Thursday 25 June 2015

وریای بۆگەن خۆرەکان بن، رۆژیان هاتەوە!

هێمن میرانی

ژمارەیەک فەیس بووکچی، نوسەر، بە ناو سیاسی لە کوردستان هەن کە وەکو بەکتریای زیان بەخش وان، تەنیا لەسەر شتی پیس و گەنیوو گەشە دەکەن. ئەو برادەرانە تەنیا ئەو کاتە بە قسە دێن و دەمیان تیژ دەبێ کە هەست بکەن دووکەڵێکی کوێر لە شوێنێک هەیە، ئەوان زۆر ئازایانە دەچن فووی پیا دەکەن بۆ ئەوەی بگەشێتەوە و ببێتە ئاگر. بە لای ئەو جۆرە بۆگەن خۆرانە کێشە نیە ئەو ئاگرە کێ دەسوتێنێ، گرنگ ئەوەیە ئەوان دوو دیناری زیاتر و دوو دەستخۆشی سیاسی وەردەگرن.

مرۆڤ زۆر خەترە ببێتە بەشێک لە فیتنە، بە داخەوە ئەمڕۆ بە ناو بانگ بوون و تەنانەت لە زۆر بۆنەدا پلە و پۆست و ئیمتیازات وەرگرتن دەبێ بە فلتەری بۆگەن خۆری و زمان شڕی تێپەڕ ببێ.
ئەو چەند رۆژەیەی هێزە سیاسیەکانی کوردستان لە سەر قانونی سەرۆکایەتی هەرێم کەوتونەتە نێو کێشەیەکی سیاسی و قانونی، ئەو خەڵکە بۆگەن خۆرانە کە هەندێکیان لە پارلەمانن، هەندێکیان لە راگەیاندنەکانن و هەندێکیان لە بارەگا حزبی و ئۆفیسی فەیس بووکی حزبەکانیان دەوام دەکەن، دووبارە سەریان دەرهێناوە و بەنزینی پێلەقە بەو دوکەڵە دادەکەن بۆ ئەوەی گڕ بگرێ...
هۆ خەڵکی کوردستان، هۆ ئەوانەی لە ئارامی و خۆشیدا وەکو مرۆڤ دەژین نەک لە نێو زەڵکاو و بۆگەنخانەدا وەکو بەکتریا.

ئێستاش کە بۆ کورسی و قازانجی سیاسی حساب بۆ ویژدانی برینداری هیچ کام لە ئێمەی هاوڵاتی ناکەن، چ نەزانیەکە ئێمە بکەوینە هەڵپەڕکێ بەو دەهۆڵە دڕاو و زوڕنا دەنگ ناخۆشەی ئەوانەوە.

هۆ خوێندەوارە بە ویژدان و نیشتیمان و خەڵک ویستەکان، دەرفەت مەدەن بۆگەن خۆرەکان ئاگری شەڕ و دابەشکاریەکی سیاسی دیکەی کوردستان خۆش بکەن.
ئەو دۆخەی ئەمڕۆ لە کوردستان ماوە بە هەموو خراپی و نەهامەتیەکانی، رەنج و ماندبوونی پێشمەرگەی گیرفان بەتاڵ و ویژدان ئاسوودە پاراستوویەتی.
ئەو دۆخەی ماوە بەری خۆڕاگری خانەوادەی پێشمەرگەکانی کوردستانە کە یان کرێچین، یان دوو دیناری زیادەیان لە ماڵدا نیە کە بۆ منداڵەکانیان خەرجی بکەن.
با داوا لە پێنج حزبە سەرەکیەکەی کوردستان و سەرکردەکانیان بکەین کە بە زووترین کات کۆ ببنەوە و ئەو دۆخە چارەسەر بکەن و رێگە نەدەن شەقاری گەورەتر بکەوێتە نێو ریزەکانی کوردستانەوە. من ناتوانم دادوەری ئەوە بکەم کە خەتاکە هی کێیە بە قەد ئەوەی بەرپرسیاریتی هاوبەش هەموویان کۆدەکاتەوە.
خەڵکینە: باش بزانن کە لە کێشەی کەم موچەیی، بێ بەنزینی، بێ کارەبایی و بێ ئاوی و بێ نانی نە ئەندام پارلەمان زیانی کردووە نە سەرۆک حزب و سەرکردایەتیەکانیان، ئەوە تەنیا ئێوەی رەش و گیرفان بەتاڵن کە دەبێ باجی نەزانی و هەژاری سیاسی و ئیداری ئەوان بدەن.
ئێستاش کە بۆ کورسی و قازانجی سیاسی حساب بۆ ویژدانی برینداری هیچ کام لە ئێمەی هاوڵاتی ناکەن، چ نەزانیەکە ئێمە بکەوینە هەڵپەڕکێ بەو دەهۆڵە دڕاو و زوڕنا دەنگ ناخۆشەی ئەوانەوە.
تکایە حزبەکان و سەرکردەکانیان گوێ لە خەمی میللەت بگرن و پێکەوە دانیشن و ئەو ئاگرە لە سەرەتاکەی بکوژێننەوە تا بۆگەن خۆرەکان بۆ ئەملا و ئەولایان نەپەڕاندۆتەوە.
بە لەبەر چاوگرتنی ئەزموونەکانی پێشوویان، دۆخی ئێستای کوردستان زۆر ناسکە و ئەو عینادیە سیاسییە بایی ئەوە ئەگەری تیایە کە نەهامەتیەکی دیکە بۆ ئەو میللەتەی ئێمە بێنێ.

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...