Sunday 14 February 2016

راشکاوانە و بێ ڕتوش دەربارەی نوێترین پڕۆژەکەی بارزانى


هێمن میرانی
بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ( سەرۆکی ئەمری واقیعی هەرێم وێڕای ناکۆکییە سیاسی و قانونیەکان) چەند خاڵێکی وەکو پاکێجی چاکسازی رایگەیاندووە جگە لە کۆمەڵێک دەستەواژەی گشتی کە هیچ میکانیزمێکی جێبەجێکردنیان دیار نیە و تەنانەت هەندێ لەم خاڵانە چەندین جار باس کراون و کەچی کاریان لەسەر نەکراوە. ئەم جۆرە کردارە سیاسیە کە لەکاتی تەنگەژەدا لە دایک دەبێ، هەرگیز نە چاکسازیە و نە دەتوانێ سوودێکی گرنگ بە دۆخەکە بگەیەنێ. با بزانین بۆ؟

ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ روداوەکانی دوای ١٧ ی شوباتی ٢٠١١، بەڕێز بارزانی، کە ئەو کات لە پێگەی قانونی و سیاسی زۆر لە ئێستا بەهێزتر و دەسەڵآتکراوەتر بوو، کۆمەڵێک پڕۆژەی زۆر گرنگی چاکسازی راگەیاند و لێژنەی باڵای بۆ پێکهێنا و تەنانەت زۆر بە شێوەیەکی سەیر و سەرنج راکێش بەڵێنی سێ تا چوار مانگی بە خەڵکدا، ئەم بەڵێندانە لە ١١ی ئادار لە کۆبونەوەی لایەنگرانی پارتی و یەکێتی لە بەردەم قەڵا لە ٢١ی ئاداریش لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا دووپات کرایەوە.
سەرۆک بارزانی ئومێدی زۆر گەورەتری لە توانای خۆی بە خەڵکدا، ئومێدگەلێک رەنگە ئەوکاتیش خەڵکێک باوەڕیان پێ نەبووبێ، بەڵام ژمارەیەکی زۆر بە سەرەتای قۆناغێکی نوێیان لە ژیانی حوکمڕانی کوردستان وێنا دەکرد.
بە داخەوە بەڕێز بارزانی دوای کۆتایی هاتنی خۆپیشاندانەکان و بە تایبەت دوای کۆتایی هاتنی کابینەی شەش، پاشەکشەیی گەورەی لەو پرۆژە گەورەیە کرد و پرۆژە و ئومێدە گەورەکەی بێ خاوەن کرد...
لەوساوە نە ئەنجومەنی راژە دامەزرێندرا لە ساڵی ٢٠١١ ەوە قانونەکەی بۆ دەرچووە کە ژمارە ٧ ی ٢٠١١یە و سەرۆک ئەوساش بەڵێنی بە خەڵکدا، نە دانە کەسێکی گەندەڵی گەورەی وڵات وێرانکار لێپرسینەوەیەکی بچووکی لە گەڵ کراوە، و نە داهاتی نەوت دیارە و نە هیچ کام لە کۆمپانیا نیشتیمانییەکانی نەوت و سندوقی داهاتی نەوت دامەزراون لە ساڵی ٢٠٠٧ ەوە قانونی نەوت و گاز ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ باسی کردون و سەرۆک لە پڕۆژە چاکسازییەکانی ٢٠١١ی بەڵێنی شەفافیەتی داهاتی بە خەڵکدا.
خۆ ئەگەر سەرۆک خاوەنداری لە بەڵێنەکان و بڕیارەکانی خۆی بکردایە، بە تایبەت لە کابینەی حەوتەوە تا ئەمڕۆ، دۆخەکە نە دەگەیشتە ئێستا..
ئێستا کە دیسان کەوتوینەتە تەنگەژەوە، کە دۆخەکە زۆر مەترسیدارترە لە ٢٠١١ و ئەگەری هاتنە سەرشەقام گەیشتۆتە لێوار، دیسان سەرۆک دێ و کۆمەڵێک حەبی ئازارشکێنی هێناوە بۆ برینی سەخت و بێ تیماری خەڵک.
زۆر سەیرم پێ دێ ئەوانەی ئەو جۆرە پڕۆژانە بە سەرۆک بارزانی لە کاتی ئاوا هەستیاردا رادەگەینن، ئایا پێشی دەڵێن کە جەنابی سەرۆک ئەگەری جێبەجێکردنیان چەندە؟ چونکە کاریگەرییە سیاسیە خراپەکانی ئەم جۆرە مانۆرە سیاسییە زۆر لەسەر خودی بارزانی خۆی دەکەون!. ئەمڕۆ نەک تەنیا من وەکو لێکۆڵەرێکی بوارەکە، دڵنیام حزبەکانی دیکە، نەک تەنیا گۆڕان، نرخێکی زۆر بە بەناو پڕۆژەی ئاوا نادەن، چونکە هەمومان دەزانین کە جێ بەجێ ناکرێن لە سنوورێکی یەکجار دیاریکراو و تەسکدا نەبێ.
