Thursday 29 October 2020

هونەری فێربوون و سوود وەرگرتن لە دەرفەتەکان

کۆمێنتی هەندێ قوتابیان:

ئایا فێری هیچ دەبین لە خوێندنی ئەلیکترۆنی؟
یان، فێری هیچ نەبووین!
وەڵا فێری هیچ نەبووین، لە ترسی غیابات دێینە خەت!!
وەڵام:
قوتابیانی ئازیز:
فێربوون چەمکێکی یەکجار فراوانە و لە دیدی جیاوازەوە دەتوانرێت سەیری بکەین. ئێوە لەو ئەزموونی ئەلیکترۆنی ئۆنلاینە* زۆر شت فێربوون کە لە ناو کەمپ فێری نابن. فێری لێهاتوویی و سکیڵەکانی سەردەم بوون. فێربوون گوگڵ میت و کلاسڕووم و زووم میتینگ و پۆرتاڵ چیە! فێربوون چۆن هەمووان پێکەوە لە کلاسێکی ئۆنلاین دەنگ و ڕەنگ قسە بکەین، هەر یەکەمان ویستمان شەیری سکرینی خۆمان بکەین و پریزنتەیشن پێشکەش بکەین، فێربوون خۆمان میوت بکەین تا دەنگمان تێکەڵی یەکتری نەبێت، دەستمان بەرز بکەینەوە و ناومان لە ئۆنلاین تۆمار بکەین، فێربووین مۆبایلەکانمان زۆر ئیشی دیکەی پێ دەکرێت جگە لە سۆسیال میدیا، فێربووین بە مۆبایلەکانمان دەتوانین سیمینار ئامادە بکەین و لە کۆرسێکی ئۆنلاین پێشکەشی بکەین، فێربووین هەر بە مۆبایل وەڵامی کیوز و ئەساینمێنت بدەینەوە، فێربووین کە دەتوانین هەر لە ڕێی مۆبایلەوە بە دوای ئەو دەرسانەش بگەڕێین کە مامۆستا وەکو ئەرک پێی سپاردووین. فێربووین کە دواتر دەتوانین سەیری وانە تۆمارکراوەکە بکەینەوە و چەند جارێک گوێ بگرین ئەگەر باش تێنەگەیشتین، فێربووین کە هەر لە ناو پۆرتاڵی زانکۆ نامە بۆ مامۆستا بنێرین و داوای کتێب و زانیاری لێ بکەین، زۆر شتی دیکە فێربووین کە لە ناو کەمپ نەماندەزانی.


