Wednesday 26 November 2014

كوردستان: سپارتا بچووكه‌كه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌رِاست

 
مایكڵ نایتس، لێكۆڵه‌ر له‌ سه‌نته‌ری واشنتن بۆ سیاسه‌تی رۆژهه‌ڵاتی نزیك، پسپۆرِی سیاسه‌ت و ئاسایشی عێراق، وتارێكی له‌ سایتی ئینگلیزی ئه‌لجه‌زیره‌ بڵاو كردۆته‌وه‌ به‌ ناونیشانى " كوردستانى عێراق: سپارتاى بچووكى داهاتووى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌رِاست". له‌م وتاره‌دا نوسه‌ر باس له‌ هه‌وڵه‌كانى كورد بۆ به‌ده‌ست هێنانى هاوكارى راسته‌وخۆى سه‌ربازى و ئاسایشى ئه‌مریكا ده‌كات و ئاماژه‌ بۆ ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌گه‌ره‌كانى ئه‌و هاوكاریه‌ ئاسانتر ده‌كه‌ن. نوسه‌ر به‌راوردێكى ژماره‌یی ده‌كات له‌ نێوان ئه‌و برِه‌ پاره‌یه‌ى ئه‌مریكا بۆ بونیادنانى چه‌ند لیوایه‌كى پێشمه‌رگه‌ له‌ گه‌ڵ زیاتر له‌ سه‌د لیواى سوپاى عێراق خه‌رجى كردبوو.
 

ئاماده‌کردنی: هێمن میرانى

 
Little Sparta
سپارتاى بچووك ماناى چیه‌؟ نوسه‌ر بۆچى ئه‌م ناوه‌ى كردۆته‌ ناونیشانى وتاره‌كه‌ى و هه‌رێمى كوردستان ده‌بێته‌ چ ئه‌كته‌رێكى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌رِاست؟ ئایا ئه‌و سپارتا بچووكه‌ خێر بۆ وڵاتى ئێمه‌ ده‌هێنێ یان شه‌رِ؟ نوسه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى وتاره‌كه‌دا باسى ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ ده‌كات و ده‌نوسێ "سپارتای بچووك، ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ كه‌  گه‌وره‌ به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی به‌ر‌گری ئه‌مریكا وه‌كو ستایش بۆ نرخاندنی هاوبه‌شه‌ سه‌ربازیه‌كانیان به‌كاری ده‌هێنن.  ئه‌م سپارتایه‌ هێمایه‌ بۆ  بۆ ده‌وڵه‌ته‌ شاری سپارتا له‌ یۆنانی كۆن كه‌ به‌ سوپا بچووك و به‌هێزه‌كه‌ی به‌ناوبانگ بوو. له‌م دواییانه‌ ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ بۆ ئیمارات به‌كار هێندراوه‌. هه‌رێمی كوردستانی عێراقیش ئێستا رۆڵیكی گرنگ ده‌گێرێ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ سپارتای بچووكی ئاینده‌یی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌رِاست".

مایكڵ نایتس


پێگه‌ى جوگرافى كوردستان
ئاشكرایه‌ كه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌مێكه‌ هه‌وڵ ده‌دات كه‌ په‌یوه‌ندییه‌ سیاسى و سه‌ربازییه‌كانى له‌ گه‌ڵ دونیاى ده‌ره‌وه‌ پێش بخات، ئه‌م هه‌وڵانه‌ له‌ دواى شه‌رِى داعش په‌ره‌یان سه‌ندووه‌ و كاتى باشترى داوه‌ته‌ ده‌ست كوردستان تا به‌ ده‌نگێكى دلێرانه‌تر داواى هاوكارى سه‌ربازى بكات. نوسه‌ر باس له‌ سه‌ردانى شاندى باڵاى كوردستان ده‌كات بۆ ئه‌مریكا و ده‌نووسێ " ئه‌م هه‌فته‌یه‌ شاندێكی پایه‌ به‌رزی كوردی له‌ واشنتنن بۆ ئه‌وه‌ی لۆبی له‌ گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی كۆنگرێس و ناوه‌نده‌كانی بیركردنه‌وه‌ بكه‌ن له‌ پێناوى ئه‌وه‌ی پاڵپشتی بۆ په‌یوه‌ندی توندوتۆڵی سه‌ربازی له‌ نێوان ئه‌مریكا و هه‌رێمی كوردستانی عێراقدا بدۆزنه‌وه‌". پێگه‌ى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان له‌ رووى جوگرافى سیاسییه‌وه‌ كه‌وتۆته‌ ناوچه‌یه‌ك كه‌ ده‌توانرێ لێیه‌وه‌ پاڵپشتى بۆ شه‌رِى دژه‌ داعش دابین بكرێ، خاڵێكى گرنگى نێو نوسینه‌كه‌یه‌ " ئێستا كوردستانی عێراق وا ده‌بێته‌ ناوچه‌یه‌كی‌بێ هاوتا‌بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی رۆژئاوا له‌ دژی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام. هه‌رێمى كوردستان بناغه‌یه‌كی ئه‌منی پێشكه‌شى هاوپه‌یمانان ده‌كات كه‌ له‌ رێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانرێ به‌ ئاسانی ده‌ستیان بگاته‌ موسڵ، رۆژهه‌ڵاتی سوریا و زیاتر له‌ هه‌زار كیلۆمه‌تر له‌و هێله‌ سنووریانه‌ی داعش له‌ عێراقدا له‌ گه‌ڵ هه‌رێم هه‌یه‌تی".
 

فشارى ناوخۆیی له‌ ئه‌مریكا
زۆرن ئه‌و لایه‌نانه‌ى داوا له‌ ئیداره‌ى ئۆباما ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و دوو دڵیه‌ سیاسیه‌ى له‌ گه‌ڵ كوردستان په‌یرِه‌وى ده‌كات بیرِه‌وێنێته‌وه‌، هه‌ندێ له‌م لایه‌نانه‌ له‌ نێو خودى ده‌زگاكانى دروستكردنى برِیارن له‌ ئه‌مریكا. نوسه‌ر نمونه‌ به‌ دوو هه‌وڵى سیناتۆره‌كانى ئه‌مریكا ده‌دات كه‌ پرِۆژه‌ برِیاریان له‌مباره‌یه‌وه‌ پێشكه‌ش كردووه‌: " له‌ ده‌ى نۆڤه‌مبه‌ر، سه‌رۆكى كۆمیته‌ى كاروبارى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى ئه‌مریكا، سیناتۆر ئێد رۆیس، برِیارى ناسراو به‌ " هه‌ستى كۆنگرێس"ى ئاماده‌كرد كه‌ داوا له‌ سه‌رۆكى ئه‌مریكا باراك ئۆباما ده‌كات كه‌ راسته‌وخۆ چه‌كى پێشكه‌وتوو، راهێنان و خزمه‌تى به‌رگرى به‌ خێرایی و له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كى كاتى پێشكه‌شى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بكات. ئه‌م هه‌وڵه‌ راسته‌وخۆ داوا له‌ سه‌رۆك ده‌كات كه‌ ره‌زامه‌ندى بفه‌رمێ به‌ پێدانى چه‌كى دژه‌ تانك، ئۆتۆمبێڵى سه‌ربازى گولله‌ نه‌برِ، چه‌كى دوور هاوێژ و فیشه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى، و پێداویستیه‌كانى په‌یوه‌ندى و خۆپارێزى و كڵاوى گولله‌ نه‌برِ و هه‌رچى هه‌ماهه‌نگى و هاوكارى سه‌ربازى دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆك به‌ پێویستى ده‌زانێ بۆ ماوه‌ى سێ ساڵ". نوسه‌ر ئاماژه‌ بۆ هه‌وڵێكى دیكه‌ش ده‌كات و ده‌نووسێ " پرۆژه‌ قانونێكى دیكه‌ى هاوشێوه‌ له‌ مانگى ئه‌یلۆل له‌ لایه‌ن سیناتۆر دانا رۆهرابه‌چه‌ ئاماده‌كراوه‌ و ئێستا چاوه‌رِێى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ لێژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ پێداچوونه‌وه‌ى بۆ بكه‌ن". ئایا ئه‌م هه‌وڵانه‌ له‌ رووى قانونیه‌وه‌ ده‌توانن ئیداره‌ى ئه‌مریكا ناچار بكه‌ن هه‌ڵوێسته‌كانى بگۆرِێ؟ نوسه‌ر ده‌ڵێ " ئه‌م هه‌وڵانه‌ حكومه‌تى ئه‌مریكا ناچار ناكه‌ن كه‌ هه‌ڵوێسته‌كانى بگۆرِێ، به‌ڵام ده‌چنه‌ پاڵ ئه‌و ده‌نگه‌ به‌رزانه‌ى داوا له‌ ئیداره‌ى ئه‌مریكا ده‌كه‌ن كه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ سیاسه‌تى خۆپارێزى به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمى خۆرێبه‌رى كوردستان له‌ عێراق بكات".
 

