Wednesday 27 November 2013

چاودێری و مەیلی رەهاگەرایی

هێمن میرانی
دەسەڵات مەیلی بەلای گەندەڵیەوەیە، دەسەڵاتی رەها بە رەهایی گەندەڵە. پیاوە گەورەکان زۆر جار پیاوە خراپەکانن"
لۆرد ئەکتن
ئەم وتانەی ئەکتن زیاتر دەربارەی دەسەڵاتی میرو پادشا و ئیمپراتۆرەکان بووە کە هەندێکیان تەنانەت بانگەشەی خوداوەندیشیان کردووە. 
لە دونیای مۆدێرندا بۆ ئەوەی ئەو بانگەشانە کاڵ ببنەوە، سیستمی چاودێری کردنی دەسەڵات و دەسەڵاتداران لە چەندین پێگەو جێگەوە داندراوە. دەسەڵات و دەسەڵاتدار هەر چاودێری نەکرا گەندەڵ دەبێ، پۆست و پلە و پایە وەکو ئیمتیاز و موڵکی کەسی سەیر دەکا نەک وەکو ئەرک و بەرپرسیارێتی.



"Power tends to corrupt, and absolute power corrupts absolutely. Great men are almost always bad men." Lord Acton.

This quotation was almost about those emperors and monarchs who tended to declare themselves gods. In modern politics monitoring and check and balance system have been introduced to keep politicians and power away from corruption and do not let them consider positions and national incomes as their personal properties.

Hemn Merany ( Hemn Namiq Jameel

Monday 25 November 2013



Switch off week
لەم هەفتەیەدا، قوتابخانەکەی هەستی ‌ چالاکیەکی چەند رۆژەیان هەیە بە ناوی " هەفتەی کوژاندنەوە و پاراستنی وزە". بە گوێرەی ئەو نامەیەی قوتابخانەکەی بۆ ئێمەیان رەوانە کردووە، لەم چالاکیە منداڵان فێر دەکرێن چۆن وزە بپارێزن و فێری کەم خەرجی ببن، وەکو کوژاندنەوەی گڵۆپی ئەو ژوورانەی بەکار ناهێندرێن، کوژاندنەوەی هەموو گڵۆپەکان لە شەودا کاتی خەوتن هەروەها لە کاتی چوونە دەرەوە لە ماڵەوە، کوژاندنەوەی سویچ پلاکەکان لەو کاتەی بەکاریان ناهێنین، دڵنیابوون لە داخستی بەلوعەی ئاو و تکە نەکردن. لە دوای ئەم هەفتە چالاکیە، قوتابخانە بەڵێنامەیەک بە منداڵەکە رەوانەی ماڵەوە دەکاتەوە بۆ ئەوەی منداڵەکە لە گەڵ دایک و باوکی گفتوگۆ بکات دەربارەی چۆنیەتی کەم بەکارهێنانی وزە و هەروەها بەڵێن لە دایک و باوکی وەربگرێ کە پابەند دەبن بە پاراستی وزە.

ئەم چالاکیە سوودی چەند لایەنەی هەیە، لە رووی داراییەوە خەرجی وزە لە قوتابخانە و ماڵەوە کەم دەکاتەوە، هەروەها بۆ هاوکاری پاراستنی ژینگەش گرنگە، چونکە بەکارهێنانی وزەی زۆر، زیان دەگەیەنێ بە سروشت و سەرچاوەکانی.

ئەو منداڵانە زۆر بە بەختن کە دەرفەتی ئەوەیان بۆ رەخساوە لەو ژینگە پەروەردەییە جوانە فێر ببن.

ئێمەش دەتوانین چاویان لێ بکەین، ئێوەش دۆستانی ئازیز دەتوانن چاویان لێ بکەن و وزە بپارێزن.

راستە لە کوردستان پارەی کارەبا و ئاو و نەوت و غاز ئەوەندە گران و زۆر نیە کە خەڵک بترسێنێ، بەڵآم ئەگەر هەموومان بەشدار بین دەتوانین وزەی زیاتر دابین بکەین.

ئەرێ ئێوە گڵۆپە زیادەکان و پلاکە بەکار نەهێندراوەکان دەکوژێننەوە؟

تکایە گڵۆپە زیادەکان بکوژێننەوە، تکایە ئاو بە فیڕۆ مەدەن! تکایە سامانی نیشتیمانی بپارێزن، هەر کەس لە خۆیەوە دەست پێ بکا.

ئەم بابەتە شێر بکە بۆ ئەوەی زۆرترین کەس بیخوێنێتەوە.

هێمن میرانی

www.facebook.com/hemn2011

Saturday 23 November 2013

حزب لێرە و حزب لەوێ
لە ژمارە ١٥٠ ی رۆژی ٢٠ ی جانیوەری ٢٠١١ لە گۆڤاری لڤین بڵاوکراوەتەوە

