دونیادا دەیکەن هەوڵدانە لە پێناو کەمکردنەوەی دەرفەتەکانی گەندەڵی و زەحمەتکردنی گەندەڵی و گرانکردنی باجەکانی ئاشکرابوون و دەستگیرکردن و سزادان.
بەر لە هەر شتێک لە کوردستان پێویستیمان بە بوونی ستراتیجیەتی نیشتیمانی دژە گەندەڵی هەیە. لێکۆڵەری بەریتانی لە زانکۆی سەسێکس پرۆفیسۆر دان هاف کە خۆی سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی گەندەڵیشە لە زانکۆی ناوبراو لە نوێترین کتێبیدا بە ناوی "گەندەڵی، دژە گەندەڵی و حوکمڕانیەت" دەڵێ زۆر جار دەنگە دەنگی زۆر دەربارەی گەندەڵی کارێکی باش نیە، پێویستە ئیشی زۆر و قسەی کەم بکرێ. هەروەها پێویستە گەندەڵی وەکو کارتی سیاسی لە دژی ئەوانەی لە دەسەڵآتن بەکار نەهێندرێ بۆ ئەوەی ئەوان ناچار نەبن هەڵوێستی دژ وەربگرن بەڵکو پێویستە ئەوانیش ببنە بەشێک لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوە. پرۆفیسیۆر دان هاف لە کتێبەکەیدا چەند نمونەیەکی سەرکەوتوو و شکستخواردووی شەڕی گەندەڵی هێناوەتەوە بۆ ئەوەی بگاتە ئەو ئەنجامەی کە ستراتیجیەتی شەڕی گەندەڵی ئەگەر فراوان نەبێ و حزب و سێکتەر و گروپە جیاوازەکانی کۆمەڵگە نەگرێتە خۆ، ناتوانی ئاکامێکی کرداری ئەوتۆی لێ بێتە کایەوە. لێکۆڵەرێکی دیکە بە ناوی جێریمی پۆپ کتێبێکی نایابی بە ناوی " رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی – پایەکانی سیستمی دەستپاکی نیشتیمانی" نوسیووە و لەوێدا جەخت لە پێویستی بوونی پلان و ستراتیجیەتێکی نیشتیمانی دژە گەندەڵی دەکاتەوە کە لایەنە سیاسییە جیاجیاکان، دامەزراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، میدیا، ئەکادیمیەکان تیایدا بەشدار بن. ئەم نمونانە بۆ ئەوەیە تا باس لەوە بکەین کە هیچ حزبێک بە تەنیا ناتوانێ شەڕی راستەقینەی گەندەڵی بکات لە کوردستان، حکومەتیش بە تەنیا ناتوانێ ئەمە بکات. بۆیە دەڵێم شەڕی راستەقینە، چونکە ئەوەی تا ئێستا هەیە هەندێ هەوڵ و هەنگاوی شەرمنانەیە کە بە هۆی نەبوونی ئیرادە و پاڵپشتی راستەقینە، لە بڵاوکردنەوەی نا ئومێدی زیاتر لە نێو خەڵک، هیچ ئاکامێکی بەرجەستەیان نەبووە.
ئێمە لە کوردستان قسەی زۆر و کرداری کەممان لە شەڕی پێویستی دژە گەندەڵیدا کردووە، هەوڵی زۆر دراوە کە گەندەڵی وەکو کولتور و قەدەر وێنا بکرێ، ئەمەش تەنیا بۆ خۆ دزینەوە و بیانوو دۆزینەوە بۆ پەرەپێدان و بەردەوامی دان بە گەندەڵی. دەنا هیچ راستیەکی زانستی نیە بیسەلمێنێ کە گەندەڵی کولتورە و قەدەری هەندێ میللەت و وڵات وایە. ئەوە راستە کە زۆر وڵات بە رێژەی جیاواز دووچاری ئەو پەتایە بوون و دەبن، بەڵام ڕێگەی بەرەنگاربوونەوە و مامەڵە کردن لە گەڵ ئەو هۆکارانەی دەرفەتەکان بۆ گەندەڵی فراوان دەکەن، ئایندەی ئەو وڵاتانەی دەست نیشان کردووە.
