Sunday 13 January 2013

دیمانه‌ى كڵاورۆژنه‌...
دیمانه‌ له گه‌ڵ هێمن میرانى - سەرۆکی پەیمانگای کوردستان بۆ پرسە سیاسییەکان
دیمانه‌ له گه‌ڵ هێمن میرانى - سەرۆکی پەیمانگای کوردستان بۆ پرسە سیاسییەکان


User Rating: / 0
PoorBest دیمانه
Written by ستیڤان شه‌مزینانی
Monday, 21 December 2009 03:20


هێمن میرانی پسپۆری بواری کاروباری تورکیاو مامۆستای زانستە سیاسییەکان لەزانکۆی سەلاحەدین، لەرێی ئەم دیمانە تایبەتەوە، تیشک دەخاتە سەر دوا پەرەسەندنەکانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا، لەسەرەتادا تیشک دەخاتە سەر هۆکارەکانی هاتنی وەزیری دەرەوەی تورکیا لەماوەی پێشوودا بۆ کوردستان، دواتر هێما دەکات بۆ رامیاریی کرانەوەی تورکیا لەبەرامبەر مافەکانی گەلی کورد، لەباکووری کوردستان وپێیوایە پرۆسەیەکی زۆر گرنگەو ئەوە بۆ یەکەمجارە لەمێژووی خۆیدا دەوڵەتی تورکیا رامیارییەکی وەها پیادە بکرێت، لەبەشی کۆتایی دیمانەکەشدا دێتە سەر باسی پارتی کرێکارانی کوردستان و رۆڵی لەم بارودۆخە تازەیەی وا خەریکە لەتورکیادا وەک قۆناغێکی تازە دێتە پێشەوە.

ستیڤان:لەماوەی رابردوو وەزیری دەرەوەی تورکیا "ئەحمەد داود ئۆغڵۆ" بۆ یەکەمجار بەسەردانێکی فەرمیی گەیشتە باشووری کوردستان و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. ئێمە دەپرسین ئاماژەکانی پشت هاتنی وەزیری دەرەوەی تورکیا چین؟. یانژی بەمانایەکی تر هۆکارەکانی ئەو سەردانە مێژووییە بۆچی دەگەڕێتەوە؟.

هێمن میرانى:ئەحمەد داود ئۆغڵۆ یەکێکە لەو کەسایەتییە بەهێزانەى رۆڵى گەورەى هەیە لەداڕشتن و ئاڕاستەکردنى سیاسەتى دەرەوەى تورکیا لەئێستادا. ئۆغڵۆ خۆى پرۆفیسۆرە لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و خاوەنى کتێبێکى بەناوبانگە لەتورکیا بەناوى (عومقى ستراتیژیى) کە لەساڵى 2001 بڵاوکراوەتەوە. ئۆغڵۆ بەمونەزرى سیاسەتى دەرەوەى تورکیا لەسەردەمى پارتى دادو گەشەپێداندا دەژمێردرێ. پێش ئەوەى ببێتە وەزیرى دەرەوە، گەورە راوێژکارى ئەنجوومەنى وەزیران و خودى ئەردۆگان بووە، ئۆغڵۆ خاوەنى تێزى نوێى سیاسەتى دەرەوەى تورکیایە کە بانگەشە بۆ مۆدێلێکى نوێى سیاسەتى دەرەوە دەکات. داوا دەکات پەیوەندییەکانى تورکیا لەگەڵ دراوسێکانى لەسەر بنەماى نوێ و لاپەڕەى نوێ دروستبکرێتەوە، کێشەکانى رابردوو تا خاڵى سفر بهێنرێن. داوا دەکات کێشە ناوخۆییەکان لەرێى فراوانکردنى بازنەى ئازادییەکان چارەسەر بکرێن، بۆ ئەوەى تورکیا بتوانێ لەدەرەوە رووبەڕووى کێشەکانى بێتەوە و میکانیزمى گونجاو بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانى بدۆزێتەوە. ئەمانە خاڵە گرنگەکانى نێو ئەجێنداى سیاسەتى نوێى دەرەوەى تورکیا پێکدێنن. بە بەرجەستەکراوى ئەم سیاسەتە بینراوە، تورکیا پەیوەندییەکانى خۆى لەگەڵ زۆربەى دراوسێکانى لەگۆشەنیگاى نوێوە دەستپێکردووە. لەم روانگەیەوە ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان بەشێکن لەمۆدێلى نوێى سیاسەتى دەرەوەى تورکیا کە حکومەتەکەى ئاک پارتى جێبەجێى دەکات. ئەگەر پرسیار بکرێ بۆ پارتى داد لەساڵى 2002ەوە دەسەڵاتى وەرگرتووە، کەچى لەساڵى 2009 پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان بەرەو ئاساییبوونەوە دەبات؟. وەڵامى ئەم پرسیارە وردەو دەبێ هەڵوەستەى جیددى لەسەر بکرێ.

