Saturday 20 August 2016

سەربەخۆیی کوردستان لە راپرسیەکی زانکۆی ئەمریکی لە کوردستان – دهۆک



هێمن میرانی

سەنتەری ئاشتی و ئاسایشی مرۆیی لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان و پەیمانگەی راگەیاندن و توێژینەوەی سیاسی راپرسیەکەی گرنگیان ئەنجامداوە کە ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ سەرپەرشتی پرۆژەکەیان کردووە. راپرسیەکە یەکجار گرنگە و لە کاتێکی هەستیاردا ئەنجامدراوە کە کوردستان و ناوچەکە بە گۆڕانکاری گەورە تێپەڕ دەبن و خەڵکی کوردستان لە لایەک لە شەڕێکی گەورەدایە لە گەڵ داعش و لە ناوخۆش گیرۆدەی قەیرانی ئابوری و کێشەی ناوخۆیی سیاسی لە نێو حزبەکان و دامەزراوە نیشتیمانیەکانە و لە لایەکی دیکەش چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیە.

گرنگی ئەم راپرسیە لەوەدایە کە پرسی سەربەخۆیی کوردستان و ئەگەری ریفراندۆم دەخاتە بەردەم رای خەڵک لە ئانوساتێک کە حزبە سیاسییەکان هەر یەکەو بە گوێرەی بەرژەوەندی سیاسی و حزبی خۆیەوە ئەو پرسە شەن و کەو دەکات.

لە راپرسیەکە بە گشتی زۆرینەیەکی زۆر چاکی خەڵکی کوردستان ئامادەن بەشداری هەر جۆرە ریفراندۆمێک بکەن کە لە ئایندە بۆ پرسی سەربەخۆیی بکرێ وەکو لە خوارەوە دیارە. ئەو ژمارەی بەشداری دەکەن، زۆرینەیەکی زۆر چاکیان ئامادەن دەنگ بە سەربەخۆیی بدەن و لە نێو ئەو زۆرینەیە، هێشتا زۆرینە کاتەکە بە گونجاو دەزانن بۆ سەربەخۆیی و زۆرینەش ئامادەن بە بەڵێ دەنگ بدەن تەنانەت ئەگەر هەندێ حزب پشتگیری ئەو پرۆسەیەش نەکەن.

لە ئەنجامەکاندا وەڵامەکانی شاری سلێمانی و دهۆک جێگەی هەڵوەستەن و بە ئاشکرا رەنگدانەوەی ئەو دابەشکارییە سیاسییەن کە لە نێو خەڵکدا بەسەر حزبەکاندا هاتۆتە کایەوە. نە وەڵامەکانی دهۆک نیشانەی ئەوەن کە خەڵکی دهۆک لە هەموو خەڵک دەوڵەت ویستترن و نە ئەوانەی سلێمانیش مانای ئەوەیە کە خەڵکی سلێمانی حەزیان بە دروستی دەوڵەتی کوردی نیە. بە داخەوە هەڵوێستی حزبە سیاسیەکان لەسەر پرسە ناوخۆییەکان و پرسی ریفراندۆم و دەوڵەت ئەو دابەشکارییەی هێناوەتە کایەوە.

یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی نێو ئەو ئەنجامانە ئەوەیە کە زۆرینەی خەڵک لە گەڵ ئەوەن کە کوردستان دەبێ جیا ببێتەوە، دەڕۆنە راپرسی، بە بەڵێ بەشداری دەکەن، کاتەکە بە گونجاو دەزانن، و گوێ بە هەڵوێستی حزبی نادەن...

ئەم راپرسیە بەرچاوروونیەکی باشە، خۆ ئەگەر حزبەکان دابنیشن و رێکبکەون لەسەر نەخشە رێگایەک بۆ ئەو پرۆسەیە، ئامادەکاری کردن و وەرگرتنی هەڵوێستی روونی بەغدا، وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانی دەرەوە، بێگومان کاریگەری لەسەر هەڵوێستی ئەو خەڵکەی دیکەش دەبێ..

ئەنجامەکان لەوەشدا دڵخۆشکەرن کە وێڕای ئەو نەهامەتیانەی خەڵک بە هۆی قەیرانی داراییەوە لە لایەک و ئەو دڕدۆنگیە سیاسییە ناوخۆییەی دۆخی دەروونی خەڵکی ئاڵۆزتر کردووە، خەڵکی کوردستان بەرەو دەوڵەتچوون ناگۆڕنەوە بە گەڕانەوە بۆ بەغدا...