لە پێناوی ئەوەی وەکو لێکۆڵەرێکی کورد بەشداریەکی بچووکم هەبێ لە شەڕی چاوەڕوانکراو و پێویستی گەندەڵی، لە رۆژی جیهانی گەندەڵیدا، ئەم پێشنیارانە دەکەم:
1.   پێداویستی سەرەکی بۆ ئێستای کوردستان پەیوەست بە مامەڵەکردن لە گەڵ گەندەڵی بریتیە لە گرێدانی کۆنفرانسێکی نیشتیمانی باڵا کە ئامانجی نوسینەوەی ستراتیجیەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بێ. ئەم کۆنفرانسە دەکرێ دەستەی دەستپاکی کوردستان رێکخەر و بەڕێوەبەری بێ و ئەم لایەنانە بەشداری کارای کۆنفرانسەکە بن بۆ نوسینەوەی پایەکانی ئەم ستراتیجیەتە: پارلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، حزبە سیاسییەکانی کوردستان، رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان، دامەزراوە نێودەوڵەتیەکانی بواری دەستپاکی و دژە گەندەڵی، زانکۆکان وکەسانی ئەکادیمی و لێکۆڵەری ناوخۆیی و بیانی. هەڵبەت ئەمە پێویستی بە ئامادەکاری زۆر و پاڵپشتی دارایی هەیە و باشترە ببێتە پلانی دوای شەڕی داعش و کێشە داراییەکانی ئێستا. ئەم کۆنفرانسە دەتوانێ پلانێکی هەنوکەیی و پلانێکی درێژخایەن بۆ شەڕی گەندەڵی بنوسێتەوە کە ئامانە لە خۆ بگرێ:
2.   پلانی هەنوکەیی: حزبە سیاسییەکانی کوردستان هەوڵ بدەن بە شێوەی دەوری گۆڕانکاری لە کاندیدەکانیان لە حکومڕانیدا بکەن بۆ ئەوەی بواری دروستبوونی تۆری بەرژەوەندی کەم ببێتەوە، چونکە چەندین توێژینەوە سەلماندویانە زۆر مانەوە لە دەسەڵات، بە تایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی دامەزراوەکانی چاودێریان لاوازە، یەکێکە لە زەمینە سازەکانی گەندەڵی. ئەوانەی زۆر لە پلە و پۆستەکانیان دەمێننەوە بە ئاسانی دەتوانن دەسەڵات و پێگە و سامانی گشتی بۆ پتەوکردنی پێگەی خۆیان و دروستکردنی تۆری گەندەڵی بەکار بهێنن. حزبەکان دەکرێ ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی رێوشوێنەکانی خۆپارێزی ئەنجام بدەن و رێگە نەدەن کاندیدەکانیان چەندین کابینەو خول لە پۆست و پایەی دەوڵەتیدا بمێننەوە. هەروەها لە بواری یاساییدا هەوڵ بدرێ یاسای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە پارلەمانی کوردستان دەربچێ کە گەندەڵی وەکو تاوانێکی گەورە بناسێ و باجەکانی ئەنجامدانی گەندەڵی قورس بکات. هەرچەندە قانونیەکان دەڵێن بۆشایی گەورەی یاسایی نیە و چەندین یاسای باشی عێراقی و کوردستانی هەن کە دەکرێ شەڕی گەندەڵیان پێ بکرێ، بەڵام وا دیارە کە هۆکاری جێبەجێ نەکردنیان لە دۆخی ئێستای کوردستاندا خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و پۆست و سەروەتی گشتی وەکو کارێکی رۆتینی لێ هاتووە. بە هۆی لاوازی لێپرسینەوە و بەدواداچوون و نەبوونی پێشینەی بەرجەستە، پێناچێ ئەوانەی لە پلە و پۆستی باڵادان و گەندەڵی دەکەن مەترسی ئاشکرا بوونیان هەبێ یان لە بنەڕەتدا لەوە بترسن کە ئاشکرا دەبن و سزا دەدرێن. ئەم بابەتە چەندە پەیوەندی بە بوونی قانونەوە هەیە کە بە روونی ئەم پرسە رێک بخات، ئەوەندەش پەیوەندی بە دامەزراوەکانی جێبەجێکردنی قانونەوە هەیە کە دەبێ سەربەخۆ بکرێن و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی قانونیان بەسەرهەموانەوە هەبێ.  حزبەکانی کوردستان هەروەها دەتوانن واز لە بەکارهێنانی گەندەڵی وەکو کارتی سیاسی بهێنن، لە بەرامبەردا دەبێ لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نیشتیمانیدا وەکو پەتایەکی مەترسیدار کە کاریگەری لە سەر گەشەی ئابوری و حوکمڕانیەوە هەیە سەیر بکرێ و هەموان لە سنووردارکردنی بەشدار بن.
