Sunday 11 December 2016

قوباد تاڵەبانی لە هارد تۆک, ستیڤن لە جیاتی هەموومان پرسیارەکانی کرد




بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی ٧ ی دوانزە بەشداری بەرنامەیەکی زۆر گرنگی کەناڵی بی بی سی کرد کە ناوی هارد تۆک HardTalk ە و یەکێک لە پێشکەشکار و رۆژنامەنووسە بەناوبانگەکانی بەریتانیا، ستیڤن ساکەر Stephen Sackur، پێشکەشی دەکات.
لە خوارەوە لینکی بەرنامەکە بە تەنیا دەنگ بۆ ئەوەی لە دەرەوەی بەریتانیان و دەنگ و رەنگیش بۆ ئەوانەی لە بەریتانیا دەژین هەیە چونکە بەرنامە تەلەفزیۆنیەکە تەنیا لە بەریتانیا دەکرێتەوە.
بەرنامەکە یەکجار گرنگ بوو، ئەمانەی خوارەوە سەرنجی بەندەن:
یەکەم: لەو بەرنامەوە دەسەڵاتدارانی کوردستان و خەڵک دەبێ بزانن کە ئێمە لە دوورگەیەکی داخراو ناژین کە خەڵک ئاگای لێ نەبێ چی دەکەین و چ روودەدات، ئەو پرسیارانەی ستیڤن لە کاک قوباد ی کرد پرسیاری خەڵکی کوردستان و خوێندەوار و نەخوێندەواری کوردن و ستیڤن وەکو کوردێکی یەکجار شارەزا لە دۆخی ناوخۆیی و هەرێمی هاتە بەرچاو، بەڵام وەکو کەسێکی ئازا کە میوانەکەی بخاتە کونجی زۆر تەسکەوە کە ناچاری بکات شت بڵێ، رەنگی تێک بچێ و زمانی جەستەی بگۆڕێ. واتە هۆشیار بن چیتر ناتوانن وەکو نەعامە سەرتان بخەنە ژێر زەوی و جەستەشتان لە دەرەوە بێ.
دووەم: کاک قوباد وەکو کەسێکی لێهاتوو بەرگری خۆی کرد، دیبلۆماسیانە هەوڵیدا بەرگری لە زۆر شت بکات، هەرگیز وەکو کەسێکی حزبی یەک سەرنجی نەگوت کە گوزارشت لە پێگەی جیاوازی یەکێتی بکات، لەمەدا خۆشحاڵ بووم و دەست خۆشیم بۆی هەیە، بەڵام دۆخی ناتەبا و پڕ کێشەی سیاسی و ئیداری و ئابوری کوردستان بەڕێز تاڵەبانی خستە کۆمەڵیک پێگەی زۆر ناخۆش کە کەس ناتوانێ بەرگری لێ بکات، بە تایبەت لە بەرامبەر پیاوی وەکو ستیڤن.
سێیەم: ستیڤن پرسیارەکانی یەکجار فرە بوون، زۆر باش خۆی ئامادە کردبوو، و دەیان راپۆرتی خوێندبۆوە و دەیان دیمانە و وتاری بینیبوون.


ستیڤن لەسەر ئەم پرسانە بەڕێز تاڵەبانی خستە گۆشەی ناخۆشەوە:
- پرسی ئەو راپۆرتانەی بڵاو کراونەتەوە گوایە پێشمەرگە گوندە عەرەب نیشینەکانی بەر دەستی داعش خاپور دەکات بە بلدۆزەر دوای رزگارکردنیان کە هەندێ رێکخراوی نێو دەوڵەتی وەکو تاوانی جەنگ باسی دەکەن.
- پرسی جیاوازی لە نێوان پارتی و یەکێتی دەربارەی سەربەخۆیی کوردستان، لایەنی کەم لە زمانی دەربڕین و شێوازی بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە. نەبوونی یەکڕیزی لە سەر پرسی سەربەخۆیی هەرچەندە کاک قوباد زۆر لۆجیکانە قسەی لەو بابەتە کرد و باسی لەوە کرد کە عێراق وەکو دەوڵەت فەشەلی هێناوە لە حوکمڕانی کردنی خەڵک و پرسی سەربەخۆیی پرۆسەیەکی درێژەوە و دەستی پێکردووە. گفتوگۆش لە گەڵ بەغدا لەسەر ئەم بابەتە دەستی پێکردووە.
- فەشەلی حوکمڕانی لە کوردستان لە ئەنجامی باڵا دەستی حزب و وێرانکردنی کەرتی گشتی بە دامەزراندنی ئەو هەموو خەڵکە یەکێکی دیکە بوو لەو تەوەرانە. باسکردن لە ١.٤ ملیۆن موچە خۆر و خەڵکی دوو و سێ موچە و بندیوار بابەتی گەرمی ئەو گفتوگۆیە بوون.
ستیڤن بە بەڕێز تاڵەبانی گوت کە ئەو هەموو بندیوار و موچە خۆرە زۆرە کە تەنانەت لە نێو پێشمەرگەش هەیە، بەرەنجامی ئەو حوکمڕانیە خێڵەکیەیە کە ئێوە کوردستانتان لە ماوەی رابردوو پێوەی بەڕێوە بردووە و هیچ هەنگاوێکی راستەقینەتان بۆ چاکسازی و بە دامودەزگایی کردن نەناوە. کاک قوباد کۆمەڵێک پلان و بەرنامەی ریزکرد گوایە حکومەت لە گەڵ بانکی دەولی هەیەتی بۆ چاکسازی لە کەرتی گشتی، جێگەی دڵخۆشین بەڵام لە نەبوونی ئیرادەی راستەقینە و بوونی کۆت و بەندی حزبی لە بەردەم دامەزراوە دەوڵەتیەکان کە لاواز و شپرزەن، ئەو بەرنامانە تەنیا وەکو پلان دەمێننەوە.
ستیڤن قسەکانی بەرهەم ساڵح دێنێتەوە کە باس لە بوونی گەندەڵی بەرفراوان دەکات لە حکومەت. لە بەرامبەردا بەڕێز تاڵەبانی دەڵێ
"بەرهەم هاوڕێیە و دوو جار سەرۆک وەزیر بووە و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە، زۆر خەڵک هەن قسە دەکەن و رەخنە دەگرن لە کاتێک خۆیان لە دەسەڵات بوون، دەیانتوانی کاری باشتر بکەن بۆ ئەوەی دۆخەکە بە ئەمڕۆ نەگات"
ستیڤن دەڵێ باوکیشت یەکێک بوو لەوان!
قوباد دەڵێ من ناگەڕێمەوە بۆ دواوە، من ئەمڕۆ ئیشم هەیە و دەبێ بیکەم.

