Tuesday 27 October 2020

بڕیارەکانی زانکۆی سۆران و پێشبینییەکان

بەهاری ٢٠٢٠ بوو، بە هۆی بڵاوبوونەوەی سەرەتایی کۆرۆنا و پشووی بەهار، دەوامی زانکۆکان ڕاوەستان. ئێمە وەکو ئەنجومەنی زانکۆی سۆران لە ١٧ی ئاداری ٢٠٢٠ەوە دەستمان کردەوە بە کۆبوونەوە بە ئۆنلاین بۆ ئەوەی دیراسەی دۆخەکە بکەین. ئەوەی خوێندەوار بێت و ئاگاداری دۆخی دونیا بێت و ڕاپۆرت و توێژینەوەکانی تایبەت بەو پەتایە بخوێنێتەوە، دەتوانێ بەرچاوی ڕوون بێت و بڕیاری دروست بدات.
ئەنجومەنی زانکۆی سۆران ساڵی ڕابردووی خوێندنیش لە گەڵ چاوەڕوانی کردنی قەدەر نەبوو تا دۆخەکە ئاسایی بێتەوە. بڕۆن سەیری ئەو بەرنامەیەی لە گەڵ ڕەنج بکەن (٢/٤/٢٠٢٠) کە بەندە بە نوێنەرایەتی جەنابی سەرۆکی زانکۆمان، لە گەڵ سەرۆکی زانکۆکانی دیکە ڕێک باسی دۆخی ئەمڕۆمان دەکرد (https://www.youtube.com/watch?v=z1RvISMJWJ0 )
ئێمە پێش هەر زانکۆیەکی دیکە لە ١٨ی نیسانی ٢٠٢٠ بە ئەلیکترۆنی ( بە شێوەی ئۆنلاین) وەکو یەکەمین ئەزموون لە هەموو فاکەڵتیی و بەشەکان خوێندنمان دەست پێکردەوە و تا دوای جەژنی رەمەزان بەردەوام بووین و ئەزموونێکی گەورەمان بەڕێکرد کە تیایدا بەشی هەرەزۆری قوتابیان و مامۆستایانمان شارەزایی تەواوی فێربوونی ئەو مۆدێلە بوون. نەماویست تا مانگی تەمووز لە خۆڕا چاوەڕوان بین و هیچ نەکەین!