3.   پلانی درێژخایەن: ئەمەیان زیاتر پەیوەستە بە چاکسازی ئابوری و سیاسی لە کوردستان کە ئەم کۆنفرانسە نیشتیمانیە دەتوانێ بە سوود وەرگرتن لە پرۆژەکانی پێشووی حزب و سەرکردەکان و پرۆژە و پێشنیاری دیکە، پلانێکی درێژخایەن بۆ گەشەی حوکمڕانی لە رێیی چاکسازی سیاسی و ئابوریەوە بخاتە پێشەوە. ئەمەش بۆ نمونە لە رێی بایەخدان بە گەشەی دامەزراوە نیشتیمانییەکان و لاوازکردن و کۆتایی هێنان بە هەژموون و دەستێوەردانی حزبی لە کاروبارە جۆراوجۆرەکانی حوکمڕانیدا. پەیوەست بەم بابەتە، کۆنفرانس دەتوانێ داوا لە حزبە سیاسییەکانی کوردستان بکات کە پەیمانێکی نیشتیمانی واژوو بکەن بۆ پاڵپشتی کردن لە پرۆسەی گەشەپێدان و بەهێزکردنی دامەزراوە نیشتیمانیەکان و دوورکەوتنەوە لە دەستێوەردان لە کاروباریان. چونکە بە هۆی لاوازی دامەزراوە نیشتیمانیەکان، مەگەر حزبەکان خۆیان ئارەزوومەندانە و بۆ بەرژەوەندی گشتی بگەنە باوەڕ و بڕیارێکی ئاوا گرنگ دەنا ناچارکردنیان نزیکە لە مەحاڵ. حزبەکان دەبێ لەم پەیمانە نیشتیمانیەی نێوانیان هەندێ بڕیاری گرنگی مێژووی بدەن بۆ نمونەی لە شێوەی دامەزراندنی کارمەندەکانی دەوڵەت، پڕکردنەوەی پۆستەکان و دەستاودەستکردنیان لە نێو کاندیدە شیاوەکان بە بێ رەچاوکردنی لایەنگری سیاسی، دەبێ بڕیار بدەن کە خۆیان دوور دەگرن لە پێشخستنی کاندیدەکانی خۆیان و جیاکاری کردن لە نێو خەڵک لەسەر بنەمای سیاسی، کە ئەمە فۆرمێکی مەترسیداری گەندەڵی سیاسییە، وەکو ئەوەی بە لای کەم لە دوای ٢٠٠٤ ەوە تا ٢٠١١ لە ئارادابوو. هەروەها حزبەکان دەبێ بڕیار بدەن کە ئیدی واز دەهێنن لە دەستێوەردان لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی بڕیار و رێنماییەکان لە دامەزراوە نیشتیمانیەکان و بواری تەواو دەدەن کە ئەو دامەزراوانە بە گوێرەی قانون و ڕێنماییە کار پێکراوەکان کار بۆ بەرژەوەندی گشتی بکەن.