ژماره‌كان خۆیان به‌ڵگه‌ن و قسه‌ ده‌كه‌ن
به‌ به‌راورد به‌و پاره‌ زۆره‌ى لێى خه‌رج كراوه‌، به‌و چه‌كه‌ مۆدێرنانه‌ى بۆ كرِدراوه‌ و راهێنانى له‌سه‌ر كراوه‌، سوپاى عێراق زۆر شه‌رمه‌زارانه‌ له‌ شه‌رِى دژه‌ داعشدا دێته‌ به‌رچاو. نوسه‌ر ئه‌و ژمارانه‌ ده‌خاته‌ روو كه‌ ئه‌مریكا له‌ بونیادنانى سوپاى عێراق و چه‌ند لیوایه‌كى پێشمه‌رگه‌ خه‌رجى كردوون. سه‌ره‌تا نوسه‌ر هه‌وڵه‌كانى ئێستاى سه‌رۆك ئۆباما بۆ راهێنانى سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه‌ باس ده‌كات و ده‌نوسێ " له‌ حه‌وتى نۆڤه‌مبه‌ر، سه‌رۆك ئۆباما داواى له‌ كۆنگرێس كرد كه‌ ره‌زامه‌ندى بده‌ن له‌سه‌ر خه‌رج كردنى برِى 1.6 ملیار دۆلار بۆ راهێنانى نۆ لیواى سوپاى عێراق و 3 لیواى پێشمه‌رگه‌ وه‌كو ئاماده‌كارى بۆ هه‌وڵه‌كانى ئازادكردنى موسڵ له‌ ساڵى 2015. شوێنى ئه‌و راهێنانه‌ ئه‌مریكیه‌ ده‌ست نیشان كراوه‌ له‌ فرِۆكه‌خانه‌ى باشور له‌ نزیك شارۆچكه‌ى هه‌ریر له‌ هه‌رێمى كوردستانى عێراق". دواتر دێته‌ سه‌ر به‌راوردكارى نێوان ئه‌و برِه‌ پاره‌یه‌ى ئه‌مریكا له‌ سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه‌ى خه‌رج كردووه‌ و ئه‌و به‌راورد كاریه‌ش وه‌كو كارتێكى به‌هێز ده‌بینێ كه‌ به‌ ده‌ست كورده‌وه‌ كه‌ داوا له‌ ئه‌مریكا بكه‌ن به‌ سیاسه‌تى سه‌ربازى خۆى به‌رامبه‌ر به‌ پێشمه‌رگه‌دا بچێته‌وه‌ و سه‌خاوه‌تى زیاتر پیشان بدات. نوسه‌ر ده‌ڵێ " كورده‌كان ده‌یانه‌وێ ئه‌مریكا راهێنان به‌ هێزى زیاترى پێشمه‌رگه‌ بكات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ چیرۆكى باشیان هه‌یه‌ كه‌ بۆ یاسا دانه‌رانى ئه‌مریكاى بگێرِنه‌وه‌. له‌ ساڵى 2003 تا 2011، ئه‌مریكا هاوكارى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى كرد بۆ ئه‌وه‌ى هه‌شت لیواى پێشمه‌رگه‌ پێش بخه‌ن، بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ئه‌مریكا ته‌نیا به‌ برِى 92 ملیۆن دۆلار هاوكارى پێشكه‌ش كرد. له‌ به‌رامبه‌ردا، 109 لیواى سوپاى عێراقى فیدراڵى بونیادنا كه‌ تێچووه‌كه‌ى زیاتر له‌ 25 ملیار دۆلار بوو!. تێكرِاى ئه‌و بره‌ پاره‌یه‌ى له‌ هه‌ر لیوایه‌كى پێشمه‌رگه‌ خه‌رج كراوه‌ نزیكه‌ى 11.5 ملیۆن دۆلار بوو له‌ كاتێك ئه‌و برِه‌ى بۆ هه‌ر لیوایه‌كى سوپاى عێراق خه‌رج كراوه‌ 229.3 ملیۆن دۆلار بووه‌". نوسه‌ر پاش ئه‌و به‌راورده‌ ژماره‌ییه‌، دۆخى ئێستاى به‌ره‌كانى شه‌رِ به‌راورد ده‌كات و ده‌نوسێ "ئه‌مرِۆ، ئه‌و هه‌شت لیوایه‌ى پێشمه‌رگه‌ كه‌ به‌ هاوكارى ئه‌مریكى بونیاد نراون ساغ و چالاكن. له‌ به‌رامبه‌ردا چاره‌گێكى سوپاى عێراق هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌".
 