پارتى داد لەهەڵبژاردنەکانى نۆڤەمبەرى 2002 توانى زۆرینەى کورسییەکانى پارلەمانى تورکیا بەدەستبێنێ، ئەوانەى رێبەرایەتى پارتى داد دەکەن، کەسانێک نین لەهەسارەیەکى دیکەوە هاتبن و شارەزاى بارودۆخى ناوخۆیى تورکیا نەبن، بەپێچەوانەوە کۆمەڵێک کەسایەتى گرنگى وەکوو ئەردۆگان و گویل و باباجان هەن کە کەسانى شارەزاى نێو دونیاى سیاسەتى تورکیان، بەتایبەت ئەردۆگان و گویل کە دوو سەرکردەى هەردوو پارتى ئیسلامى هەڵوەشاوە رەفا و فەزیلەن لەتورکیا. بۆیە لەو کاتەى لە2002 دەسەڵاتیان وەرگرت بێگوومان پێویستیان بەکات هەبوو بۆ ئەوەى پێگەى خۆیان و پارتەکەیان لەگۆڕەپانى سیاسیى و لەنێو شەقامى تورکیا بەهێز بکەن و دابکوتن، بۆ ئەوەى خۆیان لەتەڵەکانى پارتە نەژادپەرست و کەمالییەکان لەلایەک و سوپا و دادگا لەلایەکى دیکە بپارێزن. بۆیە ئێستا دەبینین کە پاش ئەوەى لەچەندین هەڵبژاردن بەرێژەى جیاجیا زۆرینەیان بەدەستهێنا(هەڵبژاردنى پارلەمانى2002، هەڵبژاردنى شارەوانییەکان 2004، هەڵبژاردنى پارلەمانى 2007، هەڵبژاردنى شارەوانییەکان 2009) هێشتا نەیانتوانیووە پڕۆژەکانى خۆیان بەتەواویى و بەبێ کێشە تێپەڕێنن. وێڕاى ئەمانە هۆکارى ئابوورى و بازرگانى یەکێکى دیکەن لەپاڵنەرەکانى دروستکردنى پەیوەندیى نێو لەگەڵ هەرێمى کوردستان.

ستیڤان:دەوترێت دەوڵەتی تورکیا سیاسەتى خۆی لەمەڕ باشووری کوردستان گۆڕیوەو پێشبینی ئەوەش دەکرێت پەیوەندیی دۆستانەی هەردوولا بچێتە قۆناغێکی تازەوە. پێتوایە نەوت "واتە دەرهێنانی نەوت لەلایەن کوردەوە" یەکێکە لەو فاکتۆرانەی تورکیا هانداوە بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لەهەرێمی کوردستان؟. بەکورتییەکەی چ فاکتۆرێک لە پەناى پەردەوە رۆڵ دەگێڕێت لەنزیکبوونەوەی تورکیا لەکوردەکانی باشوور؟.

