Saturday 18 January 2014

هێمن میرانی‌: كوردایه‌تی راسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌ ته‌زویر به‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌كه‌یت و سێ مانگ جارێك چۆڕه‌ موچه‌یه‌كی بده‌یتێ
(سبه‌ی‌):
هێمن میرانی‌، ره‌خنه‌ له‌ به‌كارهێنانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌گرێت له‌لایه‌ن پارته‌ فه‌رمانڕه‌واكانه‌وه‌ بۆ مه‌به‌ست و ئامانجی‌ تایبه‌تی‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ژیانێكی‌ شایسته‌یان بۆ دابینبكرێت و به‌ دامه‌زراوه‌یی‌ بكرێن و ده‌ڵێت "كوردایه‌تی راسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌ چیتر ته‌زویر به‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌كه‌یت و سێ مانگ جارێك چۆڕه‌ موچه‌یه‌كی بده‌یتێ، ئه‌وه‌یه‌ داموده‌زگا دروست بكه‌یت و وه‌لائی نیشتیمانی لای هێزی چه‌كدار په‌ره‌ پێبده‌ی و بیكه‌یته‌ هێزێكی نیشتیمانی نا سیاسی".
هێمن میرانی‌، مامۆستای زانكۆی سۆران و خوێندكاری‌ دكتۆرا له‌ له‌ حوكمڕانی‌ و سیاسه‌ت، له‌ وتارێكدا كه‌ له‌به‌شی‌ وتاری‌ سایتی‌ (سبه‌ی‌) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌ دۆخی‌ سیاسی‌ ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ و پێویستی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌ داموده‌زگایی‌ ده‌كات له‌ كوردستان و نوسیویه‌تی‌ "چاككردنی ئه‌م دۆخه‌ به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی نیشتیمانی گه‌وره‌یه‌، كوردایه‌تی راسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چیتر ته‌زویر به‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌كه‌یت و سێ مانگ جارێك چۆڕه‌ موچه‌یه‌كی بده‌یتێ!".
ئه‌وه‌ش رونده‌كاته‌وه‌ كه‌ كوردایه‌تی راسته‌قینه‌ به‌وه‌ ده‌بێت داموده‌زگا دروست بكه‌یت و وه‌لائی نیشتیمانی لای هێزی چه‌كدار په‌ره‌ پێبده‌ی و بیكه‌یته‌ هێزێكی نیشتیمانی نا سیاسی كه‌ هه‌میشه‌ له‌ دوره‌وه‌ سه‌یری سیاسه‌ت بكات و كوردستان له‌ هه‌ڕه‌شه‌ بپارێزێ، "نه‌ك باره‌گای ئه‌م هێزی پێ بسوتێنرێ، به‌ كۆمه‌ڵ داوایان لێ بكرێ كه‌ ده‌نگ بۆ حیزبێكی توركمانی یان مه‌سیحی بده‌ن بۆئه‌وه‌ی ده‌ست له‌ (11) كورسیه‌ كۆتاكه‌ش وه‌ربده‌ن، لافیته‌ و پۆسته‌ری ئه‌و حیزب و ئه‌و كاندید به‌ نیوه‌شه‌و لێ بكه‌نه‌وه‌".
هه‌روه‌ك باس له‌ مه‌ترسی‌ تێڕوانینی‌ هێزه‌ فه‌رمانڕه‌واكان و داننه‌نانیان ده‌كات به‌ واقیعی‌ ئێستای‌ سیاسی‌ هه‌رێم و ده‌ڵێت "ئه‌و مه‌ترسیانه‌ زۆر جددین و ئێستا به‌ ئاشكرا سێبه‌ریان ده‌ركه‌وتوه‌"، ئه‌و لێدوانه‌ی‌ هه‌فته‌ی‌ رابردوی‌ ئه‌ندامێكی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتیشی‌ به‌ نمونه‌ هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ وتبوی‌ "ئه‌گه‌ر یه‌كێتی به‌شداری له‌ حكومه‌ت نه‌كا، ئه‌و حكومه‌ته‌ له‌ دێگه‌ڵه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی نابێ، چۆن ئه‌گه‌ر پارتی به‌شداری نه‌كا له‌ دهۆك و هه‌ولێر ده‌سه‌ڵاتی نابێ".
پێیوایه‌؛ ئه‌وه‌ وتنی راستیه‌كی زۆر مه‌ترسیداره‌ كه‌ ئه‌گه‌ر كۆتایی پێ نه‌هێندرێ، هیچ مانایه‌ك بۆ فره‌یی سیاسی و هه‌ڵبژاردن نامێنێته‌وه‌.

