Thursday 29 October 2020

هونەری فێربوون و سوود وەرگرتن لە دەرفەتەکان

کۆمێنتی هەندێ قوتابیان:

ئایا فێری هیچ دەبین لە خوێندنی ئەلیکترۆنی؟
یان، فێری هیچ نەبووین!
وەڵا فێری هیچ نەبووین، لە ترسی غیابات دێینە خەت!!
وەڵام:
قوتابیانی ئازیز:
فێربوون چەمکێکی یەکجار فراوانە و لە دیدی جیاوازەوە دەتوانرێت سەیری بکەین. ئێوە لەو ئەزموونی ئەلیکترۆنی ئۆنلاینە* زۆر شت فێربوون کە لە ناو کەمپ فێری نابن. فێری لێهاتوویی و سکیڵەکانی سەردەم بوون. فێربوون گوگڵ میت و کلاسڕووم و زووم میتینگ و پۆرتاڵ چیە! فێربوون چۆن هەمووان پێکەوە لە کلاسێکی ئۆنلاین دەنگ و ڕەنگ قسە بکەین، هەر یەکەمان ویستمان شەیری سکرینی خۆمان بکەین و پریزنتەیشن پێشکەش بکەین، فێربوون خۆمان میوت بکەین تا دەنگمان تێکەڵی یەکتری نەبێت، دەستمان بەرز بکەینەوە و ناومان لە ئۆنلاین تۆمار بکەین، فێربووین مۆبایلەکانمان زۆر ئیشی دیکەی پێ دەکرێت جگە لە سۆسیال میدیا، فێربووین بە مۆبایلەکانمان دەتوانین سیمینار ئامادە بکەین و لە کۆرسێکی ئۆنلاین پێشکەشی بکەین، فێربووین هەر بە مۆبایل وەڵامی کیوز و ئەساینمێنت بدەینەوە، فێربووین کە دەتوانین هەر لە ڕێی مۆبایلەوە بە دوای ئەو دەرسانەش بگەڕێین کە مامۆستا وەکو ئەرک پێی سپاردووین. فێربووین کە دواتر دەتوانین سەیری وانە تۆمارکراوەکە بکەینەوە و چەند جارێک گوێ بگرین ئەگەر باش تێنەگەیشتین، فێربووین کە هەر لە ناو پۆرتاڵی زانکۆ نامە بۆ مامۆستا بنێرین و داوای کتێب و زانیاری لێ بکەین، زۆر شتی دیکە فێربووین کە لە ناو کەمپ نەماندەزانی.


