Monday 15 February 2016

چاکسازی

هێمن میرانی
ئەگەر خاوەنی ئەو هەموو خەڵکە چاکەکار و چاکسازیخوازە بوینایە بۆ بە ئەمڕۆ دەگەیشتین. ئەگەر دامودەزگاکانی چاودێری کارا نەکرێن، دەنگۆکانی چاکسازی تەنیا وەکو ئامرازی گۆڕینی دەرفەت و کاراکتەرەکانی گەندەڵین لە ئەلفەوە بۆ با دەمێننەوە. بە مانایەکی دیکە عەلی تا ئەمڕۆ گەندەڵ بووە، لەمەولا دەرگا بۆ وەلیش دەکەنەوە بێتە بازاڕەوە. دەیان ئەزموونی لەم جۆرە لە دونیادا هەن و دۆخی خۆشمان لە دوای پرۆژەکانی چاکسازی لە ٢٠١١ ئەو راستیەمان پێ دەڵێن.
بۆیە لە جیاتی لێژنە و لێژنە کاری، پارلەمان کارابکەنەوە و دەرفەت بدەن دەزگای نەزاهە و دیوانی چاودێری دارایی و لێژنەکانی پارلەمان و دادگاکان گەندەڵەکان پۆڵێن بکەن و سنوورێک بۆ ئەو دۆخە دابنێن. سەرۆک و سەرۆک حزبەکان و مەکتەب سیاسییەکانیان تەنیا دەتوانن پاڵپشتی ئەو پرۆسەیە بکەن، هەڵبەت تا ئەمڕۆ ئەوان گەورەترین رێگری بەردەم چاکسازی بوونە لە کوردستان، بە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ.
درەنگ نیە کوردستان بخرێتەوە سەر رێگەیەکی دروست..

داهێنان لە خانەنشینیدا

هێمن میرانی
لە گەڵ سەرپەرشتیارەکەم باسی قەیرانی دارایی کوردستانمان دەکرد، زۆر پێی سەیر بوو کە چۆن دەکرێ وەزیر و پارلەمانتار و بەڕێوەبەری گشتی و وەکیل وەزیر پێش گەیشتن بە تەمەنی خانەنشینی بە موچەیەکی قەبەوە خانەنشین بکرێن. تەنانەت حزبەکان فێر ببوون حیلەی شەرعیان دەکرد و لە دوو ساڵی تەمەنی پارلەماندا ژمارەیەک پارلەمانتار دەستیان لە کار دەکێشایەوە و خانەنشین دەکران و ژمارەیەکی نوێ دەچوونە شوێنیان بۆ ئەوەی ئەوانیش خانەنشین ببن. سەرکردایەتی حزبەکان لە نێو خۆیان دەیانکردە شەر بۆ ئەوەی کێ لە پشکی حزبەکەی ببێتە وەزیر یان پارلەمانتار بۆ ئەوەی ژیانی تا هەتا هەتایە تەئمین بێ!! ئەمە تەنیا گاڵتە جاڕییە تەمەنت سی ساڵ بێ خانەنشین بکرێی!!!!
ئەو بەڕێزانە دوای ئەزموونیان دەبنە کەسایەتی و دەتوانن لە رێگەی دیکەوە خۆیان بژیەنن نەک لەسەر حسابی داهاتی گشتی. فەرموون سەیر بکەن کەسانی وەکو تۆنی بلێر و کۆفی ئەنان و جیمی کارتەر و چەندینی دیکە ئەمڕۆ لە دونیادا وەکو کەسایەتی لە چەندین بواردا رۆڵ دەگێڕن و داهاتی باش کۆ دەکەنەوە، کەسیشیان لەسەر داهاتی گشتی وڵاتەکەیان تەمبەڵ تەمبەڵ دانەنیشتوون..
ئەو بەڕێزانەی لای خۆمان لە ٢٠ ساڵی رابردوو کام قانون و رێنمایی لە بەرژەوەندی خۆیان بووە داهێنانی گەورەیان تێدا کردووە. رەنگە یەکسەر بڵێن لە بەغداش وایە! جا کەی بەغدا ئەو مۆدێلەیە دەبێ چاوی لێ بکەین، ئەی ئێمە بە نیاز نەبووین مۆدێل بین بۆ عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟
فەرموون ئازا بن و ئەو گاڵتەجاڕییە راست بکەنەوە و مانگانە ملیارەها دینار بۆ حکومەتە موفلیسەکەتان بگێڕنەوە.

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...