هه‌ستیارى له‌ مامه‌ڵه‌ى راسته‌وخۆ
نوسه‌ر ده‌ڵێ ئه‌مریكا هاوكارى پێشكه‌شى پێشمه‌رگه‌ ده‌كات چونكه‌ "پێشمه‌رگه‌، كه‌ هێزی چه‌كداری كوردستانه‌، به‌رده‌وام جێگه‌ی متمانه‌ و سه‌رسامی هێزه‌كانی ئه‌مریكا بووه‌". ئه‌و دوو قۆناغ له‌ هه‌ماهه‌نگى نێوان ئه‌مریكا و كوردستان له‌ رووى سه‌ربازیه‌وه‌ باس ده‌كات " له‌ ئێستادا، واشنتن به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌ش كردنی چه‌ك و راهێنان بۆ هه‌رێمی كوردستان ئه‌مه‌ش ته‌نیا دوای راوێژ و ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق. له‌ رابردوو، پرسی سه‌روه‌ری عێراقه‌وه‌، ده‌رفه‌تى دابووه‌ به‌غدا كه‌ هه‌ماهه‌نگیه‌ ئاسایشیه‌كانى نێوان ئه‌مریكا و كورد هه‌ندێ جار دوابخات و هه‌ندێ جاریش رایبگرێ". دیاره‌ هێشتا په‌یوه‌ندى سه‌ربازى راسته‌وخۆى نێوان هه‌رێمى كوردستان و ئه‌مریكا بابه‌تێكى هه‌ستیار، چونكه‌ وه‌كو نوسه‌ر ده‌ڵێ "نه‌یارانى پرسى هاوكارى سه‌ربازى راسته‌وخۆى ئه‌مریكا بۆ كوردستان ده‌ڵێن ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌ بێ ره‌زامه‌ندى به‌غدا ده‌بێته‌ هۆى خێراكردنى پرۆسه‌ى پارچه‌ پارچه‌ بوونى عێراق. نمونه‌ش به‌وه‌ دێننه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ پێشینه‌ بۆ ناوچه‌ سونیه‌كانى عێراق كه‌ چه‌ك و راهێنان و هاوكارى سه‌ربازى راسته‌وخۆ له‌ ده‌وڵه‌تانى دراوسێ وه‌ربگرن". هه‌ستیارى حكومه‌تى تازه‌ ده‌ست به‌كاربووى عێراق به‌ لاى ئه‌مریكا بێگومان یه‌كێكى دیكه‌یه‌ له‌ به‌ربه‌سته‌كان، به‌ تایبه‌ت كه‌ وه‌زیرى نوێى به‌رگرى عێراق خۆى وه‌كو پیاوى ده‌وڵه‌تى پیشان ده‌دات و وه‌كو دژه‌ كورد خۆى نمایش نه‌كردووه‌ هێشتا. نوسه‌ر ده‌ڵێ " حكومه‌تى ئه‌مریكا هه‌روه‌ها ره‌نگه‌ دوو دڵ بێ له‌ لاوازكردنى وه‌زیرى نوێى به‌رگرى خالد ئه‌لعوبێدى كه‌ عه‌ربێكى سوننى خه‌ڵكى موسڵه‌ و سه‌ردانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى هه‌رێمى كوردستانى كرد له‌ 3 ى نۆڤه‌مبه‌ر بۆ گفتوگۆكردن له‌ سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنى هاوبه‌ش. تا ئێستا، عوبێدى پاڵپشتى پلانى ئه‌مریكاى كردووه‌ بۆ راهێنان كردن به‌ چه‌ند لیوایه‌كى پێشمه‌رگه‌ و هه‌روه‌ها پشتگیرى ئاماده‌یی ئه‌ڵمانیا بۆ پێدانى پێداویستیه‌كانى دوو لیواى پێشمه‌رگه‌ى كردووه‌، كه‌ به‌شێكى ئه‌و هاوكارییانه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ هه‌ولێر به‌ بێ ئه‌وه‌ى به‌غدا هیچ كێشه‌یه‌كى بۆ دروست بكا". له‌ گه‌ڵ ئه‌و هه‌ستیاریانه‌ش، نوسه‌ر هێشتا هه‌ندێ چرپه‌ ده‌داته‌ گوێى ئه‌مریكا كه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنى زیاتر به‌سه‌ر داعش ده‌بێ هاوكارى زیاتر پێشكه‌شى پێشمه‌رگه‌ بكرێ. له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ " ره‌نگه‌ كورد بتوانن له‌ رێى پێشكه‌شكردنى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى زیاتر گومانه‌كانى ئه‌مریكا برِه‌وێننه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر جۆره‌ پێشكه‌وتنێكى ئاینده‌یی بۆ ئه‌وه‌ى چوارده‌ورى موسڵ بگرن یان رێگرى له‌ هاتوچۆى تیرۆریسته‌كان به‌ درێژایی سنوورى عێراق و سوریا بكه‌ن وه‌ستاوه‌ته‌ سه‌ر هاوكارى سه‌ربازى و راهێنانى ئه‌مریكیه‌كان. هه‌روه‌ها كورده‌كان پێویستیان به‌ راهێنانى ئه‌و دوو لیوایه‌ تازه‌یه‌ى سوپاى عێراق هه‌یه‌ كه‌ تازه‌ له‌ كارمه‌نده‌ رزگاربووه‌كانى لیوا هه‌ڵوه‌شاوه‌كانى سوپا و پۆلیسى عێراق دروست كراونه‌ته‌وه‌".
 