هەڵبەت ئەمانە هەموویان فێربووین ئەگەر تۆی ئازیز ویستبێتت فێر بیت و ململانێ لە گەڵ پرۆسەکە نەکەیت! ئەگەر ویستبێتت سوود لەو دەرفەتە وەربگری بۆ خۆپێگەیاندنی زیاتر نەک بەدوای خەڵکی دیکەی بێ بەرنامە کەوتبیت و هەر چاوەڕێت کردبێت دەگەڕێتەوە ناو کەمپ!. هەموو ئەوانەی سەرەوە فێربوویت ئەگەر گەنجێکی خاوەن خەون و بەرنامە بیت نەک لە ترسی غیابات بێیتە خەت و دواتر لە ڕقی پرۆسەکە گوێ لە دەرسەکە نەگریت و کاتی خۆت بە فیڕۆ دابێت!. ئەگەر خۆت ویستبێتت توانیویتە لە گەڵ مامۆستاکەت بڕۆیت و لە پاڵ ئەو هەموو سکیڵە نوێیەی لە سەرەوە باسم کرد، وانەکانیشت وەرگرتووەو لە زانستەکەی خۆشت دانەبڕاویت، ئەگەر مەبەستت بوو بێ فێر بیت. هەڵبەت ئەوەی مەبەستی نەبێ فێر بێت، نەک ئەمانەی سەرەوە فێر نابێت، بەڵکو لە ناو کەمپیش هەر بە دوای بیانووە و وەکو پەندەکە دەڵێ ( الصانع المهمل دائما يلوم ادواته – واتا وەستای ئیهمال هەمیشە گلەیی لە کەلوپەلەکانی دەکات). هیوادارم کەستان لەو جۆرانە نەبن!.
قوتابی ئازیز:
فێربوون لە زانکۆ نیوەی زیاتری لە ئەستۆی خۆتە، ئەگەر پێت وایە تەنیا ئەوەی مامۆستا لە ناو کلاس پێشکەشت دەکات بەسە و ئەوە فێربوونە، کەواتە پێویستیت بەوە هەیە باشتر لە زانکۆ بگەیت و پێداچوونەوە بە تێگەیشتنی خۆت بکەیت. مامۆستا لە زانکۆ ڕێپیشاندەر guider و هاندەرە motivator و خۆت وەکو قوتابی چەقی فێربوون و داینەمۆی پرۆسەکەیت. کە لە زانکۆیت، لە باشترین سەردەمی تەمەن و توانا و وزەی خۆتی، ئەگەر کاتەکانت بۆ فێربوون و گەشەکردنی تواناکات و پێشخستنی بەهرە و پەیوەندییەکانت نەخستۆتە گەڕ، کەواتە پەلە بکە تا کاتت ماوە و هێشتا لە زانکۆیت. ئەگەر ئێستا نەیکەیت، ئەی کەی بە نیازیت!
تکایە گلەیی لە دۆخەکە مەکەن چونکە هی هەموومان بە ڕێژەیی لە یەک نزیکە. هەرگیز باشترین دۆخ پەیدا نابێت بۆیە بە چاوەڕوانی کاتی خۆت بە فیڕۆ مەدە. ئەم وتە ئینگلیزییە جوانە کە دەڵێ:
Right time never comes, you just have to make it happen
کاتە ڕاستەکە، یان کاتی بەختی تۆ هەرگیز نایەت، تۆ دەبێ دروستی بکەیت...
ئەمەشیان هەر نایابە کە دەڵێ It is never the wrong time for the right one. So be the right one
واتە هیچ کاتێک خراپ نیە بۆ کەسێکی ڕاست، بۆیە ببە کەسە ڕاستەکە.
