Wednesday 19 September 2018

روونکردنەوەیەکی پێویست:


هۆکاری نیگەرانی من لەو هەنگاوەی کاک بەرهەم ساڵح پەیوەندی بە یەکێتیەوە نیە چونکە ئەمە بۆ یەکێتی سەرکەوتنێکی گەورەیە و دەستیان خۆش بێ وایان کرد و هەر حزبێکی دیکەش بێ ئەمە دەکات. من هیچ جۆرە دژایەتیەکم لە گەڵ هیچ کەس و هێزێکی کوردستاندا نیە، وەکو زۆر خەڵک نەخۆشی سیاسیم نیە و عوقدە و بڕیاری پێشوەختەم لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نیە. من ئەندامی هاوپەیمانیش نیم وەکو هەندێ برادەر لە کۆمێنت و نامەی تایبەت بۆیان ناردووم، تا بەو هەنگاوە نا ئومێد بم.
نیگەرانییەکە لەوەیە کە پیاوێک کە خاوەن پێگەیە، هەندێ کاری نەوعی باشی کردووە لە ماوەی سەرۆکایەتی دوو ساڵی کابینەی حکومەتی کوردستاندا، خەڵکێکی دڵسۆز و زۆری لە چواردەوری کۆبۆتەوە لە بزوتنەوەیەکی نوێی وەکو هاوپەیمانی، بەڵێنیداوە لە بەرەی ئەو کەسانە بێ کە داوا دەکەن کوردستان حوکمڕانیەتیەکی باشتری هەبێ، شەڕی گەندەڵی بکرێ و نا عەدالەتی گەورەی ژیانی خەڵک نەمێنێ. پیاوێک لە دەیان بەرنامەی تەلەفزیۆنیدا بەڵینی بە خەڵکدا کە بۆ هیچ پۆستێک تێکەڵی یەکێتی نابێتەوە و "حورمەتی خۆی و خانەوادەکەی و میللەتەکەی دەگرێ و .... سیاسەت بە فڕوفێڵ ناکرێ و راستگۆیی لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە". دوایی ئەو پیاوە لە پڕێک واز لە هەموو هاوڕێکانی و خەڵک و ئەو بەڵینانە دێنێ و بۆ ئەوەی بیکەنە کاندیدی سەرۆک کۆماری عێراق، تێکەڵی یەکێتی دەبێتەوە...


ئەو بادانەوەیە تەنیا پەیوەندی بە بەرهەم ساڵحەوە نیە تا خەڵک وەکو رەفتارێکی کەسی سەیری بکەن و بێدەنگ بن، بۆیە خەڵکێکی زۆر نیگەران و شۆک بووە، بەڵکو ئەمە گورزێکی گەورەیە لە کەمەری ئەوانەی باوەڕیان بە گۆڕانکاری لە کوردستان و باشتر بوونی حوکمڕانی هەیە. ئەو بادانەوەیە گورزێکە لە متمانەی خەڵک بە هەر جۆرە بزاوت و جولانەوەیەکی دیکە کە بانگەشەی مۆدێلێکی باشتر لە حوکمڕانی ئیستا و رابردووی کوردستان بکات. خەڵک لەمەولا زیاتر نا ئومێد دەبێ لە هەر جۆرە دەنگێکی جیاواز و پرسیاری سەرەکی ئەوە دەبێ کە کێ ناڵێی لە ژێرەوە سەر بەوانە و سبەی تێکەڵی ناکاتەوە؟؟؟
دکتۆر بەرهەم رەنگە بەم هەنگاوە ببێتە سەرۆک کۆماری عێراق و ئەو خەونەی بێتە دی کە پێدەچێ لە پێناویدا یەکێتی بەجێ هێشتبوو، بەڵام وەکو سیاسییەکی پشوو کورت، خۆپەرست و هاوڕێی نیوە ڕێگا حسابی بۆ دەکرێ..
وەکو خوێندکارێکی سیاسەت، بە لای من سیاسەت و مۆرال پەیوەندی راستەوانەیان پێکەوە هەیە و ناکرێ سیاسی هەموو شتێک بکات و بیانووەکەی ئەوە بێ کە سیاسەتی کردووە و سیاسەتیش هەموو جۆرە شتێکی تێدایە، ئەوەی روویدا دەچێتە خانەی بێ مۆراڵی سیاسی و خۆپەرستی و هیچ لێکدانەوەیەکی دیکە هەڵناگرێ.
وتەیەکی جوان لە ئاینی کریستیانێتی هەیە دەڵێ:
قازانجی چیە کە پیاو هەموو دونیا بباتەوە ئەگەر خۆی دۆڕاند؟
For what is a man profited if he gains the whole world, and loses or forfeits himself?
من بەم روونکردنەوەیە لای خۆم کۆتایی بەو بابەتە دێنم و هیچ جۆرە قسەیەکی دیکەم لەسەر ئەو شۆکە سیاسییە نیە..

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...