Tuesday 20 September 2016

چەند عەیارە ئەو نەوتە!!



هێمن میرانی

سەیربکەن نەوت چ بەکارە لە کایەی سیاسی کوردستاندا...

پارتی و یەکێتی پێکهێنا،

تا چەند ساڵ پێکەوە وەکو برا داهاتەکەیان بەشکرد،

تا لە پڕێکا کێشە لەسەر بەش دروست دەبێ.

نەوت بودجەی لەسەر خەڵکی کوردستان، لە سەر دەسەڵاتداران نا، بڕی.

نەوت فرۆشرا بە سەربەخۆیی، بەڵام کوردستانی خستە ژێر قەرزەوە، وەکو ئەوەی کڕدرابێ،

نەوت، حکومەتی کوردستان ( لایەنی کەم بەشی پارتی ) و تورکیای کردە برای شیری.

نەوت هێرۆ خان و کاک نەوشیروانی پێکهێنا، دوای ئەوەی کاکە نەوە خەڵکی فێرکرد هەرچی قسەی سووکە بە ماڵی مام و یەکێتی بڵێن، لایەنی کەم لە نێو ماڵی خۆیان لە سنووری سەوز.

نەوت ئەمجارە هێرۆخان و ماڵی بارزانی کردەوە نەیار، پاش چەندین ساڵ شەریکە بەشی،

نەوت ئەمجارە کاک کۆسرەت و سەنگاوی لە بێ بەشیان زویر کرد

نەوت لە نێو پارتیش، بە هۆی کەمبەشی هەندێ خەڵک و لایەن، جار جارە لە سایت و پەیجی سێبەردا پێکدادان لە نێو پارتیەکان دروست دەکات.

نەوت چەندین رۆژنامەنووسی کڕی، چەندین سەنگەری بە خەڵک گواستەوە.

نەوت موچەی لە سەر مامۆستایانی زانکۆ بڕی و دوای دوو دەیە لە بێدەنگی، ناچاری کردن هەڵوێست وەرگرن، لایەنی کەم لەبەر موچەی خۆیان!!!

نەوت نەجمەدین کەریمی لە نەیاری سەرسەختی ماڵی بارزانیەوە کردە دۆست.

نەوت حەیدەر عەبادی و نێچیرڤانی کۆکردەوە ئەگەر چی ئەوەی دووەم هەر دەڵێ ئەوەی یەکەم نانی بڕیووین و " پورەشی نیە و موفلیسە".

نەوت کوردستان و خەڵکی هێنایە سەر ساجی عەلی

ئۆپۆزیسیۆنی بەهێز، و مانەوەی بارزانی دوای تەواوبوونی وادەکەی و کوشتنی رۆژنامەنووسان و حکومەتی بێخێر، نەیانتوانی شەقامی کوردی دژی گەندەڵی بجولێنن، دوور نیە نەوت ئەمجارە ئەو میللەتە خەوتووە بەخەبەر بکاتەوە،

بەعس و داعش و مالیکی و عەبادی سەری کوردیان پێ نەخورا، دوور نیە نەوت بیخوا.

Friday 2 September 2016

بەیاننامەکەی ناوەندی بڕیاری یەکێتی چیمان پێ دەڵێ؟ کۆمەڵێک پرسیار و سەرنج بۆ ئێمە و ئەوان!

هێمن میرانی


دوێنێ شەو سەعات یەک بەیاننامەکەم خوێندەوە، پاش ئەوەی لە ئیش هاتمەوە. چەند جارێکم خوێندەوە چونکە تۆزێک زیرەکانە نوسراوە، سەرەتاکەی زۆر توند و لە کۆتاییەکەش بە زمانێکی دیکە نوسراوە. قسەم لەسەر ئەو بڕگانە نیە کە پەیوەندی بە ناوخۆیی یەکێتیەوە هەیە، ئەمە پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە، بەڵام بەشێکی زۆری رستەکان کە من لێرە هەندێکیان دەنووسم پەیوەندیان بە ژیانی هەموومانەوە هەیە، بە ژیانی من و منداڵەکانم، دایکم و باوکم و کەسو کارم و ئایندەی وڵاتەکەم. بۆیە بە مافی خۆمی دەزانم لە دوای خستنە رووی رستەکان، پرسیار لە بەڕێزەکانی ناوەندی بڕیار و باڵی هێرۆخان و خەڵک و حکومەت و پارتی بکەم و سەرنجەکانی خۆم بنووسم.

