Tuesday 13 May 2014

ماوەیەكه دەستم كردووە بە چوونە دەرەوە لەگەڵ ئافرەتێكی تر جگە لە خێزانم
 هێمن میرانی

دوای 21 ساڵ بەسەر ژنهێنانمدا، بە بریسكەیەكی نوێ لە خۆشەویستی گەیشتم.
ماوەیەكە دەستم كردووە بە چوونە دەرەوە لەگەڵ ئافرەتێكی تر جگە لە خێزانم، هۆكەشی خێزانم بوو ... ئەو ئافرەتەی یاد هێنامەوه و بیری خستمەوەگەڕ تا پەیوەندی پێوە بكەمەوه.
ئەویش كاتێك كە خێزانم دەست پێش خەری كردو وتی: "زۆر چاك دەزانم چەندت خۆش دەوێت؟! "...
ئەو ئافرەتەی كە خێزانم دەیویست لەگەڵیدا بچمە دەرەوە و كاتێكی لەگەڵ بەسەر بەرم دایكم بوو كە دەمێك بوو لەو كاتەوەی كە پێش 21 ساڵ ژنم هێنا ئیتر لەگەڵیدا نەچووبوومە دەرەوە. بەڵێ سەرقاڵ بوونم بە ئیش و ژیانی رۆژانه و سێ منداڵ و بەرپرسیارێتیم لەو ئەركانەی لە ئەستۆمدان ئەمانە هەمووی وایان لێكردبووم زۆر بە دەگمەن سەردانی بكەم. رۆژێكیان پەیوەندیم بە دایكمەوە كرد و بانگم كرد بۆ ژەمی ئێوارە ئەویش لێی پرسیم: "خێرە كوڕم تۆ باشیت"؟
دەمزانی دایكم لە تەلەفۆنی ناوەخت تا رادەیەك دەترسێت و بێ ئارامی و پەشۆكاوی تووش دەبێت. بۆیە پێم وت: "بەڵێ من زۆر باشم دایەگیان بەڵام دەمەوێت پێكەوە بچینە دەرەوە و نەختێك لەگەڵتدا دابنیشم". دایكیشم وتی: "هەرتەنها هەردووكمان؟".
تۆزێك بیری كردەوە و پاشان وتی: "بەڵێ زۆریش حەز دەكەم".
رۆژی پێنچ شەممە و پاش تەواو بوون لە كار، چووم بۆ لای و دایكمم لەگەڵ خۆم برد، تۆزێك شپرزە بووم، كاتێك گەیشتمە لای دایكم بینیم ئەویش وەك من شڵەژاوی پێوە دیارە.
دایكم لە بەر دەرگا بە عەزیزییەكی جوانەوە چاوەڕێی دەكردم وا دیار بوو دواترین كراس بوو كە باوكم پێش وەفاتی بۆی كڕیبوو.
دایكم زەردەخەنەیەكی كرد و وتی:
" لە ماڵەوە بە هەموویانم وتووە ئەمڕۆ لەگەڵ كوڕەكەمدا دەچمە دەرەوە، هەموویان
دڵخۆش بوون و، لە خۆشیدا خەریكە خۆیان پێ ناگیرێت تا بگەڕێمەوە و دەنگوباسی ئەم شەویان بۆ باسبكەم".
ئیتر پێكەوە چوین بۆ چێشتخانەیەكی نا ئاسایی بەڵام جوان و بێ دەنگ ... دایكیشم خان و مان و وەك خاتوونی یەكەم دەستی گرتبووم.
پاش ئەوەی دانیشتین من دەستم كرد بە خوێندنەوەی لیستەی جۆری خواردنەكان چونكە دایكم تەنها پیتە گەورەكانی بۆ دەخوێنرایەوە.
لەم كاتەدا كە من لیستەی خواردنەكانم دەخوێندەوە دایكم زەردەخەنەیەكی گەورە لەسەر لێوە چرچ و لۆچەكانی بوو سەیری دەكردم و خوێندنەوەكەی لێ بڕیم و وتی:
"رۆژگارێك بوو تۆ پچكۆلە بوویت من بۆ تۆم دەخوێندەوە".
وەڵامم دایەوە: "ئیتر كاتی ئەوە هاتووە شتێك لەو قەرزەی لەسەرمە بیدەمەوە ... تۆ پشوو بدە دایە گیان".
بە دەم نانخواردنەوە زۆر قسەمان كرد و باسەكانمان زۆر ئاسایی بوون، باسی بەسەرهاتی كۆن و تازەی خۆمانمان دەكرد بەشێوەیەك هەتا دوای تێپەڕبوونی نیوە شەو هەستمان بە كات نەكرد.
كاتێك گەڕاینەوە و دایكم گەیاندەوە ماڵەوە لە بەردەرگادا دایكم وتی:
"رازیم جارێكی تریش هەر پێكەوە بچینە دەرەوە، بەمەرجێك نانخواردنی جاری داهاتوو لەسەر من بێت"، منیش دەستم ماچ كرد و بە خوام سپارد.
پاش چەند رۆژێكی كەم دایكم بە سەكتەی دڵ وەفاتی كرد، ئەوەندە خێرا كۆچی كرد نەمتوانی هیچ شتێكی بۆ بكەم.
چەند رۆژێكی تری نەخایاند بە پۆست كاغەزێكم پێگەیشت لەو چێشتخانەیەوە كە من و دایكم نانی شێوانمان لێخوارد بەیەكەوە، لەسەر كاغەزەكە تێبینییەكی دایكمی لەسەر نووسرا بوو:
"نرخی لیستەی حسابەكەتان پێشەكی دراوە چونكە دەمزانی جاری داهاتوو من لەوێ نابم، گرنگ ئەوەیە پارەی نانی شێوانم بۆ دوو كەس داوە بۆ تۆ و بۆ خێزانت. پێ دەچێت نەزانیت مانای ئەو شەوە بەلای منەوە چەندێك بوو.... خۆشم دەوێیت كوڕی خۆم" .
...................
خوێنەری ئازیز:
ئەم چیڕۆكە من نەمنوسیووە و هی خۆشم نیە، چونكە سوپاس بۆ خوا دایك و باوكم لە ژیاندا ماون. بەڵام چەند ساڵێك لەمەوبەر بە زمانی عەرەبی خوێندمەوە و ئەو كات بۆ گۆڤاری سڤیل وەرمگێڕایەوە سەر زمانی شیرینی كوردی و بڵاوم كردەوە. بە داخەوە بە زمانی عەرەبیش ناوی نوسەرەكەی دیار نەبوو.
تكایە تا دایك و باوكتان لە ژیاندا ماون رێزیان بگرن، تكایە نازیان هەڵبگرن.
من ئەوە سێ ساڵە لێیان دوورم هەست دەكەم سێ ساڵی ژیانم بۆشایی گەورەی تێ كەوتووە. تكا دەكەم خودای گەورە بە دایك و باوكم شادم بكاتەوە و تەمەنیان درێژ بێت بۆ ئەوەی بواری ئەوەم هەبێ خزمەتیان بكەم.
هەموو پرۆژەیەك رەنگە بواری ئەوەی تێدا بێ دوا بخرێ تەنیا خزمەتكردنی دایك و باوك نەبێ.

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...