دەربارەی پرسی رێگریکردن لە گەڕانەوەی سەرۆکی پارلەمانی کوردستان بۆ هەولێر لە لایەن هێزەکانی پارتییەوە، ستیڤن دەڵێ ترس نیە لە گەڕانەوە بۆ دۆخی شەڕی ناوخۆیی؟
قوباد دەڵێ:
کێشە و ناتەبایی سیاسی لە ئاستێکی بەرزدایە بەڵام ترسی ئەوەمان نیە کە بگەڕێینەوە بۆ دۆخی شەڕی ناوخۆ و دۆخی نەوەدەکان
ستیڤن دەڵێ:
تۆ لەمەدا دڵنیایی؟
قوباد: بەڵێ دڵنیام چونکە خەڵک ئەمە قەبوڵ ناکات و کۆمەڵگەکەمان ئەو دۆخەی تێپەڕاند.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئەرێ بە راست دۆخەکە بۆ شەڕ و ناتەبایی و دابەشکاری ئامادە نیە؟ ئەرێ بە راست کۆمەڵگەی کوردستان و خەڵک ئەو دۆخەی تێپەڕاندووە؟

قوباد دەڵێ لە نەوەدەکان کۆمەڵگەی کوردی زۆر بە سەربازی کرابوو، ئێستا پێشمەرگەکانمان لە شەڕن دژی داعش بەڵام کۆمەڵگە گۆڕاوە. دەربارەی ناکۆکی نێوان هێزە سیاسییەکان، بەڕێز تاڵەبانی دەیەوێ نمونە بە وڵاتانی دیکە و دۆخی نێوان دوو حزبە سەرەکییەکەی بەریتانیا و دیبەیتەکانی ناو پارلەمان بێنێتەوە، بەڵام ستیڤن دەڵێ ئێمە لە بەریتانیا ئەزموونمان نیە کە دوو حزبی سەرەکی شەڕی یەکتریان کردبێ، ئێوە هەتانە و دەبێ وریای ئەمە بی!
دەربارەی پرسی سەربەخۆیی و هەڵوێستی وڵاتانی دەوروبەر و دونیا ستیڤن دەڵێ:
ئەمریکا و ئێران و تورکیا حەز بە سەربەخۆیی کوردستان ناکەن، ئێوە هەمیشە لە ژێر رەحمەتی دراوسێکان و هێزە نێودەوڵەتیەکان بوون
قوباد: ئەمە راستە، بەڵآم ئێمە بەشێکین لە عێراق و گفتوگۆ بۆ سەربەخۆیی لە گەڵ عێراق دەکەین، ئەگەر گەیشتینە رێکەوتن، کەسی دیکە بۆی نیە دژ بێ یان لە گەڵ بێ.
ستیڤن: ئەمە تەنیا بە شێوەی ئایدیالی راستە، لە واقیع ئێران هەرگیز ئامادە نیە دەستەوەستان بێ و ئێوە ببنە دەوڵەت
قوباد: دەیبینین!

بە گشتی بەرنامەکە زۆر بە لەزەت بوو، سەرکردە و سیاسییەکانی کورد لەمەولا دەبێ وریا بن کە رووبەرووی پرسیاری ئاوا راشکاو دەکرێنەوە لە لایەن رۆژنامەنووسە نێودەوڵەتییە راستەقینەکان، هەڵبەت ئەوانە نا کە یان زەوی یان پارەیان پێ دراوە بۆ ئەوەی تەنیا ئەو پرسیارانە بکەن کە سیاسییەکان مەبەستیانە.
ستیڤن ساکەر وەکو هەمیشە نمونەیەکی یەکجار راشکاو و ئازا و پڕ زانیاری رۆژنامەنووسی پێشکەش کرد، رەنگە بەلای هەندێ خەڵک تەنانەت وەکو دادوەری کردن بێتە بەرچاو بە جۆرێک زمانی جەستەو باری دەروونی کاک قوباد بە تەواوی گۆڕا و شڵەژا.

بەرنامەکە تەنیا بە دەنگ بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی بەریتانیان

بەرنامەکە بە دەنگ و رەنگ بۆ ئەوانەی لە بەریتانیا دادەنیشن:

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...