بۆیە تکایە سوود لەو دەرفەتانە وەربگرن کە لە پێشتانە و چاوەڕێ کاتی باشتر مەکەن چونکە ئەوە خۆتی بڕیار دەدەی کەی کاتە باشەکەیە، کە ئێستای تۆیە.
* خوێندنی ئەلیکترۆنی دەکرێ بە هەردوو جۆری ئۆنلاین و ئۆفلاین بەڕێوە بچێت. ئەوانەی تەنیا وانە تۆمار دەکەن و دەیخەنە سەر وێب سایتێک و دواتر قوتابیان دەڕۆن سەیری دەکەن، ئەوە ئەلیکترۆنی ئۆفلاینە. بەڵام ئەوەی بتوانێ وانەکان بە ئەلیکترۆنی بەڵام ڕاستەوخۆ و بە ئۆنلاین مامۆستا و قوتابی پێکەوە بێنە سەر هێل و لە یەک کلاسی ئەلیکترۆنی ڕاستەوخۆ وانەکە بخوێنن، هەڵبەت ئەوە باشترە و ئەلیکترۆنی ئۆنلاینە. ئەمەی دووەم لە زانکۆی سۆران پەیڕەو دەکرێت و دواتر مامۆستا وانەکە بە تۆمارکراویش دەخاتە سەر پۆرتاڵی زانکۆ بۆ ئەوەی قوتابیان بتوانن چەند جار سەیری بکەنەوە یان ئەوەی بە هەر هۆکارێک نەیتوانیبێت بێتە وانە ئۆنلاینەکە، هەر دەستی بگاتە دەرسەکە و لە کیسی نەچێت.

Tuesday 27 October 2020

بڕیارەکانی زانکۆی سۆران و پێشبینییەکان

بەهاری ٢٠٢٠ بوو، بە هۆی بڵاوبوونەوەی سەرەتایی کۆرۆنا و پشووی بەهار، دەوامی زانکۆکان ڕاوەستان. ئێمە وەکو ئەنجومەنی زانکۆی سۆران لە ١٧ی ئاداری ٢٠٢٠ەوە دەستمان کردەوە بە کۆبوونەوە بە ئۆنلاین بۆ ئەوەی دیراسەی دۆخەکە بکەین. ئەوەی خوێندەوار بێت و ئاگاداری دۆخی دونیا بێت و ڕاپۆرت و توێژینەوەکانی تایبەت بەو پەتایە بخوێنێتەوە، دەتوانێ بەرچاوی ڕوون بێت و بڕیاری دروست بدات.
ئەنجومەنی زانکۆی سۆران ساڵی ڕابردووی خوێندنیش لە گەڵ چاوەڕوانی کردنی قەدەر نەبوو تا دۆخەکە ئاسایی بێتەوە. بڕۆن سەیری ئەو بەرنامەیەی لە گەڵ ڕەنج بکەن (٢/٤/٢٠٢٠) کە بەندە بە نوێنەرایەتی جەنابی سەرۆکی زانکۆمان، لە گەڵ سەرۆکی زانکۆکانی دیکە ڕێک باسی دۆخی ئەمڕۆمان دەکرد (https://www.youtube.com/watch?v=z1RvISMJWJ0 )
ئێمە پێش هەر زانکۆیەکی دیکە لە ١٨ی نیسانی ٢٠٢٠ بە ئەلیکترۆنی ( بە شێوەی ئۆنلاین) وەکو یەکەمین ئەزموون لە هەموو فاکەڵتیی و بەشەکان خوێندنمان دەست پێکردەوە و تا دوای جەژنی رەمەزان بەردەوام بووین و ئەزموونێکی گەورەمان بەڕێکرد کە تیایدا بەشی هەرەزۆری قوتابیان و مامۆستایانمان شارەزایی تەواوی فێربوونی ئەو مۆدێلە بوون. نەماویست تا مانگی تەمووز لە خۆڕا چاوەڕوان بین و هیچ نەکەین!