هێمن میرانى:سیاسەتى دەرەوەى ئێستاى تورکیا بەدواى دۆزینەوەى خاڵى هاوبەش و بەرژەوەندیى نزیک لەگەڵ دراوسێکانى دەگەڕێ. چوونکە ئەم سیاسەتە دەتوانێ دۆست بۆ تورکیا زیاد بکات نەک دوژمن. جاران سەرکردەکانى تورکیا، سەرکردە سیاسییەکانى باشوورى کوردستانیان بەتیرۆریست و سەرۆک عەشیرەت وەسف دەکرد، ئامادە نەبوون دانیشتنیان لەگەڵ بکەن. کەچى لەسەردانى ئۆغڵۆ بۆ هەولێر و کۆبوونەوەى لەگەڵ سەرکردایەتى سیاسیى هەرێمى کوردستان و لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەى لەگەڵ سەرۆک بارزانى، ئۆغڵۆ گوتى (چیاکان لەیەکترمان جیا ناکەنەوە، بەڵکو بەیەکەوەمان دەبەستنەوە). خۆى لەراستیدا چیاکان لەیەکمان جیا دەکەنەوە و بەیەکەوەشمان دەبەستنەوە، بەڵام کاتێک تەنیا باسى بەیەکەوە بەستنەوە بکەین، ئەوە هێماى ئەوەیە کە بەدواى خاڵى هاوبەش دەگەڕێین، نەک خاڵى جیاوازیى. لەلایەکى دیکەوە لەو بارودۆخە ئابوورییەى ئێستاى تورکیا باشترە دۆستى زیاتر بێ نەک دوژمن، دەرگاى دەوڵەتانى دونیاى لەسەر کراوە بێ نەک داخراو. بەتایبەت لەدواى ئەوەى تەنگژەى ئابوورى جیهانى، کاریگەریى خراپى بەسەر ئابوورى تورکیا بەجێ هێشتووە، چوونکە کاڵاکانى تورکیا لەبازاڕەکانى ئەوروپا دووچارى بێ بازاڕیى و ساغنەبوونەوە هاتوون. لەم روانگەیەوە هەرێمى کوردستان نزیکترین و سەقامگیرترین و بێ کێشەترین بازاڕى نزیکە لەتورکیا، ئەمە لەلایەک.

لەلایەکى دیکەوە پرسى سەرچاوەکانى وزە بەتایبەت نەوت و گازى سروشتى، یەکێکى دیکەن لەهۆکارەکانى ئاساییبوونەوەى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا. بەتایبەت چوونکە هەرێمى کوردستان یەدەگێکى گەورەى نەوت و گازى سروشتى هەیە، بەهۆى نزیکیى دەتوانێ تورکیا وەکوو رێگەى گواستنەوەى ئەو سەرچاوانەى وزە بۆ ئەوروپا بەکار بێنێ، لەوەها کارێکدا هەرێمى کوردستان و تورکیا و ئەوروپاش قازانج دەکەن. بەتایبەت چوونکە ئەوروپا کەوتۆتە ژێر پاڵەپەستۆى رووسیا و ئێران کە دوو سەرچاوەى سەرەکى دابینکردنى گازى سروشتین بۆ دەوڵەتانى ئەوروپا. خاڵێکى دیکە کە نابێ لەبیر بکرێ هەنگاوەکانى تورکیایە بۆ ئەندامێتى لەیەکێتى ئەوروپا، رەنگە کات لەبەرژەوەندیى تورکیا تێپەڕ نەبێ، یەکێتى ئەوروپاش تاسەر چاوەڕێ نابێ تورکیا کەى دەتوانێ خۆى لەگەڵ کرایتیریا و پێوەرەکان بگونجێنێ. بۆیە بەدیدى من زیاتر لەهۆکارێک پاڵنەرن بۆ ئەوەى پەیوەندییەکانى لەمەودواى تورکیا و هەرێمى کوردستان لەسەر بنەما و فۆرمى دیکە بن.

ستیڤان:حکوومەتی دادو گەشەپێدان پرۆسەی کرانەوەی دیموکراتی دەستپێکردووە لەمەڕ کورد لەباکووری کوردستان. پێتوایە گرتنەبەری پڕۆژەیەکی لەوشێوەیە دەتوانێت کۆتایی بەستەمی نەتەوەیی سەر کورد بهێنێت لەتورکیادا؟. بەدەربڕینێکی تر کرانەوەی دیموکراتی تورکیا چی بۆ کوردەکانی باکوور بەدیدەهێنێت؟.