https://docs.google.com/file/d/0B0wrft7ijpdCSUlvMTRLRXppMXc/edit

Tuesday 19 November 2013


یاده‌وه‌رییه‌كانى ئینگلستان

مۆڵه‌تى سه‌یركردنى ته‌له‌فزیۆن
هێمن میرانى
ئه‌گه‌ر خۆت لێره‌ نه‌ژیت، ئاسته‌مه‌ باوه‌ڕ بكه‌ى كه‌ سه‌یركردنى ته‌له‌فزیۆن له‌ ناو ماڵى خۆت به‌ پاره‌یه‌! به‌ بێ ئه‌وه‌ى مۆڵه‌تى سه‌یركردنى ته‌له‌فزیۆن بكڕى، به‌كارهێنانى ته‌له‌فزیۆن و ته‌نانه‌ت سه‌یركردنى هه‌ر به‌رنامه‌یه‌كى ته‌له‌فزیۆنى له‌ كۆمپیوته‌ر و مۆبایلیش به‌كارێكى نایاسایی ده‌ژمێردرێ و ده‌درێیته‌ دادگا. پرۆسه‌كه‌ چۆنه‌؟
ته‌له‌فزیۆنى BBC كه‌ تۆڕى ته‌له‌فزیۆنى نیشتیمانى به‌ریتانیایه‌ و له‌ كۆمه‌ڵێك كه‌ناڵ پێك دێ، به‌رپرسه‌ له‌ پرۆسه‌ى فرۆشتنى مۆڵه‌ته‌كه‌. ده‌زگایه‌كى دامه‌زراندووه‌ به‌ ناوى مۆڵه‌تى سه‌یركردنى ته‌له‌فزیۆن TV licensing، داتا به‌یسێكى هه‌یه‌ بۆ هه‌موو ماڵه‌كانى به‌ریتانیا، هه‌ر خانووێك به‌تاڵ بێ یان مۆڵه‌تى ته‌له‌فزیۆنى به‌سه‌ر بچێ، له‌ ریكۆردى ده‌زگاكه‌ وه‌كو ماڵێك ئاماژه‌ ده‌كرێ كه‌ پێویستى به‌ مۆڵه‌تى سه‌یركردنى ته‌له‌فزیۆن هه‌یه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ هه‌موو به‌ ته‌كنۆلۆجیاوه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ و رێك خراوه‌. ده‌زگاكه‌ له‌ له‌ رێى كۆمه‌ڵێك پۆلیس مه‌ده‌نى جل سور و نیلیه‌وه‌ سه‌ردانى ئه‌و ماڵانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پێویستیان به‌ كڕینى مۆڵه‌ت هه‌یه‌ و هه‌ندێ ئامێرى گه‌وره‌تر له‌ ته‌له‌فونیان پێیه‌، له‌ رێى ئه‌و ئامێره‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ماڵه‌كه‌ به‌ چه‌ند مه‌ترێك ده‌زانن ئاخۆ له‌و ماڵه‌ ته‌له‌فزیۆن به‌كار ده‌هێندرێ یان نا. هه‌ڵبه‌ت نایه‌نه‌ ژووره‌وه‌، سه‌ره‌تا و چه‌ند جارێك نامه‌ به‌ پۆست بۆ ماڵه‌كه‌ ره‌وانه‌ ده‌كه‌ن و داواى لێ ده‌كه‌ن كه‌ مۆڵه‌ت بكڕێ،
دواجار ئاگادارى ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پشكێنه‌ره‌كانیان سه‌ردانى ماڵه‌كه‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بزانن كه‌ مۆڵه‌تى پێویسته‌ یان نا، ئه‌گه‌ر هه‌ر وه‌ڵامت نه‌بێ شكاتت لێ ده‌ده‌ن و خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ به‌ سه‌رپێچى كردنى قانون ده‌ده‌نه‌ دادگا و وه‌كو له‌ وێب سایته‌كه‌یان نوسراوه‌ پێشبینى سزاى تا هه‌زار پاوه‌ند ( كه‌ ده‌كاته‌ 1600 دۆلار) ده‌كرێ. هه‌ر كاتێكیش مۆڵه‌ته‌كه‌ت ئۆنلاین كڕى، ئیدى ئه‌م سه‌ر ئێشه‌یه‌ت له‌ كۆڵ ده‌بێته‌وه‌. بۆ ئه‌مساڵ 2013 -2014 مۆڵه‌ته‌كه‌ به‌ 145 پاوه‌نده‌  (230 دۆلار)ه‌، ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه‌ى 75 ساڵ به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ن مۆڵه‌تى خۆڕاییان بۆ ده‌كرێ، ده‌نا كه‌سانى نابیناش ده‌بێ %50 ى پاره‌ى مۆڵه‌تى كه‌سێكى ئاسایی بده‌ن. ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ یه‌كى حوزه‌یرانى 1946 ه‌وه‌ ده‌ستى پێكردووه‌ و وه‌زاره‌تى كولتور و میدیا و وه‌زرش سه‌رپه‌رشتى ده‌كا و پاره‌كه‌ بۆ خه‌رجى BBC ته‌رخان ده‌كرێ. له‌ ساڵانى رابردووه‌وه‌ تا ئێستا بڕ و جۆر و چۆنیه‌تى مۆڵه‌ته‌كه‌ به‌رده‌وام گۆڕانى به‌سه‌ردا هاتووه‌. سه‌ره‌تا ته‌نیا ته‌له‌فزیۆنى ره‌ش و سپى هه‌بوو كه‌ ده‌بوایه‌ بڕى 5 پاوه‌ند بۆ كڕینى مۆڵه‌ت بدرێ. له‌ ساڵى 1988 ه‌وه‌ به‌ به‌رده‌وامى هه‌موو مانگى نیسانێك بڕێك پاره‌ ده‌چێته‌ سه‌ر تێچووى مۆڵه‌ته‌كه‌. ئه‌م مۆڵه‌ته‌ داهاتێكى تا راده‌یه‌ك گه‌وره‌ بۆ حكومه‌ت دابین ده‌كا كه‌ ده‌بێته‌ پشتگیریه‌كى زۆر باش بۆ كه‌ناڵى BBC. وه‌كو له‌ ساڵى رابردوو بڵاو كرایه‌وه‌ داهاتى مۆڵه‌تى ته‌له‌فزیۆن گه‌یشته‌ 25.353 ملیۆن پاوه‌ند كه‌ بایی 4.251  ملیۆن پاوه‌ند حكومه‌ت پاره‌ى له‌ جیاتى ئه‌و كه‌سانه‌ داوه‌ كه‌ مۆڵه‌تى خۆڕاییان بۆ ده‌كرێ به‌ هۆى ته‌مه‌نیان ( 75 ساڵ به‌ره‌و سه‌روو). هه‌ندێ براده‌ر ده‌یانگوت شتى وا نه‌كه‌ن و پاره‌ بۆ شتى وا بده‌ن، ئه‌وه‌ كه‌ى قانونه‌؟ ده‌یانگوت ئێمه‌ چه‌ندین ساڵه‌ لێره‌ ده‌ژین و یه‌ك پاوه‌ندیش ناده‌ین، پۆلیس هات ده‌رگاى لێ ناكه‌ینه‌وه‌، پۆستى نارد وه‌ڵامى ناده‌ینه‌وه‌! هه‌ڵبه‌ت نازانم ئه‌و قسانه‌ راسته‌ یان نا، به‌ڵام وه‌كو كورد ده‌ڵێ "ئه‌گه‌ر چویته‌ شارى كوێران، چاوت ببه‌سته‌". مرۆڤ بۆ بڕێك پاره‌ نابێ منداڵه‌كانى له‌سه‌ر درۆ په‌روه‌رده‌ بكا، فێریان بكا له‌ پۆلیس بترسن و ده‌رگا نه‌كه‌نه‌وه‌ نه‌باده‌ پۆلیسى تى ڤى لایسنسینگ بن، ئه‌وه‌ وێڕاى ئه‌وه‌ى هه‌ر كه‌سێك له‌و وڵاته‌ بژى، ده‌بێ رێزى قانونه‌كانى بگرێ جا له‌گه‌ڵ میزاجى ده‌گونجێ یان نا،ئه‌وه‌ كێشه‌ى خۆیه‌تى!
hmerany@yahoo.com