بۆ بینینی‌ ته‌واوی‌ وتاره‌كه‌ كلیك بكه‌:

http://sbeiy.com/article_detail.aspx?ArticleID=7172&AuthorID=1184
مه‌ترسیه‌کانی هێزی چه‌کداری حیزبی
هێمن میرانی

یه‌کێک له‌ ئیشه‌کانی توێژینه‌وه‌که‌م ده‌رباره‌ی پرۆسه‌ی به‌ داموده‌زگایی کردنه‌ له‌ کوردستان. هه‌ڵبه‌ت بۆ بابه‌تی له‌م جۆره‌ ناکرێ باسی ده‌زگاکانی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و پۆلیس نه‌که‌ی. بۆ من وه‌کو توێژه‌رێکی کورد کارێکی ئاسانه‌ که‌ تێ بگه‌م دۆخی داموده‌زگا له‌ کوردستان چۆنه‌! بۆ من ئاسانه‌ که‌ تێ بگه‌م راستکردنه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ و دو ئیداره‌یی دروستی کرد پێویستی به‌ دڵسۆزی، ئازایه‌تی و ئیراده‌ی سیاسی گه‌وره‌، نیشتیمانپه‌روه‌ری و وازهێنان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حیزبایه‌تی، تێگه‌یشتن له‌ بایه‌خی داموده‌زگا و مه‌ترسی به‌ سیاسی کردنی چه‌کدار و چه‌ندین پیداویستی دیکه‌ هه‌یه، که‌ جێی داخه‌‌ له‌ ئێستای کوردستان و له‌نێو بازنه‌ی حوکمڕانیدا لایه‌نگری که‌م و  نه‌یاری زۆره‌‌.

ئێمه‌ هێشتا له‌ پرۆسه‌ی رێکخستن و یه‌کخستن و به‌ نیشتیمانی کردنی ئه‌و هێزانه‌ له‌ هه‌نگاوه‌ سه‌ره‌تاکانین به‌ به‌راود له‌گه‌ڵ قوڵی ده‌ستی حیزب له‌و ده‌زگایانه‌. که‌چی له‌ولا گۆڕانی هاوکێشه‌ی سیاسی له‌ کوردستان و خواسته‌کانی خه‌ڵک له‌و هه‌نگاوه‌ خاوانه‌ زۆر خیراتر ده‌رده‌که‌ون. کشانه‌وه‌ی یه‌کێتی (وه‌کو هێزێکی خاوه‌ن پێشمه‌رگه‌، ئاسایش، پۆلیس و پاره‌) بۆ هێزی سێیه‌م له‌ ئاستی کوردستان و دوه‌م له‌ ناوچه‌ی نفوزی خۆی، یه‌کێکه‌ له‌ هێماکانی ئه‌و پارادۆکسه‌ نوێیه‌، که‌ دۆخێکی دروستکردوه‌ بۆ براده‌ره‌ سیاسی و حوکمڕانه‌کانی کوردستان تێگه‌یشتن و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ کردنی زه‌حمه‌ته‌. بۆیه‌ نزیکه‌ی چوار مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن تێپه‌ڕ بوه‌ و پارله‌مان دوچاری شه‌له‌لی سیاسی بوه‌ و پێکهێنانی حکومه‌تیش ئه‌وه‌نده‌ ئاڵۆز بوه‌ پێویستیمان به‌ راوێژی ده‌ر و دراوسێش هه‌یه‌.

 له‌ راستیدا ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر یه‌کێتی هاتوه‌ به‌سه‌ر پارتیش هاتبا ئێمه‌ ئێستا له‌به‌رده‌م هه‌مان هاوکێشه‌ ده‌بوین، ئه‌گه‌ر خراپتریش نه‌بوایه‌ (چونکه‌ به‌ لایه‌نی که‌م پارتی له‌ دو شاردا نفوزی گه‌وره‌ی هه‌یه‌). ره‌نگه‌ براده‌رانی پارتی بڵێن تۆ بۆ وه‌کو یه‌ک باسی هه‌ردو حیزب ده‌که‌ی؟ له‌ راستیدا چه‌ندین توێژینه‌وه‌ ده‌ریانخستوه‌ که‌ له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ پارتی و یه‌کێتی وه‌کو دوانه‌یه‌کیان لێهاتوه‌ که‌ ته‌نیا ناوه‌کانیان جیاوازه‌، ئێستا ئه‌و دو حیزبه‌ به‌ جۆرێک له‌ کرداردا لێک ده‌چن مه‌گه‌ر ته‌نیا هه‌ندێ ئینشای نێو به‌رنامه‌ سیاسیه‌کانیان و په‌یوه‌ندییه‌ ئیقلیمیه‌کانیان لێکیان جیابکاته‌وه‌، ده‌نا له‌ کوردستان له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ هه‌نگاوه‌کانی لێکچونیان زۆر زۆر خێرا گه‌شه‌ی کردوه‌ و له‌ زۆر بواردا سود له‌ یه‌کتری وه‌رگیراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لێک چونه‌کان زیاتر تۆخ بکرێن و جیاوازیه‌کان کاڵ ببنه‌وه‌.