سەرنج بدەنە ئەم رستانە:
- و برسیكردن و
- بۆ تاڵانی نەوت و هەڵوشینی سەروەت و سامانی خەڵك و برسیكردنیان
- لەكۆمەڵێ سیاسەتی چەوت، بۆ بەتاڵانبردنی سامانی گشتی و بڕینی مووچەی فەرانبەران و هێزی پێشمەرگەی كوردستان
- بەشداربووی تاڵانی سامانی وڵات وبڕینی مووچەو نانی خەڵك
- ڕێگرتن لە بەتاڵانبردنی سامانی وڵات
- ڕەچاوكردنی شەفافیەتی ڕاستەقینە لەبواری داهات و خەرجیدا، بەتایبەتی لە بواری نەوت بەهەموو قۆناغەكانیەوە.

وێنەیەک لە بەیاننامەکە


پرسیار و سەرنجەکانی بەندە ئەمانەن:
یەکەم:
دەستەواژەی برسی کردن مانای ئەوە دەگەیەنێ کە سیاسەتێک هەیە کار دەکات بۆ برسی کردنی خەڵک. لێرەدا ئەو برادەرانە ئەوەندە بوێر نەبوونە روونتر قسە بکەن. مەبەست لەو سیاسەتە کێیە؟ حکومەتی عێراقە؟ یەکێتی - یان گروپی پاوانکاری ناو یەکێتی چ دەوریان لەو سیاسەتە هەبووە و هەیە؟ یان ئایا مەبەست حکومەتی هەرێمە کە پارتی و گروپی پاوانکاری ناو یەکێتی بەڕێوەی دەبەن بەو پێیەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی نوێنەرایەتی یەکێتی دەکات لە حکومەت. خەڵک مافی خۆیەتی بپرسێ کە کێ برسی دەکات، لە بەرچی و لە پێناوی چی؟ میدیا و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و موچە خۆرانی کوردستان حەق نیە تەنیا شتەکان بخوێننەوە و لەسەریان نەوەستن، ئەو بەیاننامەیە زۆر شتی گوتووە کە ئێمە دەبێ بەدوایدا بچین و داوای مافی خۆمان بکەین. بۆ برسی دەکرێین؟ گروپەکانی فشار لە کوردستان دەبێ بە توندی لەسەر ئەو بابەتە بوەستن.
دووەم:
 ئەم دەستەواژانە چەند جار بەکار هێندراون " تاڵآنی نەوت و هەڵوشینی سامانی خەڵک، بە تاڵآنبردنی سامانی گشتی، بەشداربووی بەتاڵان بردنی سامانی وڵات" پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەوە کێیە سامانی نەوت و وڵات بە تاڵان دەبات؟ ئایا ئەوەی پێی دەگوترێ نەوت فرۆشتن و ئابوری سەربەخۆ لە رێی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە دەرەوەی بەغدا، تاڵانکردنی سامانی وڵاتە؟ ئەو بەڕێزانە چۆن بەو ئەنجامە گەیشتوون؟ تاڵآنچی کێیە کە 'گروپی پاوانکار'ی ناو یەکێتی بۆتە شەریکی؟ لێرەدا خەڵک دەبێ رووی دەمی لە پارتی و گروپی پارتی لە نێو حکومەت بێ کە ئەو بەیاننامەیە بە تاڵانچی نەوت و سامانی گشتی وەسفیان دەکات و لە کۆتاییشدا بەیاننامەکە تێدەکۆشێ بۆ " ڕەچاوكردنی شەفافیەتی ڕاستەقینە لەبواری داهات و خەرجیدا، بەتایبەتی لە بواری نەوت بەهەموو قۆناغەكانیەوە"بەو مانایەی ئەوەی هەیە سیاسەتێکی ناشەفافی نەوتە.
کۆمێنتی بەندە
یەکەم:
خەڵک گومانی هەیە کە پرسی موچە و نیو موچە بۆتە بابەتێکی سیاسی و پارتی ویەکێتی بە پلەی یەکەم لێی بەرپرسیارن. زۆر چیڕۆک دەگوترێ لە نێو خەڵک، میللەت مافی خۆیەتی پرسیار بکات و داوای سەرەتاییترین مافی خۆی بکات کە موچەیە بەرامبەر بە کارەکەی. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە ئەو بەڕێزانەی نێو ناوەندی بڕیاری یەکێتی دوو هەرزەکار و تازە سیاسی نین کە بۆ خۆ هەڵکێشان و ناودەکردن قسە و بەیاننامە فڕێ بدەن. ئەوان دوو سەرکردەی دیاری یەکێتی، کە هەردووکیان پێشتر بۆ چەندین ساڵ سەرۆکی حکومەت بوون و کاک کۆسرەت تا ئێستاش جێگری سەرۆکی هەریمەو ژمارەیەک سەرکردایەتی ئەزمووندار و دوو سەرۆکی پێشووی پارلەمانیان لە گەڵە. ئەوان خاوەن ئەزموون و زانیارین و لە خۆیانەوە شت ناخەنە بازاڕەوە. بۆیە خەڵکی کوردستان، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، مامۆستایانی قوتابخانەکان و مامۆستایانی زانکۆ و گروپەکانی دیکەی فشار و میدیا دەبێ ئەو بەیاننامەیە بکەنە سەرەتای چالاکی فراوانی مەدەنی لە دژی ئەوانەی خەڵک برسی دەکەن. دەبێ خەڵک بزانێ بۆ برسی دەکرێن و لە پێناوی چی؟ خەڵک کەم قوربانی داوە لە پێناوی ئەوەی ئەو دۆخە بێتە کایەوە، ئێستا پاداشتەکەی ئەوەیە برسی بکرێ؟ تکایە تەنیا باییانامەکان شەیر مەکەن، بیر بکەنەوە و تێ بگەن کە چی دەگوزەرێ لە وڵاتی ئێمە. ئەو بەڕێزانە تازە بەردێکی گەورەیان خستە قۆمێکی قوڵەوە و دەبێ بەرپرسیارێتی قسەکانیان هەڵگرن و بێنە ناو خەڵک و خاوەنداری لە رستەکانیان بکەن و روونکردنەوەی زیاتر بدەن، هەڵبەت ئەگەر راست دەکەن.
دووەم: خۆم وەکو لێکۆڵەرێک، ئاگادارم کە پرسی نەوت و داهاتی نەوت پرسێکی تاریکە لە کوردستان و گومانی گەورەی خراپبەکارهێنانی داهاتی نەوت هەیە. نەوت خۆی لە زۆر وڵاتی دونیا بۆتە بەڵا کە بە ئینگلیزی هەزارەها توێژینەوەی لەسەرە و پێی دەگوترێ نەفرەتی نەوت Oil Curse، لە سەرەتای پرۆسەی بە سەربەخۆ دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی کوردستان ئەو ترسە هەبووە و خۆم چەندین وتارم لەم بارەیەوە نوسیووە کە نەوت دەکرێ ببێتە خێر blessing دەکرێ ببێتە بەڵا و نەفرەتیش Curse. تا ئەو ساتە نەوتی کوردستان و بە سەربەخۆ دەرهێنان وفرۆشتنی بۆتە بەڵایەکی گەورە بۆ خەڵک و ژیانی رۆژانەی. هەڵبەت ئێمە بە بەڵگە و دروستی نازانین کە داهاتی نەوت چەندە و چۆن چۆنی کۆ دەکرێتەوە و خەرج دەکرێ. ناشزانین کە سیاسیە باڵادەستەکان چەندیان دەست دەکەوێ لەو بازرگانیە و ئەو تاڵانیە تا چەندی راستە و لە چ ئاستێکە. بەڵام بەو بەیانامەیە من خۆم باوەڕم کرد کە تاڵآنی هەیە، چونکە وەکو باسم کرد ئەو بەڕێزانەی بەیاننامەکەیان نوسیووە کەسانی ئاگادار و بەرپرسن. لەوەش ئاسانتر چونکە داهاتی نەوت و پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت لە ژێر چاودێری هیچ دەزگایەکی نیشتیمانی نیە و تەنیا گروپێکی داخراو دەزانن کە چی دەگوزەرێ. لە باری ئاواشدا لە کەنەدا و وڵاتانی ئەوروپاش بێ تاڵانی روو دەدات.
 ئێستا کاتی ئەوەیە خەڵک و گروپەکانی فشار و کۆمەڵی مەدەنی و فەرمانبەران پرسیار بکەن کە تاڵانچیەکان کێن؟ چۆن و لە چ ئاستێک نەوت و سامانی گشتی تاڵان دەکەن لە کاتێک خەڵک برسیە و فەرمانبەر سەرەتاییترین مافی پێ نادرێ و پێشمەرگە کورستان دەپارێزێ بە موچەیەکی کەم.
بەیاننامەکە دەکرێ سەرەتای قۆناغێکی نوێ بێ لە فشاری مەدەنی بۆ حوکمڕانیەتێکی باشتر لەوەی ئێستا، بۆ دژایەتی کردنی پاوانکاری و گەندەڵی، بۆ ئەوەی سامانی گشتی کوردستان بۆ خەڵک بێ..
#یەکێتی #ناوەندی_بڕیار #کوردستان #PUK #Kurdistan