 * گۆشەیەکی ٥٠٠ وشەیی هەفتانەیە و هەموو چوار شەمەیەک لە رۆژنامەی ئازیزی خەبات بڵاودەبێتەوە

ئەم گۆشەیە لە ژمارە4444 ی چوارشەمە 2011/11/20 لە لاپەرە 7 بڵاوبۆتەوە
لەم لینکە سەیری بکەن
http://xebat.net/attachment/PDF/7_26333_19282.pdf 

Sunday 17 November 2013

کتێبی بەسوود
برای خۆشەویستم دکتۆر ئازاد عوسمان لێکۆڵەر و مامۆستا لە بەشی زانستە سیاسیەکانی زانکۆی سەڵآحەددین لە بەرلینەوە هەندێ کتێبی نوێی خۆی بۆ رەوانە کردووم. رەزامەندی فەرموو بۆ ئەوەی کتێبەکان بۆ خوێنەرانی کورد لێرە بڵاو بکەمەوە بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرن
.
سوپاس و دەست خۆشی بۆ دکتۆر ئازاد ی ئازیز و هیوای بەرهەمی زیاتری بۆ دەخوازم..
کتێبەکانم ئەپڵۆد کردووە و لەم لینکانە دەتوانن وەریانبگرن
..


١.
٢.
٣
٤
٥
٦



Thursday 14 November 2013


بارزانى له‌ ئامه‌د... نوێنه‌ر یان نێوه‌ندكار
هێمن میرانی*
وا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌رێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر داوه‌تى به‌رێز ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان - سه‌رۆك وه‌زیرى توركیا شه‌مه‌ ده‌چێته‌ ئامه‌د و به‌شداری زنجیره‌ك چالاكى و كۆبوونه‌وه‌ ده‌كا. ئه‌م رووداوه‌ له‌ ناوه‌ندى سیاسى و میدیاییه‌كانى كوردستانى و توركی لێكدانه‌وه‌ى جیاجیاى بۆ ده‌كرێ. به‌ بڕواى من ئه‌م خاڵانه‌ى خواره‌وه‌ جێى سه‌رنج ده‌بن له‌و سه‌ردانه‌ چاوه‌ڕوان كراوه‌دا:
یه‌كه‌م: له‌ رووى سیمبولیه‌وه‌ رووداوێكى گرنگه‌، جیاوازه‌ له‌ سه‌ردانى بارزانى بۆ ئه‌نكه‌ره‌ یان واشنتن یان هه‌ر پایته‌ختێكى دیكه‌ى دونیا. ئه‌گه‌ر سیاسه‌تمه‌داره‌ توركه‌كان و میدیاكانیشیان ئامه‌د وه‌كو هه‌ر شارێكى دیكه‌ى توركیا بناسن و له‌ بایه‌خى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌ردۆگان و بارزانى و هه‌ر سیاسییه‌كى دیكه‌ له‌وێ كه‌م بكه‌نه‌وه‌، كورد ئه‌و دیده‌ى نیه‌، ئامه‌د به‌ لاى هه‌موو كوردێك پایته‌ختى باكورى كوردستان و شارێكه‌ ماناى رۆحى و سیاسى گه‌وره‌ى بۆ هه‌موومان هه‌یه‌.
دووه‌م: بۆ خودى هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌ دوو ده‌یه‌ى رابردوو په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌ گه‌ڵ توركیا له‌ هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زى زۆر بووه‌، ئه‌و سه‌ردانه‌ ده‌كرێ وێستگه‌یه‌كى دیكه‌ى پێشكه‌وتنى په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانى نێوان هه‌رێم و توركیا بكاته‌وه‌.
سێیه‌م: هه‌رچه‌نده‌ به‌رنامه‌ى سه‌ردانه‌كه‌ دیار نیه‌ و نه‌زانراوه‌ بارزانى له‌وێ كێ ده‌بینێ و باسى چی ده‌كا، به‌ڵام وریایانه‌ مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌ردانه‌ له‌ لایه‌ن خودى بارزانى و رێكخه‌رانى دیداره‌كان بۆ په‌یوه‌ندى نێوان باكور و باشوورى كوردستان و كۆنگره‌ى چاوه‌ڕوانكراوى نه‌ته‌وه‌یی و دۆزى ئاشتى له‌ باكورى كوردستان زۆر گرنگه‌. چۆن؟