ئەو ئەزموونە بووە بناغەیەکی باش بۆ دۆخی ئێستا کە دیسان تەوژمێکی ترسناکی کۆرۆنا ڕووی لە کوردستان و دونیا کردۆتەوە.
کە هاوین هات، ئێمە بێخەم دانەنیشتین و چاوەڕوانی قەدەرمان نەکرد. نەک ئامادەکاری خۆمان تەواو کرد بۆ ئەوەی لە کاتی خۆی بە ئەلیکترۆنی دەوام دەست پێ بکەینەوە، بەڵکو ئامادەیی خۆشمان ڕاگەیاند کە هاوکاری هەر زانکۆییەکی دیکەش بکەین بۆ ئەوەی لە هاویندا ئامادەکارییەکان تەواو بکرێن ( بە فەرمی ئەو ئامادەییەمان داوەتە وەزارەتی خوێندنی باڵا و تواناشمان هەبوو ئەو هاوکارییە پێشکەش بکەین).
بۆ ساڵی نوێی خوێندن کە وەزارەت دەرفەتی دایە زانکۆکان لە ٢٠ی ئەیلول تا ٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ هەر زانکۆیەک ئامادەییە دەست بە ساڵی خوێندن بکات، ئێمە لە ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٠ ەوە بە سیستمی ئەلیکترۆنی دەستمان بە خوێندن کردۆتەوە و ئامادەکاریمان کردووە تا بە گروپی بچووک بچووک ئەوانەی پێویستیان بە تاقیگەکان هەیە لە کۆتایی مانگی یانزە بە خۆپارێزییەوە بگەڕێنەوە کەمپ و ئەوانی دیکە هەر بە ئەلیکترۆنی بەردەوام بن، وەکو بەشێک لە سیستمی خوێندنی ئاوێتە.
هەندێ لە زانکۆکانی دیکە لە ٤/١٠ ەوە قوتابیانیان هێنایەوە ناو کەمپ و دۆخێکی نوێیان دروست کرد. چاوەڕوان کراو بوو کە ئەو بابەتە لە دەست دەردەچێت بە تایبەت کە کولتوری خۆپارێزی لە وڵاتی ئێمە لاوازە و بەشە ناوخۆییەکان هی ئەوە نین لە سەردەمی کۆرۆنادا خەڵک تێکەڵاو بکرێن. ¬¬وەکو ئاگادارین دۆخی هەندێ زانکۆ بە هۆی هێنانەوەی قوتابیان بۆ ناو کەمپ بێ ئامادەکاری و پێگیر نەبوون بە ڕێنماییەکان مەترسی دروستکردووە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە، بۆیە ئەمڕۆ لێژنەی باڵای پارێزگای هەولێر ناچاربووە داوا لە وەزارەتی ناوخۆ بکات کە داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردە بکرێت تا پێداچوونەوە بەو بڕیارانەیان بکەن. پێشبینی دەکرێت بڕیاری هێنانەوەی قوتابیان بۆ ناو کەمپ هەڵپەسێردرێت و خوێندن بکرێتەوە ئەلیکترۆنی. ئایا ئامادەکاری بۆ ئەلیکترۆنی کراوە، کە پێویستی بە ڕاهێنانی مامۆستایان و ئاشنایەتی قوتابیان هەیە؟ ئەمەیان نازانم و نامەوێ کۆمێنتم هەبێت.
ئەوەی لێرەدا جێگای شانازییە ئەو بڕیارانەیە کە لە ئەنجومەنی زانکۆی سۆرانەوە دەدرێن و تیمی ئیداری و مامۆستایان ماندوو دەبن و ڕەنجەکە بە هاوینیش دەکێشن بۆ ئەوەی کەمتەرخەمی نەکەین و نەبینە هۆکاری توشبوونی کچان و کوڕانمان.
قسەکە لە سەر ئەوە نیە کە خوێندنی ئەلیکترۆنی چەند بژاردەیەکی باشە و ئایا بەدیلی خوێندنی ناو کەمپە؟ چونکە بە لای ئێمە گیانی قوتابیەکانمان و کەس و کاریان گرنگترە لە کوالیتی خوێندن. ئەو دۆخەش تەنیا لێرە نیە و ئەو ڕێوشوێنانە لە سەر ئاستی دونیا گیراونەتە بەر. لە گەڵ ئەوەش من وەکو مامۆستایەک کە خۆشم لەو سیستمە وانە دەڵێمەوە، جیاوازییەکی زۆر گەورە بەدی ناکەم لە فێربوون و گواستنەوەی مەعریفە و بەشکردنی زانیاری لە نێوان قوتابیان و مامۆستادا. وێڕای هەموو ئەو کەموکوڕیانەی بە هۆی دۆخی دارایی خەڵک و لاوازی ئینتەرنێت لە هەندێ ناوچە، گرنگ ئەوەیە کە بڕیارەکانمان لەسەر بنەمای خوێندنەوەی دروست بۆ دۆخەکە دەدرێن و ژیانی قوتابیانمان پاراستووە. لە پاڵ ئەمەش هەموومان پێکەوە فێری ئەزموونێکی نوێی کارکردن بووین کە ئەگەر ئەو دۆخە نەبوایە بە ئاسانی ئەو ئەزموونەمان وەرنەدەگرت. هەر بۆ نمونە لە ١٩ و ٢٠ی ئۆکتۆبەر لە هەفتەی ڕابردوو، ئێمە کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتی گەورەمان ئەنجامدا بە ئۆنلاین کە پسپۆر و توێژەری گەورە لە چەند کیشوەرێک بەشداریان کرد بە بێ ئەوەی لە ماڵی خۆیان بێنە دەرەوە. ئەگەر ئەو مۆدێل و ڕاهێنان و شارەزاییە نەبوایە، بێگومان هەزاران دۆلار پێویست بوون تا چالاکی زانستی ئاوا لە ناو کەمپ ئەنجام بدرێت.
لێرەدا دوا پەیام بۆ قوتابیانی ئازیزی زانکۆی سۆرانە کە هەندێکیان لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر کەوتبوونە ژێر بڕیاری بەپەلەی هەندێ زانکۆی ئازیزی دیکە لە هێنانەوەی قوتابیان بۆ ناو کەمپ، ئەو کاتیش پێمان گوتن کە دۆخەکە بەردەوام نابێت و ئەو ڕێگایەی زانکۆکەی ئێوە لەسەری دەڕوات، ڕێگا ڕاستەکەیە لە دۆخی ئێستادا.
خۆزگە دۆخی کۆرۆنا بە ئاسانی تێپەڕ دەبێت و سبەی دەگەڕێینەوە ناو کەمپ، بەڵام کە ئەمە ڕوونەدات و وا زووش ڕوو نادات، ژیانی ئێوە و مامۆستایان گرنگترە لە هەموو شتێک.
ئەوەش بەرنامەیەکی دیکە کە باسمان لەوە کردبوو هێنانەوەی قوتابیان بۆ ناو کەمپ لە دۆخی ئێستادا یاریکردنێکی مەترسیدارە بە ژیانی خەڵک.
هەمووتان تەندروست و سەلامەت بن و کورستانیش ئاوەدان و پارێزراوی خودا بێت.