توێژه‌رێکی بیانی به‌ناوی Jacqueline Devigne  که‌ پێ ده‌چێ فه‌ره‌نسی بێ، توێژینه‌وه‌یه‌کی درێژ و گرنگی به‌ ئینگلیزی به‌ ناوی "جیاوازییه‌ ئاسته‌مه‌کانی عێراق - سروشتی سیاسی پێشمه‌رگه‌" له‌ ساڵی 2011 نوسیوه‌. ئه‌و توێژه‌ره‌، که‌ دیمانه‌ی له‌ گه‌ڵ به‌شێک له‌ سه‌رکرده‌ سه‌ربازی و ئه‌منیه‌ باڵە‌کانی کوردستان کردوه‌ بۆ توێژینه‌وه‌که‌ی، هه‌ندێ گریمانه‌ی زۆر گرنگی خستۆته‌ڕو که‌ ئێستا مه‌ترسیه‌کانی ده‌رکه‌وتون. بۆ نمونه‌ ده‌ڵێ پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و پۆلیس هه‌ر سه‌ر به‌ حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵاتن، پارتی و یه‌کێتی. پرۆسه‌کانی بێ لایه‌ن کردن و یه‌کخستنیان وه‌کو پێویست نه‌چۆته‌ پێشه‌وه‌ و تائێستا وه‌کو کاری رواڵه‌تین. له‌ وه‌ها دۆخێکدا گۆڕانی نه‌خشه‌ی سیاسی کوردستان مه‌ترسی ده‌خاته‌سه‌ر سه‌قامگیری و ئاشتی له‌ هه‌رێمدا، چونکه‌ زه‌حمه‌ته‌ دو حیزبه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات بتوانن به‌و هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌ربازی و ئه‌منی و داراییه‌وه‌ دۆڕان له‌ هه‌ڵبژاردن و دورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات قه‌بوڵ بکه‌ن. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ پێشمه‌رگه‌ و ئاسایشی حیزبی‌، گروپێک سیاسی به‌ سه‌رکرده‌ی خۆیان ده‌زانن که‌ له‌ چل ساڵی رابردو له‌ کوردستان له‌ سه‌رده‌می شاخ و شاردا سه‌رکردایه‌تیان کردون، زه‌حمه‌ته‌ به‌ سانایی وه‌لائیان بۆ سه‌رکردایه‌تی و حکومه‌تێک بگۆڕن که‌ حیزبی دیکه‌ دروستی ده‌کا.

ئه‌و مه‌ترسیانه‌ زۆر جددین و ئێستا به‌ ئاشکرا سێبه‌ریان ده‌رکه‌وتوه‌. به‌ڕێز سه‌عدی پیره‌ له‌ هه‌فته‌ی رابردو به‌ روداوی وت "ئه‌گه‌ر یه‌کێتی به‌شداری له‌ حکومه‌ت نه‌کا، ئه‌و حکومه‌ته‌ له‌ دێگه‌ڵه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی نابێ، چۆن ئه‌گه‌ر پارتی به‌شداری نه‌کا له‌ دهۆک و هه‌ولێر ده‌سه‌ڵاتی نابێ". ئه‌مه‌ وتنی راستیه‌کی زۆر مه‌ترسیداره‌ که‌ ئه‌گه‌ر کۆتایی پێ نه‌هێندرێ، هیچ مانایه‌ک بۆ فره‌یی سیاسی و هه‌ڵبژاردن نامێنێته‌وه‌.

ئه‌گه‌ر حیزبیانه‌ سه‌یری ئه‌و هاوکێشه‌یه‌ بکه‌ی، بۆ پارتی و یه‌کێتی خراپ نیه‌ دۆخه‌که‌ وا بمێنێته‌وه‌. مانه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ بۆیه‌ بۆ ئه‌وان باشه‌، چونکه‌ وه‌کو هه‌ندێ به‌ڕێزی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی ده‌ڵێن "نابێ به‌ گوێره‌ی کورسی مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ یه‌کێتی بکرێ"، واته‌ به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌وه‌ پێوه‌ری دیکه‌ش هه‌ن که‌ مه‌رج نیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن یه‌ک بگرنه‌وه‌. له‌وه‌ها بارێکدا هه‌ڵبژاردن و ده‌نگی خه‌ڵک به‌ قسه‌ی پوچ و بێ مه‌عنا ده‌زانرێ ئه‌گه‌ر له‌ دژی ئه‌وان بێ و له‌ حکومه‌ت دوریان بخاته‌وه‌! به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌می کوردستان وه‌کو ئه‌زمونێک، داموده‌زگایی و هه‌نگاو بۆ دیموکراسی و حکومه‌تی مه‌ده‌نی له‌و دۆخه‌دا ره‌چاو بکرێ، ده‌بێ چیتر ئه‌و دۆخه‌ نه‌مێنێ و حکومه‌تی نوێ به‌رپرسانه‌ و نیشتیمانپه‌روه‌رانه‌ کوردستان بخاته‌ قۆناغێکی نوێوه‌ و له‌ مه‌ترسی ته‌نگه‌ژه‌ی ناوخۆیی دورمان بخاته‌وه‌.