هێمن میرانى:پرۆسەى کرانەوەى دیموکراسیى کە لەلایەن پارتى داد و گەشەپێدان ئامادەکراوە و حکوومەتى ئێستاى تورکیا هەوڵى جێبەجێکردنى دەدات. پرۆسەیەکى زۆر هەستیار و گرنگە لەمێژووى هاوچەرخى کۆمارى تورکیا. یەکەمجارە لەسەر ئاستێکى وا باڵاو بەپڕۆژە و قۆناغبەندیى قسە لەسەر چارەسەرکردنى پرسى کورد دەکرێ، لەوەش دەرچووە کە میدیا و هەندێ ناوەندى سیاسیى و کولتووریى باسى بکەن، بەڵکو کار گەیشتۆتە ئەو ئاستەى لە 10-11-2009 و بەبۆنەى کۆچى دوایى مستەفا کەمال ئەتاتورک و لەبۆنەیەکى ئاوادا کە بەلاى تورکەکانەوە تایبەتمەندیى و بایەخى تایبەتى خۆى هەیە، پرۆسەکە لەنێو ئەنجوومەنى نیشتیمانى گەورەى تورکیا TBMM دەرگاى گفتوگۆکردنى لەسەر دەکرێتەوەو سێ رۆژ کۆبوونەوەى پارلەمانى بۆ تەرخان دەکرێ. واتا پرسى کورد لەتورکیا لە ئێستادا لەوە دەرچووە کە تەنیا وەکو پرسى تیرۆر مامەڵەى لەگەڵ بکرێ، یان تەنیا وەکو پرسێکى ئابوورى سەیرى بکرێ. بەڵکو ئێستا وەکو پرسى میللەتێکى خاوەن تایبەتمەندیى لێى دەڕوانرێ کە لەمێژووى هەشتا و شەش ساڵى رابردووى تورکیا سیاسەتى هەڵەى بەرامبەر پەیڕەو کراوە. ئەو وتانەى ئەحمەد تورک سیاسەتمەدارى ناودارى باکوورى کوردستان و هاوسەرۆکى پارتى کۆمەڵگەى دیموکراتى DTP لەناو پارلەمانى تورکیا و بەناوى فراکسیۆنى پارتییەکەى پێشکەشى کرد و تەلەفزیۆنى رەسمى تورکیا TRT3 پەخشى کرد نیشانەى ئەوەیە کە دۆخێکى نوێ لە تورکیا لەبەردەم دۆزى کورد کراوەتەوە. واتا ئێستا دۆزى کورد لەتورکیا لەقۆناغى ئینکاریى تێپەڕى کردووەو گەیشتۆتە قۆناغى گەڕان بەدواى میکانیزمى چارەسەرى. بۆیە پرۆژەى کرانەوەى دیموکراسى بەدیدى من چارەسەرى قۆناغبەندیى بۆ پرسى کورد لەتورکیا پێیە، بەڵام ئەو چارەسەرییە پشوو درێژیى و ئارامى پێویستە. واتا دەبێ کورد وەکو شەقام و سیاسەتمەدارانى باکوورى کوردستان دەبێ پاڵپشتى لەو پرۆسەیە بکەن و هەوڵ بدەن هاوکاریى و هەماهەنگى بکەن، ئەو وتانەى ئەحمەد تورک جێى ئومێدن.

ستیڤان:لەکاتی لێک نزیکبوونەوەی تورکیاو هەرێمی کوردستان، وەک ئێستا بەروونی ئاماژەکانی دەبینرێت، چارەنووسی پارتی کرێکارانی کوردستان بەکوێ دەگات؟. پێتانوایە نزیکبوونەوەی نێوان تورکیاو هەرێم لەدواجاردا بەزیانی پەکەکە تەواو دەبێت؟ خوێندنەوەی ئێوە لەو بارەوە چییە؟.