Thursday 2 July 2020

خانەنشینی ئێمە و ئەوان



هێمن میرانی
وەکو پێناسە، موچەی خانەنشینی بریتیە لە بڕێک پارە کە دوای گەیشتن بە تەمەنی خانەنشینی وەری دەگریت لە بەرامبەر ئەو خزمەتەی پێشکەشت کردووە، و ئەو بڕەش کۆکراوەی ئەو بەشدارییەیە کە لە ساڵانی خزمەت مانگانە لە موچەکەت دەبڕدرا بۆ ئەوەی دواتر لە کاتی گەیشتن بە تەمەنی خانەنشینی وەریبگریتەوە.
لە هەندێ سیستم، دەوڵەت هاوکاری ئەو کەسانە دەکات کە دەگەنە تەمەنی خانەنشینی ئەگەر بەشداری پێویستیشیان لە کاتی خزمەتدا بە بڕە پارەی دیاریکراو نەکردبێت. ئەرکی دەوڵەتە رێگا نەدات هاووڵاتییەکانی لە تەمەنی پیریدا لە بارێکی دارایی خراپدا بژین.
لە کوردستان بە داخەوە ئەو بابەتەشمان بە سیاسی کرد. پارلەمانتارە بەڕێزەکان دوو یاسایان بۆ خانەنشینی پلە تایبەتەکان و خۆیان دەرکرد کە راستەوخۆ دوای تەواو بوونی ٤ ساڵی خزمەت، بە موچەیەکی یەکجار گەورە خۆیان و پلە تایبەتەکانیان خانەنشین کرد، ئینجا تەمەنیان هەرچەند بێت یان ئەگەر پێشتر هیچ خزمەتێکیان پێشکەشی کەرتی گشتی کردبێت یان هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ سندوقی خانەنشینی دانابێت یان نا. ئەمە بە یاسا کراوە، بەڵام ناکرێت بگوترێت کارێکی باش و ئاسایی بووە.
ئێستا بە یاسای چاکسازی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٠ ئەو یاسایانەی جاران ڕاگیران بەڵام بە هۆی بڕگەیەکی یاسای چاکسازی دیسان بۆ بەرژەوەندی ئەو بەڕێزانە خانەنشینی کردۆتە ئارەزوومەندانە. بەمە ئەندامانی بەڕێزی پارلەمان خۆیان خستۆتە بەر جنێو و دوعای خەڵک. لە لایەکی دیکە خۆیان خستۆتە زاویەکی یەکجار ناشرین کە وازهێنان لەو خانەنشینیە، کە کەموێنەیە لە دونیا لە ناعەدالەتی، ئەمڕۆ بۆتە دەستکەوت و خۆهەڵکێشانی سیاسی.

خۆزگە خۆتان ئارەزوومەندانە ئەو دەقەی یاسای چاکسازیش هەموار بکەن کە ئەمڕۆ ئێوەی خستۆتە نێو هەڵوێستێکی ناخۆشەوە. ڕاستەکە ئەوەیە کە ئەوەی نەگاتە تەمەنی خانەنشینی، ناکرێ خانەنشین بکرێت و ببێتە بارگرانی لەسەر دارایی دەوڵەت

بەڕێزینە:
ئاشکرایە کە خانەنشینی پێویستە لە تەمەنێکی گونجاو، دوای ساڵانێکی زۆر و دیاریکراو لە خزمەت، هەروەها دوای ئەوەی ئەو هەموو ساڵە، مانگانە پارە دادەنێی لە موچەکەت بۆ خانەنشینی، ئینجا وەکو پرەنسیپە گشتییەکە دەبیە شایەنی خانەنشین بوون لە کەرتی گشتی. خۆزگە خۆتان ئارەزوومەندانە ئەو دەقەی یاسای چاکسازیش هەموار بکەن کە ئەمڕۆ ئێوەی خستۆتە نێو هەڵوێستێکی ناخۆشەوە. ڕاستەکە ئەوەیە کە ئەوەی نەگاتە تەمەنی خانەنشینی، ناکرێ خانەنشین بکرێت و ببێتە بارگرانی لەسەر دارایی دەوڵەت
هەرچەندە حکومەت زیرەکانە بە ڕێنمایی ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٢٠ کە لە ٢٩ی حوزەیران دەرچوو، موچەی خانەنشینی پلە باڵاکانی تا ئاستێکی باش کەمکردۆتەوە، بەڵام هێشتا ئێوەی بەڕێز ئەندامانی پارلەمان و پلە تایبەتییەکانی لە دەمی خەڵک رزگار نەکردووە.
بەڕێزینە:
دەکرێ موچەی خانەنشینی فەرمانبەرێکی ئاسایی و ئێوەی بەڕێز و پلە تایبەتەکانی دیکە جیاواز بیت تا ئاستێکی مەعقول، بەڵام ئەوەی تا ئەمڕۆ هەبووە ناعەدالەتی بووە تا حەوت تەبەقەی ئاسمان.


Saturday 20 June 2020

ئاوارەبوون لە زیادبووندایە


ئەوانەی لە ماڵ و وڵاتی خۆیان دەردەکرێن پێیان دەگوترێ ئاوارە، پەنابەر، پەناهەندە. لە زمانی ئینگلیزی دەستەواژەکانی ئاوارە Refugee بۆ ئەوانە بەکار دەهێندرێ کە وڵاتی خۆیان بەجێ دەهێڵن و دەڕۆنە وڵاتی دیکە، ئاوارەی ناوخۆیی IDP کورتکراوەیە بۆ ئەو خەڵکانە لە ناوخۆدا شوێنگۆڕ کراون، هەروەها پەنابەر Asylum-seeker ئەوانەن کە لە وڵاتێکی دیکەدا بە هۆکاری مرۆیی یان سیاسی داوای مافی مانەوە و پەنا دەکەن. ئەمڕۆ ٢٠ی حوزەیرانە و رۆژی جیهانی ئاوارەکانە. بە گوێرەی نوێترین داتای بەراوردکاری کە کۆمیسیۆنی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان UNHCR بڵاوی کردۆتەوە، لە ساڵی ٢٠١٢ ەوە تا ئەمرۆ ڕێژەی ئاوارەبوون لە بەرزبوونەوەیەکی خێرادایە بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠١٢ دا ٤٢.٧ ملیۆن کەس ئاوارەبوون بە هەموو جۆرەکانی و لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ ئەو ڕێژەیە بۆ ٧٩.٥ ملیۆن کەس بەرزبۆتەوە.