له‌ڕاستیدا چاککردنی ئه‌م دۆخه‌ به‌رپرسیاریه‌تیه‌کی نیشتیمانی گه‌وره‌یه‌، کوردایه‌تی راسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ چیتر ته‌زویر به‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌که‌یت و سێ مانگ جارێک چۆڕه‌ موچه‌یه‌کی بده‌یتێ! کوردایه‌تی راسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ داموده‌زگا دروست بکه‌یت و وه‌لائی نیشتیمانی لای هێزی چه‌کدار په‌ره‌ پێ بده‌ی و بیکه‌یته‌ هێزێکی نیشتیمانی نا سیاسی که‌ هه‌میشه‌ له‌ دوره‌وه‌ سه‌یری سیاسه‌ت بکا و کوردستان له‌ هه‌ڕه‌شه‌ بپارێزێ، نه‌ک باره‌گای ئه‌م هێزی پێ بسوتێنرێ، به‌ کۆمه‌ڵ داوایان لێ بکرێ که‌ ده‌نگ بۆ حیزبێکی تورکمانی یان مه‌سیحی بده‌ن بۆئه‌وه‌ی ده‌ست له‌ 11 کورسیه‌ کۆتاکه‌ش وه‌ربده‌ن، لافیته‌ی و پۆسته‌ری ئه‌و حیزب و ئه‌و کاندید به‌ نیوه‌شه‌و لێ بکه‌نه‌وه‌ و ...و چه‌ندین کاری سیاسی ناشرینی تر که‌ شیاوی رێز و پێگه‌ی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش نیه‌ له‌ دڵی خه‌ڵک.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و دو هێزه‌ ئیسلامیه‌که‌ له‌ پێش هه‌موان، که‌ مانه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ به‌ زیانی گه‌وره‌ بۆیان ده‌شکێته‌وه‌، ده‌بێ له‌ کابینه‌ی نوێدا داوای پلان و به‌رنامه‌یه‌کی رون و زه‌مه‌نبه‌ندی بۆ ئه‌و قۆناغه‌ رێگوزه‌ره‌ درێژ و کراوه‌یه‌ بکه‌ن. پارتی و یه‌کێتی وه‌کو دو هێزی نیشتیمانی که‌ پێشڕه‌وایه‌تی ئه‌و میلله‌ته‌یان کردوه‌، له‌پێناوی ئه‌و ئامانجانه‌ی میلله‌ته‌که‌مان هه‌زاران شه‌هیدی بۆ داوه‌ ده‌بێ ئیدی واز له‌و ده‌ستکه‌وته‌ حیزبیه‌ ناشه‌رعیانه‌ بێنن، که‌ له‌ سه‌رده‌می حکومه‌تی مه‌ده‌نیدا له‌ هه‌ندێ وڵاتی دواکه‌وتوی ئه‌فریقیا نه‌بێ له‌ هیچ شوێنێکی دونیادا نه‌ماوه‌. پارتی و یه‌کێتی ده‌بێ خۆیان درک به‌ مه‌ترسی مانه‌وه‌ی هێز به‌ ده‌ست حیزبه‌وه‌ بکه‌ن و خۆیان کۆتایی به‌و قۆناغه‌ شومه‌ بێنن، ده‌نا میلله‌ت ناچار ده‌بێ ناوی دیکه‌یان لێ بنێ که‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئامانجانه‌ نیشتیمانی و دیموکراسیانه‌یه‌‌، که‌ خۆیان له‌ په‌یڕه‌وی حیزبه‌کانیان ریزیان کردون.


*خوێندکاری دکتۆرا له‌ حوکمڕانی و سیاسه‌ت -  به‌ریتانیا

18/01/2014

له‌ سایتی سبه‌ی بڵاوکراوه‌ته‌وه‌
ئه‌مه‌ لینکه‌که‌یه‌
http://sbeiy.com/article_detail.aspx?ArticleID=7172&AuthorID=1184

Thursday 9 January 2014

چی له‌و رووداوه‌ی هه‌ولێر فێر ده‌بین

هێمن میرانی
رووداوی ده‌ست درێژی کردنه‌ سه‌ر کچێکی تازه‌ گه‌نج ( نه‌گه‌یشتۆته‌ ته‌مه‌نی قانونی پێگه‌یشتن) به‌و جۆره‌ دڕنده‌ییه‌، ده‌بێ زه‌نگێکی ئاگادارکه‌ره‌وه‌بێ بۆ هه‌موومان که‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان هه‌ندێ کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی بونیادی هه‌یه‌، ده‌نا چ له‌زه‌تێکه‌ سێ برا به‌یه‌که‌وه‌، سێ هاوڕێی دیکه‌شیان ده‌ست درێژی بکه‌نه‌ سه‌ر کچێکی هه‌رزه‌کار، چ وه‌حشیه‌تێکه‌ به‌و ئاسته‌ مرۆڤ برسی سێکس بێ به‌ تایبه‌ت که‌ یه‌کێکیان دوو ژنیشی هه‌یه‌. ته‌نیا راپۆرت بڵاو کردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م رووداوه‌ به‌س نیه‌، ده‌زگا په‌روه‌رده‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی وڵاتی ئێمه‌ ده‌بێ به‌ جددی هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ و هه‌ندێ حاڵه‌تی ده‌ست درێژی هاوشێوه‌ بکه‌ن. هه‌ڵبه‌ت له‌ دونیای ده‌ره‌وه‌ش کێشه‌ی ده‌ست درێژی سێکسی به‌ ئاستی جیاواز هه‌یه‌، لێره‌ له‌ به‌ریتانیا به‌و ئازادیه‌ش که‌ له‌ بواری په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی و سێکسیدا هه‌یه‌ هێشتا کێشه‌ی سه‌یر سه‌یری بواری ده‌ست درێژی هه‌ر هه‌یه‌ و به‌رده‌وام توێژینه‌وه‌ ده‌کرێ بۆ ده‌ست نیشان کردنی هۆکار و پاڵنه‌ره‌کان. یه‌کێک له‌ رێگرییه‌کانی به‌رده‌م ئه‌و جۆره‌ غه‌ریزه‌ دڕنده‌ییه‌ قانونه‌. من زانیاری ته‌واوم نیه‌ که‌ قانون و مادده‌کانی ئه‌م بواره‌ له‌ کوردستان چه‌نده‌ توندن، له‌ هه‌ر بارێکدا قانون ره‌دع و رێگرێکی گه‌وره‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ خۆپارێزی بکا.

