Wednesday 29 May 2013


هەندێ سەرنج لەسەر وتارەکەی هاوڕێم سۆران جاف..
پێشەکی وتارەکەی بخوێننەوە بەر لەوەی سەرنجەکانی من بخوێننەوە...

وتارەکەی سۆران جاف لەم لینکەدا هەیە 
http://sbeiy.com/article_detail.aspx?ArticleID=6613&AuthorID=1106
هاوڕێم سۆران گیان.. بە دیقەتەوە وتارەکەتم خوێندەوە و پڕە لە دڵسۆزی.. هەندێ سەرنجم هەیە لە گەڵ ئەوەی لە ئەکاونت و پەیجەکەشم وتارەکەت بڵآو دەکەمەوە.. ئەو بیرۆکەیە بە لای منەوە نوێیە و بیرم لێ کردەوە، مەبەستم بیرۆکەی هاوسەنگی هێزە..من بە جۆرێکی دیکە لەو بابەتە دەگەم:
یەکەم: هەموو هێزێکی سیاسی مافی خۆیەتی هەوڵی فراوان کردنی بنکەی جەماوەری خۆی بدات بە مەرجێکی لەسەر رێگە و بە میکانیزمی شەرعی بێ. لەم رووەیەوە نەک بە تەنیا پارتی، بەڵکو یەکێتیش هەمان نەخۆشی هەبووە، بە رێگەی نا شەرعی وەکو بەکارهێنانی سامانی گشتی بۆ راکێشانی سەرنجی خەڵک، کڕینی خەڵک، بڵاوکردنەوەی زیاتری نا عەدالەتی لە رێی فراوانکردنی بازنەی جیاوازییەکان لە سەر بنەمای وەلائی حزبی کە یەکسان بووە بە دەستکەوتنی کار و سەروەتی باش و بە پێچەوانەکەشی. هەروەها لە رێگەی ساختەکاری لە هەڵبژاردن و فشاری سیاسی بۆ سەر هێزە جیاوازەکانی دیکە لە رێی سوتاندنی بارەگاکانیان، فشار خستنە سەر کادر و لایەنگرەکانیان. مەترسیەکە لەوەیە رێگەی فراوانخوازیەکە مەترسیدار و ناشەرعیە.
دووەم: بە بڕوای من ئەو نەخۆشیە لە جەستەی حزبەکانی دیکەش هەیە، گوزارشت لێ کردنی وەستاوەتە سەر سەنگ و قەبارە و فۆرمی دەربڕین. بۆ نمونە ئەو هەڵمەتەی کرایە سەر لقی ٤ ی پارتی دەکرێ بە نیشانەی قەبوڵ نەکردنی پارتی لە سلێمانی لە لایەن حزبەکانی دیکەی وەکو یەکێتی و گۆڕان لێک بدرێتەوە بە هەمان ئەو نەفەسەی پارتی هەتا بۆی بکرێ لە هەولێر و دهۆک گۆڕان و یەکێتی و یەکگرتوو دەکوشێ و مەودای کاریان بەر تەسک دەکاتەوە.
سێیەم: ئەو نەخۆشیە بۆیە لە پارتی زیاتر دەرکەوتووە چونکە پارتی جومگە گرنگەکانی دەسەڵاتی لە کوردستان گرتۆتە دەست و دەیەوێ لە پەنای دەنگی خەڵکەوە بە رێگەی دیکە بەردەوامی بەو دۆخە بدا. بۆ نمونە من هەرگیز مەترسیم لەوە نیە کە با دەستوور بە تەنیا بە پاڵپشتی پارتی بخرێتە راپرسیەوە، بەڵآم مەترسی لەوەیە کە گزی و ساختەکاری زۆر بۆ سەرخستنی بە شێوەی سیستماتیکی ئامادەکاری بۆ بکرێ کە دواجار پارتی گەورەتر لە قەبارەی خۆی دەکاتە حزبی یەکەم و گەورە لەسەر بناغەیەکی ساختە کە گوزارشت نەبێ لە پێگەی راستەقینەی ئەو حزبە یان هەر حزبێکی دیکە.
چوارەم: ئەو رەخنانەی لە جەنابی سەرۆک بارزانیت گرتووە لە گەڵت جیاواز نیم و دەست خۆشیم هەیە، هەمان سەرنجم هەیە کە سەرۆک بە رێی هەڵەدا دەبردرێ و نەیتوانیووە تا ئەندازەی چاوەڕوانی خەڵک سەرۆکی هەمووان بێ. ئەو هەوڵانەی ئێستا و ئەو پەلە پەلیەی بۆ ریفراندۆم کردن لەسەر دەستوور هەیە کە ئامانجی یەکەم و بنەڕەتی رەخساندنی دەرفەتی قانونیە بۆ کاندیدبوونەوەی سەرۆک بۆ دەورەیەکی دیکە یەکێکە لە هەڵە گەورەکان. چونکە پارتی دڵنیا نیە لە سەرکەوتنی راپرسی ( هەڵبەت ئەگەر دەنگدانێکی پاک بکرێ)، لە نەبوونی بارزانیشیدا کاندیدێکی ئەوەندە بەهێز وەکو ئەویان نیە کە بتوانێ لە هەڵبژاردنی راستەوخۆدا لە دۆخی ئێستا بە تەنیا دەنگی لایەنگرانی پارتی زەمانی دەرچوونی هەبێ. لەم سۆنگەیەوە ئەو گەمەیەی لە کەیسی دەستوور دەکرێ بە لێکدانەوەی من لە کاتی بوونی ریفراندۆمێکی پاک و بێ ساختەکاری پارتی زەرەرێکی تیا دەکا زۆر گەورە...
لە خاڵێکدا رەنگە جیاواز بم. من دژی ئەوەم هەموو شت بە سازان و رەزامەندی  هەمووان بکرێ، خۆت پسپوڕی لە زانستی سیاسەت و ئەو کارە جگە لە نا سەقامگیری و حکومەتێکی لاواز و بێ کردار هیچی دیکەی لێ سەوز نابێ. بە دیوێکی دیکە بۆ رێگە گرتن لە پاوانخوازی ناشەرعی دەبێ هەوڵی پتەوکردنی دامودەزگا لە وڵاتی ئێمە بدرێ، بۆ ئەوەی نە پارتی و نە هیچ هێزێکی دیکە نەتوانێ داهاتی نەوت، سەیارەی وەزارەتی کارەبا، دائیرەی نفوس بۆ تەزویرکردنی نفوس بۆ دەنگدەر، مودیر مەکتەب بۆ ساختەکردنی دەنگی خەڵک، ئاسایش و پێشمەرگە بۆ چەند جار دەنگ دان و چاو سوورکردنەوە لە لایەنگری حزبەکانی دیکە بەکار نەهێندرێن. ئەگەر ئەو پرۆسەی بە سیاسی کردن Politiciseی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە نیشتیمانیەکان سنووری بۆ دابندرێ و کەم بکرێتەوە، لەو دیوە هیچ هێزێک ناتوانێ بە ناشەرعی هەیمەنەی خۆی بسەپێنێ و خۆی فراوان بکا.
مەترسیە جدیەکە لەوەیە کە ئەو پرۆسەی گەورە بوونە بە رێگەی راکێشانی سەرنجی خەڵک نیە بۆ بەرنامەیەکی سیاسی دیاریکراو بە قەد ئەوەی لەسەر کۆمەڵێک میکانیزمی نا شەرعین کە دواجار تەواوی کۆمەڵگە بە سیاسی دەکا.
هێمن میرانی


No comments:

Post a Comment

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...