 لەم ڕێژەیە ژمارەیەک خوشک و برای ئێمە هەن کە هەم لە ناوەخۆدا بە هۆکاری جیاواز ئاوارەکراون، هەم لە وڵاتانی دیکە بونەتە پەنابەر و داوای مافی مانەوەیان کردووە. 
ئەو کاتەی لە بەریتانیا بووم، کوڕە کوردێک نامەیەکی بۆ ناردم و دڵپڕی خۆی بۆ باسکردم لە غەریبی. مرۆڤ لە غەریبی رووبەرووی دوو کێشەی گەورە دەبێتەوە کە بە ئینگلیزی پێی دەڵێن Homesick واتە غەریبی نیشتیمان، ئەوەی دیکە پێی دەڵێن Culture shock شۆکی کولتووری کە هەست دەکەیت هەموو شتێک لەوەی تۆ لەسەری ڕاهاتوویت جیاوازە. ئەو برادەرە لە نامەکەیدا بە بێ ئەوەی ئەو دوو کێشە گەورەیە بزانێت نیشانەکانی بۆ باس کردبووم. منیش پێم گوت کە بە ئاسایی وەریگرە چونکە ئێرە غەریبیە و کاتی پێویستە تا لە گەڵ دۆخی نوێی و دووری نیشتیمان ڕا دێیت. 
زۆر بە جوانی دواتر بۆی نوسیبووم:
"برام، ئەو کاتەی من لە کوردستانیش بووم هەر غەریب بووم!"

 هۆکارەکانی نامۆبوون و غەریب بوون لێرە زۆر زۆرن، پلانی جددی و ئازایەتی گەورەی دەوێ هەستی غەریب بوون لە نیشتیمانی خۆت کەمبکاتەوە. 

هێمن میرانی
٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠
رۆژی جیهانی ئاوارەیی

Friday 10 January 2020

دەربارەی چاکسازی



دەربارەی چاکسازی
پارلەمان نوێنەری خۆیەتی یان خەڵک؟
نامەیەکی کراوە لە دۆخێکی ئاڵۆزدا