له‌م ده‌رفه‌ته‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم داوا بکه‌م که‌ ده‌زگا کۆمه‌ڵایه‌تی، ئایینی و په‌روه‌رده‌ییه‌کان کار بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هۆشیاری خه‌ڵک له‌م بواره‌دا زیاتر بێ، به‌ تایبه‌ت هانی خه‌ڵک بدرێ که‌ داواکارییه‌کانی هاوسه‌رگیری بهێندرێنه‌ خواره‌وه‌ که‌ بوونه‌ته‌ رێگری گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م هاوسه‌رگیری کچان و کوڕان. هه‌رچه‌نده‌ مرۆڤ که‌ نه‌توانێ هاوسه‌ری هه‌بێ مانای ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ وه‌کو دڕنده‌ په‌لاماری خه‌ڵک بدا، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین که‌ به‌شێکی ئه‌و کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی بواری سێکسی له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ په‌یوه‌ندی به‌ زه‌حمه‌تی زه‌واج کردنه‌وه‌ هه‌یه‌، په‌یوه‌ندی به‌ زه‌حمه‌تی ده‌رفه‌تی موماره‌سه‌کردنی غه‌ریزه‌ی سێکسیه‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌کو به‌شێکی ژیانی هه‌ر یه‌که‌مان، له‌م بارودۆخه‌ گران و پێداویستیه‌ زۆرانه‌ گه‌نجێکی یه‌کجار زۆر ده‌رفه‌تی چونه‌ ژیانی هاوسه‌ریان نیه‌. له‌و دۆخه‌ش که‌ ئامرازه‌کانی وروژاندن یه‌کجار زۆر بوون، لادانی زیاتر و زیاتر دروست ده‌بن.
زۆر خه‌ڵک له‌ کوردستانه‌وه‌ به‌ هه‌ڵه‌ له‌ ژیانی ئه‌وروپا تێگه‌یشتووه‌، وا وێنا کراوه‌ که‌ سێکس کردن وه‌کو 'کا' زۆره‌ و مرۆڤ که‌ی ویستی و له‌ گه‌ڵ کێ ده‌توانێ ئه‌نجامی بدا، له‌ راستیدا ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ زۆر زۆر هه‌ڵه‌یه‌. ئه‌وه‌ی راسته‌ لێره‌ کچێک و کوڕێک که‌ حه‌زیان لێک کرد که‌س ناتوانێ رێگریان بێ، که‌س داوای سه‌د مسقال زێر و ماڵی ته‌نیا و بێد و قه‌نه‌فی تورکی و چی و چیان لی ناکا. که‌ حه‌زیان لێک کرد ئیدی ئه‌وانه‌ پێکه‌وه‌ن و وه‌کو ژن و مێرد تێکه‌ڵی یه‌ک ده‌بن تا خۆیان بڕیار ده‌ده‌ن زه‌واج بکه‌ن یان هه‌ر وا دۆست بن. که‌ی بڕیاریشیان دا جیا ببنه‌وه‌ که‌س ناتوانێ رێگری بکا. من هه‌ڵبه‌ت داوای شتی وا ناکه‌م بۆ کوردستان. کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ خاوه‌ن نه‌ریت و ئایین و نۆرمی خۆیه‌تی. به‌ڵام خۆ ده‌کرێ که‌ کچ و کوڕ حه‌زیان لێک کرد و ویستیان زه‌واج بکه‌ن هاوکاری بکرێن له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو داواکارییه‌ سه‌یرانه‌ له‌ کوڕ بکرێ، ئه‌و هه‌موو رێگریه‌ بێ مه‌عنایانه‌ بێته‌ پێشه‌وه‌. کچ لێره‌ که‌ ئه‌ڵقه‌یه‌کی وه‌کو داواکاری زه‌واج له‌ لایه‌ن دۆسته‌که‌ی پێ پیشان ده‌درێ شا گه‌شکه‌ ده‌بێ، له‌ لای خۆمان نه‌ک ته‌نیا دایک و خوشکه‌کانی، به‌ڵکو ده‌بێ دۆست و دراوسێ و خزم و که‌سیش رازبن که‌ چه‌ند زێڕ و گه‌وهه‌ری بۆ ده‌کرێ. من هیچ دیراسه‌یه‌کم له‌ به‌ر ده‌ست نیه‌ و پسپۆری ئه‌و بواره‌ش نیم، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی سه‌یر ده‌که‌م ئه‌و هه‌موو داواکارییه‌ زۆره‌ی زه‌واج لادانی زیاتر له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ دروست ده‌کا.