هێمن میرانى:دەبێ ئەوە بزانرێ کە دروستبوونى پارتى کرێکارانى کوردستان لەبنەڕەتدا لەپێناوى چى بووە؟. بۆچى هەوڵدەدات؟ پلان و تێڕوانینى ئێستاى چۆنە؟. PKK پارتێکى شۆڕشگێڕى باکوورى کوردستانە و لەسەر دەستى ئەو پارتە بزووتنەوەى رزگاریخوازیى و ئازادیى ویستى لەباکوورى کوردستان تەکانى گەورەى بەخۆیەوە دیووە. قۆناغى خەباتى پارتى ناوبراو لەپێناوى هەڵگرتنى ستەم لەسەر کورد و رەخساندنى زەمینەى مومارەسەکردنى مافە سیاسیى و کولتوورییە بنەڕەتییەکان لەتورکیا بەیەکێک لەقۆناغە هەستیارەکانى مێژووى نوێى سیاسیى تورکیا دەژمێردرێ. مانەوەى PKK بەندە بەشێوازى مامەڵەى حکوومەتى تورکیا لەگەڵ دۆزى کورد، راستە شەڕ لەنێوان پارتە کوردییەکانى هەرێمى کوردستان و PKK لەنەوەدەکانى سەدەى رابردوو هەبوو، بەڵام ئەوە قۆناغێک بوو، ئەو رۆژانە گوزەشت. باوەڕ ناکەم جارێکى دیکە هەرێمى کوردستان و PKK بچنەوە قۆناغى سەنگەر لەیەکترى گرتن. باوەڕیش ناکەم ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا لەسەر حسابى PKK و کوردەکانى باکوور بێ. چوونکە خۆشبەختانە پرۆسەیەکى گرنگ وەکوو لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا بۆ چارەسەرکردنى دۆزى کورد لە باکوور کەوتۆتە سەر رێگا.

ستیڤان:لێرەو لەوێ و لەئاستی حکوومەتیش ئەوە لەتورکەکان دەبیسترێت پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستییەو هیچ دانوستانێکی لەگەڵ ناکەن، تەنانەت نەخشە رێگاکەی ئۆجەلان بۆ چارەسەریی هیچ بایەخێکی پێنەدرا لەلایەن تورکەکانەوە. پرسیار ئەوەیە ئایا هیچ چارەسەرییەک هەیە بۆ دۆزی کورد لەتورکیا بەبێ پەکەکە؟. پێتوایە بەپەڕاوێزخستنی پەکەکە، تورکیا یەک لایەنە دەتوانێت کرانەوە بەرووی دۆزی کورددا پراکسیس بکات؟.

هێمن میرانى:دیارە ئێمە PKK بەرێکخراوێکى تیرۆریستى نازانین، بەپێچەوانە بەپارتیێکى گرنگ لەسەر گۆڕەپانى سیاسیى تورکیا و ئاڕاستەکردنى رەوتى رووداوەکانى دەژمێرین. ئەگەر لەدەرەوەى پرۆسەى سیاسیش بێ و مۆڵەتداریش نەبێ. چوونکە پارتى ناوبراو لایەنگر و سۆزێکى ئێجگار زۆرى لەنێو کوردانى باکوور هەیە، کاریگەرییەکى گەورەشى لەسەر شەقامى کوردیى لەتورکیا و زۆرینەى دامەزراوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت پارلەمانتارە کوردەکانى سەر بەDTPەش هەیە. بەبێگوومان ئەگەر PKK بایکۆتى هەر پرۆسەیەکى چارەسەرى بکات و هەوڵبدات شەقام لەدژى بوروژێنێ، ئەو پرۆسەیە شکست دەخوات، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا هەڵوێستى PKK لەدژى پرۆسەى کرانەوە نییە، راستە تێبینى و سەرنجى خۆیان هەیە، بەڵام پرۆسەکە رەت ناکەنەوە. لەلایەکى دیکە مەرجیان نییە کە دەبێ تورکیا ئەوان وەکوو مەخاتبى سەرەکى و نوێنەرى کورد لەپرۆسەى چارەسەرى بژمێرێ، بەڕێز ئۆجەلان داواى کرد کەDTP وەکوو نوێنەر ئەگەر نا تاڵەبانى و بارزانى، بەڵام لەگەڵ ئەمەش بەدیدى من ناتوانرێ تێزو بۆچوونەکانى PKK ئەگەر بەناڕاستەوخۆش بێ لەبەر چاو نەگیرێ. لە 19-10-2009 بینیمان لەسەر داواى ئۆجەلان لەئیمرالییەوە، گروپى ئاشتى قەندیل و مەخموور چوونەوە تورکیا و پێشوازییەکى گەورەشیان لێ کرا.

