بەهای ئاشتی و تێچووی شەڕ

هێمن میرانی ئێمە لە کوردستان هەموو حاڵەتەکانمان دیووە، شەڕی حکومەتی عێراق و شەڕی ناوخۆ و لێکەوتە خراپەکانیشمان دیت بەڵام پێ دەچێ زۆر بە ئاسانی لە بیرمان کردبێ. وێرانبوونی سوریا و بەشێکی باشی عێراق و شارە کوردییەکانی باکوری کوردستان و لیبیا و یەمەن بە چاوی خۆمان دەبینین کەچی پێ ناچێ باش تێ بگەین یان نامانەوێ تێ بگەین کە شەڕ و توندوتیژی چەند گرانن لە رووی مرۆیی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە و ئاشتی چەند گرنگ و چ جۆرە دەستکەوتێکی گەورەیە. راستە ئێمە خەونمان ئەوە بوو کە دامودەزگای دیموکراسی لە کوردستان بەهێز بکەین، کوالیتی خزمەتگوزاری گشتی بەرز بکەینەوە، رێزی جیاوازییەکانی یەکتر بگرین، سەرۆک و بەرپرسە هەڵبژێردراوەکان رێزی خۆیان و دەنگی خەڵک بگرن و لە دوای تەواو بوونی خولەکانیان بڕۆن و کورسییەکانیان چۆڵ بکەن. خەونمان هەبوو قوتابخانەکان رەنگاو رەنگ بکەین، زانکۆ بە ئەلیکترۆنی بکەین و نەخۆشخانەکان بکەینە شوێنی حەسانەوە بۆ نەخۆش نەک ئیهانەکردن. راستە خەونمان بوو جادەکانمان بەرین و بێ تاسە بن نەک پارەی رەنگکردنەوەی خەت و هێلەکانمان نەمێنی. ئەمانە هەمووی خەون بوون و دەکرێ ئێستاش کاریان ب...