ده‌ست درێژی ئه‌و شه‌ش دڕنده‌یه‌ ده‌بێ زه‌نگێکی مه‌ترسیدار بێ بۆ هه‌موومان، هیوادارم گه‌نجان خۆیان بگرن و بپارێزن له‌ کاری وا قێزه‌وه‌ن و نا مرۆڤانه‌، هیوادارم دایکان به‌ تایبه‌ت په‌ند له‌و رووداوه‌ وه‌ربگرن و چیتر کچانیان وه‌کو کاڵا سه‌یر نه‌که‌ن. توێژه‌ره‌ کۆمه‌ڵآیه‌تیه‌کان، مامۆستایانی ئایینی و په‌روه‌رده‌یی ده‌بێ ده‌وری خۆیان بگێڕن له‌م بواره‌دا. ده‌ستت خۆشی زۆریشم بۆ هێزه‌کانی ئاسایش و پۆلیس هه‌یه‌ که‌ به‌ ده‌ست گیرکردنی ئه‌و مرۆڤه‌ لاده‌رانه‌ لایه‌نی که‌می خه‌مه‌کانی ئه‌و کاره‌ساته‌یان له‌سه‌ر هه‌ڵگرتین.

Tuesday 7 January 2014

نامه‌یه‌ک بۆ دادوه‌ران و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری

له‌ ساڵی 2007 ه‌وه‌ ده‌سه‌ڵآتی دادوه‌ری قانونی بۆ ده‌رچووه‌ و له‌وساوه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پره‌نسیپی جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات The Separation of Powers  بۆته‌ ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش یه‌کێک له‌و ده‌زگایانه‌ی له‌ 20 ساڵی رابردوو زۆرترین سوکایه‌تی پێکراوه‌ ده‌سه‌ڵاتی دادگاکان و حوکمی قانونه‌ له‌ کوردستان که‌ به‌ جۆره‌ها شێواز ده‌ستی سیاسی تێکه‌ڵ کراوه‌ و کامه‌ که‌یس به‌ دڵی سیاسیه‌کان بووبێ رێگه‌ی بۆ کراوه‌ته‌وه‌ و کامه‌ که‌سیش په‌نا درابێ قانون له‌ به‌ر ده‌میدا بێ ده‌سه‌ڵآت بووه‌. له‌ 2007 ه‌وه‌‌ ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و دادوه‌ره‌ به‌ڕێزه‌کان بووه‌ که‌ له‌ خه‌می سومعه‌ی شکاوی قانون بن له‌ وڵاتی ئێمه‌دا. ئه‌رکی دادوه‌ره‌ به‌ڕێزه‌کانه‌ چیتر له‌ قالبێکی بچووکی حزبیه‌وه‌ له‌ کوردستان نه‌ڕوانن، دادوه‌ره‌ به‌ڕێزه‌کان ده‌بێ بێنه‌ ده‌نگ و ئه‌و ته‌له‌فونانه‌ وه‌ڵام نه‌ده‌نه‌وه‌ که‌ ده‌ست له‌ کاروباریان وه‌رده‌ده‌ن، نه‌چنه‌ ئه‌و کۆبوونه‌وه‌ نهێنیه‌ حزبیانه‌ی هه‌موو شتێکیان له‌ کوردستان له‌به‌رچاوی خه‌ڵک خست و ره‌نگی حزبیان پێوه‌ کرد.
ده‌بێ هه‌موومان بزانین تا قانون به‌سه‌ر هه‌مووان سه‌روه‌ر نه‌بێ، شتێک نیه‌ ناوی پێشکه‌وتن و داموده‌زگایی و دیموکراسی و حوکمداری بێ.

ده‌یان که‌س له‌ دادگا داوا کراون هه‌ر حسابیش بۆ دادگا ناکه‌ن، ده‌یان که‌یسی گه‌نده‌ڵی و به‌ فیڕۆدانی سامانی گشتی ده‌خرێنه‌ سه‌ر په‌ڕی رۆژنامه‌کان که‌س نیه‌ لێپرسینه‌وه‌ بکا و تاوانکاران بداته‌ دادگا.

