Wednesday 29 May 2013

لە ٢٠١٠ پرۆژەیەکمان بۆ ئاشتی لە تورکیا پێشکەش کرد
ئەو کات لە کەناڵە جیاجیاکانی میدیا بە گەرمیەوە باس کرا
فەموون ئەمە پرۆژەکەیە

كوردێك، پرۆژه‌ی‌ ئاشته‌وایی‌ نیشتمانی‌ له‌ توركیا ئاماده‌ ده‌كات



PUKonline

به‌ ئامانجی‌ سه‌قامگیركردنی ستراتیژیه‌تی‌ ئاشته‌وایی‌ نیشتمانی‌ و كۆتاییهێنان به‌ كێشه‌ی‌ كورد له‌ توركیا، توێژه‌رێكی‌ كورد پرۆژه‌یه‌ك ئاراسته‌ی‌ سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مانتارانی‌ توركیا ده‌كات. دەقی پڕۆژەی هێمن میرانی بۆ ستراتیجیەتی ئاشتەوایی نیشتیمانی لە توركیا:

ستراتیجیەتی ئاشتەوایی نیشتیمانی لە توركیا
لە لایەن لێكۆڵەری كورد
هێمن میرانی لە هەرێمی كوردستان – عێراق
هەولێر 2010.8.29

ستراتیجیەتی ئاشتەوایی نیشتیمانی لە توركیا

بەڕێزان: سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پارلەمانی توركیا

بەڕێزان فراكسیۆنەكانی نێو پارلەمانی توركیا

بەڕێزان لە پارتی كرێكارانی كوردستان

سڵاو و رێز...

زمانی چەك بۆ یەكلا كردنەوەی كێشەكان لە 26 ساڵی رابردوو جگە لە خوێن رشتن و نا ئۆقرەیی و گرژی بۆ توركیا و ناتەبایی و كینە لە نێوان كورد و تورك، هیچی دیكەی لێ سەوز نەبوو. ئەزموونی ئەو ساڵانە سەلماندوویەتی كە هیچ لایەنێك ناتوانێ بە توندوتیژی بەرامبەرەكەی بخات . بۆیە كە ئێستا توركیا لە پرۆسەیەكی زۆر هەستیار نزیك دەبێتەوە كە ریفراندۆمە لەسەر ریفۆرمە دەستوورییەكان لە 12 ی سێپتەمبەری 2010، و خۆشبەختانە ئەم كاتەش هاوتەریبە لە گەڵ حەوتەمین ئاگر بەستی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK كە لە 13 ی ئۆگەست تا 20 ی سێپتەمبەر درێژەی دەبێت. رای لە یەكتر نزیكمان گوێ لێ دەبێ دەربارەی چارەسەركردنی پرسی كورد لە توركیا، بۆ نمونە پێشهاتێكی نوێیە كە بەڕێز كەماڵ كلچدار ئوغلو رایگەیاند كە ئاساییە دانوسان لە گەڵ PKK بكرێ و لێبوردنی گشتی رابگەیەندرێ. هەروەها بەڕێز سەرۆك كۆمار عەبدوڵڵا گویل گوتی كە بە هەردوو میكانیزمی دیبلۆماسی و شەڕ رووبەرووی PKK دەبنەوە. پێشتر PKK ەش لە چەندین بۆنە رایانگەیاندووە كە مەرج نیە توركیا راستەوخۆ لە گەڵ خۆیان دانوسان بكات، رێگەی دیكە زۆرە. ئەم دەرفەتەی ئاگر بەست و هەڵوێستی لایەنە جیاجیاكانی نێو توركیا هی ئەوەیە كە لە دەست نەدرێ. من وەكو لێكۆڵەرێكی كورد كە ئاگاییەكم دەربارەی پرسەكانی توركیا هەیە، وەكو ئەركێك بۆ بەشداری كردن لە چەسپاندنی ئاشتی لەو وڵاتە پرۆژەیەك پێشنیار دەكەم بۆ لایەنە پەیوەنددارەكان. كە لە خوارەوە ئاماژە بە خاڵەكانی دەكەم.