بەغدا و سەربەخۆیی...سەرنجی خێرا بۆ وردبوونەوە و گفتوگۆ

هێمن میرانی
*دەبێ بچینەوە بەغدا بەڵآم نەک بۆ برایەتی کورد و عەرەب و عێراقێکی دیکە، بەڵکو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەوەی ببینە دوو دراوسێی چاک. چوونەوە بەغدا عەیب نیە تا ئەو کاتەی دیار دەبێ بابەتی چوونەکە چیە!

*بۆ سەربەخۆیی نابێ پرس بە بەغدا و کەسی دیکە بکرێ چونکە ئەوە مافی گەلانی کوردستانە و زیاتر لە ١٠٠ ساڵە تێکۆشان لەم پێناوە دەکرێ. ئەگەر تا ئەمڕۆ ئێمە دەوڵەت نین، لە بەر ئەوەی دۆخی ناوچەکە و سنوورە سەپێنراوەکانی دوای سایکس بیکۆ رێگر بوون، ئیدی سنوورەکان وەکو جاران نەما، بە دەستی ئێمەش نا بە دەستی خۆیان. ئیدی بۆ پێویست بێ دوای روخانی دەوڵەتەکەی داعش دووبارە سنوورەکان وەکو خۆیان لێ بێتەوە؟
* ئەگەر بوینە دەوڵەت چیمان بەسەر دێ؟ دەمرین لە برسان؟ ئێ دۆخەکە لەم دوو ساڵە خراپتر نابێ کە بەسەر کوردستان و خەڵکدا هاتووە. بۆیە خەڵک قوربانی داوە و ئامادەشە پشتگیری لە وەها پرۆسەیەک بکات.
* ئایا ئێران و تورکیا و عێراق هێزی سەربازی دێنن و هێرش دەکەنە سەر کوردستان و ئەزموونەکە لە بار دەبەن؟ ئەمە ناچێتە عەقڵ، خۆ ئەگەر بڕیا نەبوایە ئێمە بپارێزرێن، ئەوە رێگە دەدرا داعش بمانکاتە بەشێک لە دەوڵەتەکەی خۆی. ئەی مەترسی سەربازی چی هەیە؟ بە باوەڕی من تەنیا مەترسی شەڕی ناوخۆیی هەیە، ئەوەش لەبەر بەرژوەندی ئابوری سیاسییە باڵاکان کە بونەتە شەریکی نەوت و شتی دیکە، ئەگەرێکی دوورە.
*دەوڵەتانی ناوچەکە و زلهێزەکان بە ئاشکرا و نهێنی خەریکی گفتوگۆن دەربارەی میراتی ناوچەکە لە دوای داعش، کوردستانیەکان تەنیا خۆیان دەتوانن خەمی ئەوەیان بێ لەو داهاتە چیان دەست دەکەوێ. ئەوە پێشمەرگە خوێنی بەخشی و سنووری ئەو کوردستانەی دەستنیشان کرد، دە ئێوەی سیاسی پیاو بن و لەسەر مێزی گفتوگۆ مەیدۆڕێنن!