به‌ڕێزینه‌:
 ئاگاییتان هه‌یه‌ ئه‌م دۆخه‌ چۆن متمانه‌ی خه‌ڵکی به‌ قانون و داموده‌زگاکانی حوکمداری له‌ کوردستان بۆ ئاستێکی مه‌ترسیدار دابه‌زاندووه‌؟
به‌ڕێزینه‌:
 ده‌زانن خه‌ڵک به‌ ده‌م ئه‌و دۆخانه‌وه‌ چه‌ند بێ تاقه‌ت ده‌بێ؟

به‌ڕێزینه‌: 
ده‌زانن ئه‌و دۆخه‌ی به‌ هۆی ئه‌و هه‌موو بێ باکی و نا به‌رپرسیاریه‌تیه‌وه‌ دروست بووه‌ تا دێ چاره‌سه‌ر و به‌رگرتنی زه‌حمه‌ت ده‌بێ؟

دادوه‌ره‌ به‌ڕێزه‌کان:
راسته‌ ئێوه‌ش وه‌کو هه‌ر هاوڵاتیه‌ک مافی خۆتانه‌ لایه‌نگری حزبێکی سیاسی بن، به‌ڵام ئێوه‌ وه‌کو هاوڵاتی ئاسایی نین، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ خه‌م له‌ شکۆی شکاوی قانون نه‌خۆن و سنوورێک بۆ ئه‌و هه‌موو بێ باکی و ده‌ستێوه‌ردانه‌ سیاسیه‌ نا به‌رپرس و نا نیشتیمانیانه‌ دانه‌نێن ئه‌ی چاوه‌ڕێن کێ بیکا؟


دادوه‌رانی به‌ڕێز:
له‌ هۆنگ کۆنگ به‌ هۆی یه‌ک که‌یسه‌وه‌ که‌ تایبه‌ت بوو به‌ به‌ڕێوه‌به‌رێکی گه‌نده‌ڵی پۆلیس، سه‌ره‌تایه‌کی گه‌وره‌ی شه‌ڕی گه‌نده‌ڵی ده‌ستی پێکرد که‌ ئێستا هۆنگ کۆنگی کردۆته‌وه‌ یه‌کێک له‌ پارچه‌ جوانه‌کانی دونیا. ئه‌ی ئێوه‌ به‌ نیازن که‌ی خه‌م له‌ کوردستان بخۆن و ئه‌و سه‌ره‌تا باشه‌ ده‌ست پێ بکه‌ن؟

دادوه‌رانی به‌ڕێز:
خه‌می ئێوه‌ ته‌نیا ماره‌کردن و ته‌ڵآقدانی خه‌ڵک نیه‌، ئه‌رکی ئێوه‌ ته‌نیا حوکمدانی خه‌ڵکی بێ پشت و هه‌ژار و بێ ده‌سه‌ڵات نیه‌. ئێوه‌ ده‌بێ پێکه‌وه‌ سنوورێک بۆ ئه‌وانه‌ دابنێن که‌ له‌ هیچ سڵ ناکه‌نه‌وه‌، کێیان ویست ده‌یکوژن، چیان ویست ده‌یدزن.

ده‌زانم ئه‌رکه‌که‌ پر مه‌ترسی و زه‌حمه‌ته‌، به‌س خۆ هه‌ر ده‌بێ ده‌ست پێ بکه‌ن، ئێستا ئێوه‌ له‌ دۆخێکی قانونی و دارایی باشدان که‌ ئیدی پێویستیتان به‌وه‌ نیه‌ که‌س له‌ خۆتان رازی بکه‌ن جگه‌ له‌ خودا و ویژدانی خۆتان.

ئه‌و که‌یسانه‌ی ئێستا له‌ مه‌یداندان وه‌کو که‌یسی شه‌هید کاوه‌ گه‌رمیانی و ئه‌و داوایه‌ی له‌ سه‌ر وه‌زیری په‌روه‌ده‌ له‌ لایه‌ن داواکاری گشتیه‌وه‌ به‌رز کراوه‌ته‌وه‌ بکه‌نه‌ سه‌ره‌تایه‌کی باش و خۆتان بسه‌لمێنن که‌ هه‌ن. ده‌رگا بکه‌نه‌وه‌ له‌سه‌ر که‌یسه‌کانی دیکه‌ی وه‌کو شه‌هیدانی حه‌ڤده‌ی شوبات و رۆژانی دواتر، که‌یسی شه‌هیدانی رۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت و سۆران و ئه‌وانه‌ی دیکه‌ش که‌ به‌ هۆکاری سیاسیه‌وه‌ ژیانیان لێ سه‌ندراوه‌ته‌وه‌.

دادوه‌رانی به‌ڕێز: باوه‌ڕم وایه‌ ئێوه‌ پێکه‌وه‌ و هه‌ر که‌س له‌ دادگاکه‌ی خۆی ده‌توانن سه‌ره‌تایه‌کی باش بۆ کوردستان دابنێن، ده‌توانن بڕێک ئومێدمان بۆ بگێڕنه‌وه‌. گومانم نیه‌ ده‌توانن ئه‌گه‌ر بتانه‌وێ!