4.   هەر لە چوارچێوەی پلانی درێژخایەندا دەبێ بایەخ بە زیادکردنی شەفافەت Transparency بدرێ لە کوردستان بە تایبەت لە بواری داهات و خەرجی و بڕیاری سیاسیدا. ئەمەش بە پتەوکردنی دامەزراوەکان، کەمکردنەوەی دەسەڵاتە کراوەکان Discretionary authority ى بەرپرسە باڵاکانی وەکو سەرۆک وەزیران، سەرۆکی هەرێم، جێگرەکانیان. بۆ نمونە لە بابەتی دامەزراندنی کارمەندانی دەوڵەت نابێ سەرۆک وەزیران یان جێگرەکەی دەسەڵاتی دامەزراندنی چەندین هەزار کەسی هەبێت وەکو ئەوەی لە رابردوودا هەبووە، دەبێ دەزگایەکی گرنگی وەکو ئەنجومەنی راژە کە لە ساڵی ٢٠١١ ەوە قانونەکەی دەرچووە دابمەزرێ و پرسی دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوە و دامەزراندنی خەڵک لە پۆستە نا سیاسیەکان بەو ئەنجومەنە بسپێردرێ. لە بواری نەوت و گازدا دەبێ قانونی نەوت و گازی کوردستان جێ بەجێ بکرێ و کۆمپانیا نیشتیمانیە جۆراوجۆرەکانی نێو قانونەکە و سندووقی داهاتەکان دروست بکرێ بۆ ئەوەی گومانی خراپ بەکارهێنانی داهاتی گشتی لای خەڵک و حزبەکانی دیکە نەمێنێ. ئەو گومانانەی لە ئێستادا لەسەر ئەو سێکتەرانەدا هەیە متمانەی نێوان لایەن سیاسییەکان و حکومەت و خەڵکی بۆ ئاستێکی زۆر خراپ دابەزاندووە و وای کردووە خەڵک گومان لە بە نیشتیمانی کردنی کەرتی نەوت و سەربەخۆیی دارایی و ئابوری کوردستان بکات. بە بێ شەفافیەتی پێویست زەحمەتە ئەم پرۆسەیە بتوانێ پاڵپشتی گەورەی سیاسی و جەماوەری بە دەست بهێنێ.
5.    هەروەها حزبەکان دەبێ لە چوارچێوەی ئەو پەیمانە نیشتیمانیەدا بایەخ بە پارلەمان بدەن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی تەواوی لە دانانی بودجەی ساڵانەی وڵات و بەدواداچوونی چۆنیەتی خەرجکردنی هەبێ، بۆ ئەوەی رێگە نەدرێ بەرپرسە گەورەکانی حکومەت سەروەتی گشتی بۆ بەرژەوەندی خۆیان یان لایەنی تایبەتی دیکە خەرج بکەن. دەبێ واز لەو تێڕوانین و دیدە سیاسیە تەسکە بهێندرێ کە حکومەت دەبەستێتەوە بە سەرۆک وەزیران و بەهێزکردنی پارلەمان بە مەترسی لەسەر حکومەت و حزب و کەسایەتیە سیاسییەکان دەژمێرێ جا سەر بە هەرچ حزب و لایەنێک بن.

بۆ ئەوەی ئەم وتارە لەمە درێژتر نەبێ، بوونی کۆنفرانسێکی گشتی بۆ نوسینەوەی ستراتیجیەتی نیشتیمانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پێویستە و بە بێ بوونی وەها پلانێک کە پشتی بەستابێ بە توێژینەوەی ورد و لە لایەن هێز و لایەنە سیاسیە جۆراوجۆرەکان و کەرت و چینەکانی کۆمەڵگەوە پاڵپشتی بکرێ، هەموو جۆرە هەوڵێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە کات بە فیڕۆدان و خۆڵکردنە چاوی یەکتری هیچ ئاکامێکی لێ سەوز نابێ. ئەگەر دۆخی ئێستای کوردستان بە هۆی شەڕ و باری ئابوریەوە بۆ وەها هەنگاوێکی گەورە ئامادە نەبێ، لایەنە پەیوەنددارەکان دەکرێ بەرنامەی وا بخەنە ئەجێندای خۆیان و لێکۆڵینەوەی جۆراوجۆری دەربارە دەست پێ بکەن و مەترسیەکانی گەندەڵی لەسەر ئایندەی سیاسی و ئابوری کوردستان بە جددی بزانن.

*کاندیدی دکتۆرا لە بواری گەندەڵی سیاسیدا، زانکۆی لیستەر، ئینگلتەرا.

سەرچاوەکان
Heywood, P.M. (ed.) (2015) Routledge Handbook of Political Corruption. 1st edn. London & New York: Routledge.
Hough, D. (2013) Corruption, Anti-Corruption and Governance. Palgrave Macmillan.
Mashali, B. (2012) 'Analyzing the relationship between perceived grand corruption and petty corruption in developing countries: case study of Iran', International Review of Administrative Sciences, 78(4), pp. 775-787.
O'Dwyer, C. (2004) 'Runaway state building: how political parties shape states in postcommunist Eastern Europe', World Politics, 56(04), pp. 520-553.
Pope, J. (2000) Confronting corruption: the elements of a national integrity system. Transparency International.



دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...