Monday 2 July 2018

فریای ژینگەی کوردستان بکەون

بۆ پارلەمانی کوردستان
حکومەتی هەرێمی کوردستان
ژینگەپارێز و دۆستان
وڵاتپەروەران

ژینگەی کوردستان لە ژێر مەترسییەکی گەورەدایە. رۆژ دوای رۆژ بێخەمی خەڵک و گەشتیار، کە پێدەچێ هەندێکی لە کەمهۆشیاری و هەندێکیشی وەکو کاردانەوە بێ لە دژی حکومەت و ئیدارەی خۆماڵی، ژینگەی وڵاتەکەمان پیستر دەکات. ئەو ژینگە پیسییە تەنیا لە شوێنە گەشتیارەکان و هاوینە هەوارەکان قەتیس نەماوە، کۆڵان و پارکەکان و سەرجادە و بەردەم ماڵەکانی خۆشمان کردۆتە زبڵخانەیەکی گەورە. لە ئایندەیەکی دوور نا، بەڵکو زۆر نزیک ئەگەر وا بەردەوام بین، کوردستان دەبێتە زبڵخانەیەکی گەورە.

بە سەرنجی سادەی بەندە چەند کەرستەیەک هەن کە هەڕەشەی جددین و ئاسەوارەکانیان بە سانایی کۆتایی نایەت ئەوانیش عەلاگەی زۆر، بوتڵی پلاستیک و شووشەی خواردنەوە جۆراوجۆرەکانن کە بە ڕێژەیەکی زۆر بەکار دەهێندرێن و هیچ رێگایەک بۆ دووبارە بەکارهێنانەوە و پاراستنی ژینگە لە ئاسەوارەکانیان لە کوردستاندا بوونی نیە.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێ پێشنیار بکەم دانانی سنوورێکە بۆ ئەو هەموو دەیان هەزار عەلاگە خۆڕاییە و بوتڵی پلاستیکی و شوشەیە کە رۆژانە ئێمە لە بازاڕەکان بەکاریان دەهێنین و دواتر هەر یەکەمان و بە جۆرێک فڕێی دەدەین و دەیکەینە بەڵا بۆ ژینگە.
بەڕێزان:
ئایا دەزانن هەر عەلاگەییەکی ئاسایی کە ئێمە رۆژانە لەو دوکانانە وەری دەگرین لە کاتی کەلوپەل کڕین، دوایی کاتێک فڕێی دەدەین چەند ماوەی پێویستە بۆ ئەوەی شی ببێتەوە؟ دە فەرموون بزانن کە ئەو عەلاگانە لە 10 تا 1000 ساڵیان پێویستە بۆ شی بوونەوە بە گوێرەی جۆرەکانیان!! ئەو عەلاگانە بەردەوام و ساڵانە دەبنە پارچەی بچووک و ئاو و زەوی دونیایان پیس کردووە. ناوەندە بایەخمەندەکان باس لەوە دەکەن کە ساڵانە زیاتر لە 250 ملیۆن تەن عەلاگەی پلاستیک بەرهەم دەهیندرێ و10% ئەو ڕێژەیە دەکەوێتە ناو دەریا و زەرییاکان و ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن باڵندە و سەدان هەزار گیانداری ئاوی بە هۆی خواردنی ئەو عەلاگانەوە گیان لە دەست دەدەن.

 هەو بوتڵێکی پلاستیکی خواردنەوە لە دەبەی ئاوەوەبگرە تا بیبیسی و ئەوانی دیکە لە 450 ساڵ بەرەو سەرووی پێویستە بۆ ئەوەی لە ناو زەوی شی ببێتەوە!!