هەڵبەت ئەمانە هەموویان فێربووین ئەگەر تۆی ئازیز ویستبێتت فێر بیت و ململانێ لە گەڵ پرۆسەکە نەکەیت! ئەگەر ویستبێتت سوود لەو دەرفەتە وەربگری بۆ خۆپێگەیاندنی زیاتر نەک بەدوای خەڵکی دیکەی بێ بەرنامە کەوتبیت و هەر چاوەڕێت کردبێت دەگەڕێتەوە ناو کەمپ!. هەموو ئەوانەی سەرەوە فێربوویت ئەگەر گەنجێکی خاوەن خەون و بەرنامە بیت نەک لە ترسی غیابات بێیتە خەت و دواتر لە ڕقی پرۆسەکە گوێ لە دەرسەکە نەگریت و کاتی خۆت بە فیڕۆ دابێت!. ئەگەر خۆت ویستبێتت توانیویتە لە گەڵ مامۆستاکەت بڕۆیت و لە پاڵ ئەو هەموو سکیڵە نوێیەی لە سەرەوە باسم کرد، وانەکانیشت وەرگرتووەو لە زانستەکەی خۆشت دانەبڕاویت، ئەگەر مەبەستت بوو بێ فێر بیت. هەڵبەت ئەوەی مەبەستی نەبێ فێر بێت، نەک ئەمانەی سەرەوە فێر نابێت، بەڵکو لە ناو کەمپیش هەر بە دوای بیانووە و وەکو پەندەکە دەڵێ ( الصانع المهمل دائما يلوم ادواته – واتا وەستای ئیهمال هەمیشە گلەیی لە کەلوپەلەکانی دەکات). هیوادارم کەستان لەو جۆرانە نەبن!.
قوتابی ئازیز:
فێربوون لە زانکۆ نیوەی زیاتری لە ئەستۆی خۆتە، ئەگەر پێت وایە تەنیا ئەوەی مامۆستا لە ناو کلاس پێشکەشت دەکات بەسە و ئەوە فێربوونە، کەواتە پێویستیت بەوە هەیە باشتر لە زانکۆ بگەیت و پێداچوونەوە بە تێگەیشتنی خۆت بکەیت. مامۆستا لە زانکۆ ڕێپیشاندەر guider و هاندەرە motivator و خۆت وەکو قوتابی چەقی فێربوون و داینەمۆی پرۆسەکەیت. کە لە زانکۆیت، لە باشترین سەردەمی تەمەن و توانا و وزەی خۆتی، ئەگەر کاتەکانت بۆ فێربوون و گەشەکردنی تواناکات و پێشخستنی بەهرە و پەیوەندییەکانت نەخستۆتە گەڕ، کەواتە پەلە بکە تا کاتت ماوە و هێشتا لە زانکۆیت. ئەگەر ئێستا نەیکەیت، ئەی کەی بە نیازیت!
تکایە گلەیی لە دۆخەکە مەکەن چونکە هی هەموومان بە ڕێژەیی لە یەک نزیکە. هەرگیز باشترین دۆخ پەیدا نابێت بۆیە بە چاوەڕوانی کاتی خۆت بە فیڕۆ مەدە. ئەم وتە ئینگلیزییە جوانە کە دەڵێ:
Right time never comes, you just have to make it happen
کاتە ڕاستەکە، یان کاتی بەختی تۆ هەرگیز نایەت، تۆ دەبێ دروستی بکەیت...
ئەمەشیان هەر نایابە کە دەڵێ It is never the wrong time for the right one. So be the right one
واتە هیچ کاتێک خراپ نیە بۆ کەسێکی ڕاست، بۆیە ببە کەسە ڕاستەکە.
بۆیە تکایە سوود لەو دەرفەتانە وەربگرن کە لە پێشتانە و چاوەڕێ کاتی باشتر مەکەن چونکە ئەوە خۆتی بڕیار دەدەی کەی کاتە باشەکەیە، کە ئێستای تۆیە.
* خوێندنی ئەلیکترۆنی دەکرێ بە هەردوو جۆری ئۆنلاین و ئۆفلاین بەڕێوە بچێت. ئەوانەی تەنیا وانە تۆمار دەکەن و دەیخەنە سەر وێب سایتێک و دواتر قوتابیان دەڕۆن سەیری دەکەن، ئەوە ئەلیکترۆنی ئۆفلاینە. بەڵام ئەوەی بتوانێ وانەکان بە ئەلیکترۆنی بەڵام ڕاستەوخۆ و بە ئۆنلاین مامۆستا و قوتابی پێکەوە بێنە سەر هێل و لە یەک کلاسی ئەلیکترۆنی ڕاستەوخۆ وانەکە بخوێنن، هەڵبەت ئەوە باشترە و ئەلیکترۆنی ئۆنلاینە. ئەمەی دووەم لە زانکۆی سۆران پەیڕەو دەکرێت و دواتر مامۆستا وانەکە بە تۆمارکراویش دەخاتە سەر پۆرتاڵی زانکۆ بۆ ئەوەی قوتابیان بتوانن چەند جار سەیری بکەنەوە یان ئەوەی بە هەر هۆکارێک نەیتوانیبێت بێتە وانە ئۆنلاینەکە، هەر دەستی بگاتە دەرسەکە و لە کیسی نەچێت.

No comments:

Post a Comment

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...