Monday 14 November 2016

بەرەو کوێ دەڕۆین؟



  1. خراپە خەریکی نائومێدکردنی خەڵک بی، بەڵام لەوەش خراپتر ئەوەیە کە فێریان بکەی ئومێد لەسەر درۆ دروست بکەن، وەکو مانگە شەو بزانن کە درۆیە، کەچی ئومێدیان هەبێ کە ئیدی بەڵکو، ئێ ئەوە خوایە ئەو خەیاڵە ببێتە راستی. من ناتوانم ئومێدی درۆ لە لای خەڵک دروست بکەم بەڵکو بە شینە درۆی گەورە بچنە خەوی خۆشەوە.
    ئەو دەسەڵاتەی هەرێمی کوردستان کۆتایی هاتووە، فەشەلی هێناوە لە هێنانە کایەوەی حوکمڕانیەتێک کە بتوانێ خزمەتی خەڵک بکات، داهات و خەرجی رێک بخات، سەقامگیری کۆمەڵایەتی و سیاسی لە وڵاتدا بەرق...ەرار بکات، متمانەی میللەتەکەی بپارێزێ تا باوەڕ بە روونکردنەوە و سیاسەتەکانی بکەن... ئەوەتا ئەوەندە بێ کەڵک بووە توانای نەماوە هێلی هاتوچۆی سەرجادەکان رەنگ بکاتەوە!!!
    داننان بەو راستیە، کە تا ئێستا لە لایەن نوخبەی حاکمی نێو هەر دوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستان، پارتی و یەکێتی، هێلی سوورە، دەمانخاتە سەر رێگەی دۆزینەوەی چارەسەر.
    ئەو بەڕێزانەی لە دەسەڵاتن یان لە سێبەرەوە دەسەڵات ئاراستە دەکەن، دەست لە کاروباری گشتی وەردەدەن و یاری بە سامانی گشتی دەکەن، دەبێ وریابن کە توڕەیی خەڵک وەکو شەپۆڵ گەورە دەبێ، دەبێ بزانن کە خەریکە خەڵک دەگاتە باوەڕێک کە هیچی نەماوە بیدۆڕێنێ و ئەوەی تەنیا سوود مەندە لەو دۆخە ئەو نوخبە نەوتفرۆشە گیرفان دڕاوەیە کە ئارەزوو دەکەن ئەو دۆخە هەر وا بە بێ سیستمی و بێ دامودەزگایی و بێ چاودێری بەردەوام بێ.
    ئێوە پێم ناڵێن جگە لە شەڕی ناوخۆ، کوردستان ئێستا جیاوازی لە گەڵ سۆماڵ و یەمەن چیە؟ بەڕێزینە: ئەزموونی وڵاتانی دونیا شتی دیکەمان پێ دەڵێ، ئێوە هەڵە دەکەن ئەگەر گرەو لەسەر برسی کردن، بێدەنگکردن و ترساندنی خەڵک بکەن، ئێوە هەڵە دەکەن ئەگەر گرەو لەسەر ئەوە بکەن کە ئێران و تورکیا یان ئەمریکا پشتگیری ئێوە دەکات لە بەرامبەر خەڵکی خۆتان...
    تکایە لەو رۆژە بترسن کە ئەوەی بە خوینی پێشمەرگە و فرمێسکی دایک و ژن و منداڵانی پێشمەرگە بەرهەم هاتووە بکەوێتە بەر چەکوشی توڕەیی خەڵک، تکایە عاقڵەکانی نێو سەرکردایەتی ئەو دوو حزبە چیتر بە چاویلکەی سیاسی و تیۆری موئامەرەوە سەیری برسێتی خەڵک مەکەن و بە سەرکردایەتی حزبەکانتان بڵێن کە ئیدی بەسە...
    ئاخر تەنیا ئەوەی بێ پارە بووبێ دەزانێ برسێتی و بێ پارەیی چ لە مرۆڤ دەکات...!!
    پێم ناخۆشە، ئازاری زۆر دەخۆم کە وا هەستە دەکەم ئێمە بەرەو توندوتیژیەکی زۆر ترسناک هەنگاو دەنێین لە دوای شەڕی داعش. ناتوانم باوەر بکەم کە ئەوانەی چەندین ساڵە داهات و دەسەڵاتی کوردستان بۆ خۆیان بەکار دێنن، توانای چاکسازی و راستکردنەوەی حوکمڕانیان هەبێ، چونکە گەمژەییە باوەڕ بکەی کەسێک لە نێو نازو نیعمەتتدا خۆی تەقە لە خۆی بکات.
    ئێ کە خۆیان نایکەن، لە لایەکی تر ئاستەمە رازی بن خەڵکی دیکە، چ حزبەکانی دیکە یان میللەت بە رێگەی دامودەزگایی و ئاشتیانە و فشاری مەدەنی ناچاریان بکات کە ئەو دۆخە بە رێگەی دامودەزگایی چاک بکەن، چونکە لەمەدا زیانی دارایی گەورە دەکەن. بۆیە ئەگەری رووبەروو بوونەوەی خەڵک و حزبەکانی دیکە لە بەرامبەر ئەو نوخبە نەوتفرۆشە هیچ دوور نیە.
    ئەم ئەگەرەش زۆر لە ئەگەری ئەوەی کە ئەوان عآقڵانە بێنە پێشەوە و دۆخەکە چاک بکەن زیاترە، چونکە لە ٢٠١١ زۆرشت دەکرا بکرێ کەچی هیچیان نەکرد...
    بە رەشبینم مەزانن و هیواداریشم هەڵە بم، بەڵام ئەوەی دەڵی ئایندەی کوردستان بەو دۆخە سیاسیەی ئێستایەوە گەشە، تەنیا فێڵ لە خۆی و لە خەڵک دەکات...
 

بۆ خەڵک هاوار بۆ بەغدا دەبات؟


هێمن میرانی

نە ئەنفال، نە کیمیاباران، نە مالیکی و نە داعش نەیانتوانی وا لە خەڵک بکەن کە بەغدا بە چارەسەر بزانێ بۆ کێشەکانی، تەنیا نوخبەیەکی نەوتفرۆشی بێ باک لە ژێر چادری ئەزموونی خۆماڵیدا و لە پەنای بە خۆماڵیکردنی نەوت و سەربەخۆیی ئابوریدا، ئەوەندە خەڵکیان برسی کرد، ئەوەندە خەڵکیان بێ بەها کرد، خەڵک ناچار بێ داوای هاوکاری لە بەغدا بکات.

ئێ کاکە فەشەلتان هێناوە و واز بێنن!!!!

فەشەل عەیب نیە چونکە بەرهەمی کۆمەڵێک هۆکاری خودی و بابەتیە، بەڵام ئەو بێ باکییەی ئێوە و سەیریکردنی ژیانی خەڵک و گیرفانی بەتاڵی خەڵک بە چاویلکەی سیاسی شەرمێکە سنووری نیە.

کاکە تێ بگەن خەڵک برسیەتی، کوردایەتی بە سکی برسی ئەو کاتە دەکرا کە خەڵک متمانەی بە ئێوەی دەسەڵاتدار هەبوو، ئێستا ئێوە بەلای خەڵک گروپیکی مافیایی نەوتفرۆشن و خوێنی خەڵک دەمژن.

پێت خۆشە یان نا، ئەمە واقیعەکەیە


دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...