ئه‌لف: مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌، له‌ رووى سیاسى و ده‌ستووریه‌وه‌ هیچ پۆست و ناوێكى له‌ توركیا نیه‌، نه‌ له‌ نێو هێزه‌ كوردییه‌كان و نه‌ له‌ نێو داموده‌زگاى ده‌وڵه‌تى. بۆیه‌ هه‌ر رۆڵێك كه‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ به‌ بارزانى ده‌دات له‌ پرۆسه‌ى ئاشتى ده‌بێ بچێته‌ خانه‌ى نێوه‌ندگیرى و هاوكارى كردن نه‌ك نوێنه‌رایه‌تى كردن، چونكه‌ مه‌ترسى ئه‌وه‌ ده‌كرێ كه‌ توركیا و حزبى ئاك پارتى، هه‌وڵ بده‌ن بارزانى بخه‌نه‌ نێو گه‌مه‌یه‌كى سیاسى ناوخۆیی توركیا كه‌ دواجار كورد به‌ باكور و باشوره‌وه‌ زیانى لێ ده‌كا. بارزانى ناتوانێ نوێنه‌رایه‌تى هیچ هێز و ته‌یارێكى سیاسى له‌ توركیا بكا و ناشبێ قه‌بوڵ بكا كه‌ وه‌كو كارتى ده‌نگدان له‌ لایه‌ن ئاك پارتیه‌وه‌ به‌كار بهێندرێ.
با: بارزانى ده‌بێ له‌ وتار و دیداره‌كانیدا له‌وێ ئه‌و نامه‌یه‌ به‌ روونى بگه‌یه‌نێ كه‌ كورد له‌ باكور نوێنه‌رایه‌تى خۆى هه‌یه‌ و حكومه‌تى توركیا بۆ هه‌ر چاره‌سه‌ر و هه‌نگاوێكى ئاشتى ده‌بێ له‌ گه‌ڵ نوێنه‌رانى كورد له‌ حزبه‌ كوردییه‌كان و پارله‌مانتارانى كورد له‌ پارله‌مانى توركیا و ناوه‌نده‌ مه‌ده‌نییه‌كان دابنیشێ، نه‌ك له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێكى دیكه‌. واته‌ تۆپه‌كه‌ بخاته‌وه‌ گۆڕه‌پانى خۆیان، نه‌ك وتارێك بدات پشتگیرى له‌ ئاك پارتى و حكومه‌ت بكا، چونكه‌ ده‌بێ له‌ بیرمان بێ شه‌ڕى گه‌وره‌ى حكومه‌ت و ئاك پارتى له‌ باكورى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ده‌په‌یه‌، ئه‌وان له‌ ململانێى سیاسین له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانى خه‌ڵك و ئاك پارتى ده‌یه‌وێ خۆى وه‌كو حزبێكى نیشتیمانى سه‌روو جیاوازى ئیتنى و نه‌ته‌وه‌یی بناسێ و پێگه‌ى به‌ده‌په‌ و پارته‌ كوردییه‌كانى دیكه‌ له‌ باكورى كوردستان لاواز بكا، بارزانى ده‌بێ وریا بێ و نه‌بێته‌ نوێنه‌رى ئه‌و سیاسه‌ته‌ى ئاك پارتى.
ج: ده‌مێكه‌ به‌رێز ئۆجه‌لان ى سه‌رۆكى ده‌ستگیركراوى په‌كه‌كه‌ و سیاسییه‌ كوردییه‌كانى دیكه‌ى باكور پێشنیاریان كردووه‌ كه‌ حكومه‌ت بۆ پێشخستنى پرۆسه‌ى ئاشتى و چاره‌سه‌رى دۆزى كورد له‌ باكورى كوردستان سوود له‌ نێوه‌ندگیرى سه‌ركرده‌كانى باشور وه‌كو تاڵه‌بانى و بارزانى وه‌ربگرن. بێگومان جێى خۆشحاڵى باكورییه‌كانیش ده‌بێ كه‌ توركیا هه‌رسه‌ركرده‌یه‌كى كورد وه‌كو نێوه‌ندكار و هاوكار بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ئاشتى قه‌بوڵ بكا. له‌م سه‌ردانه‌دا پێویسته‌ بارزانى چاوه‌ڕێی رۆڵى له‌م جۆره‌ بكا.
به‌ كورتى ئه‌و سه‌ردانه‌ گرنگه‌ ئه‌گه‌ر نه‌خرێته‌ خزمه‌ت پشتگیریكردنى ئاك پارتى و سیاسه‌تى حكومه‌ت به‌ ته‌نیا.
*خوێندكارى دكتۆرا له‌ سیاسه‌ت و حوكمڕانى - به‌ریتانیا