ئەو تابلۆیە نیشانیدا کە نەک PKK وەکوو پارتی، بەڵکو بەڕێز ئۆجەلان دواى تێپەڕبوونى دە ساڵ بەسەر زیندانیکردنى و ئەو حاڵەتە دەروونى و تەندروستییەى تایبەتى، هێشتا دەتوانێ شەقامى کوردیى لەباکوورى کوردستان لەقەندیل و مەخموورەوە تا ئاماد ئاڕاستە بکات. ئەم رووداوە بووە هۆکارى رەخنەى زۆر توندى ئۆپۆزیسیۆنى تورکیا لەپارتى داد و گەشەپێدان و لەحکوومەت. بینیمان دەنیز بایکاڵ سەرۆکى CHP لەناو پارلەمان و لەوتارى فراکسیۆنى پارتییەکەى رەخنەى زۆر توندى لەحکوومەت گرت و تۆمەتبارى کرد کە بەناڕاستەوخۆ لەپرۆسەى کرانەوەى دیموکراسیدا دانوستان لەگەڵ PKK دەکات. بیانووشى ئەوەبوو کە بۆ پێشوازیى لەگروپى ئاشتى دادگاى سەفەریى دانراوە و براوەتە سلۆپى بۆ ئەوەى دادگاییەکى رووکەشانەى گەڕاوەکان بکرێ. هەروەها دەوڵەت باخچەلى سەرۆکى MHP لەلێدوانێکیدا دەربارەى گروپى ئاشتى دەڵێ (ئەوە PKK نییە خۆى تەسلیمى تورکیا دەکاتەوە، ئەوە حکوومەتى تورکیایە تەسلیمى PKK بووە).

بەراستیش ئەو پێشوازیی و کەرنەڤاڵە گەورەیەى بۆ گروپى ئاشتى کرا، نیشانى دا کە ئەوانە تیرۆریست نین و پەشیمان بووبنەوە و هاتبنەوە خۆیان بدەن بەدەستەوە، بەڵکو وەکو پاڵەوان و سەرکەوتوو لەبەرەکانى شەڕ خۆیان نمایشکرد. ئەمە نیشانەى کاریگەریى و هەیبەت و سەنگى PKKیە لەسەر هاوکێشە سیاسییەکانى تورکیا. بۆیە بەدیدى من ئەگەر لەتورکیا PKK وەکو موخاتبى سەرەکى و راستەوخۆش مامەڵەى لەگەڵ نەکرێ، بەڵام لەپەناى پەردەوە ئەوەى دانوستانى لەسەر دەکرێ، لەپاڵ بەرنامەکانى حکوومەت، تێزەکانى PKKیە.

هێمن میرانى

ساڵى 1982 لەهەولێر لەدایکبووە، لە2003 بەکالۆریۆسى لەزانستە سیاسییەکان و لە2008 ماستەرى لەهەمان بەش لەسەر تێزى پەیوەندییەکانى تورکیاو یەکێتى ئەوروپا بەپلەى زۆرباشە بەدەستهێناوە، توێژەر و چاودێرێکى بەردەوامى دۆسێى تورکیایە. هاوکات سەرۆکى پەیمانگەى کوردستانە بۆ پرسە سیاسییەکان.
http://klawrojna.com/index.php?option=com_content&view=article&id=18671&catid=26&Itemid=42

No comments:

Post a Comment

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...