دروستكردنی كۆمیتەی ئاشتەوایی نیشتیمانی

ئێستا لە لای زۆرینەی هاوڵاتیانی توركیا و هێزە سیاسییەكان روون بۆتەوە كە پێویستە كار بۆ نەهێشتنی توندوتیژی بكرێ، توركیا پێویستی بە سەقامگیری و ئۆقرەیی هەیە بۆ ئەوەی پێشبكەوێ و ئابورییەكەی پێش بخات و گوزەرانی باشتر بۆ هاوڵاتیەكانی فەراهام بكات. بە داخەوە تا ئەمڕۆ بە دیقەتەوە كار بۆ فەراهامكردنی سەقامگیری نەكراوە، حكومەت پرۆژەیەكی شەرمنانەی بە ناوی كرانەوەی دیموكراسی راگەیاند و نەخشەی رێگای ئەم پرۆسەی پێشكەش نەكرد، ئۆپۆزیسیۆن دەڵێ دۆزی كورد بە رێگەی شەڕ چارەسەر ناكرێ، بەڵام پلانی چارەسەریش ناخاتە روو. ئاشكرایە كە هۆكارەكەی چییە، هیچ لایەنێك نایەوێ لە ترسی شەقامی توركیا و رای گشتی بە دیقەتەوە هەنگاو بۆ چارەسەری بنێ، چونكە دیوارێكی گەورەی ترس دەربارەی پرسی كورد لە لای هێزە سیاسییەكان هەیە، ترسیان هەیە كە ئەگەر بە جددی هەنگاوی دروست هەڵبگرن، رای گشتیان لێ قاو بدرێ و ئاستی جەماوەرییان دابەزێ. لە ترسی ئەم شیمانەیە نە حكومەت دەتوانێ هەنگاوی جددی هەڵگرێ و نە ئۆپۆزیسیۆن بەرنامە و نەخشەی رێگای چارەسەری پێیە.

لەم روانگەیەوە من پێشنیار دەكەم لە ژێر چەتری سەرۆكایەتی كۆمار كۆمیتەیەكی ئاشتەوایی نیشتیمانی دروست بكرێ كە نوێنەری حكومەت و ئۆپۆزیسیۆن و سوپا و كورد لە خۆ بگرێ و بە وردی دیراسەی رێگاكانی چارەسەر كردنی پرسی كورد بكات. ئەم كۆمیتەیە یان راستەوخۆ نوێنەری كوردی تیا بێ، یان لە گەڵ پارتی ئاشتی و دیموكراتی وەكو نوێنەری كورد دانوسان بكات. بە بێ گومان ئەو كات PKK ەش پاڵپشتی لەم میكانیزمە دەكات، چونكە پارتی ناوبراو هیچ كاتێك مەرجی ئەوەی نەبوو كە تەنیا دەبێ دانوسان لە گەڵ خۆی بكرێ. كارێكی باش دەبێ ئەگەر ئەو كۆمیتەیە لە گەڵ سەرۆكی دەستگیر كراوی PKK بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش گفتوگۆ بكات، هەروەها میدیا و دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ئامادەكردنی رای گشتی توركیا بە كارایی بەشداری بكەن.

ئەم كۆمیتەیە لە بەر ئەم خاڵانە دەتوانێ زۆر هەنگاوی باش هەڵگرێ:-

یەكەم: چونكە هەموو لایەنەكان تیایدا ئەندام دەبن، كەس ناتوانێ پرسەكە وەكو كارتی سیاسی لە دژی بەرامبەرەكەی بەكار بێنێ.

