Friday 10 January 2020

دەربارەی چاکسازی



دەربارەی چاکسازی
پارلەمان نوێنەری خۆیەتی یان خەڵک؟
نامەیەکی کراوە لە دۆخێکی ئاڵۆزدا


هێمن میرانی
چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بێدادی پرۆسەیەکی گشتگیر و گرنگە و تەنیا لە دەستکاریکردنی موچە و دەرماڵە و خانەنشینی پلە باڵاکان کورت ناکرێتەوە، بەڵام چونکە پڕۆژە یاساکەی ئێستا زیاتر هەڵوەستەی لەسەر ئەم پرسە کردووە، منیش هەندێ سەرنجی خۆم دەخەمە روو:
یەکەم: ماوەیەکە لە گەڵ ژمارەیەک پارلەمانتاری بەرێز لەسەر خەتم دەربارەی پڕۆژە یاساکە و لەوێش رای خۆمم پێیان گوتووە. هەست دەکرێ دوو دڵیەکی گەورە لە ئارادایە لە دەستبەردان لەو ئیمتیازە زۆرەی بە ناوی خانەنشینی بە یاساکانی ژمارە ١٢ و ١٣ ی ساڵی ١٩٩٩ بە وەزیران و ئەندامانی پارلەمان بەخشراوە. ئێستاش تەنانەت دەنگۆی رێکەوتنی هەمووان هەیە ( نازانم ئەمە چەند راستە) لە سەر هێشتنەوەی ئەو ئیمتیازاتانە بۆ خۆیان لە کاتێک ئەوان نوێنەری خەڵکن لە پارلەمان نەک نوێنەری خۆیان. رای گشتی بە تەواوی لە گەڵ ئەوەیە ئەو ناعەدالەتیە گەورەیەی لە نێوان خانەنشینی پلە تایبەت و باڵاکان لە گەڵ خانەنشینی فەرمانبەرانی دەوڵەت هەیە نەمێنێ، بۆیە ئەگەر پارلەمان دژی رای گشتی هەڵسوکەوت بکات یەکێک لە وەزیفە گەورەکانی خۆی لە دەست دەدات کە نوێنەرایەتی کردنی بەرژەوەندی گشتیە.
دووەم: پارلەمانتاران باش دەزانن کە داهات و بودجەی کوردستان زۆر زۆر کەمترە لەو پارەیەی لەبەر دەستی بەغدایە. بۆیە ئەگەر ئەوە پێوەر بێ، نابێ لەو یاسایەدا ئیمتیازێکی زیاتر لەوەی بە پارلەمانتارانی بەغدا دوای تەواوبوونی ئەرکەکانیان دەدرێ، بۆ خۆیان بهێڵنەوە. ئاشکرایە لە بەغدا خانەنشینی پارلەمانتار و پلە باڵاکان هەڵوەشاوەتەوە. لێرەش ئەو بەڕێزانەی پۆستی باڵا وەردەگرن دەبنە فەرمانبەری پلە باڵای دەوڵەت و دوای تەواوبوونی ئەو ئەرکەیان دەبێ یان بگەڕێنەوە شوێنەکانی پێشوویان یان ئەگەر گەیشتنە تەمەنی خانەنشینی ئەو ساڵانەی خزمەتیان لەو پۆستانە بۆ حساب بکرێ و وەکو هەر فەرمانبەرێکی دیکە خانەنشین بکرێن. ئەگەر ئەوە روو نەدات ئێوە هەرگیز بیرتان بۆ ئەو فەرمانبەرانە ناچێ کە دوای لایەنی کەم ١٥ تا ٢٥ ساڵ خزمەتکردن ئێستا بە چەند مانگێک جارێک ٢٠٠ هەزار دیناریان وەکو سەدەقە پێ دەدەن، کە ئەمە شەرمەزارییەکی یەکجار گەورەیە.
کەواتە کورت و پوخت:
1. هەموومان داوا دەکەین کە خانەنشینی پارلەمانتار و وەزیر و وەکیل وەزیر و بەڕێوبەری گشتی و هتد وەکو پرەنسیپ دوای تەواوبوونی ئەرکەکانیان نەمێنێ. ئەوەی گەیشتە تەمەنی خانەنشینی ئەو ساڵانەی خزمەتی بۆ حساب دەکرێ و بە گوێرەی یاسای گشتی خانەنشینی، نەک هیچ یاساییەکی تایبەت کە بۆ خۆتان داتانهێناوە، خانەنشین دەکرێ. یاساکانی ١٢ و ١٣ ی ساڵی ١٩٩٩ و هەر یاسایەکی دیکە کە ئیمتیازی تایبەتی بەو خەڵکانە بەخشیووە دەبێ هەڵبوەشێتەوە.
2. دەستکاری کەمترین موچەی فەرمانبەران بکرێ کە خانەنشین دەبن بە جۆرێک رەوا نیە کەس لە ٤٠٠ هەزار دینار وەکو ئەوەی بەغدا کەمتر وەربگرێ. ئێوەی بەڕێز بیهێننە بەرچاوی خۆتان کە ٤٠٠ هەزار دینار بەشی چی دەکات؟ ئەگەر هیچ ئەی ئەو ٢٠٠ەی ئێستا چ بۆ هاووڵاتیەکی ماندوو دوای ساڵانێکی زۆری خزمەت دابین دەکات..
بەڕێزینە:
لە هەستیاری ئەو دۆخە بگەن کە لەو ناوچەیە دەگوزەرێ!!! خەڵکی کوردستان لەو خۆپیشاندەرانەی بەغدا ترسنۆکتر نین لەوە کەمتر قەبوڵ بکەن، دۆخی ئابوری کوردستان لە هی بەغدا باشتر نیە ئێوە لەسەر ئیمتیازاتی خۆتان رێک بکەون و حسابی بەرژەوەندی گشتی کە گوایە ئێوە نوێنەرایەتی دەکەن، نەکەن.
#نابۆخانەنشینی_پلە_باڵای_وەزیر_و_پەرلەمانتار

No comments:

Post a Comment

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...