Wednesday 31 October 2018

هێمن میرانی: چاكسازی زیان بە بەرژەوەندی زۆر خەڵك دەگەیەنێ كە لە گەندەڵی سوودمەندن



هەڤپەیڤین – زێرەڤان جەوهەر
دكتۆر هێمن میرانی مامۆستایی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی سۆران و رێكخەری پرۆژەی هۆشیاری دژی  گەندەڵی لە هەڤپەیڤینێكی  تایبەتدا لەگەڵ هە فتەنامەی زاری كرمانجیدا قسەی لەسەر ئامانجەكانی پرۆژەی هۆشیاری دژی گەندەڵی كردو و رایگەیاند"پڕۆژەی هۆشیاری دژە گەندەڵی دەستپێشخەرییەكی كەسییە و لە لایەن بەندەوە ڕاگەیاندراوە بۆ ئەوەی هەوڵی جۆراوجۆری خۆم تەرخان بكەم لە پێناوی بەرزكردنەوەی هۆشیاری و پێشخستنی كولتوری دژە گەندەڵی لە كوردستان، هەروەها هەوڵ بدەم كە شارەزا و پسپۆڕانی ئەو بوارە بهێنمە نێو چوارچێوەیەكی مەدەنی بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی گەندەڵی و لێكەوتەكانی و كاریگەرییە خراپە جۆراوجۆرەكانی لەسەر ژیان لە هەر كۆمەڵگەیەك. لە سێپتێمبەری ٢٠١٣ راگەیەندراوە". هەروەها دەشلێت" ئەم پرۆژەیە جارێ تەنیا دەستپێشخەرییەكی كەسییە و وەكو پڕۆژەیەك وایە. دەرگای كراوەیە بۆ كاری هاوبەش لەگەڵ ناوەندەكانی دیكە و پسپۆڕانی ئەو بوارە. من خۆم لەم چەند ساڵەی رابردوودا لە گەڵ چەند دامەزراوەیەكی كوردستان و ئەو كاتەش لە دەرەوە بووم لە گەڵ چەند زانكۆیەكی بەریتانیا هەر لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیە چالاكیم كردووە و سیمینار و گفتوگۆ و دیداری رۆژنامەوانیم لە سەر پرسی گەندەڵی ئەنجامداوە". لە وەڵامی پرسیاری ئایە گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان گەیەشتووتە حالەتێكی مەترسیدار؟

 میرانی دەڵێت" ئەوە شتێكی حاشا هەڵنەگرە كە گەندەڵی بۆتە مەترسیەكی گەورە لەسەر سیاسەت و ئابوری و تەنانەت ژیانی كۆمەڵایەتی خەڵكیش لە كوردستان. گەندەڵی دامەزراوەكانی حوكمڕانی كوردستانی پڕ كردووە لە خەڵك، دەرگای گەورەی كردۆتەوە كە سامانی گشتی بێ لێپرسینەوە و ترس بە فیڕۆ بدرێ، خەڵكی ناشایستە لەسەر بنەمای لاوەكی جۆراوجۆر بچنە شوێنی هەستیار و بڕیاردانەوە، ئابوری كوردستانی داتەپاندووە و بەشێكی باشی سامانی گشتی بەفیڕۆدەدات، بێمتمانەیی گەورەی لە نێوان خەڵك و دەسەڵات دروست كردووە بەو پێیەی كە زانیاری جۆراوجۆر دەربارەی پرسەكانی گەندەڵی لە میدیا و لە لایەن پەرلەمانتارانەوە باس كراوە و خراوەتە ڕوو كەچی لێپرسینەوە و بەدواداچوون نەك زۆر لاوازە بەڵكو زۆر جار هەر بوونی نییە. ئەمە بۆتە هۆی هاندانی ئەو خەڵكانەش كە بە هۆكاری جۆراوجۆر خۆیان لە گەندەڵی پاراستووە. كەواتە بەڵی گەندەڵی بۆتە مەترسییەكی گەورە و حكومەتیش خۆی دانی بەوەدا ناوە". رێكخەری پرۆژەكە لەسەر چۆنیەتی ڕوبەڕووبوونەوەی گەندەڵیش دواو دیاریكرد" گەندەڵی كێشەیەكی ئاڵۆزە و بەرەنگاربوونەوەی پێویستی بە كاری زۆر و ئامرازی جۆراوجۆر هەیە. بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پێویستی بە راهێنان و پەروەردەكردن هەیە. پێویستە لە قوتابخانەكانەوە منداڵی راستگۆ و دەستپاك و دژە گەندەڵ پەروەردە بكەین، لە زانكۆكان لەسەر ئاستێكی باڵاتر مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بكەین چونكە لە دوای زانكۆ گەنجەكان دەچنە بواری كاركردنەوە. پێویستە ئەوانەی لە كەرتی گشتی كارمەندن بەردەوام راهێنان و رێنمایی نوێیان پێ بدرێ بۆ ئەوەی كولتوری خۆپارێزی بەهێز بكرێ. لە بواری جێبەجێكردن حكومەت دەبێ سیستەمێكی كارای چاودێری و بەدواداچوونی ناوخۆیی لە نێو دامەزراوەكاندا بهێنێتە كایەوە. هەروەها لەسەر ئاستی نیشتیمانی پێویستیمان بە سیستمێكی كارای چاودێری و بەدواداچوون هەیە كە دامەزراوە گرنگەكانی وەكو پەرلەمان و دامەزراوەكانی دیكەی چاودێری وەكو داواكاری گشتی و دەستەی نەزاهە و دیوانی چاودێری دارایی دەتوانن ڕۆڵی گەورەی تیا بگێڕن.