مەڵێن نیگەرانی دەبەخشیەوە، هیوادارم سەرۆک ئەمجارە بتوانێ گۆڕانکاری بکات، بەڵام من گومانم هەیە لەبەر ئەم خاڵانە:
* دیسان بڕیاریداوە لێژنەی راوێژکاری پێبهێنێ و بڕیارەکان بچنەوە لای خۆی. لەوێشدا کۆمەڵێک ئیعتیباراتی حزبی و کەسی دێنە پێش کە تا ئەمڕۆ گەورەترین زیانیان لە دەسەڵاتەکانی بارزانی و کەسایەتی خۆی و ئەمڕۆ و ئایندەی کوردستان و ژیانی خەڵک داوە. لە بەر ئەو ئیعتیباراتانە ئەمڕۆ خەڵک دەبێ باجی هەڵەی ژمارەیەک سیاسی بدات کە سەرۆک نە رۆژێک سزای داون نە رەنگە بیەوێ یان بتوانێ سزایان بدات. بۆ ئەوەی روونتر قسە بکەم، بارزانی یان ئامادە نیە یان ناتوانێ بەرپرسە دیارەکانی حکومەت و حزبەکەی خۆی، کەسە نزیکەکانی نێو خانەوادەی خۆی سزا بدات، ئەمانەش بەشێکی سەرەکی کێشەکانی کوردستانن. لەوە گەڕێ کە دەسەڵاتەکانی سەرۆک بەسەر گروپەکانی بەرژەوەندی لە سنووری سەوز زۆر زۆر کەمە. بۆیە سەیرە ئەرکی وا گەورە دەخەنە ئەستۆی بارزانی کە ناتوانێ جێبەجێیان بکات. لەمەدا دەبێ ئەو راوێژکارانەی چوار دەوری سەرۆک سزابدرێن کە دەوری خراپیان هەیە لە ناشرینکردنی بارزانی لە لایەک، دوو لە بێ ئومێدکردنی خەڵک چونکە پرۆژە راگەیاندن و جێبەجێ نەکردن بۆتە باو لە ژیانی سیاسی ئێمەدا.
*.دامودەزگا گرنگەکانی کوردستان پەکخراون وەکو پارلەمان و دەزگا چاودێرییەکان. سەرۆک ئەگەر بە نیازی چاکسازییە، دەبێ ئەو ئەرکە بداتە دەست ئەو دەزگایانە بۆ ئەوەی ئەوان لێکۆڵینەوە بکەن و سزادانیش بدەنە دەست دادگا نەک سەرۆک خۆی!!! ئەرکی سەرۆک لە کاتی ئاوا هەستیاردا تەنیا پشتگیری کردنی ئەو دەزگایانەیە بۆ ئەوەی کەس نەپارێزن و کەسیش نەتوانێ کارەکانی ئەو دەزگایانە پەک بخات. سەرۆک نابێ بڕیارەکان بباتەوە لای خۆی، کە دەسەڵآت و پۆستەکەی خۆی لە ئێستادا لە قەیراندایە. بۆ نمونە رەنگە خوێنەری زۆری خۆم لێرە ئێستا کۆمێنتم بۆ بنووسن و گلەییم لێ بکەن کە چۆن پێی دەڵێم سەرۆکی هەریمی کوردستان! ئەمە قەیرانە لە پۆست و پلەی بەڕێزیان.
*ئەگەر سەیری خاڵ بەخاڵی ئەو بڕیارەی سەرۆک بکەیت، دەزانی کە چەند گشتگیرن و چەند لە کۆڵخۆکردنەوە و بێ میکانیزمی تێدایە کە نیشانەی ئەوەیە بێ دیراسە ئەم جۆرە بڕیارانە وەکو حەبی ئازار شکێن بۆ قۆناغێکی کاتی رادەگەیەندرێن..ئەمە بڕیاری ئازایانە نیە کە پێداچوونەوە بە پێی پێویست بە حکومەت بکرێ، سەرۆک دەبوایە بێ دوو دڵی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کابینەی ئێستای دابوایە و داوای لە سەرۆکی پارلەمان کردبوایە کە کۆبوونەوەی نوێی پارلەمان رابگەیەنن بۆ ئەوەی پێنج هێزەکە لە دەرفەتێکی کەمتر لە مانگێک حکومەتێکی بچووک بۆ دۆخی ئێستا رابگەیەنن. ئەمەیە بڕیار و هەنگاوای رادیکالی کە ئومێد دروست دەکات، نەک دەستەواژەی گشتگیر!