Tuesday 12 November 2013


یاده‌وه‌رییه‌كانى ئینگلستان

Where are you from?

هێمن میرانى
یه‌كێك له‌و پرسیارانه‌ى كه‌ هه‌موو قوتابیه‌كى كورد لێى كراوه‌ و  جیاواز له‌ قوتابیانى دیكه‌ پێویستى به‌ روونكردنه‌وه‌ و قسه‌كردنى زیاتر هه‌بووه‌ ئه‌و دێره‌ ئینگلیزیه‌ى سه‌ره‌وه‌یه‌، خه‌ڵكی كوێى؟ قوتابیانى كوردستان كاتێك ده‌ست به‌ كۆرسى زمان ده‌كه‌ن، یان به‌شدارى هه‌ر چالاكیه‌كى ئه‌كادیمى ده‌كه‌ن یان ته‌نانه‌ت كاتێ له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كى دیكه‌ یه‌كتر ده‌ناسن، پێویستیان به‌وه‌ هه‌یه‌ زیاتر بۆ به‌رامبه‌ره‌كه‌یان روون بكه‌نه‌وه‌ كه‌ كوردستان كوێیه‌؟ كه‌وتۆته‌ چ به‌شێكى گه‌ردوون!
به‌شى زۆرى ئه‌و براده‌رانه‌ى من بینیوومن و ناسیوومن تا ناچار نه‌بووبن نه‌یانگوتووه‌ خه‌ڵكى عێراقن. هه‌موومان گوتوومانه‌ خه‌ڵكى كوردستانین. كه‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ت نازانێ كوردستان كوێیه‌، هه‌ندێ گوتوویانه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست Middle East ه‌ و دراوسێى توركیایه‌، هه‌ندێكی دیكه‌ ناسنامه‌ى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان وه‌كو خۆى كه‌ هه‌رێمێكى فیدراڵى نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ له‌ عێراق باس ده‌كه‌ن. ئه‌م پرسیاره‌ى سه‌ره‌وه‌ قوتابیانى كوردى هانداوه‌ كه‌ به‌ لایه‌نى كه‌م له‌ كاتى كۆرسى زماندا یان له‌ هه‌ر بۆنه‌یه‌كى دیكه‌دا له‌ شێوه‌ى سیمینارێك كوردستان وه‌كو جوگرافیا و هه‌رێمى كوردستان وه‌كو پێكهاته‌یه‌كى سیاسى بۆ براده‌ره‌كانى دیكه‌یان شیبكه‌نه‌وه‌. له‌ هه‌مان كاتدا زیاتر له‌وه‌ى له‌ كوردستان هه‌ستى ده‌كرێ، له‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌ست به‌  بێ ناسنامه‌یی و بێ كیانى ده‌كه‌ین. خۆناساندن وه‌كو خه‌ڵكى كوردستان زۆر جار له‌ لایه‌ن به‌شێكى زۆرى عه‌ره‌به‌كانى عێراق و سعودیه‌ رووبه‌رووى په‌رچه‌ كردار بۆته‌وه‌ و كه‌م قوتابی هه‌یه‌ نیمچه‌ شه‌ره‌ قسه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ برایانى عه‌ره‌ب له‌سه‌ر ناسنامه‌ى خۆى نه‌كردبێ. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وازیش له‌وه‌ بێنن كه‌ "بۆچى ناڵێی عێراقیم"، لایه‌نى كه‌م مۆڕه‌ت لێ ده‌كه‌ن كاتێ خۆت وه‌كو عێراقى ناناسێنی. ئه‌م بابه‌ته‌ زۆر جار بۆته‌ جێى سه‌رنجى قوتابیانى دیكه‌ى وه‌كو چاینى كه‌ زانیاریان نه‌بووه‌ ده‌رباره‌ى كوردستان، پرسیاریان كردووه‌ كه‌ بۆچى ئێمه‌ ده‌وڵه‌ت نین، ئه‌ى كه‌ له‌ ناو عێراقن بۆچى خۆتان وه‌كو عێراقى ناناسێنن؟ یاده‌وه‌رى هه‌ر قوتابیه‌كى كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ پڕه‌ له‌ رووداوى سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ى په‌یوه‌ست به‌ خۆناسین و ناسنامه‌. مامۆستایه‌كى باخچه‌ى منداڵان له‌ هه‌فته‌ى یه‌كه‌مى قوتابخانه‌دا ساڵى رابردوو له‌ هه‌ستى كوڕمى پرسى بوو، تۆ خه‌ڵكى عێراقیت؟ ئه‌ویش گوتبووى نه‌خێر، خه‌ڵكى كوردستانم. هه‌ر به‌ راستى هه‌ستى نازانێ خه‌ڵكى عێراقه‌، هه‌ر وا ده‌زانێ عێراق دراوسێیى ئێمه‌یه‌ نه‌ك وڵاتى ئێمه‌. باوه‌ڕ ده‌كه‌م ئه‌م هه‌سته‌ لێره‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ زیاتر به‌رجه‌سته‌ ده‌بێ و ئێمه‌ش زیاتر ده‌ستى پێوه‌ ده‌گرین، به‌ تایبه‌ت كاتێك له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ى دیكه‌ Others هه‌ست به‌ جۆرێك له‌ بێ ناسنامه‌یی ده‌كه‌ین. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ قوتابیانى كوردستان به‌ بێ ئه‌وه‌ى له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاوه‌ یان حكومه‌تى كوردستانه‌وه‌ په‌یامێكى له‌م جۆره‌یان پێ درابێ ( له‌مباره‌یه‌وه‌ كه‌مته‌رخه‌مى له‌ به‌دواداچوون و سه‌رپه‌رشتى قوتابیان تا حه‌ز ده‌كه‌ى هه‌یه‌ كه‌ له‌ وتارێكى دیكه‌دا باسى ده‌كه‌م)، خۆكردانه‌ و خۆڕسكانه‌ هه‌موو خوێندكارانى كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ بوونه‌ته‌ باڵیۆزى ناساندنى كولتور و زمان و نیشتیمانى خۆیان به‌ خوێندكارانى خانه‌خوێ و ئه‌و خوێندكاره‌ بیانیانه‌ى دیكه‌ كه‌ بۆ خوێندن روویان له‌و وڵاتانه‌ كردووه‌. خاڵێكى دیكه‌ كه‌ زۆر گرنگه‌ و جێى هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ كاڵبوونه‌وه‌ى ناسنامه‌ى حزبیه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ كوردستانیش تۆزێك كاڵ بۆته‌وه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌مووان له‌ چوارچێوه‌ى ناسنامه‌ى كوردبوون، كوردستانى بوون، هه‌ڵگرتن و هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان له‌ بۆنه‌كاندا كۆبوونه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها یاده‌كانى وه‌كو نه‌ورۆز و كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ زۆرینه‌ى زانكۆكانى ئێره‌ به‌رز راده‌گیرێن و یاد ده‌كرێنه‌وه‌. به‌شێك له‌ زانكۆكان وته‌ى به‌خێرهێنان به‌ كوردى له‌سه‌ر وێب سایته‌كه‌یان داناوه‌ و زانكۆى ئێمه‌ ( لێسته‌ر) ناو و ئاڵاى كوردستانیشى  وه‌كو هه‌رێمێكى سه‌ربه‌خۆ له‌ ناو عێراق داناوه‌.
hmerany@yahoo.com
 لە ژمارە ٤٤٣٩ ی رۆژی ١٣ ی نۆڤەمبەری ٢٠١٣ لە لاپەرە ٧ ی رۆژنامەی خەبات بڵآوکراوەتەوە
ئەمە لینکەکەیەتی