ده‌وڵه‌تى رانه‌گه‌یه‌ندراو
نوسه‌ر باس له‌ هه‌وڵه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى له‌ رووى سه‌ربازى و ئابوریه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆیی زیاتر به‌ ده‌ست بهێنێ كه‌ هه‌رێم ده‌كاته‌ ده‌وڵه‌تێكى رانه‌گه‌یه‌ندراوى كه‌م كێشه‌ له‌ نێو هاوكێشه‌ جه‌نجاڵه‌ هه‌رێمیه‌كاندا. نوسه‌ر ده‌ڵێ " سوود وه‌رگرتن له‌م پێشكه‌وتنانه‌، ره‌نگه‌ وا بكات كه‌ هه‌ولێر په‌یوه‌ندى راسته‌وخۆى ئاسایشى زیاترى له‌ گه‌ڵ ئه‌مریكا و وڵاتانى دیكه‌ى هاوپه‌یمانى رۆژئاوایی پێشبخات. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ ئاماژه‌یه‌كى دیكه‌ى گرنگ له‌سه‌ر رێگه‌ى سه‌ربه‌خۆ بوونێكى دیفاكتۆ ( ئه‌مرى واقیع). له‌ پاڵ په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌منیه‌كان له‌ گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانى بێگانه‌، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌نگاوه‌كانى به‌رده‌وامه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئابورى. رێكه‌وتنامه‌ى كاتى هاوبه‌شى داهاتى نه‌وت كه‌ رۆژى 14 ى نۆڤه‌مبه‌ر له‌ نێوان نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و عادل عه‌بدولمه‌هدى وه‌زیرى نه‌وتى عێراق واژوو كرا، ئاماژه‌یه‌كه‌ كه‌ به‌غدا به‌ ناچارى وا ده‌بینێ كه‌  به‌ هه‌ماهه‌نگى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و كه‌ركوك ره‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ بكه‌ن باشتره‌ له‌ ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام بێ له‌ ئابڵوقه‌ى ئابورى له‌ دژى هه‌ولێر". نوسه‌ر پێشبینى خۆى ده‌خاته‌ روو كه‌ به‌غدا رازى ده‌بێ كوردستان برِێكى زۆرى نه‌وت سه‌ربه‌خۆیانه‌ ره‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ بكات و ده‌نوسێ " هه‌رچه‌نده‌ پێ ده‌چێت گفتوگۆى زه‌حمه‌ت بێنه‌ پێشه‌وه‌ ده‌رباره‌ى پرۆژه‌ بودجه‌ى 2015، به‌ڵام دۆخه‌كه‌ زیاتر له‌وه‌ ده‌چێ كه‌ به‌ شێوه‌ى نا راسته‌وخۆ رێگه‌ به‌ كورد بدرێ كه‌ سه‌ربه‌خۆیانه‌ نزیكه‌ى نیو ملیۆن به‌رمیل نه‌وت رۆژانه‌ ره‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ بكه‌ن له‌ ساڵى داهاتوو. حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئێستا قانونى قه‌رزى دارایی ئاماده‌ ده‌كات كه‌ ده‌بێته‌ پاڵپشتى بۆ هه‌وڵه‌كانى وزه‌ و رێگه‌ى پێ ده‌دات كه‌ قه‌رز له‌ بانكى نێوده‌وڵه‌تى بكات و داهاتى نه‌وت وه‌كو گه‌ره‌نتى بۆ ئه‌مه‌ به‌كار بهێنێ". به‌لاى نوسه‌ر راهێنانى سه‌ربازى و چه‌كى ئه‌مریكى و رۆژئاوایی و سه‌ربه‌خۆیی دارایی كوردستان ده‌كاته‌ ده‌وڵه‌تێكى رانه‌گه‌یه‌ندراو كه‌ هه‌م بۆ كورد له‌ ئێستادا باشه‌ و هه‌م درِدۆنگى هێزه‌ هه‌رێمیه‌كانیش كه‌م ده‌كاته‌وه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌یدا نوسیویه‌تى " ئه‌م هه‌نگاوانه‌ خۆى له‌ خۆیدا بوونه‌ ده‌وڵه‌ته‌ به‌ ناوێكى دیكه‌، كه‌ ره‌نگه‌ بۆ كورده‌كان به‌ ره‌چاوكردنى دۆخى ئێستا ئه‌مه‌نده‌ به‌س بێ. هه‌روه‌ها ره‌نگه‌ هێزه‌ هه‌رێمیه‌كانیش ئه‌م جۆره‌ فۆرموله‌یه‌ كه‌متر به‌ هه‌رِه‌شه‌ بزانن له‌ ده‌وڵه‌تێكى كوردى سه‌ربه‌خۆى ته‌واو".
………………………………………………………………
ئه‌م راپۆرته‌ له‌ رۆژنامه‌ی خه‌بات رۆژی 26 ی نۆڤه‌مبه‌ر بڵاو بۆته‌وه‌

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...