دامودەزگا گرنگەکانی کوردستان پەکخراون وەکو پارلەمان و دەزگا چاودێرییەکان. سەرۆک ئەگەر بە نیازی چاکسازییە، دەبێ ئەو ئەرکە بداتە دەست ئەو دەزگایانە بۆ ئەوەی ئەوان لێکۆڵینەوە بکەن و سزادانیش بدەنە دەست دادگا نەک سەرۆک خۆی!!! ئەرکی سەرۆک لە کاتی ئاوا هەستیاردا تەنیا پشتگیری کردنی ئەو دەزگایانەیە بۆ ئەوەی کەس نەپارێزن و کەسیش نەتوانێ کارەکانی ئەو دەزگایانە پەک بخات. سەرۆک نابێ بڕیارەکان بباتەوە لای خۆی، کە دەسەڵآت و پۆستەکەی خۆی لە ئێستادا لە قەیراندایە. بۆ نمونە رەنگە خوێنەری زۆری خۆم لێرە ئێستا کۆمێنتم بۆ بنووسن و گلەییم لێ بکەن کە چۆن پێی دەڵێم سەرۆکی هەریمی کوردستان! ئەمە قەیرانە لە پۆست و پلەی بەڕێزیان.
* خاڵەکانی دیکەی سەبارەت بە پێشمەرگە و زەویە کشتوکاڵیەکان ئەوەندە گشتین لە ئومێد و هیوا دەچن نەک بڕیاری سەرۆکایەتی. جەنابیان پێشتر هەوڵی یەکخستنەوەی پێشمەرگەی داوە و هەنگاوی باشیش چۆتە پێش، بەڵام لەمەدا تەنازولی سیاسی پارتی و یەکێتی بۆ کوردستان پێویستە. بارزانی بە تەنیا ناتوانێ ئەمەش بکات.
* خاڵەکانی ٢ و ٣م زۆر بە دڵە کە پەیوەندیان بە کۆمپانیاکان و بەشدارییان هەیە لە چارەسەرکردنی دۆخی ئێستای کوردستان. لەمەشدا سەرۆک بۆ ئەوەی خۆی نەبێتە بەشێک لە ئەگەری سزادان و نەدانی خەڵکێک بە هۆی ئیعتیباری حزبی و خێزانی و کەسی، دەبوایە ئەم پرسە بداتە دەستەی نەزاهە و دیوانی چاودێری دارایی و دەزگای دادوەری لە گەڵ لێژنەکانی پارلەمان بۆ ئەوەی ئەوان بڕیار بدەن کێ بە شەرعی دەوڵەمەند بووە و کێ بە گەندەڵی، نەک لێژنەیەک کە رەنگە ئیعتیباراتی جۆراوجۆر لە دروستکردنیان لە پێش بێ.
* من چاوەڕێی بڕیاری رادیکالی لە سەرۆک دەکەم نەک شتی گشتی و شەرمن. هیچ هەنگاوێک بە بێ ئاسایی کردنەوەی دۆخی سیاسی کوردستان و دامەزراوەکان ناکرێ، سەرۆک دەبوایە لە یەکەم خاڵدا داوای کردبوایە بەیانی سەرۆکی پارلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان بگەڕێنەوە هەولێر و خۆیان بۆ هەنگاوی گرنگ ئامادە بکەن، سەرۆک لەو قاوغە پارتی بوونەوە ناتوانێ خەونی گەورە بۆ من دابین بکات، سەرۆک دەبوایە و ئێستاش رەنگە درەنگ نەبێ کە دۆخی کوردستان لە دەرەوەی دونیابینی پارتی ئاسایی بکاتەوە، ئەمە رادیکال بوون و چاوەڕوانی گەورە.
بە کورتی ، هیوادارم سەرۆک میکانیزمەکانی چاککردنی دۆخی کوردستان بە روونی دابڕێژێ و ئەرکەکە بداتە دەست دەزگا چاودێرییە گرنگەکانی وەکو پارلەمان و دەزگای نەزاهە و دیوانی چاودێری و دادوەری، خۆی تەنیا پشتگیریان بکات و کەس ریزپەڕ نەکات بە هیچ ئیعتیبارێک.. بە بێ کاری هاوبەشی دەزگا گرنگەکانی دیکە، بە بێ پاڵپشتی پێنج حزبەکە و خەڵک، سەرۆک لەمەشدا تەنیا بزمارێکی دیکەی خراپ لە سەردەمی حوکمڕانی خۆی دەدات.

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...