Friday 2 September 2016

بەغدا و سەربەخۆیی...سەرنجی خێرا بۆ وردبوونەوە و گفتوگۆ

هێمن میرانی
*دەبێ بچینەوە بەغدا بەڵآم نەک بۆ برایەتی کورد و عەرەب و عێراقێکی دیکە، بەڵکو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەوەی ببینە دوو دراوسێی چاک. چوونەوە بەغدا عەیب نیە تا ئەو کاتەی دیار دەبێ بابەتی چوونەکە چیە!

*بۆ سەربەخۆیی نابێ پرس بە بەغدا و کەسی دیکە بکرێ چونکە ئەوە مافی گەلانی کوردستانە و زیاتر لە ١٠٠ ساڵە تێکۆشان لەم پێناوە دەکرێ. ئەگەر تا ئەمڕۆ ئێمە دەوڵەت نین، لە بەر ئەوەی دۆخی ناوچەکە و سنوورە سەپێنراوەکانی دوای سایکس بیکۆ رێگر بوون، ئیدی سنوورەکان وەکو جاران نەما، بە دەستی ئێمەش نا بە دەستی خۆیان. ئیدی بۆ پێویست بێ دوای روخانی دەوڵەتەکەی داعش دووبارە سنوورەکان وەکو خۆیان لێ بێتەوە؟
* ئەگەر بوینە دەوڵەت چیمان بەسەر دێ؟ دەمرین لە برسان؟ ئێ دۆخەکە لەم دوو ساڵە خراپتر نابێ کە بەسەر کوردستان و خەڵکدا هاتووە. بۆیە خەڵک قوربانی داوە و ئامادەشە پشتگیری لە وەها پرۆسەیەک بکات.
* ئایا ئێران و تورکیا و عێراق هێزی سەربازی دێنن و هێرش دەکەنە سەر کوردستان و ئەزموونەکە لە بار دەبەن؟ ئەمە ناچێتە عەقڵ، خۆ ئەگەر بڕیا نەبوایە ئێمە بپارێزرێن، ئەوە رێگە دەدرا داعش بمانکاتە بەشێک لە دەوڵەتەکەی خۆی. ئەی مەترسی سەربازی چی هەیە؟ بە باوەڕی من تەنیا مەترسی شەڕی ناوخۆیی هەیە، ئەوەش لەبەر بەرژوەندی ئابوری سیاسییە باڵاکان کە بونەتە شەریکی نەوت و شتی دیکە، ئەگەرێکی دوورە.
*دەوڵەتانی ناوچەکە و زلهێزەکان بە ئاشکرا و نهێنی خەریکی گفتوگۆن دەربارەی میراتی ناوچەکە لە دوای داعش، کوردستانیەکان تەنیا خۆیان دەتوانن خەمی ئەوەیان بێ لەو داهاتە چیان دەست دەکەوێ. ئەوە پێشمەرگە خوێنی بەخشی و سنووری ئەو کوردستانەی دەستنیشان کرد، دە ئێوەی سیاسی پیاو بن و لەسەر مێزی گفتوگۆ مەیدۆڕێنن!
* پارتی و سەرۆک مەسعود بارزانی لە دوای هاتنی داعش لە هەموو خەڵک زیاتر دەنگیان دلێرە بۆ سەربەخۆیی. ئەوە ستایش نیە، فەرموون تەواوی دیمانەکانی بەڕێز بارزانی بخوێننەوە و ببینن کە لە ٢٠١٤ ەوە تا ئەمڕۆ لە گەڵ میدیای عەرەبی و رۆژئاوایی ئەنجامی داوە. ئەمە باشترین کارتە کە تەمەنی پارتی درێژ دەکاتەوە، وێڕای هەڵە سیاسییە ناوخۆییەکانی، و ئەو شانازیە مێژوویەی بۆ دەهێڵێتەوە. زەحمەتە هیچ حزبێک بوێرێ دژی سەربەخۆیی هەڵوێستی روون وەرگرێ، بەڵام لە رقی پارتی و خودی بارزانی، ئیدی سیاسەت ئەوەندە ناشرین بووە خەڵکێک لە نێو یەکێتی و گۆڕان شەرم لە شەهیدەکانی خۆیان و مێژووی خۆیان و تێکۆشانیان بۆ مافی چارەنووسی گەلەکەیان ناکەن و نەک تەنیا پشتگیری ئەو پڕۆژەیە ناکەن بەڵکو تا بۆیان بکرێ ئەگەر و گومان دروست دەکەن.