ڕەنگە پێتان سەیر بێ کە هەر بوتڵێکی شوشەی خواردنەوە جۆراوجۆرەکان کە بەشێکی زۆری خەڵک دوای بەکارهێنانیان نابەرپرسانە لە شوینە گشتیەکان، یان لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا فڕێی دەدەنە دەرەوە، پێویستی بە یەک ملیۆن ساڵ هەیە بۆ ئەوەی شی ببێتەوە!!
ئەو داتایانە یەکجار ترسناکن و هەمووی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت لەبەر دەستن بۆ هەر کەسێک بیەوێ دەستی بکەوێ.
ئێمە لە کوردستان بە داخەوە هیچ جۆرە سیاسەتێکمان نیە بۆ ئەوەی خەڵک لەو جۆرە مەترسیانە هۆشیار بکەینەوە و هەروەها رێوشوێنی گونجاو دابنێین بۆ ئەوەی رێژەی بەکارهێنانیان کەم بکەینەوە، وەکو ئەوەی لە زۆر وڵاتانی دونیادا بەرقەرارە.
لەم سۆنگەیەوە ئەم داوایانەی خوارەوە لە لایەنی پەیوەنددار دەکەم:
یەکەم: رێنمایی پێویست دەربکرێ بە قەدەغەکردنی عەلاگەی خۆڕایی لە بازاڕەکان لە بەرامبەردا هانی کۆمپانیاکان بدرێ کە عەلاگەی بازاڕکردن لە جۆری گەورە کە پتەوە و دەکرێ چەندین جار بەکار بهێندرێتەوە ( وێنەکەی داندراوە) بهێنن و بە نرخێکی ڕەمزی بفرۆشرێن بۆ ئەوەی کڕیار ناچار بێ بۆ بازاڕکردن عەلاگەی خۆی بهێنێ. بەمە رێژەی بەکاربردنی عەلاگە یەکجار کەم دەکرێتەوە. بفەرموون سەیری ئەزموونی بەریتانیا بکەن کە یەکەمجار لە وڵاتی وەیڵز پەیڕەو کرا.

دووەم: هەوڵ بدرێ هانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی خواردنەوە گازییەکان بدرێ کە شوشە و بوتڵی پلاستیکی لە هاووڵاتیان بکڕنەوە و دووبارە بەکاریان بهێننەوە پاش تواندنەوەیان و دوبارە دروستکردنەوەیان. ئەمەش دەکرێ بە هەماهەنگی بێ لە گەڵ دوکاندارەکان وەکو ئەوەی لە ئەوروپا هەیە کە هەر هاوڵاتیەک خواردنەوەی گازی دەکڕێ دوایی بوتڵەکان لە ماڵەوە هەڵدەگرێ و پاشان دەیباتەوە دوکانەوە و بە بڕە پارەیەکی رەمزی لێی وەردەگیرێتەوە. ئەمە دەکرێ بۆ هەردوو جۆری بوتڵی پلاستیکی و شوشە پەیڕەو بکرێ...

بەڕێزینە:
رەنگە پێتان وابێ کە کوردستان کێشەی زۆر گەورەتری لەوە هەیە و من خەریکی چیم!! لە راستیدا ئەمە بیانوو نیە چونکە ئەو دۆخ و کارەساتەی ئێمە بە دەستی خۆمان بەسەر ژینگەی خۆمانی دەهێنین هی ئەوە نیە کەس لێی بێدەنگ بێ.
لە کۆتاییدا دەمەوێ قسەیەکی سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا لە هەولێر بخەمە روو کە رۆژێک لە بۆنەیەکدا گوتی: ئێوە ئەو وڵاتەی خۆتان بۆ وا پیس کردووە؟ چاوەڕێ دەکەن کێ بۆتانی پاک بکاتەوە؟ ئەوە وڵاتی کێیە ئێوە وا بێباکانە پیسی دەکەن؟

خوێنەری بەڕێز:
تکایە ئەگەر ژینگەی خۆت و وڵاتەکەتت خۆش دەوێ، عەلاگە کەمتر بەکار بهێننە، بوتڵی پلاستیکی و شووشە فڕێ مەدە و ئەو پۆستەش وەکو پشتگیری شەیر بکە.

هێمن میرانی



دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...