Sunday 14 October 2018

دەرسەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر


هێمن میرانی
١٦ی ئۆکتۆبەر زۆر دەرسی گەورەی تێدایە کە پێویستە هێزە کوردستانییەکان بە گشتی و پارتی و یەکێتی بە تایبەت سوودی لێ وەربگرن. نابێ وەکو جنێوی سیاسی سەیر بکرێ و حزبەکان بۆ ملشکاندنی یەکتری بەکاری بهێنن. ئەمانەی خوارەوە بە دیدی بەندە هەندێ لەو دەرسانەن:
1. سەلماندی کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێویستی بە ریفۆرم و یەکخستنی راستەقینە هەیە چونکە دەرکەوت ئەو هێزە نەک تەنیا لە ژێر دەستی پارتی و یەکێتی دابەشکراوە، بەڵکو لە ناو یەکێتیش وەکو نمونە گروپ گروپ دەستیان بەسەر ئەو هێزەدا گرتووە و دەتوانن بە بێ رەچاوکردنی هیچ لێکەوتەیەک بەکاریان بهێنن. ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر لە کەرکوک کشێندرایەوە بۆ ئەوەی رێگا بۆ سوپا و حەشد خۆش بکات یەک لیوا بوو لە کاتێک لیوایەکانی دیکە بە سەرپەرشتی کاک کۆسرەت رەسوڵ، کە لە لایەن کاک مەسعود و ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمەوە دەسەڵاتی تەواوی سیاسی و ئەمنی و سەربازی پێ درابوو کە سەرۆکایەتی دۆخی کەرکوک بکات، ئامادەبوون بەرگری بکەن و چەندین شەهیدیشیاندا کاتێک بە خیانەت و غەدر لە پێشەوە و لە دواوە لێیاندرا. بەڵام کشاندنەوەی ئەو لیوایە بە فەرمانی گروپێک لە سەرکردە ئەمنییەکانی یەکێتی کە هیچ پلەیەکی فەرمیان لە ناو دامەزراوەکانی دروستکردنی بڕیاری یەکێتی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نەبووە و نیە، ئەو کارەساتە گەورەیەی خولقاند.
2. ئەگەر دۆخی پێشمەرگە بەو حالەی ئێستا بمێنێتەوە کە هەمان حاڵی ١٦ ی ئۆکتۆبەرە، ئێمە هەموو کات لە بەردەم ئەوەیەن کە گروپێک خەڵک بۆ هەر مەرام و قازانجێک بێ بمانفرۆشن و بەشێکی دیکەی ئەو نیوەی ماوە لە زەوییەکانی کوردستاندا بیدەنە لایەنێکی دیکە، بە تایبەت کە هیچ جۆرە لێپرسینەوەی سەربازی لە ئارادا نیە و ئەوانەی ١٦ ی ئۆکتۆبەریان کرد نەک لە لایەن دامەزراوە حکومەتییەکان یان حزبەکەی خۆشیان سزا نەدراون، بەڵکو ئەمڕۆ بوونەتە پادشا دروستکەر و خاوەنی ئەمر و نەهی.

3. ئەو کاتەی ١٦ی ئۆکتۆبەر روویدا، دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەو پەڕی خراپیدا بوو. رێکەوتنی گروپێکی ناو یەکێتی لە گەڵ بەغدا مانای ئەوەیە کە ئێمە خاوەن حکومەتێک و دامەزراوەی یەکگرتوو نین بۆ بڕیاردان لە پرسە سیاسییەکان. خۆ یەکێتی بەشێکە لە حوکمڕانی کوردستان و بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتە. ئەوانەی ١٦ی ئۆکتۆبەریان کرد بازیاندا بەسەر هەموو کەناڵە حکومییەکان بۆ گفتوگۆ و رێکەوتن. ئەمەش وامان لێ دەکات کە داوا بکەین کوردستان ببێتە خاوەن حکومەتێک کە بتوانێ بڕیار بدات و هەر کەسێک لە دەرەوەی حکومەت و کەناڵە رەسمییەکانەوە بڕیار و هەنگاوێک بنێ کە وەکو رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لێکەوتەی ستراتیجیان هەبێ، لێپرسینەوەی لە گەڵ بکرێ.
4. ئەو رووداوانە دەبوایە زەنگی وریا کەرەوە بن بۆ کوردستان و هێزە سیاسییەکان بە تەواوی بهێنە سەر خەتی بەخۆدا چوونەوە چونکە ئەوەی روویدا تەنیا نەبووە هۆی لە دەستدانی کەرکوک و ناوچەکانی دیکە، بەڵکو پیشانیدا کە حوکمڕانی سیاسی و سەربازی کوردستان لەبەردەم خەتەری گەورەی دابەشبوون و نا دامودەزگاییدایە و لە کاتی مەترسیدا کەلێنە گەورەکان دەردەکەون و کارەسات دەخولقێ.
5. دوای ساڵێک بەسەر ئەو رووداوانە، هێشتا کەرکوک و ناوچەکانی دیکە لە ژێر حوکمێکی سەربازی سەپێندراون و پرۆسەی تەعریب بە فۆرمی دیکە دەستی پێکردۆتەوە و چەندین شێوەی پاکتاوی رەگەزی وەکو ئەوەی لە خورماتوو روویداوە، پراکتیزە کراون.
تێبینی:
هاوڕێیە یەکێتیەکانم، بە تایبەت باڵی ئەو جەماعەتەی ١٦ی ئۆکتۆبەر، پێویست نیە زویر بن و هێرش بکەنە سەر هەر کەسێک باسی ئەو رووداوانە بکات و بیانووی بۆ بدۆزنەوە. من خۆم دژی ئەوەم کە بگوترێ یەکێتی ئەمەی کردووە بەڵکو گروپێک ئەمەیان کرد. لەم سەردەمە شت ون نابێ و هەموو ڤیدیۆی دیدارەکانی ئاراسی شێخ جەنگی، لاهور و پاڤێڵ تاڵەبانی و وەستا حەسەن و ئاسۆ مامەند لە یوتیوب هەن بۆ مێژوو و بۆ هەموو کەسێک. گرنگ ئەوەیە دەرس وەربگیرێ نەک بیانوو بدۆزرێتەوە چونکە ئەوە خیانەت بوو بە لێدوانی کاک کۆسرەت و مەلا بەختیار و چەندین سەرکردەی دیکەی ئەو حزبە و هی پاکانە کردن نیە.

No comments:

Post a Comment

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...