دووەم: دەتوانرێ بۆ رای گشتی روون بكرێتەوە كە چ لایەنێك بەربەستی سەرەكی بەردەم ئاشتەوایی نیشتیمانییە لە توركیا. ئەمەش لە رێی هەڵوێستی لایەنەكان لە نێو ئەم كۆمیتەیە روون دەبێتەوە. چونكە بەردەوام لە كاتی هەڵبژاردندا هەموو هێزە سیاسیەكان وەكو كارتی سیاسی چارەسەركردنی پرسی كورد بە رێی ئاشتیانە بە پێویست دەزانن و كاتێك كار دێتە سەر كردار، دەكشێنەوە و نەخشەی رێگایان نیە.

سێیەم: دەبێ ئەم كۆمیتەیە بۆ گەلانی توركیا روونی بكاتەوە كە كورد و تورك پێویستە لە گەڵ پێكهاتەكانی دیكە وەكو هاوڵاتی لە چوارچێوەی وڵاتدا پێكەوە بژین، بەشدارن و هاوبەشن لە وڵات و كەس میوان نیە. بەم كارە لە لایەك هەستی نامۆیی كورد كەم دەبێتەوە، هەروەها توركیش وەكو میوان و دوژمن سەیری كورد ناكات.

چوارەم: ئەم كارانە كاتێك دروست دەبن ئەگەر دەوڵەتی توركیا بە حكومەت و ئۆپۆزیسیۆن و سوپا و میدیا و دامەزراوە مەدەنییەكان بەو راستییە گەیشتبن كە چیتر ناكرێ بینەری توندوتیژی و كوژرانی رۆڵەكانیان بن بە دەستی برای خۆیان.

پێنجەم: ئەم ئەركە بێ دوژمن و نەیار نیە، بێگومان جورئەت و بوێری دەوێ، لەمبارەیەوە پێشنیار دەكەم بەڕێز عەبدوڵڵا گویل سەرۆك كۆماری توركیا لە رێی بانگهێشت كردنی فراكسیۆنەكانی نێو پارلەمانی توركیا و سەرۆكایەتی حكومەت و سوپا پێشنیاری كۆمیتەیەكی لەم جۆرە بكات، چونكە سەرۆكی كۆمار كەسایەتیەكی بێ لایەنە و لەسەر هیچ پارتێك حساب ناكرێ.

شەشەم: بۆ پاڵپشتی لە وەها كارێك، پێشنیار دەكەم پارتی كرێكارانی كوردستان PKK پاڵپشتی خۆی رابگەیەنێ و ئاگربەستەكەی بۆ كاتێكی دوورتر درێژ بكاتەوە و دووپاتی بكاتەوە كە دەكرێ BDP وەكو موخاتبی كورد بۆ چارەسەری ئاشتیانە قەبوڵ بكرێ.

حەوتەم: دەوڵەتی توركیا بۆ چارەسەركردنی ئەم پرسە، دەتوانێ هاوكاری راستەوخۆ یان نا راستەوخۆ لە لایەنی سێیەم وەربگرێ، ئەو لایەنە سێیەمە دەكرێ نەتەوە یەكگرتووەكان یان سەرۆك كۆماری عێراق، یان سەرۆكی هەرێمی كوردستان یان هەر دەوڵەتێكی دیكەی سێیەم بێت.

هەشتەم: رەنگە دواخستنی زیاتری چارەسەركردنی ئاشتیانەی پرسی كورد، وێڕای ئەوەی كوشتاری زیاتری لێ دەكەوێتەوە و ئابوری توركیا زیاتر بەرەو رووخان دەبات، شیمانەی دروستبوونی شەڕی ناوخۆ لە نێوان كورد و تورك زیاتر دەبێ، ئەمەش لە رێی بەردەوام بوونی رق و كینەی زۆر لە نێوانیان و هاندانی جیاكاری و دوژمنایەتی لە نێوان كورد و تورك لە لایەن هەندێ هێز و لایەنەوە.

No comments:

Post a Comment

دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ئەو شوێنانەی کامێرای 'پۆینت تو پۆینت'یان تێدایە 90% رووداوی هاتووچۆ تێیاندا کەمبووەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەی تاوان و دزیکردنەکان بە ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا ئەنجام دەدرێن&...