Thursday 7 November 2013


یاده‌وه‌رییه‌كانى ئینگلیستان

وێڵز
هێمن میرانى
له‌ ئێستادا ئه‌وه‌ى پێى ده‌گوترێ شانشینى یه‌كگرتوو United Kingdom كه‌ به‌ كورتكراوه‌ى UK ده‌نووسرێ و هه‌روه‌ها پێشى ده‌گوترێ به‌ریتانیا Britain، پێك هاتووه‌ له‌ چوار وڵات كه‌ بریتین له‌ ئینگلته‌را، سكۆتڵه‌ندا، وێڵز و ئێرله‌نداى باكور له‌ گه‌ڵ هه‌ندێ دوورگه‌ى بچووك.
وێڵز یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ى نزیكه‌ى هه‌زار ساڵه‌ له‌ لایه‌ن ئینگلیزه‌كانه‌وه‌ داگیركراوه‌، له‌ ئێستادا شازاده‌ى وێڵز چارلسه‌ كه‌ كوڕه‌ گه‌وره‌ى شاژن ئیلیزابێسى دووه‌مه‌ و له‌ دواى دایكى ده‌بێته‌ پادشاى به‌ریتانیا. 
وێڵز، حكومه‌ت و پارله‌مان و ئاڵا و زمانى تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌ و زمانه‌كه‌ى خۆیان كه‌ پێى ده‌گوترێ وێڵش زمانى یه‌كه‌مى ره‌سمیه‌ له‌ پاڵ زمانى ئینگلیزى.له‌ كێبڕكێ له‌ گه‌ڵ زمانى ئینگلیزى كه‌ دواى داگیركردنى وێڵز بووه‌ زمانى به‌كارهێنان، زمانى وێڵش زۆر لاواز بووه‌ و ته‌نیا %19 ى دانیشتوانه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ى قسه‌ى پێ ده‌كه‌ن. به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ى دواییدا حكومه‌تى وێڵز بایه‌خى تایبه‌ت به‌ زمانى وێڵشى ده‌دات و ده‌كیومێنته‌ ره‌سمیه‌كان و تابلۆكان به‌ وێڵش ده‌نووسرێ پاشان به‌ ئینگلیزى، هه‌روه‌ها له‌ زانكۆكانیان چه‌ندین سكۆلارشیپیان راگه‌یاندووه‌ و پاره‌ى خوێندنى ئه‌و خوێندكارانه‌ ده‌ده‌ن كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر زمانه‌كه‌یان ده‌كه‌ن و كولتورى وێڵش ده‌كه‌نه‌ بابه‌تى توێژینه‌وه‌كانیان.
وێڵز وڵاتێكى سه‌وز و جوانه‌، به‌رز و نزمى تیایه‌و به‌رزترین لوتكه‌ چیا له‌ وێڵز و ئینگلته‌را له‌وێیه‌ كه‌ ناوى چیاى سنۆدۆنیایه‌ Snowdonia. كشتوكاڵ و مه‌ڕدارى له‌ وێڵز ره‌واچى زۆیان هه‌یه‌ و به‌رهه‌مى خۆماڵى بۆ وڵاته‌كه‌یان و ئینگلته‌را دابین ده‌كه‌ن. بایه‌خدان به‌ دار و دره‌خت و سه‌وزایی یه‌كێكه‌ له‌ سیما جوانه‌كانى ئه‌و وڵاته‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ى، حكومه‌ته‌كه‌یان پشتگیرى باشى ئه‌م بواره‌ ده‌كرێ. بایه‌خدان به‌ دار و دره‌خت به‌ جۆرێك گرنگه‌ كه‌ هه‌ر منداڵێك له‌ وێڵز له‌ دایك ببێ، پاش ئه‌وه‌ى تۆمار ده‌كرێ، شاره‌وانى ناوچه‌كه‌ دارێكى بۆ ده‌ڕوێنى و ناوى منداڵه‌كه‌ى لێ ده‌نێ، شوێنى داره‌كه‌و وێنه‌یه‌كى به‌ پۆست بۆ خانه‌واده‌كه‌ى ره‌وانه‌ ده‌كا بۆ ئه‌وه‌ى بایه‌خى پێ بده‌ن. ئه‌مه‌ هانى هه‌ر خێزانێكى ئه‌و وڵاته‌ ده‌دا كه‌ هه‌موو دار و دره‌خته‌كان به‌ موڵكى خۆیان و منداڵه‌كانى خۆیان بزانن و بیپارێزن.
ئه‌م وڵاته‌ چونكه‌ كه‌وتۆته‌ سه‌ر ده‌ریا، پڕه‌ له‌ قه‌ڵاى مێژوویى به‌ناوبانگ كه‌ پێشتر وێڵشیه‌كان خۆیان هه‌ندێكیان دروست كردووه‌و دواتر ئینگلیزه‌كان بۆ خۆپاراستن له‌ هێرشى بێگانه‌كان له‌ ده‌ریاوه‌ هه‌روه‌ها بۆخۆپارێزى له‌ خه‌ڵكى وێڵز هه‌ندێكى دیكه‌یان بونیاد ناوه‌، ئێستا ئه‌و قه‌ڵایانه‌ بوونه‌ته‌ شوێنى گه‌شتیارى و سه‌رچاوه‌یه‌كى داهات بۆ حكومه‌ته‌كه‌یان.
وێڵشیه‌كان نه‌ته‌وه‌ییه‌كى دۆست و هاریكارن، وه‌كو ئه‌وه‌ى لێره‌ باس ده‌كرێ ئه‌وان ئه‌و غروریه‌یان نیه‌ كه‌ تاكى ئینگلیز هه‌یه‌تى. من نۆ مانگ له‌وێ ژیام، چه‌ندین جار له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى ئه‌وێ گفتوگۆم هه‌بووه‌ و پرسیارم ده‌رباره‌ى هه‌ستیان كردووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئینگلیزه‌كان كه‌ داگیریان كردوون و زمانه‌كه‌یان لاواز كردوون و كوڕێكى خانه‌واده‌ى پادشایه‌تیان هه‌رده‌م كردۆته‌ میرى ئه‌وان. له‌ كۆتاییدا بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ چونكه‌ له‌ به‌ریتانیا كار به‌ پره‌نسیپى هاوڵاتێتى ده‌كرێ و كه‌س مافى زیاترى له‌ كه‌سى دیكه‌ نیه‌، یان چونكه‌ هاوڵاتى پله‌ یه‌ك و دوو نیه‌، نه‌ ئینگلیزه‌كان خۆیان پێ له‌وان گه‌وره‌تره‌ و نه‌ ئه‌وانیش خۆیان پێ له‌ ئینگلیزه‌كان كه‌متره‌، لایه‌نى كه‌م قانون هه‌مووانى وه‌كو یه‌ك پۆڵێن كردووه‌ و مافى پاراستوون. ئه‌مه‌ واى كردووه‌ كه‌ وێڵشییه‌كان له‌ پاڵ ئه‌وه‌ى شانازى به‌ خۆیان و كولتورى خۆیان ده‌كه‌ن، هیچ جۆره‌ نا ره‌حه‌تیه‌ك پیشان ناده‌ن كه‌ به‌ ئینگلیزى قسه‌ ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ به‌راورد بكه‌ى به‌و ناره‌حه‌تییه‌ى كه‌ كوردانى باكور هه‌یانه‌ كاتێك به‌ توركى قسه‌ ده‌كه‌ن و رێگریان لێ كراوه‌ زمانى خۆیان فێر بن.
لە ژمارە ٤٤٣٥ ی رۆژی ٧ ی نۆڤەمبەری ٢٠١٣ لە لاپەرە ١٣ ی رۆژنامەی خەبات بڵآوکراوەتەوە
ئەمە لینکەکەیەتی
http://xebat.net/attachment/PDF/13_26321_19129.pdf

hmerany@yahoo.com



Friday 1 November 2013

هێمن میرانی: له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوودا یه‌كێتی له‌ به‌شی پارتی كورسییه‌كانی خۆی به‌ده‌ستهێنا ... دیمانه‌: ستیڤان شه‌مزینی
PrintE-mail
گۆڕینی
قەبارەی نووسین