 لە دۆخێكی وەكو كوردستاندا نابێ ڕۆڵی حزبە سیاسییەكان لە بیر بكەین كە ئەوان كاراترین و پڕ كاریگەرترین دامەزراوەی سیاسین، پێویستە حزبەكان باوەڕ بەوە بێنن كە گەندەڵی بەڵایەكی گەورەیە و ئەگەر ئەمڕۆ قازنجی كاتی بە هەندێ كەس و لایەن بگەیەنێ، لە دوور مەودادا لێكەوتە خراپەكانی بەسەر هەمووان دەشكێتەوە. واتە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پرۆسەیەكی فراوانە و پێویستە لە بواری جۆراوجۆردا دەست پێ بكرێ. ڕێگریەكانی  بەردەم چاكسازی كردن لە هەرێمی كوردستان تەوەرێكی تری قسەكانی ناوبراو بوو, ئەو پێی وایە"  بەربەستەكانی بەردەم چاكسازی زۆرن. لە پێشی هەموویانەوە تا ئێستا ئیرادەیەكی سیاسی راستەقینە و راستگۆ بۆ چاكسازی بوونی نییە، ئەوەی هەیە حەز و قسەیە. پێدەچێ هۆكاری ئەمەش ئەوە بێ كە لەلایەك چاكسازی زیان بە بەرژەوەندی زۆر خەڵك دەگەیەنێ كە لە گەندەڵیدا سوودمەندن، لە لایەكی دیكە هێشتا ئەوانەی بڕیار درووستكەرن بەو باوەڕە نەگەیشتوون كە زیانەكانی گەندەڵی گەورەن. یان هەر لە راستیدا لەوە ناگەن كە ئەوەی ئەوان دەیكەن گەندەڵییە. هۆكارێكی دیكە لاوازی دامەزراوەكانی حوكمڕانیە كە توانایان لە ڕووی دەسەڵات و لە ڕووی لێهاتوویشەوە بە سەر خەڵكانی گەندەڵ و خاوەن تۆڕی بەرژەوەندی ناشكی". لە كۆتایی هەڤپەیڤینەكەیدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی د. هێمن میرانی دەربارەی پرۆژە یاسای چاكسازی خولی :پێشووی پەرلەمانی كوردستان دواو ئاماژەی بەوەكرد

" لە راستیدا ئەوەی لە پەرلەمانە پڕۆژە یاسایەكە بۆ چاكسازی كردن لە سیستمی مووچەی خانەنشینی پلە باڵاكان و خانەنشینی مەدەنی. بە داخەوە پەرلەمانتارانی خولی ڕابردوو بە عینادی پڕۆژەكەیان لەبار برد دەنا پڕۆژەیەكی باش بوو، هاوكارێكی باشی خانەنشینی مەدەنی دەكرد و مووچەی قەبەی خانەنشینی پلە باڵاكانیشی رێك دەخست.., هیواخوازین لەم خولەی پەرلەماندا ئەم پرسە لە سێ مانگی یەكەمی تەمەنی پەرلەماندا یەكلا بكرێتەوە بە تایبەت لەبەر ئەوەی موچەی خانەنشینی مەدەنی بەرز دەكاتەوە بۆ كەمترین مووچە ٤٠٠ هەزار دینار وەكو ئەوەی بەغدا لە كاتێك خەڵك لە كوردستان ٢٠٠ هەزار یان كەمتر وەكو كەمترین مووچەی خانەنشینی وەردەگرێ".

بڕوانە سایتی زاری کرمانجی

http://www.zarikrmanji.com/index.php?option=com_content&view=article&id=14775:2018-10-29-20-22-50&catid=45:havpaevin&Itemid=215

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...