سەرکردایەتی سیاسی حزبەکانی کوردستان حەق وایە رێز لەو هەستەی خەڵک بگرن، حەق وایە سوود لەو دەرفەتە وەربگرن بۆ رێک کەوتن و وەڵامدانەوەی خواستی خەڵک بۆ ژیانێکی باشتر،بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە.

هەڵبەت راپرسییەکە پێویستی بە کاری زیاتر و بەدواداچوونی زیاتر هەیە بۆ نمونە لە پرسیاری ئایا کاتەکەی گونجاوە، دەبوایە پرسیاری دیکە هەبێ کە ئەوانەی بە نەگونجاوی دەزانن چ هۆکارێک بە رێگر دەبینن.

دەستت خۆشیم بۆ رێکخەرانی ئەو کارە گرنگە هەیە:

ئەمانەی خوارەوە وەڵآمی پرسیارەکانی راپرسیەکەن:



پرسیار: ئایا بەشداری ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکەیت؟

کوردستان بە گشتی: بەڵێ %83.1   و نەخێر %16.9

ئەنجام لە شارەکانی هەرێمی کوردستان:

هەولێر: بەڵێ %87.1   و نەخێر %12.9

سلێمانی: بەڵێ %68   و نەخێر %32

دهۆک: بەڵێ %96.6   و نەخێر %3.4

هەڵەبجە:  بەڵێ %84.3   و نەخێر %15.7



وەڵامی هاوڵاتیانی کەرکوک و دەوروبەری و ناوچە کوردستانیەکانی دەوروبەری موسڵ

بەڵێ %87  و نەخێر %13



پرسیار: ئەگەر بەشدار بوویت، دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان دەدەیت؟

کوردستان بە گشتی: بەڵێ %82.8   و نەخێر %17.2

ئەنجام لە شارەکانی هەرێمی کوردستان:

هەولێر: بەڵێ %86.9   و نەخێر %13.1

سلێمانی: بەڵێ %67   و نەخێر %33

دهۆک: بەڵێ %97.5   و نەخێر %2.5

هەڵەبجە:  بەڵێ %82.9   و نەخێر %17.1



وەڵامی هاوڵاتیانی کەرکوک و دەوروبەری و ناوچە کوردستانیەکانی دەوروبەری موسڵ

بەڵێ %89.4  و نەخێر %10.6





پرسیار: ئایا ئێستا کات گونجاوە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان؟

کوردستان بە گشتی: بەڵێ %66   و نەخێر %34

ئەنجام لە شارەکانی هەرێمی کوردستان:

هەولێر: بەڵێ %74.3  و نەخێر %25.7

سلێمانی: بەڵێ %45   و نەخێر %55

دهۆک: بەڵێ %83.2   و نەخێر %16.8

هەڵەبجە:  بەڵێ %50.7   و نەخێر %49.3



وەڵامی هاوڵاتیانی کەرکوک و دەوروبەری و ناوچە کوردستانیەکانی دەوروبەری موسڵ

بەڵێ %75.4  و نەخێر %24.6



پرسیار: وەکو هاوڵاتی، ئایا تۆ ئامادەی پشتگیری سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بکەیت، تەنانەت ئەگەر هەندێ حزبی سیاسی پشتگیری پڕۆژەی سەربەخۆیی کوردستان نەکەن؟

کوردستان بە گشتی: بەڵێ %78.9   و نەخێر %21.1

ئەنجام لە شارەکانی هەرێمی کوردستان:

هەولێر: بەڵێ %82.2   و نەخێر %17.8

سلێمانی: بەڵێ %61.5   و نەخێر %38.5

دهۆک: بەڵێ %96   و نەخێر %4

هەڵەبجە:  بەڵێ %82.1   و نەخێر %17.9



وەڵامی هاوڵاتیانی کەرکوک و دەوروبەری و ناوچە کوردستانیەکانی دەوروبەری موسڵ

بەڵێ %83.1  و نەخێر %16.9







تێبینی: ئەم لینکەی خوارەوە پرسیارەکانی دیکە و وردەکاری راپرسیەکەی تێدایە:http://www.kurdistan24.net/resources/files/Setting/MobileApp/ئه-نجامه-كانی%20ڕاپرسی%20بۆ%20گشتپرسی%20له-سه-ر%20سه-ربه-خۆیی.pdf

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...