هێمن میرانی
چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بێدادی پرۆسەیەکی گشتگیر و گرنگە و تەنیا لە دەستکاریکردنی موچە و دەرماڵە و خانەنشینی پلە باڵاکان کورت ناکرێتەوە، بەڵام چونکە پڕۆژە یاساکەی ئێستا زیاتر هەڵوەستەی لەسەر ئەم پرسە کردووە، منیش هەندێ سەرنجی خۆم دەخەمە روو:
یەکەم: ماوەیەکە لە گەڵ ژمارەیەک پارلەمانتاری بەرێز لەسەر خەتم دەربارەی پڕۆژە یاساکە و لەوێش رای خۆمم پێیان گوتووە. هەست دەکرێ دوو دڵیەکی گەورە لە ئارادایە لە دەستبەردان لەو ئیمتیازە زۆرەی بە ناوی خانەنشینی بە یاساکانی ژمارە ١٢ و ١٣ ی ساڵی ١٩٩٩ بە وەزیران و ئەندامانی پارلەمان بەخشراوە. ئێستاش تەنانەت دەنگۆی رێکەوتنی هەمووان هەیە ( نازانم ئەمە چەند راستە) لە سەر هێشتنەوەی ئەو ئیمتیازاتانە بۆ خۆیان لە کاتێک ئەوان نوێنەری خەڵکن لە پارلەمان نەک نوێنەری خۆیان. رای گشتی بە تەواوی لە گەڵ ئەوەیە ئەو ناعەدالەتیە گەورەیەی لە نێوان خانەنشینی پلە تایبەت و باڵاکان لە گەڵ خانەنشینی فەرمانبەرانی دەوڵەت هەیە نەمێنێ، بۆیە ئەگەر پارلەمان دژی رای گشتی هەڵسوکەوت بکات یەکێک لە وەزیفە گەورەکانی خۆی لە دەست دەدات کە نوێنەرایەتی کردنی بەرژەوەندی گشتیە.
دووەم: پارلەمانتاران باش دەزانن کە داهات و بودجەی کوردستان زۆر زۆر کەمترە لەو پارەیەی لەبەر دەستی بەغدایە. بۆیە ئەگەر ئەوە پێوەر بێ، نابێ لەو یاسایەدا ئیمتیازێکی زیاتر لەوەی بە پارلەمانتارانی بەغدا دوای تەواوبوونی ئەرکەکانیان دەدرێ، بۆ خۆیان بهێڵنەوە. ئاشکرایە لە بەغدا خانەنشینی پارلەمانتار و پلە باڵاکان هەڵوەشاوەتەوە. لێرەش ئەو بەڕێزانەی پۆستی باڵا وەردەگرن دەبنە فەرمانبەری پلە باڵای دەوڵەت و دوای تەواوبوونی ئەو ئەرکەیان دەبێ یان بگەڕێنەوە شوێنەکانی پێشوویان یان ئەگەر گەیشتنە تەمەنی خانەنشینی ئەو ساڵانەی خزمەتیان لەو پۆستانە بۆ حساب بکرێ و وەکو هەر فەرمانبەرێکی دیکە خانەنشین بکرێن. ئەگەر ئەوە روو نەدات ئێوە هەرگیز بیرتان بۆ ئەو فەرمانبەرانە ناچێ کە دوای لایەنی کەم ١٥ تا ٢٥ ساڵ خزمەتکردن ئێستا بە چەند مانگێک جارێک ٢٠٠ هەزار دیناریان وەکو سەدەقە پێ دەدەن، کە ئەمە شەرمەزارییەکی یەکجار گەورەیە.
کەواتە کورت و پوخت:
1. هەموومان داوا دەکەین کە خانەنشینی پارلەمانتار و وەزیر و وەکیل وەزیر و بەڕێوبەری گشتی و هتد وەکو پرەنسیپ دوای تەواوبوونی ئەرکەکانیان نەمێنێ. ئەوەی گەیشتە تەمەنی خانەنشینی ئەو ساڵانەی خزمەتی بۆ حساب دەکرێ و بە گوێرەی یاسای گشتی خانەنشینی، نەک هیچ یاساییەکی تایبەت کە بۆ خۆتان داتانهێناوە، خانەنشین دەکرێ. یاساکانی ١٢ و ١٣ ی ساڵی ١٩٩٩ و هەر یاسایەکی دیکە کە ئیمتیازی تایبەتی بەو خەڵکانە بەخشیووە دەبێ هەڵبوەشێتەوە.
2. دەستکاری کەمترین موچەی فەرمانبەران بکرێ کە خانەنشین دەبن بە جۆرێک رەوا نیە کەس لە ٤٠٠ هەزار دینار وەکو ئەوەی بەغدا کەمتر وەربگرێ. ئێوەی بەڕێز بیهێننە بەرچاوی خۆتان کە ٤٠٠ هەزار دینار بەشی چی دەکات؟ ئەگەر هیچ ئەی ئەو ٢٠٠ەی ئێستا چ بۆ هاووڵاتیەکی ماندوو دوای ساڵانێکی زۆری خزمەت دابین دەکات..
بەڕێزینە:
لە هەستیاری ئەو دۆخە بگەن کە لەو ناوچەیە دەگوزەرێ!!! خەڵکی کوردستان لەو خۆپیشاندەرانەی بەغدا ترسنۆکتر نین لەوە کەمتر قەبوڵ بکەن، دۆخی ئابوری کوردستان لە هی بەغدا باشتر نیە ئێوە لەسەر ئیمتیازاتی خۆتان رێک بکەون و حسابی بەرژەوەندی گشتی کە گوایە ئێوە نوێنەرایەتی دەکەن، نەکەن.
#نابۆخانەنشینی_پلە_باڵای_وەزیر_و_پەرلەمانتار

بەرەو کوێ دەڕۆین؟

سوپاس بۆ سایتی سبەی

وتارەکە لەم لینکەدا هەیە
https://www.sbeiy.com/Dreje_birwra.aspx?jimare=2234

بەرەو کوێ دەڕۆین؟

دۆخەکە ئاڵۆزە و پێشبینی کردن لە وەها بارێکدا کارێکی ئاسان نیە، بەڵام ئەگەر سەرنج لەسەر ئەو پەرەسەندنانە بدەین دەکرێ هەندێ خاڵ بۆ بیرکردنەوە و گفتوگۆکردن بخرێتە روو:

یەکەم: چاوەڕوان ناکرێ پێکدادانی گەورە و راستەوخۆ بە بەکارهێنانی چەکە پێشکەوتووەکانی هەردوو وڵات ئەنجام بدرێ، چونکە ئەمە دۆخی ناوچەکە بە تەواوی دەخاتە بەردەم مەترسی گەورە کە کاریگەری گەورەی لەسەر ئاسایشی جیهان و ئاسایشی وزەی جیهان دەبێ کە ئەمەش نە ئەمریکا دەیەوێ بیکات و نە ئێران و نە هیچ وڵاتێکی دیکە.
دووەم: کوشتنی قاسم سولەیمانی پەرەسەندنێکی مەترسیدار بوو، شکاندنی شکۆی ئێران بوو لەو ناوچەیە. بەڵام بۆ ئێران هەندێ قازانجی کاتی و لاوەکی تێدایە. ئەو دەرفەتە کرایە بۆنەیەکی مەزهەبی نیشتیمانی گەورە بۆ کۆکردنەوەی شیعەکان و مەراسیمی ناشتنی بە جۆرێک پیرۆزە و گەورە کرا کە بۆ هیچ کام لە ئیمامەکانی عەلی و حوسەین و فاتیمەش ( رەزایان لەسەر بێ) مەراسیمی ناشتنی ئاوا نەکراوە. سەرنجی خەڵکی ئێرانی لەسەر کێشە ناوخۆییەکان بە لایەنی کەم زۆرینەیەکی دیار لابرا و خرایە سەر دوژمنێکی دەرەکی.
سێیەم: ئەو هێرشەی شەوی رابردووی ئێران بۆ سەر هەندێ بنکەی سەربازی ئەمریکی لە عێراق، کە پێشتر عادل عەبدولمەهدی لێ ئاگادار کراوەتەوە و کاتی ئەوەش دراوە تا ئەویش بە ئەمریکییەکان بڵێ تا هێرشەکە کەمترین زیانی لێ بکەوێتەوە، گوایە تۆڵەیە و لە ناوخۆی ئێران وەکو ئاهەنگی تۆڵەکردنەوەی سولەیمانی ناسێندرا. ئەم هێرشە بۆ رازی کردنی شەقامی ئێران و بەرزکردنەوەی شکۆی شکاوی ئێران پێویست بوو. بەیاننامەکەی سوپای پاسداران کە باس لەوە دەکات ئەمریکا پێویستە هیچ کاردانەوەیەکی نەبێ، مانای ئەوەیە کە ئەوان بەو هێرشە دڵیان داکەوتووە و تۆڵەی خۆیان کردەوە. هەروەها وەزیری دەرەوە زەریف بە روونی گوتی کرا و بڕایەوە: تۆڵەیەک بوو کرایەوە و ئێران مەبەستی گرژی زیاتر یان شەڕ نیە بەڵکو تۆڵەیەکی پێویست بوو کە دەبوایە بکرێتەوە. تویتە خێرایەکی ترەمپ کە باسی لەوە کرد کە دۆخەکە باشە و دواتر قسەی دیکەیان دەبێ هێمای ئەوەی تێدایە کە دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز ناکەن و ئەو حەقە بە ئێران دەدەن کە شکۆی بریندار و شکاوی خۆیان تیمار بکەنەوە. لە بیر نەکەن راستە هێرشەکە لە رووی مرۆییەوە زیانی گەورەی لە ئەمریکا نەداوە بەڵام بۆ پێگەی ئێران بەرامبەر بە ئەمریکا و بۆ ناوخۆی ئێران ئەمە رووداو و هێرشێکی گەورەیە.
چوارەم: بە لای زۆر خەڵک رەنگە ئەو هەنگاوانە سەرەتای شەڕ بێ، بەڵام پێدەچێ شەڕەکە بە مانای رووبەرووبوونەوەی گەورەتر لێرەدا کۆتایی هاتبێ و هیچ کام لەو دوو وڵاتە لەوە زیاتر دۆخەکە ئاڵۆزتر نەکەن. چاوەڕێ ناکەم ئەمریکا کاردانەوەی توندی بەرامبەر بەو هێرشانە هەبێ چونکە ئەمریکا هێشتا لەو دۆخەدا براوەی گەورەیە و ئەو مافەش بە ئێران دەدات کە وەکو دۆڕاوی نێو هاوکێشەی سفری لەو دۆخە ئاڵۆزە نەیەتە دەرەوە...
بە کورتی دۆخەکە بەرەو هێور بوونەوە دەچێ و شەڕی دەستەو یەخە چاوەڕێ ناکرێ روو بدات چونکە هەردوو لایەن هی ئەوە نین دەستی یەکتری 
بە توندی با بدەن.

https://www.facebook.com/HemnMeranyOfficial/?ref=bookmarks

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...