
دیسان دەربارەی سەرۆکایەتی هەرێم هێمن میرانی دوو بابەت لە میدیای کوردی زۆر خراپ تێکەڵ کراون و تەنانەت هەندێ سیاسی گەورە گەورەش کەوتونەتە ئەو هەڵەیەوە: یەکەم: ئایا بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی ئێستای هەرێم مافی ئەوەی هەیە خۆی کاندید بکات یان شایەنی ئەوەیە سەرۆک بێ، یان پیاوێکی خەباتگێڕە یان چی و چی... دووەم: ئایا لە رووی قانونیەوە بە رەچاوکردنی قانونی سەرۆکایەتی هەرێم و بەرکارنەبوونی دەستوور، سەرۆکی ئێستا مافی ئەوەی هەیە بۆ ویلایەتی سێیەمی سەرۆکایەتی کاندید بێ یان نا؟ بە داخەوە لێدوانی هەندێ بەرپرسانی پایە بەرزی پارتی و قسەکانی کاکە حەمە و ئەو قسانەش کە یاریدەدەری ئەمینداری یەکگرتوو بۆ هەفتەنامەی باس کردویەتی دوور و نزیک پەیوەندیان بە کرۆکی ئەو کێشەیەوە نیە کە دەربارەی سەرۆکایەتی لە کوردستان هاتۆتە پێش. سەرۆک بارزانی هاوڵآتی کوردستانە و مافی کاری سیاسی هەیە، خەباتگێڕ بووبێ یان نا ئەوە لە بابەتەکە ناگوڕێ، چونکە هەر کەس مافی خۆ پاڵاوتنی هەبوو خەباتگێڕ بێ یان نا دەتوانێ خۆی کاندید بکا و خەڵک دواجار لە هەڵبژاردن ئەو کەسە هەڵدەبژێرن کە دەیانەوێ. بۆیە ئەو قسانەی کە دەکرێن " سەرۆک خەباتگێڕ...