*به‌ لابردنی ته‌واوی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیش یه‌كێتی نابێته‌وه‌ به‌ هێزه‌كه‌ی جاران
* گۆڕان هێزی دووه‌مه‌ به‌ڵام مه‌رج نییه‌ پارتی به‌شداریی پێ بكات له‌ حكوومه‌تدا
هێمن میرانی، هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌ر له‌ زانستی سیاسه‌ت.خوێندكاری دكتۆرا له‌ سیاسه‌ت و حوكمڕانی له‌ زانكۆی لێسته‌ری به‌ریتانیا باس له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌نگی حزبه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات.
ستیڤان: بۆچی یه‌كێتی تووشی پاشه‌كشه‌یه‌كی به‌رچاو بوو له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا؟.
هێمن میرانی: به‌ بڕوای من یه‌كێتی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ دووچاری پاشه‌كشێ نه‌بووه‌، به‌ڵكو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 25ی ته‌موزی 2009 یه‌كێتی به‌ جیابوونه‌وه‌ی باڵی نه‌وشیروان مسته‌فا و دروستكردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی به‌سه‌ر هات كه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ئاكامه‌كانی ده‌ركه‌وتن.گۆڕان له‌سه‌ر لاشه‌ی یه‌كێتی له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوو 25 كورسی پارله‌مانی برد، یه‌كێتیش له‌ به‌شی پارتی كورسییه‌كانی خۆی به‌ده‌ستهێنا، چوونكه‌ ئه‌وكات پارتی و یه‌كێتی به‌ یه‌ك لیستی هاوبه‌ش بوون و سیستمه‌كه‌ش داخراو بوو، واته‌ نه‌زانرا حه‌جمی راسته‌قینه‌ی پارتی و یه‌كێتی چه‌نده‌.ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ رێژه‌یی هه‌ر حزبێكی خسته‌ سه‌ر حه‌جمی راسته‌قینه‌ی خۆی.بۆیه‌ به‌ بڕوای من یه‌كێتی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ نه‌دۆڕاوه‌، به‌ڵكو ئه‌و ده‌نگانه‌ی هێناوه‌ ده‌بوایه‌ له‌2009 به‌هۆی جیابوونه‌وه‌ی باڵی نه‌وشیروان مسته‌فا بیهێنابوایه‌.
ستیڤان: غیابی مام جه‌لال تا چه‌ند رۆڵی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر پاشه‌كشه‌ی یه‌كێتی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا؟.
هێمن میرانی: كه‌س ناتوانی رۆڵی گه‌وره‌ و كاریگه‌ری سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ عێراق و كوردستان و بۆ ناو یه‌كێتی نادیده‌ بگرێ، ونبوونی ئه‌و له‌ شانۆی سیاسیی كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر زۆر بابه‌ت هه‌بووه‌، بێگومان دۆخی ناوخۆیی یه‌كێتی یه‌كێكه‌ له‌و پرسانه‌.ئه‌و فره‌ لێدوان و جه‌مسه‌ر و هه‌ندێ جار دیده‌ ته‌واو دژ به‌ یه‌كانه‌ی مه‌كته‌ب سیاسییه‌كان و هه‌ندێ ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی، یان ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند له‌ ساڵی رابردوو نواندوویانه‌ هۆكاری یه‌كه‌م بێ مام جه‌لالییه‌.به‌ڵام بۆ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ره‌نگه‌ كاریگه‌رییه‌كی رێژه‌یی بچووكی هه‌بوو بێ، به‌ڵام وه‌كو له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م بۆ كرد یه‌كێتی به‌ رێژه‌یی ده‌نگی راسته‌قینه‌ی حه‌جمی ئێستای خۆی هێناوه‌.
ستیڤان: جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی داوای ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی مه‌كته‌ب سیاسیی ده‌كه‌ن، ئایا ئه‌م هه‌نگاوه‌ یه‌كێتی ده‌كاته‌وه‌ به‌ ره‌قه‌مێكی دیاری نێو گۆڕه‌پانه‌كه‌؟.
هێمن میرانی: لاوازبوونی یه‌كێتی به‌ ته‌نیا په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ ئه‌دای ئه‌و چه‌ند ئه‌ندام مه‌كته‌ب سیاسییه‌ی سه‌روكاری حزبه‌كه‌ ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ به‌شێكی دیاری به‌رپرسیاری هه‌ڵده‌گرن و خۆشیان باسیان كردووه‌، به‌ڵكو وه‌كو باسم كرد باڵێكی گه‌وره‌ی یه‌كێتی شكا.نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌ندامێكی ئاسایی یه‌كێتی نه‌بوو كه‌ واز بێنێ و یه‌كێتی ته‌ندروست بمێنێته‌وه‌، بێگومان ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی بۆ مێژووی یه‌كێتی و چۆنیه‌تی دروستبوونی و ده‌وری سه‌رۆك مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌بێ، ده‌بێ بزانێ كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا ژماره‌یه‌كی ئێجگار قورسی ناو یه‌كێتی بووه‌، جیابوونه‌وه‌ی گورزێكی كه‌مه‌ر شكێن بوو بۆ یه‌كێتی.بۆیه‌ ئاسان نییه‌ ته‌نانه‌ت به‌ لابردنی ته‌واوی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیش یه‌كێتی ببێته‌وه‌ هێزه‌كه‌ی جاران.هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ شتێكی سروشتییه‌ كه‌ حزب رووبه‌ڕووی شكست و هه‌ڵسانه‌وه‌ ببێته‌وه‌، به‌ بڕوای من ئێستاش یه‌كێتی ژماره‌یه‌كی قورسه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێوه‌ ده‌یڵێن كێبڕكێ له‌سه‌ر هێزی یه‌كه‌م بكا، كارێكی ئاسان نییه‌ كه‌ دوو هێزی دیكه‌ی گه‌وره‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ هه‌ن كه‌ پارتی و گۆڕانه‌.
ستیڤان: گۆڕان ده‌یه‌وێت به‌شدار بێ له‌ ده‌سه‌ڵات، ئایا ئه‌مه‌ ناكۆك نییه‌ به‌ دروشمه‌كانی پێشووی ئه‌و حزبه‌ كه‌ باسی گۆڕینی سیستمی سیاسیی ده‌كرد؟.
