Friday 10 January 2020

بەرەو کوێ دەڕۆین؟

دۆخەکە ئاڵۆزە و پێشبینی کردن لە وەها بارێکدا کارێکی ئاسان نیە، بەڵام ئەگەر سەرنج لەسەر ئەو پەرەسەندنانە بدەین دەکرێ هەندێ خاڵ بۆ بیرکردنەوە و گفتوگۆکردن بخرێتە روو:

یەکەم: چاوەڕوان ناکرێ پێکدادانی گەورە و راستەوخۆ بە بەکارهێنانی چەکە پێشکەوتووەکانی هەردوو وڵات ئەنجام بدرێ، چونکە ئەمە دۆخی ناوچەکە بە تەواوی دەخاتە بەردەم مەترسی گەورە کە کاریگەری گەورەی لەسەر ئاسایشی جیهان و ئاسایشی وزەی جیهان دەبێ کە ئەمەش نە ئەمریکا دەیەوێ بیکات و نە ئێران و نە هیچ وڵاتێکی دیکە.
دووەم: کوشتنی قاسم سولەیمانی پەرەسەندنێکی مەترسیدار بوو، شکاندنی شکۆی ئێران بوو لەو ناوچەیە. بەڵام بۆ ئێران هەندێ قازانجی کاتی و لاوەکی تێدایە. ئەو دەرفەتە کرایە بۆنەیەکی مەزهەبی نیشتیمانی گەورە بۆ کۆکردنەوەی شیعەکان و مەراسیمی ناشتنی بە جۆرێک پیرۆزە و گەورە کرا کە بۆ هیچ کام لە ئیمامەکانی عەلی و حوسەین و فاتیمەش ( رەزایان لەسەر بێ) مەراسیمی ناشتنی ئاوا نەکراوە. سەرنجی خەڵکی ئێرانی لەسەر کێشە ناوخۆییەکان بە لایەنی کەم زۆرینەیەکی دیار لابرا و خرایە سەر دوژمنێکی دەرەکی.
سێیەم: ئەو هێرشەی شەوی رابردووی ئێران بۆ سەر هەندێ بنکەی سەربازی ئەمریکی لە عێراق، کە پێشتر عادل عەبدولمەهدی لێ ئاگادار کراوەتەوە و کاتی ئەوەش دراوە تا ئەویش بە ئەمریکییەکان بڵێ تا هێرشەکە کەمترین زیانی لێ بکەوێتەوە، گوایە تۆڵەیە و لە ناوخۆی ئێران وەکو ئاهەنگی تۆڵەکردنەوەی سولەیمانی ناسێندرا. ئەم هێرشە بۆ رازی کردنی شەقامی ئێران و بەرزکردنەوەی شکۆی شکاوی ئێران پێویست بوو. بەیاننامەکەی سوپای پاسداران کە باس لەوە دەکات ئەمریکا پێویستە هیچ کاردانەوەیەکی نەبێ، مانای ئەوەیە کە ئەوان بەو هێرشە دڵیان داکەوتووە و تۆڵەی خۆیان کردەوە. هەروەها وەزیری دەرەوە زەریف بە روونی گوتی کرا و بڕایەوە: تۆڵەیەک بوو کرایەوە و ئێران مەبەستی گرژی زیاتر یان شەڕ نیە بەڵکو تۆڵەیەکی پێویست بوو کە دەبوایە بکرێتەوە. تویتە خێرایەکی ترەمپ کە باسی لەوە کرد کە دۆخەکە باشە و دواتر قسەی دیکەیان دەبێ هێمای ئەوەی تێدایە کە دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز ناکەن و ئەو حەقە بە ئێران دەدەن کە شکۆی بریندار و شکاوی خۆیان تیمار بکەنەوە. لە بیر نەکەن راستە هێرشەکە لە رووی مرۆییەوە زیانی گەورەی لە ئەمریکا نەداوە بەڵام بۆ پێگەی ئێران بەرامبەر بە ئەمریکا و بۆ ناوخۆی ئێران ئەمە رووداو و هێرشێکی گەورەیە.
چوارەم: بە لای زۆر خەڵک رەنگە ئەو هەنگاوانە سەرەتای شەڕ بێ، بەڵام پێدەچێ شەڕەکە بە مانای رووبەرووبوونەوەی گەورەتر لێرەدا کۆتایی هاتبێ و هیچ کام لەو دوو وڵاتە لەوە زیاتر دۆخەکە ئاڵۆزتر نەکەن. چاوەڕێ ناکەم ئەمریکا کاردانەوەی توندی بەرامبەر بەو هێرشانە هەبێ چونکە ئەمریکا هێشتا لەو دۆخەدا براوەی گەورەیە و ئەو مافەش بە ئێران دەدات کە وەکو دۆڕاوی نێو هاوکێشەی سفری لەو دۆخە ئاڵۆزە نەیەتە دەرەوە...
بە کورتی دۆخەکە بەرەو هێور بوونەوە دەچێ و شەڕی دەستەو یەخە چاوەڕێ ناکرێ روو بدات چونکە هەردوو لایەن هی ئەوە نین دەستی یەکتری 
بە توندی با بدەن.

https://www.facebook.com/HemnMeranyOfficial/?ref=bookmarks

No comments:

Post a Comment

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...