Friday 14 April 2017

تکایە سنوورێک بۆ دیاردەی چەکداری دابنێن



نامەیەکی کراوە بۆ


بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستان
بەڕێز وەزیری ناوخۆی حکومەتی کوردستان
بابەت: رێکخستنی چەک هەڵگرتن و دیاردەی چەکداری
لە کەسێک کە باوەڕی وایە کوردستان دەبێ ئەو دۆخە تێپەڕێنێ


بەڕێزینە سڵاوتان لێ بێ:
سەرەتا سوپاستان دەکەم کە بە ئازایەتی و ماندوێتی کارمەندانی پۆلیس و ئاسایش و بە هاوکاری و پاڵپشتی خەڵک، توانراوە لە نێو جەرگەی شەڕێکی یەکجار گەورەدا، شارەکانمان و ژیانی خانەوادەکانمان لە تەقینەوە و کاری تێکدەرانەی تیرۆریستی بپارێزن. سوپاس بۆ پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕ و ئاسایش و پۆلیس و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی دیکە کە لە ناو شاردا دەمانپارێزن...ئێوەی بەڕێز لە پاراستنمان لە تیرۆر سەرکەوتنی گەورەتان بە دەست هێناوە و جێگەی دەست خۆشین، تکایە لە شەقاوە و چەک بە دەستی ناوخۆیی بمانپارێزن.
بەڕێزینە: دیاردەی چەک هەڵگرتن لە پەنای حزب و دامودەزگاکانی حکومەت لە کوردستاندا بوونی هەر هەبووە، بەڵام لە وەتەی شەڕی داعش هاتۆتە پێش، دیاردەکە لە فراوانبووندایە و خەڵک پەنای بردۆتەوە بەر عەشیرەت و گروپ گروپ و لەم نێوانەدا لە سێبەری ئازایەتی پێشمەرگە و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش، دەیان خەڵک و گروپ هەن کە ناو و پێگەی ئەو هێزانە بەکار دێنن بۆ هەڕەشەکردن لە خەڵکی مەدەنی و شکاندنی کەرامەتی خەڵک. ئەو دیاردەیە دەبێ سنوورێکی خێرای بۆ دابندرێ دەنا لە ئایندەیەکی نزیک لە کۆنترۆڵ کردن دەردەچێ بە تایبەت کە دواتر رەنگە خەڵک بگاتە ئەو باوەڕەی، هەڵبەت ئەگەر ئێستا خەڵک وا باوەڕ نەکات، کە پێویستە هەموان چەک هەڵبگرین بۆ خۆپارێزی لە کاتێک حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان ناتوانن بمانپارێزن.
لە رێی ئەم نامە کراوەیەوە ئەم پێشنیارانەتان بۆ دەکەم:
یەکەم: رێنمایی نوێ بۆ دیاردەی چەکداری لە نێو شارەکان دەربکرێ و کەس بۆی نەبێ لە دەرەوەی کاری رەسمی بە دەمانچە و چەکی دیکەوە لە نێو شار بسوڕێتەوە. هەر کەسێک لە دەرەوەی دەوامی رەسمی بە چەکەوە بگیرێ سزای دارایی بدرێ تەنیا ئەوانە نەبێ لە سنووری دیاریکراودا رێگەیان پێ بدرێ.
دووەم: پۆلیس و ئاسایش لە نێو شار بۆ جێبەجێکردنی ئەم دیاردەیە چاودێری جولەی خەڵک بکەن و بێ ریزپەڕ سنوورێک بۆ دیاردەی چەک هەڵگرتن دابنێن.
سێیەم: رێنمایی دەربچێ بۆ بەرپرسانی سەربازی و حزبی و ئیداری کە ئاگاداری جولەی حیمایە و چەکدارەکانیان بن و رێگە نەدەن لە دەرەوەی دەوامی رەسمی، بە چەکەوە بۆ خۆ پیشاندان و ترساندنی خەڵک بچنە ناو شار و ژیانی ئاسایی خەڵک بخەنە مەترسییەوە. لەمبارەیەوە بەرپرسە سەربازی و حزبی و ئیدارییەکان دەبێ بەپرسیارێتی هەڵبگرن لە رەفتاری ناشیاوی پاسەوانەکانیان هەر کاتێک روو بدات بۆ ئەوەی زیاتر وریا بن.
چوارەم: سنوورێک دابندرێ بۆ دیاردەی پێدانی مۆڵەتی چەک هەڵگرتن و تەنیا یەک دەزگا ئەو مۆڵەتە بکات دوای لێکۆڵینەوە و وردبینی کردن لە هۆکارەکانی پێویستی چەک هەڵگرتن. ئەوەی ئێستا هەیە بە داخەوە دەرفەتی زۆریداوە بۆ چەک هەڵگرتن و کوردستان بەرەو کۆمەڵگەیەک ئاراستە دەکات کە هەموو کات ئامادە بێ بۆ توندوتیژی کۆمەڵایەتی و سیاسی.
پێنجەم: پێویست وایە ئەو رێنماییانە بۆ دۆخی ئێستا بێ و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی شەڕ سزای توند بدرێتە ئەو کەسانەی ئەو دۆخە نەخوازراوە دەقۆزنەوە بۆ تێکدانی ئارامی شارەکانمان و ژیانی ئاسایی خەڵک. لێکۆڵینەوەش بکرێ بۆ ئەوەی لە دوور مەودادا چۆن بتوانرێ لە دوای شەڕ دیاردەی چەک هەڵگرتن لە کوردستان تا ئاستێکی باش کەم بکرێتەوە.
بەڕێزینە:
بەرپرسیارێتی پاراستنی ژیانی ئاسایی هەر یەکەمان لە ئەستۆی ئێوەدایە. سوپاس کە لە تیرۆری دەرەکی دەمانپارێزن بەڵام ئاگادار بن کە ژیانمان بە دەست چەکداری ناوخۆییەوە خەریکە دەکەوێتە بەر مەترسی گەورە. تکایە هەڵوێستی بە پەلە لە دیاردەی چەکداری و شەقاوەیی وەربگرن...


هێمن میرانی


هاوڵاتی بەڕێز: ئەگەر باوەڕت وایە دیاردەی چەکداری لە گەشەکردندایە و ژیانمان بەرەو نا ئارامی زیاتر دەبات، ئەم نامە کراوەیە شەیر بکە.

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...