هێمن میرانی: روون نییه‌ گۆڕان چۆن ده‌یه‌وێ به‌شدار بێ له‌ حكوومه‌ت، چوونكه‌ په‌یامی جۆراوجۆر و هه‌ندێ جار دژ به‌ یه‌ك له‌ لایه‌ن سه‌ركرده‌كانیان ده‌رباره‌ی ئاینده‌ی سیاسیی بزووتنه‌وه‌كه‌یان بۆ چوار ساڵی دیكه‌ ده‌بیسترێ.نه‌خێر بێگومان هیچ جۆره‌ دژیه‌ك نییه‌، چوونكه‌ گۆڕان و هه‌ر حزبێكی دیكه‌ كه‌ كاری سیاسیی ده‌كه‌ن ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌ بێنه‌ حكوومه‌ت و به‌رنامه‌ی سیاسیی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن.ئه‌نجامه‌كان ده‌ركه‌وتن، گۆڕان هێزی دووه‌مه‌، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ پارتی به‌شداریی پێ بكا له‌ حكوومه‌ت.چوونكه‌ ئه‌وه‌ حزبی براوه‌ (یان كوتله‌ی زۆرینه‌ی پارله‌مانه‌ بڕیار ده‌دا حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ كێ دروست ده‌كا)، واته‌ به‌ ده‌ست گۆڕان نییه‌ به‌شداریی حكوومه‌ت ده‌كا یان نا، به‌ڵكو به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ ویستی كوتله‌ی زۆرینه‌وه‌.
ستیڤان: یه‌كێتی باس له‌وه‌ ده‌كا له‌ سلێمانی ته‌زویرێكی زۆری لێكراوه‌ له‌ لایه‌ن گۆڕانه‌وه‌ و هه‌روه‌ها به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، تۆچۆن ده‌ڕوانیته‌ ئه‌م پرسه‌؟
هێمن میرانی: من له‌ كوردستان دوورم و وه‌ك ئێوه‌ گوێم له‌ هه‌ندێ ده‌نگوباسی ته‌زویر بووه‌، به‌ڵام وه‌كو له‌ دووره‌وه‌ چاودێریم كردووه‌، هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ به‌راورد به‌وانه‌ی دیكه‌ له‌ باشترین هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستانه‌، هه‌ڵبه‌ت ده‌شێ پێشێلكاریی و ته‌زویر لێره‌ و له‌وێ كرابن كه‌ من زانیاریی پشت راستكه‌ره‌وه‌م لا نییه‌.
ستیڤان: سه‌ركه‌وتووی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن پارتی و گۆڕان بوون، یه‌كێتی و یه‌كگرتوو پاشه‌كشه‌یان كردووه‌، پێتوایه‌ بۆچی جگه‌ له‌ یه‌كێتی یه‌كگرتووش پاشه‌كشه‌ی كردووه‌؟.
هێمن میرانی: زانیاریم له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانی یه‌كگرتوو نییه‌ له‌ رابردوو تا به‌وه‌ی ئێستا به‌راووردیان بكه‌م، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌كو ئێوه‌ ده‌ڵێن ده‌نگی كه‌می كردبێ ره‌نگه‌ دوو هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كه‌ی كه‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵن لێیان بردبێ، بۆیه‌ یه‌كگرتووش له‌ دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌بێ حسابێكی دیكه‌ له‌ گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانیشی بكا، چوونكه‌ ئیدی ئه‌وانیش مونافسی یه‌كگرتوون و ده‌نگی لێ ده‌به‌ن.
ستیڤان: ئه‌گه‌ر یه‌كێتی ببێته‌ ئۆپۆزیسیۆن ئایا قه‌یرانی حوكمداریی له‌ هه‌رێم دروست نابێ به‌و پێیه‌ی ئاسان نییه‌ پارتی و گۆڕان بگه‌نه‌ به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش؟.
هێمن میرانی: نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی ره‌نگه‌ پارتی و گۆڕان به‌ سانایی نه‌گه‌نه‌ رێكه‌وتن، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی هێشتا یه‌كێتی و پارتی هێز و چه‌كداریان له‌به‌ر ده‌سته‌، پێویسته‌ بۆ ئه‌م خوله‌ش له‌ حكوومه‌ت بن، به‌و مه‌رجه‌ی فشاریان له‌سه‌ر بكرێ له‌لایه‌ن خه‌ڵك و هێزه‌كانی دیكه‌وه‌ كه‌ ئه‌م چوار ساڵه‌ قۆناغی كۆتایی یه‌كخستن و به‌ نیشتیمانیكردنی هێزه‌كانی ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ و چه‌كدار بێ به‌ گشتیی.ئه‌گه‌ر ئۆپۆزیسیۆن به‌شداریی حكوومه‌ت بكا ده‌بێ ئه‌مه‌ بكه‌نه‌ یه‌كێك له‌ خاڵه‌ گرنگه‌كانی نێو داواكارییه‌كانیان.چوونكه‌ ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا هه‌یه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی پارتی و یه‌كێتییه‌، به‌ڵام له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان نییه‌.
قۆناغی گواستنه‌وه‌ ناكرێ به‌و كراوه‌ییه‌ بهێڵدرێته‌وه‌.وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا له‌ دوای كه‌وتنی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، یه‌كێتی ئه‌وروپا مه‌رجی بۆ دانان تا خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌رجانه‌ بگونجێنن و ببنه‌ ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپا، ئه‌و مه‌رجانه‌ش سه‌قفی زه‌مه‌نیان هه‌بوو.كوردستان له‌ ژێر فشاری لایه‌نێكی دیاریكراو نییه‌ و مه‌رجی نێوده‌وڵه‌تی روونی له‌سه‌ر نه‌چه‌سپاوه‌، بۆیه‌ پارتی و یه‌كێتی خه‌مساردن له‌ تێپه‌ڕاندنی قۆناغی گواستنه‌وه‌ و به‌هێزكردنی داموده‌زگا نیشتیمانییه‌كان له‌ كوردستان.
ستیڤان: چاودێرانی سیاسی ده‌ڵێن چه‌ند ساڵی داهاتوو گۆڕه‌پانی سیاسیی ده‌كه‌وێته‌ ده‌ستی گۆڕان و پارتی.یه‌كێتی و ئیسلامییه‌كان له‌ په‌ڕاوێزدا رۆڵ ده‌بینن.چۆن سه‌یری ئه‌م بۆچوونه‌ ده‌كه‌یت؟.
هێمن میرانی: له‌ ئێستادا هه‌ر ئه‌و پێنج هێزه‌ كاریگه‌رن كه‌ له‌ 2009یش كاریگه‌ر بوون ته‌نیا به‌ جێگۆڕكێی ریزبه‌ندیی نێوان یه‌كێتی و گۆڕان.كێ ئیداره‌ی وڵات ده‌كا و كێش ده‌بێته‌ چاودێر، ئه‌وه‌ رێكه‌وتن و هاوپه‌یمانێتیه‌ سیاسییه‌كان بۆ دامه‌زراندنی حكومه‌تی نوێ بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ن.

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...