
حزب و ژیان هێمن میرانی مۆسیقارە، دکتۆر و راگری کۆلێجماف پەروەرە، وەزیرە، پارلەمانتارە، وەرزشوانێکی چالاکە، گەنجێکی چاوکراوە و پر هیوایە، هەر یەک لەمانەیە خۆی پێ گرنگ نیە تا لە بارەگایەکی حزبی دانەنیشێ و تەواجودی خۆی نەسەلمێنێ...تا خۆی بۆ بەرپرسی دەزگایەکی حزبی نەچەمێنێتەوە. تا لەسەر قسەیەکی راست کە لە دژی حزبەکەی کراوە نەیەتە وەڵام و پینە و پەڕۆی بۆ نەکا، دڵی داناکەوێ. چونکە هەست بە بوون و سەنگی خۆی ناکا، لە سێبەری حزبەکە نەبێ خۆی بە شت نازانێ. ئەمەش لە بەر ئەوە نیە کە باوەڕی بێ قەید و شەرتی بە پەیڕەو و پڕۆگرامی حزبەکە هەیە، رەنگە هەر نەشیخوێندبێتەوە. بەڵکو حزب ئەو ئەسپە سەرکەشەیە دەتگەیەنێتە شوێنە باشەکان. داتدەمەزرێنێ، موچەت دەداتێ، دەتوانی لە دائیرەکەت بکەیتە فشە و موحاسەبەش نەکرێی، کاندیدت دەکا بۆ پۆستی جۆراوجۆر، پارلەمانتار و ئەندام شارەوانی و ئەنجومەنی پارێزگا و وەزیر ( هەڵبەت ئەمانە هەمووی بە رێژەیی). ئەمە ئەو دەردەیە مرۆڤە گەورەکانی لە بەر دەرگای حزب بچووک بچووک کردۆتەوە... هەر دیوومە خەڵک شانازی بە حزبی بوونەوە دەکەن، حزبم نەدی شانازی بکە کە فڵانە هونەرمەند و فڵانە پ...