هێمن میرانی

Sunday 5 January 2014

سه‌رکرده‌ و میلله‌تی نه‌زۆک

پارتی له‌ دوا کۆنگره‌یدا بێ رکابه‌ر به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی کرده‌وه‌ سه‌رۆکی حزب ( له‌ 1979 - ) ه‌وه‌ له‌و پۆسته‌یه‌. له‌ 2013 ه‌ش وێڕای ته‌واو بوونی دوو خولی سه‌رۆکایه‌تی، له‌ پێشهاتێکی سه‌یردا له‌ گه‌ڵ یه‌کێتی هاوپه‌یمانی دوو ساڵی دیکه‌ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمیان بۆ بارزانی به‌ قانونی ژماره‌ 19 له‌ نێو پارله‌مان درێژ کرده‌وه‌ ( له‌ کاتێک خۆی له‌ ناو خه‌ڵک هه‌ڵبژێردرابوو)، له‌ هۆیه‌ پێویستیه‌کانی ئه‌م قانونه‌ نوسراوه‌ " له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و سازان له‌سه‌ر هه‌موارکردنی ده‌ستوور ئه‌م قانونه‌ داندراوه‌". له‌ ساده‌ترین وه‌ڵامیش هه‌ندێ سه‌رکرده‌ی پارتی گوتیان که‌س له‌ به‌ڕێز بارزانی باشتر نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌م دۆخه‌ سه‌رۆکی هه‌رێم بێ.

یه‌کێتی: بڕیاریداوه‌ له‌م مانگه‌ کۆنگره‌ بکا، ساڵێکه‌ سکرتێره‌ گشتیه‌که‌ی، به‌ڕێز جه‌لال تاڵه‌بانی ( له‌ 1976 - ) ه‌وه‌ له‌ هه‌مان پۆسته‌، له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ و هه‌م یه‌کێتی بێ سکرتێر و هه‌م عێراقی بێ سه‌رۆک کردووه‌. سه‌یره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێ سه‌رکرده‌ی یه‌کێتی زۆر به‌ باوه‌ڕه‌وه‌ ده‌ڵێن کۆنگره‌ باسی پۆستی سکرتێری گشتی ناکا و هه‌ر مام سکرتێره‌ جا له‌ قه‌لاچوالان بێ یان له‌ به‌رلین!

گۆڕان: راسته‌ وه‌کو حزب و مۆڵه‌تی رێکخراوێکی سیاسی ساوایه‌، به‌ڵام ئه‌و باڵه‌ی له‌ نێو یه‌کێتیدا له‌ قۆناغی جیاجیادا ناوی جیاجیای هه‌بوو که‌ دواییان باڵی ریفۆرم بوو هه‌ر به‌ رابه‌رایه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فا بووه‌. گۆڕان کۆنگره‌ی کرد و که‌سی هه‌ڵنه‌بژارد، خۆیان ده‌ڵێن کۆنگره‌که‌شیان جیاواز بوو، له‌ کاتێک هه‌ڵبژاردن نه‌کردن له‌ کۆنگره‌ یه‌که‌م هه‌وڵی خۆ بواردن بوو له‌وه‌ی ئایا هه‌ر به‌ڕێز نه‌وشیروان وه‌کو رێکخه‌ر ده‌مێنێته‌وه‌ یان ئه‌وان مۆدێلی دیکه‌یان هه‌یه‌. گۆڕانیش هه‌مان رێچکه‌ی گرت و ناوی دیکه‌ی لێ نا.
پێ ده‌چێ میلله‌تی ئێمه‌ چیتر سه‌رکرده‌ نه‌خاته‌ دونیاوه‌!!!


کۆمه‌ڵ: له‌وه‌ته‌ی هه‌یه‌ به‌ڕێز عه‌لی باپیر ئه‌میره‌ و ته‌نانه‌ت ئێستا پێیه‌کی له‌ به‌غدا و یه‌کێکی له‌ هه‌ولێره‌ و هه‌ر ئه‌میره‌! جا عه‌یبی چیه‌، ئه‌وه‌تا بارزانی سه‌رۆکی پارتی و هه‌رێمه‌، تاڵه‌بانی سه‌رۆکی عێراق و یه‌کێتیه‌ و له‌ به‌رلینه‌. بۆ به‌ڕێز باپیر جێی گله‌یی بێ؟.

سۆسیالیست: سۆسیالیست له‌ زاکیره‌ی نه‌وه‌ی دوای راپه‌ڕێن واته‌ کاکه‌ حه‌مه‌، کاکه‌ حه‌مه‌ له‌ هه‌موو کۆنگره‌کانی ئه‌م دواییه‌ سکرتێره‌، سه‌رده‌مێک پارله‌مانتار و وه‌زیری هه‌رێم و سکرتێری حزبه‌که‌ی بوو. ئه‌ویش وه‌کو خه‌ڵکی دیکه‌!

زه‌حمه‌تکێشان: له‌ کورتترین پێناسه‌دا کاک قادر عه‌زیز حزبه‌که‌ی توانده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆی هه‌ر سکرتێر بێ.

یه‌که‌م جار حزبی شیوعی و دواتر یه‌کگرتووی ئیسلامی ئه‌و ترادیشنه‌یان شکاند و سکرتێره‌کانی خۆیان گۆڕی.

 له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌کدا تاکه‌ میلله‌ت که‌ سه‌رکرده‌ ناخاته‌ دونیاوه‌، کورده‌!


ئیتر بۆ پێشه‌وه‌

هێمن میرانی

www.facebook.com/hemn2011

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...