Tuesday 21 May 2013


بۆ کێی دەکەی کاکی گەنج

هێمن میرانی

بەڕێز وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی  پارتی لە سلێمانی گۆمەکەی شلەقاند و پەیجەکانی پارتی و یەکێتی لە فەیس بووک بە شوێنی تێکدانی سایکۆلۆجیای خەڵک لە لایەن کەسانی بێ ئیشەوە شوبهاند. لە راستیدا:
١- بەشێکی زۆری ئەو پەیجانەی فەیس بووک بەوانەی ئەو بەڕێزە ناوی بردن و چەندانی دیکەش کە وەکو بڵندگۆی ئۆپۆزیسیۆن خۆیان نمایش دەکەن، کاریگەری زۆر خراپیان لەسەر میزاج و سایکۆلۆجیای خەڵک هەیە، رقی خەڵک بەرامبەر بە دەسەڵات، حزبەکان و بەرپرسەکان تا دێ ئەستوور دەکەن، بە جۆرێک کوردستانی نێو فەیس بووک بۆ دوو زۆنی تەواو دژ بە دابەش بووە.
٢. ئەو گەرموگوڕیەی پارتی و یەکێتی کە ئەو بەڕێزە باسی دەکا ئەو کاتە راست بوو ئەگەر ئەوانەی ئەو پەیجانەی فەیس بووک بەڕێوە دەبەن وەکو سایتی ویکلیکس یان گروپی ئەنۆنیمەس نا دیار و نە ناسراو بوان.
 برادەر:
 ئێوە بەس ماوە لق و مەڵبەندێک بۆ فەیس بووک دابنێن! وەکو من زانیاریم هەیە لێشاوێک خەڵکتان بۆ چەواشەکاری رەوانەی ئەو فەیس بووکە کردووە، هەڵبەت مەبەستم هەمووتانە، حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات.
ئێوە ( پارتی و یەکێتی ) لە رێی ئەو پەیجانەوە کە بە تەواوی دیارە لە کوێوە ئاراستە دەکرێن و کێ کۆبوونەوەیان پێ دەکا و کێ موچەیان دەداتێ. ئەوانەی دیکەش کە دەیان پەیجیان بۆ پشتیوانی لە ئۆپۆزیسیۆن یان هەندێ جار تەنیا ناشرین کردنی دەسەڵات و رەمزەکانی داناوە.
برادەر:
ئێوە تەنیا کۆڵانەکانتان بەو هەموو بارەگا و سەرباز و موناسەبانە ناشرین نەکردووە، ئێوە هەموو شوێنێکتان ناشرین کردووە. شوێنێکتان نەهێشتۆتەوە مرۆڤ باسی شتێک بکات سیاسەت نەبێ. ئاخر کێ ئەم قسەیەت لێ دەکڕێ کە ئەو پەیجانە خەڵکی بێ ئیش بەڕێوەیان دەبات؟ ئەشهەدوو سایکۆلۆجیای خەڵکتان تێک داوە!
کاکی خۆم:
هێشتا ئەوانەی لە شەستەکانەوە شەڕی یەکتریان کرد تا ١٩٩٨ لە ژیاندان و لەسەر کورسین جا لە دەسەڵات بن یان لە گردەکە. پارتی بن یان یەکێتی و گۆڕان. ئەوانە چۆن وا بە سانایی پاک دەبنەوە و ئەو مێژووە پڕ لە رق و قینە لە بیر دەکەن.
عەیبە گەورەکە ئەوە نیە کە ئەوانە پاک نابنەوە و فێری سیاسەتی سەردەمی شار نابن، شەرمەکە ئەوەیە نەوەی نوێشیان تێکەڵێ ئەو شتە ناشرینانەی خۆیان کردووە و حاشاشیان لێ دەکەن.
 نەوەی دوای راپەڕین چو زانێ ئێوە جاشایەتیتان بۆ کێ کردووە؟ ئێوە بۆ ئێران چەند کورد و بۆ تورکیا چەند کورد و بۆ سەددام چەند کوردتان بە کوشت داوە و ناوتان لە هەمووشیان ناوە شەهید! ئێوە خۆتان لە کۆبوونەوە نهێنیەکانتان ئەو مێژووە ناشرینانەتان بۆ نەوەی نوێ باس دەکەن و هانیان دەدەن لە فەیس بووک سایکۆلۆجیای خەڵکی پێ تێک بدەن!
ئاخر مرۆڤ لە کاتەدا دەبێ بە وەڵآم بێ کە خەریکە نەوەی نوێ دەسوتێنن و پڕتان کردووە لە رق و کینە، وەکو پەلەمز لە کۆبوونەوەکانتان، لەسەر تەلەفزیۆن، لە وتارەکانتان پەمپیان دەدەن و پەمپیان دەدەن. دواتر دەڵێن " ئەوە خەڵکە وا دەکا، ئەگەر دادگا هەبێ ئێمە بێ تاوانترین کەسین"
برای گەنج... کاکی فەیس بووکچی:
 کە دەیان ئەکاونتت بە ناوی خوازراو داناوە بۆ پشتگیری کردن یان جنێو دان بەم و بەو، سەیر کە... سەرنج بدە، جوان حاڵی بە و بیر بکەرەوە.. ئاوا سیاسیەکان یاری بە عەقڵتان دەکەن، لە کۆبوونەوەکان هانتان دەدەن و دواتریش بە گێرە شێوێن و بێ ئیش و تێکدەر ناوتان دەبەن.
کاکی گەنج:
 وەرە هەتا دەستت دەڕوا ئەو دوو دینارە فڕێ بدە کە بەو بێ شەرمیە پێتی دەدەن، ئەو ناوبانگ و دەست لە پشت دانە درۆیینەت نەوێ.
کاکی گەنج:
 وەرە ببە کوڕی وڵاتی خۆت نەک کوڕی ئەم و ئەو، ئەوەی پێ گوتی جنێو بە فڵانە حزب و سەرکردە بدە، ئەکاونتی ساختە دروست بکە، لێی قەبوڵ مەکە و بڕۆ ناو چاوی.
وەرە کاکی گەنج ئێمە هەموو شتمان بە رق و کینە دۆڕاند، ئەو سیاسیە بیر تەسک و درۆزنانە بەرەو هەڵدێرت دەبەن، خۆت لەو کۆت و بەندانە رزگار بکە و ئەکاونت و پەیجە جنێو فرۆشەکەت داخە. بۆ کێی دەکەی؟تۆ جنێو دەدەی و ئەوان دەیخۆن ( یان روونتر بڵێم دەیدزن). بۆ کێی دەکەی کاکی گەنج...
www.facebook.com/hemn2011

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...