* ئەوەندەی من تێ دەگەم پارتی گەیشتۆتە خاڵی نەگەڕانەوە. بە جۆرێک کە گەڕانەوە لە پرسی سەربەخۆیی بە تەنیا ئەو دەرفەتە مێژووییە لە دەست کورد نادات، بەڵکو گورزێکی یەکجار گەورە لە خۆشی دەدات. خەڵکێکی زۆر گرەو لەسەر ئەوە دەکات کە پارتی ئەو بانگەشانە وەکو کارتی سیاسی بەکار دێنێ و راستگۆ نیە لە پرسی دەوڵەت و ریفراندۆم. هەڵبەت گومان خستنە سەر مافی میللەتی خۆمان بۆ سەربەخۆیی، کارێکی پوچە. ئەوەی لە رقی پارتی بیکات، بێ دەسەڵاتە و خۆ تڕاندنێکی خۆڕاییە. پارتی ئەگەر ئەم کارتەی سەربەخۆیی بدۆڕێنێ، ئیدی لە شانۆی سیاسی کوردستان کۆتایی پێ دێ و حەیای سیاسی دەچێ، کۆتاییەکی زۆر نائومێدکاری دەبێ. خۆ ئەگەر ئەمەشی بردە سەر و تەحەددای کێشە ناوخۆییەکانی کرد و بارزانی وەکو دەڵێن ئەگەر لە گوندێکیش بێ ئەو دەوڵەتەی راگەیاند، ئیدی هەمومان پارتین.
* ئایا ریفراندۆم پێویستە بۆ سەربەخۆیی، ئایا دەبێ پارلەمانی کوردستان بڕیاری وا بدات؟ ئەمانە هیچیان تاکە رێگە نین کە ئیدی چونکە پارلەمان لە کارخراوە ناتوانرێ ئەو پرسە بەڕێوە بچێ، چونکە کۆمیسیۆن ناتوانێ ریفراندۆم رێک بخات، ئیدی ناتوانین ببینە دەوڵەت. بڕۆن سەیری ئەزموونی گەلان بکەن کە چۆن بوونەتە دەوڵەت. دەوڵەت ئیرادە و بڕیاری سیاسی دەوێ و راگەیاندنەکەی وتەبێژێکی حکومەت دەتوانێ بەیاننامەکە بخوێنێتەوە. بۆیە دۆخی سیاسی ناوخۆیی کوردستان هەرگیز رێگر نیە لەوەی ئێمە ببینە دەوڵەت. ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوخۆ و گەڕانەوەی سەرۆکی پارلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان و موچەی خەڵک و ئەو شتانە ئەگەر بکرێن شتی زۆر چاک و باشن، بەڵام نەشکرێن رێگر نین لەوەی کوردستان نەبێتە دەوڵەت.
* دەڵێن ئەگەر پارتی لە دهۆک و هەولێر دەوڵەت رابگەیەنێ رەنگە برادەرانی یەکێتی و گۆڕان سلێمانی جیا بکەنەوە. ئەمە ئەگەرە، بەڵام ئەگەرێکی دوورە، چونکە جیای دەکەنەوە و دەچنە کوێ؟ دەبنە هەرێمێک لە عێراق؟؟؟ خەڵکی سلێمانی باوەڕ ناکەم بە شتی ئاوا رازی بن!! دەبنە دەوڵەتێکی جیاواز، ئەمە ناچێتە عەقڵ. کەواتە با هیوا بخوازین حزبەکان رێک بکەون کە هەموو پارێزگاکانی هەرێم لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە بن و سیستمی دەوڵەتەکە دواتر ببێتە فیدراڵی و هەر پارێزگایەک دەسەڵاتی سەربەخۆی تەواوی هەبێ بۆ کاروبارە ئیداری و ناوخۆییەکانی.
*رەنگە ئەگەر تا ئێرە تاقەتت هەبووبێ بخوێنیەوە، ئێستا بپرسی: ئەوە تۆ شێت بووی، بە راست ئێمە بەو دۆخە خراپەوە دەبینە دەوڵەت!!
وەڵام: نا نەخێر شێت نەبووم، ئامادەیی دۆخی ئابوری و سیاسی و چی و چی قسە کردنە لە سەر جۆر و باری دەوڵەتەکە. دەوڵەت راگەیاندن پەیوەندی بەوە نیە کە موچە هەیە یان نا، پارلەمان هەیە یان نا، سەرۆک هەیە یان نا، بەڵێ باوەڕی تەواوم هەیە کە ئەمساڵ ساڵی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستانە. خۆ ئەگەر ئەمە نەکرێ، وەکو ئەمڕۆ لێکۆڵەرێکی گەورەی کورد پێی گوتم، ئیدی کورد لە باشوری کوردستان هەرگیز نابێ چاوەڕێی دەوڵەت بێ.
وێنە: کاک سامان لە یەکێک لە هاوینەهەوارەکانی دهۆک گرتویەتی، سوپاسی دەکەم. لە دڵەوە هیوادارم، سەیران و منداڵەکان و خۆم ساڵی داهاتوو بێینەوە دەوڵەتی کوردستان، جا یا رەبی یەک دینار نابێ بیخۆم.

No comments:

Post a Comment

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...