Monday 24 August 2015

دیبەیت نا، هەردوو وەزیرەکە بانگ بکەنە پارلەمان






هێمن میرانی
 لە عەیبەکانی حکومەتی هاوپەیمانی و بنکە فراوان ئەوەیە کە ئیدی پارلەمانیش دەبێتە شوێنێک بۆ شاردنەوەی ناشرینیەکانی حکومەت و دەسەڵآتدارەکان بە هۆی ئەوەی هەر حزبە و ناچارە بەرگری لە وەزیرەکانی خۆی بکات. بە هۆی قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێمەوە، ژیانی خەڵک خەریکە نارەحەتتر دەبێ، بە تایبەت دوای ئەوەی هەردوو بەڕێزان وەزیرانی سامانە سروشتیەکان و دارایی کەوتونەتە وەڵام و وەڵامکاری و یەکتر تۆمەتبارکردن بە دیار نەمانی داهاتی نەوت یان نەهێنانی لە تورکیاوە بە هۆکاری سیاسی، هەندێ پارلەمانتاریش لەو کێشانە گلاون جا بە هۆی هەڵوێستیان بێ یان هەر هۆکارێکی دیکە. پارلەمانتار شێرکۆ جەودەت داوای دیبەت لە دوو وەزیرەکە دەکات، لە راستیدا من خۆم چاوەڕوانی داواکاری وام لە پارلەمانتار نەدەکرد، چونکە ئەوان وەکو لێژنەی نەوت و گاز و لێژنەی دارایی دەسەڵاتیان هەیە و دەبێ زۆر بە پەلە لە دوای کۆتایی هاتنی پشووی پارلەمان ئەو دوو وەزیرە بەڕێزە بانگ بکەنە پارلەمان بۆ لێپرسینەوە نەک داوای دیبەت و دایەلۆگی سەر تەلەفزیۆنیان لێ بکەن. ئەوەی لەو بەینەدا یاری پێ دەکرێ قوتی خەڵک، ژیانی نەهامەتی فەرمانبەرانی کوردستانە، داهاتی نەوتە کە خەریکە دەبێتە بەڵا بۆ کوردستان.
ئێمەی هاوڵاتیان لە ئێستادا کەسمان نیە پەنای بۆ ببەین جگە لە پارلەمانتاران کە دەبێ لە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پارلەمان ئەو دوو وەزیرە بەڕێزە لەسەر ئەو جیاوازیە قوڵانە و ئەو ژمارە جیاوازانەی دەیخەنە روو بانگ بکرێن  و داوای روونکردنەوەیان لێ بکرێ. دەبێ لێکۆڵینەوەی ورد لە چۆنیەتی ناردنە دەرەوە و فرۆشتنی نەوتی کوردستان بە سەربەخۆیانە بکرێ بە تایبەت کە ئێستا حکومەتی عێراقیش وەکو پێویست ئاگادار نیە کە چی دەگوزەرێ.
ئاشکرایە گەندەڵی لە کاتی نائۆقرەیی دامودەزگاییدا تەشەنە دەکات، ئەو وڵاتانەی نەوتیان هەیە، ئەگەر دامودەزگای چاودێری و لێپرسینەوەیان لاواز بێ، نەوت بۆتە بەڵآ بەسەر ژیانی خەڵک و ئایندەی وڵات. من خۆم گومانی زۆر گەورەم لە لا دروست بووە دەربارەی ئەو ژمارە جیاوازانەی لەم ماوەیە هەردوو وەزارەتی ناو براو خستویانەتە روو.
پارلەمانتارانی بەڕێز لە هەموو فراکسیۆنەکان، تکایە ئەم بابەتە بە جددیتر وەربگرن لەوەی دەمەتەقێی نێوان دوو وەزیری بەڕێز بێ. نەوت لە کوردستان ئەگەر چاودێریەکی توندی نەخرێتە سەر، چاودێری بەو مانایەی کە دەبێ پارلەمان بە وردی ئاگاداری پرۆسەی ناردنە دەرەوە  و داهات و خەرجیەکان بێ نەک تەنیا وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کە ئاشکرایە وەزارەتێکە پێویستی بە شەفافیەتی زیاتر و کرانەوەی زیاتر هەیە. ئەگەر بە جددی کەرتی نەوت مامەڵەی لە گەڵ نەکرێ، کوردستان و ژیانی خەڵک بەرەو مۆدێلێکی خراپی ئیدارەکردنی داهاتی نەوت دەبات.

تکایە کە پارلەمان دەستی بەکاری ئاسایی کردەوە، هەر دوو وەزیرە بەڕێزەکان بانگ بکەن و جددی تر لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆ بکەن، هەڵبەت بە هۆی نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنەوە، تکایە پارلەمانتاران بە ئەرکی خۆتانی بزانن کە بەرگری لە ژیانی خەڵک و قوتی فەرمانبەرە ئازا و خۆڕاگرەکانی کوردستان بکەن کە ئەوەی ئەمڕۆ لە حکومەتی خۆیان قەبوڵی دەکەن، لە کەم شوێنی دونیادا وێنەی هەیە، تکایە بە هۆی حزبایەتیەوە کەمتەرخەمی مەکەن لە بانگ کردنی هەر وەزیرێکی بەڕێز کە سەروکاری لە گەڵ ژیانی خەڵک هەیە. تکایە بزانن کە ئارامی خەڵک سنووری هەیە بە تایبەت دوای ئەوەی چەندین جار بەڵێن دراوە کە دوای چەند مانگێکی دیکە داهات و فرۆشی نەوت دەگاتە ژمارەیەکی دیاریکراو و دواتر بێدەنگی لێ کراوە، خەڵکیش رۆژ دوای رۆژ نەهامەتیەکانی زیاتر دەبێ. تکایە پارلەمانتاران بزانن کە ئێمە بۆ ئەرکێکی گەورەتر لەوەی ئێستاتان رەوانەی پارلەمانمان کردوون.

رۆژی دوو شەممە ٢٤ ی ئابی ٢٠١٥ لە سایتی خەندان بڵاو بۆتەوە

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...