Saturday 7 December 2013

نابێ بێ دەنگ بین

هێمن میرانی

پیاوکوژان لە ناڕەزاییەکانی خەڵک بەرامبەر بە تیرۆرکردنی سۆران مامە حەمە و سەردەشت عوسمان دەرسیان وەرنەگرت، بۆیە دەبێ خەڵک خۆی سنوورێک دابنێ. خەڵک دەبێ ئەو دەسەڵاتە ناچار بکا کە واز لە تاوانی سیاسی بێنێ و خۆی یەکسان نەکا بە رژێمە سەرکوتکارە بێ چارەنووسەکانی ناوچەکە.
پێم وایە دەبێ دۆسیەی کاوە گەرمیانی بکرێتە سەرەتایەکی نوێ لە کوردستان.


من دژی توندوتیژیم بە هەموو جۆرێک، هانی کەس نادەم توندوتیژی بنوێنێ، بەڵام نابێ بێ دەنگ بین ...
سەرەتایەکی باشە کە بەرپرسە دیارەکانی یەکێتی هاتونەتە سەر خەت و بە توندی قسە دەکەن، بەڵام ئەوەندە بەس نیە. خەڵک دەبێ فشار بکات بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ تاوانی سیاسی بکەر نادیار دابندرێ و لە تیرۆرکردنی کاوەوە تاوانکار نەشاردرێتەوە...
نامەوێ وەکو خەڵک حوکم بدەم و تۆمەت بۆ کەس هەڵبەستم، بەڵام هەموو خەڵک دەڵێ هێشتا دوو ناوچەی نفوز لە کوردستان هەیە. چۆن تاوانی تیرۆرکردنی سەردەشت بەرپرسیاریەتیەکەی لە گەردنی پارتیە و نابێتەوە، لایەنی کەم چونکە لە ناو رۆحی دەسەڵآتی پارتی ئەنجامدرا و تا ئیستاش دۆسیەکە بە کراوەیی هێڵدراوەتەوە. ئەو تاوانانەی لە چەند مانگی رابردوو لە سنووری ئیدارەی پێشووی سەوز کراون بەرپرسیارێتی لە گەردنی یەکێتیە و ئەو حزبە لە بەردەم وێستگەیەکی مێژوویی زۆر هەستیارە.
ئەو جۆرە تاوانانە هیچ واتایەک بۆ دامودەزگا و حکومەتداری و قانون و دادگا ناهێڵنەوە، بە تایبەت کە دامودەزگا پەیوەنددارەکان بە چەند بەیانێک کۆتایی بە دۆسیەکە دێنن و پیاوکوژەکانیش وەکو بکەری ناسنامە نادیار دەمێننەوە.
ساتی ئەنجامدانی ئەو تاوانانەی لەو ماوەیە ئەنجامدراون هێما و ئاماژەی زۆر مەترسیدارن، بە تایبەت کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن جۆرە گۆڕانکاریەکی سیاسی لە هاوکێشەکان هێنایە پێش. مرۆڤ دەترسێ کە ئارامی و ئۆقرەیی یەکسان کرابێ بە مانەوەی پارتی و یەکێتی پێکەوە لە حوکم، هەر ئەوان مەترسیان کەوتە سەر ئیدی هەموومان بکەوینە بەر مەترسی، لە کاتێک هیچ حزبێک و لە هیچ شوێنێکی دونیا بۆ ئەوە لە گۆڕەپانەکە نیە کە تا سەر لە حوکم بێ.
دۆستان:
متمانەی منی هاوڵاتی بە دامودەزگاکانی نیشتیمانی خۆم دێتە خوارەوە کە دەبینم قانون تەنیا بۆ هەژاران و بێ نەوایان دەست درێژ و سەروەرە و بۆ ئەوانەی کە دەنگی جیاوازیش دەسڕنەوە قانون و حکومەت بێ دەسەڵات و بێ کردارن. نامەوێ پێش لێکۆڵینەوەکان بکەوم، بەڵام ئەزموونەکانی پێشوو ئەوەمان پێ دەڵێن.
بە ناڕەزایی هێمنانە و دەنگ بەرز کردنەوە دەبێ هەموومان دەسەڵآتی خۆماڵی ناچار بکەین کە ئایندەی وڵآتەکەمان بە قوربانی بەرژەوەندی سیاسی گروپە مافیاییەکان نەکا.
کاک مەلا بەختیار ئاسا گوتەنی " كاوە تیرۆرستی عەرەب شەهیدیان نەكردووە، لەسەر كێشەیەكی شەخسی‌و عەشایەریش تیرۆر نەكراوە، كەوابێت "تیرۆكردنەكەی لەسەر قەڵەم‌و ئازادییە"، هەرچەندە ئەو بڕیارە دەبێ دادگا بیدا، بەڵام بە داخەوە من وەکو هاوڵاتیەکی ئاسایی هیچ متمانەم بە دادگا و قانون لە وڵآتی خۆم نیە، پێم ناخۆشە کە وا دەڵێم، بەڵام قانون بەس بۆ خەڵکی خوارەوە هەیە. قانون خۆی ئەو وێنەیەی لەبەرچاوی من لەسەر خۆی دروست کردووە، یەک دۆسیەی تاوانی سیاسی نیە کە بکوژەکانی دەستگیر کرا بن.
بۆیە خەڵک دەبێ فشار بکا، هێزە کۆمەڵایەتی و نوسەر و کەسە ئاکادیمیەکان دەبێ بێ دەنگ نەبن، چونکە ئەم تاوانانە ئاماژە سەرەتاکانی قۆناغێکی زۆر مەترسیدار و تاریکن لە وڵاتەکەمان.
وێنە: لە سایتی شار پرێس وەرگیراوە

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...