* پارتی و سەرۆک مەسعود بارزانی لە دوای هاتنی داعش لە هەموو خەڵک زیاتر دەنگیان دلێرە بۆ سەربەخۆیی. ئەوە ستایش نیە، فەرموون تەواوی دیمانەکانی بەڕێز بارزانی بخوێننەوە و ببینن کە لە ٢٠١٤ ەوە تا ئەمڕۆ لە گەڵ میدیای عەرەبی و رۆژئاوایی ئەنجامی داوە. ئەمە باشترین کارتە کە تەمەنی پارتی درێژ دەکاتەوە، وێڕای هەڵە سیاسییە ناوخۆییەکانی، و ئەو شانازیە مێژوویەی بۆ دەهێڵێتەوە. زەحمەتە هیچ حزبێک بوێرێ دژی سەربەخۆیی هەڵوێستی روون وەرگرێ، بەڵام لە رقی پارتی و خودی بارزانی، ئیدی سیاسەت ئەوەندە ناشرین بووە خەڵکێک لە نێو یەکێتی و گۆڕان شەرم لە شەهیدەکانی خۆیان و مێژووی خۆیان و تێکۆشانیان بۆ مافی چارەنووسی گەلەکەیان ناکەن و نەک تەنیا پشتگیری ئەو پڕۆژەیە ناکەن بەڵکو تا بۆیان بکرێ ئەگەر و گومان دروست دەکەن.
* ئەوەندەی من تێ دەگەم پارتی گەیشتۆتە خاڵی نەگەڕانەوە. بە جۆرێک کە گەڕانەوە لە پرسی سەربەخۆیی بە تەنیا ئەو دەرفەتە مێژووییە لە دەست کورد نادات، بەڵکو گورزێکی یەکجار گەورە لە خۆشی دەدات. خەڵکێکی زۆر گرەو لەسەر ئەوە دەکات کە پارتی ئەو بانگەشانە وەکو کارتی سیاسی بەکار دێنێ و راستگۆ نیە لە پرسی دەوڵەت و ریفراندۆم. هەڵبەت گومان خستنە سەر مافی میللەتی خۆمان بۆ سەربەخۆیی، کارێکی پوچە. ئەوەی لە رقی پارتی بیکات، بێ دەسەڵاتە و خۆ تڕاندنێکی خۆڕاییە. پارتی ئەگەر ئەم کارتەی سەربەخۆیی بدۆڕێنێ، ئیدی لە شانۆی سیاسی کوردستان کۆتایی پێ دێ و حەیای سیاسی دەچێ، کۆتاییەکی زۆر نائومێدکاری دەبێ. خۆ ئەگەر ئەمەشی بردە سەر و تەحەددای کێشە ناوخۆییەکانی کرد و بارزانی وەکو دەڵێن ئەگەر لە گوندێکیش بێ ئەو دەوڵەتەی راگەیاند، ئیدی هەمومان پارتین.
* ئایا ریفراندۆم پێویستە بۆ سەربەخۆیی، ئایا دەبێ پارلەمانی کوردستان بڕیاری وا بدات؟ ئەمانە هیچیان تاکە رێگە نین کە ئیدی چونکە پارلەمان لە کارخراوە ناتوانرێ ئەو پرسە بەڕێوە بچێ، چونکە کۆمیسیۆن ناتوانێ ریفراندۆم رێک بخات، ئیدی ناتوانین ببینە دەوڵەت. بڕۆن سەیری ئەزموونی گەلان بکەن کە چۆن بوونەتە دەوڵەت. دەوڵەت ئیرادە و بڕیاری سیاسی دەوێ و راگەیاندنەکەی وتەبێژێکی حکومەت دەتوانێ بەیاننامەکە بخوێنێتەوە. بۆیە دۆخی سیاسی ناوخۆیی کوردستان هەرگیز رێگر نیە لەوەی ئێمە ببینە دەوڵەت. ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوخۆ و گەڕانەوەی سەرۆکی پارلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان و موچەی خەڵک و ئەو شتانە ئەگەر بکرێن شتی زۆر چاک و باشن، بەڵام نەشکرێن رێگر نین لەوەی کوردستان نەبێتە دەوڵەت.
* دەڵێن ئەگەر پارتی لە دهۆک و هەولێر دەوڵەت رابگەیەنێ رەنگە برادەرانی یەکێتی و گۆڕان سلێمانی جیا بکەنەوە. ئەمە ئەگەرە، بەڵام ئەگەرێکی دوورە، چونکە جیای دەکەنەوە و دەچنە کوێ؟ دەبنە هەرێمێک لە عێراق؟؟؟ خەڵکی سلێمانی باوەڕ ناکەم بە شتی ئاوا رازی بن!! دەبنە دەوڵەتێکی جیاواز، ئەمە ناچێتە عەقڵ. کەواتە با هیوا بخوازین حزبەکان رێک بکەون کە هەموو پارێزگاکانی هەرێم لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە بن و سیستمی دەوڵەتەکە دواتر ببێتە فیدراڵی و هەر پارێزگایەک دەسەڵاتی سەربەخۆی تەواوی هەبێ بۆ کاروبارە ئیداری و ناوخۆییەکانی.
*رەنگە ئەگەر تا ئێرە تاقەتت هەبووبێ بخوێنیەوە، ئێستا بپرسی: ئەوە تۆ شێت بووی، بە راست ئێمە بەو دۆخە خراپەوە دەبینە دەوڵەت!!
وەڵام: نا نەخێر شێت نەبووم، ئامادەیی دۆخی ئابوری و سیاسی و چی و چی قسە کردنە لە سەر جۆر و باری دەوڵەتەکە. دەوڵەت راگەیاندن پەیوەندی بەوە نیە کە موچە هەیە یان نا، پارلەمان هەیە یان نا، سەرۆک هەیە یان نا، بەڵێ باوەڕی تەواوم هەیە کە ئەمساڵ ساڵی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستانە. خۆ ئەگەر ئەمە نەکرێ، وەکو ئەمڕۆ لێکۆڵەرێکی گەورەی کورد پێی گوتم، ئیدی کورد لە باشوری کوردستان هەرگیز نابێ چاوەڕێی دەوڵەت بێ.
وێنە: کاک سامان لە یەکێک لە هاوینەهەوارەکانی دهۆک گرتویەتی، سوپاسی دەکەم. لە دڵەوە هیوادارم، سەیران و منداڵەکان و خۆم ساڵی داهاتوو بێینەوە دەوڵەتی کوردستان، جا یا رەبی یەک دینار نابێ بیخۆم.

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...