ئەو ئەزموونە بووە بناغەیەکی باش بۆ دۆخی ئێستا کە دیسان تەوژمێکی ترسناکی کۆرۆنا ڕووی لە کوردستان و دونیا کردۆتەوە.
کە هاوین هات، ئێمە بێخەم دانەنیشتین و چاوەڕوانی قەدەرمان نەکرد. نەک ئامادەکاری خۆمان تەواو کرد بۆ ئەوەی لە کاتی خۆی بە ئەلیکترۆنی دەوام دەست پێ بکەینەوە، بەڵکو ئامادەیی خۆشمان ڕاگەیاند کە هاوکاری هەر زانکۆییەکی دیکەش بکەین بۆ ئەوەی لە هاویندا ئامادەکارییەکان تەواو بکرێن ( بە فەرمی ئەو ئامادەییەمان داوەتە وەزارەتی خوێندنی باڵا و تواناشمان هەبوو ئەو هاوکارییە پێشکەش بکەین).
بۆ ساڵی نوێی خوێندن کە وەزارەت دەرفەتی دایە زانکۆکان لە ٢٠ی ئەیلول تا ٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ هەر زانکۆیەک ئامادەییە دەست بە ساڵی خوێندن بکات، ئێمە لە ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٠ ەوە بە سیستمی ئەلیکترۆنی دەستمان بە خوێندن کردۆتەوە و ئامادەکاریمان کردووە تا بە گروپی بچووک بچووک ئەوانەی پێویستیان بە تاقیگەکان هەیە لە کۆتایی مانگی یانزە بە خۆپارێزییەوە بگەڕێنەوە کەمپ و ئەوانی دیکە هەر بە ئەلیکترۆنی بەردەوام بن، وەکو بەشێک لە سیستمی خوێندنی ئاوێتە.
هەندێ لە زانکۆکانی دیکە لە ٤/١٠ ەوە قوتابیانیان هێنایەوە ناو کەمپ و دۆخێکی نوێیان دروست کرد. چاوەڕوان کراو بوو کە ئەو بابەتە لە دەست دەردەچێت بە تایبەت کە کولتوری خۆپارێزی لە وڵاتی ئێمە لاوازە و بەشە ناوخۆییەکان هی ئەوە نین لە سەردەمی کۆرۆنادا خەڵک تێکەڵاو بکرێن. ¬¬وەکو ئاگادارین دۆخی هەندێ زانکۆ بە هۆی هێنانەوەی قوتابیان بۆ ناو کەمپ بێ ئامادەکاری و پێگیر نەبوون بە ڕێنماییەکان مەترسی دروستکردووە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە، بۆیە ئەمڕۆ لێژنەی باڵای پارێزگای هەولێر ناچاربووە داوا لە وەزارەتی ناوخۆ بکات کە داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردە بکرێت تا پێداچوونەوە بەو بڕیارانەیان بکەن. پێشبینی دەکرێت بڕیاری هێنانەوەی قوتابیان بۆ ناو کەمپ هەڵپەسێردرێت و خوێندن بکرێتەوە ئەلیکترۆنی. ئایا ئامادەکاری بۆ ئەلیکترۆنی کراوە، کە پێویستی بە ڕاهێنانی مامۆستایان و ئاشنایەتی قوتابیان هەیە؟ ئەمەیان نازانم و نامەوێ کۆمێنتم هەبێت.
ئەوەی لێرەدا جێگای شانازییە ئەو بڕیارانەیە کە لە ئەنجومەنی زانکۆی سۆرانەوە دەدرێن و تیمی ئیداری و مامۆستایان ماندوو دەبن و ڕەنجەکە بە هاوینیش دەکێشن بۆ ئەوەی کەمتەرخەمی نەکەین و نەبینە هۆکاری توشبوونی کچان و کوڕانمان.
قسەکە لە سەر ئەوە نیە کە خوێندنی ئەلیکترۆنی چەند بژاردەیەکی باشە و ئایا بەدیلی خوێندنی ناو کەمپە؟ چونکە بە لای ئێمە گیانی قوتابیەکانمان و کەس و کاریان گرنگترە لە کوالیتی خوێندن. ئەو دۆخەش تەنیا لێرە نیە و ئەو ڕێوشوێنانە لە سەر ئاستی دونیا گیراونەتە بەر. لە گەڵ ئەوەش من وەکو مامۆستایەک کە خۆشم لەو سیستمە وانە دەڵێمەوە، جیاوازییەکی زۆر گەورە بەدی ناکەم لە فێربوون و گواستنەوەی مەعریفە و بەشکردنی زانیاری لە نێوان قوتابیان و مامۆستادا. وێڕای هەموو ئەو کەموکوڕیانەی بە هۆی دۆخی دارایی خەڵک و لاوازی ئینتەرنێت لە هەندێ ناوچە، گرنگ ئەوەیە کە بڕیارەکانمان لەسەر بنەمای خوێندنەوەی دروست بۆ دۆخەکە دەدرێن و ژیانی قوتابیانمان پاراستووە. لە پاڵ ئەمەش هەموومان پێکەوە فێری ئەزموونێکی نوێی کارکردن بووین کە ئەگەر ئەو دۆخە نەبوایە بە ئاسانی ئەو ئەزموونەمان وەرنەدەگرت. هەر بۆ نمونە لە ١٩ و ٢٠ی ئۆکتۆبەر لە هەفتەی ڕابردوو، ئێمە کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتی گەورەمان ئەنجامدا بە ئۆنلاین کە پسپۆر و توێژەری گەورە لە چەند کیشوەرێک بەشداریان کرد بە بێ ئەوەی لە ماڵی خۆیان بێنە دەرەوە. ئەگەر ئەو مۆدێل و ڕاهێنان و شارەزاییە نەبوایە، بێگومان هەزاران دۆلار پێویست بوون تا چالاکی زانستی ئاوا لە ناو کەمپ ئەنجام بدرێت.
لێرەدا دوا پەیام بۆ قوتابیانی ئازیزی زانکۆی سۆرانە کە هەندێکیان لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر کەوتبوونە ژێر بڕیاری بەپەلەی هەندێ زانکۆی ئازیزی دیکە لە هێنانەوەی قوتابیان بۆ ناو کەمپ، ئەو کاتیش پێمان گوتن کە دۆخەکە بەردەوام نابێت و ئەو ڕێگایەی زانکۆکەی ئێوە لەسەری دەڕوات، ڕێگا ڕاستەکەیە لە دۆخی ئێستادا.
خۆزگە دۆخی کۆرۆنا بە ئاسانی تێپەڕ دەبێت و سبەی دەگەڕێینەوە ناو کەمپ، بەڵام کە ئەمە ڕوونەدات و وا زووش ڕوو نادات، ژیانی ئێوە و مامۆستایان گرنگترە لە هەموو شتێک.
ئەوەش بەرنامەیەکی دیکە کە باسمان لەوە کردبوو هێنانەوەی قوتابیان بۆ ناو کەمپ لە دۆخی ئێستادا یاریکردنێکی مەترسیدارە بە ژیانی خەڵک.
هەمووتان تەندروست و سەلامەت بن و کورستانیش ئاوەدان و پارێزراوی خودا بێت.

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...