Friday 31 March 2017

بەهای ئاشتی و تێچووی شەڕ


هێمن میرانی


ئێمە لە کوردستان هەموو حاڵەتەکانمان دیووە، شەڕی حکومەتی عێراق و شەڕی ناوخۆ و لێکەوتە خراپەکانیشمان دیت بەڵام پێ دەچێ زۆر بە ئاسانی لە بیرمان کردبێ. وێرانبوونی سوریا و بەشێکی باشی عێراق و شارە کوردییەکانی باکوری کوردستان و لیبیا و یەمەن بە چاوی خۆمان دەبینین کەچی پێ ناچێ باش تێ بگەین یان نامانەوێ تێ بگەین کە شەڕ و توندوتیژی چەند گرانن لە رووی مرۆیی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە و ئاشتی چەند گرنگ و چ جۆرە دەستکەوتێکی گەورەیە.
راستە ئێمە خەونمان ئەوە بوو کە دامودەزگای دیموکراسی لە کوردستان بەهێز بکەین، کوالیتی خزمەتگوزاری گشتی بەرز بکەینەوە، رێزی جیاوازییەکانی یەکتر بگرین، سەرۆک و بەرپرسە هەڵبژێردراوەکان رێزی خۆیان و دەنگی خەڵک بگرن و لە دوای تەواو بوونی خولەکانیان بڕۆن و کورسییەکانیان چۆڵ بکەن. خەونمان هەبوو قوتابخانەکان رەنگاو رەنگ بکەین، زانکۆ بە ئەلیکترۆنی بکەین و نەخۆشخانەکان بکەینە شوێنی حەسانەوە بۆ نەخۆش نەک ئیهانەکردن. راستە خەونمان بوو جادەکانمان بەرین و بێ تاسە بن نەک پارەی رەنگکردنەوەی خەت و هێلەکانمان نەمێنی. ئەمانە هەمووی خەون بوون و دەکرێ ئێستاش کاریان بۆ بکەین، هیچ کاتێک درەنگ نیە بۆ راستکردنەوەی هەڵەکان و دەستپێکردنەوە. هەرگیز درەنگ نیە کە لە دوای کەوتن هەڵسیەوە و دەست پێ بکەیتەوە. بەڵام ئەمانە لە ئاشتیدا دەکرێن، دەبێ ئاشتی بپارێزین و رێگە نەدەین شەڕ بێتە ناوشار و نێوانمان. پێشمەرگە قارەمانەکان بە خوێنی و ئارەقەی خۆیان و بە هاوکاری هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی نەیانهێشت شەڕ بگاتە ناو شارەکانمان. قوربانی زۆرماندا و زیانی زۆرمانکرد، بەڵام کە خۆمان بەراورد دەکەین بە سوریا  و بەشی سوونی عێراق ئێمە لە دورگەیەکی دیکە دەژین. پێویستە رێزی ئەو ئاشتیە بگرین و لە هەستیاری دۆخەکە تێ بگەین. منیش وەکو ئێوە بەشێکی زۆری ئەو نەهامەتیانەم چەشت، رەنگە بە زیادەوە، بەڵام دەبێ حسابی ئەوە بکەین کە خراپتر لەوەی خەڵک دەیچێژێ لە بەر دەرگامانە و زۆر دوور نیە. پێویستە بەرپرسیارانە قسە بکەین و رەفتار بکەین. هەڵبەت بەرپرسیارێتی گەورە لە ئەستۆی حزب و سەرکردەکانیانە بە گشتی چونکە ئەوان دەتوانن دۆخەکە چاک یان خراپتر بکەن، بەڵام ئێمە وەکو خەڵک، بە تایبەت ئەوانەی خوێندەوارن، دەبێ رۆڵێکی باشتر لە پاراستنی ئاشتی بگێڕین، خەڵک بێزار بوو لە جنێو و قسەی رەق، خەڵک بێزار بوو لە یەکتر ناشرین کردن، دۆخی دەروونی هەموومان تێکچووە... ئەگەر نەتوانین قسەیەکی باش بکەین کە ئاشتی لە نێو خەڵک بپارێزێ حەق نیە بیکەین..
پیاوێکی دانا جارێک گوتی" خراپترین ئاشتی باشترە لە باشترین شەڕ- The worst peace is always better than the best war, ' دۆخی ئابوری و سیاسی کوردستان بە بەراورد بە ساڵانی زوو زۆر زۆر خراپە، بەڵام ئاشتیمان هەیە و دەبێ بیپارێزین. ئەوەی لە شەڕدا بە ساڵێک لە دەستی دەدەین رەنگە دەیان ساڵی بوێ تا بونیادی دەنێینەوە! 
ئەو دۆخە تێپەڕ دەبێ و ئەگەر سیاسییەکان بەرپرسانەتر رەفتار بکەن و ناکۆکیە کەسی و حزبییەکانیان وەلا بنێن رەنگە ئێمە قازانجی زۆر لەو گۆڕانکارییانە بکەین کە لە ناوچە روو دەدەن. خۆ بە پێچەوانەوە ئەگەر وریا نەبین رەنگە خراپتر لەوەی هەیە روو بدات. دەبێ چاومان بکەینەوە و لەو سەرخۆشیە حزبی و سیاسییە بێ مانایە بە ئاگا بێینەوە و ئەو چانسە گرنگانە بە یەکدەنگی و پاڵپشتی جەماوەری بەکار بهێنین  کە هاتونەتە پێش.
هێمن میرانی

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...