ئامانجی سیستمی نوێی ڕاهێنانی شوفێری: ڕاهێنانی شوفێرێکی پڕ زانیاری یاسایی و سەلامەتی هاتوچۆ و بەرپرسیار بەرامبەر بە خۆی و خەڵک و نیشتیمانەکەیەتی

 

دوای نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٢ی ئاداری ٢٠٢٤، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ د. هێمن میرانی هاوڕێ لەگەڵ بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دیوانی وەزارەت  و بە بەشداری بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی تۆتاڵ و نوێنەری فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەری باڵای بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ، بەڕێوەبەرانی ڕاگەیاندن، و ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کۆبۆوە کە شارەزان لە بواری مۆڵەتی شوفێری و خولی نوێیان بۆ بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی سیستمی نوێی ڕاهێنانی تازە شوفێران بینیووە.

کۆبوونەوە بە خستنەڕووی بایەخی سیستمی نوێ دەستی پێکرد کە ئامانجی سەرەکی پەروەردەکردنی گەنجانی تازە پێگەیشتووە، ئەوانەی ئامادەن بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی شوفێری، بە زانستی سەردەمی هاتوچۆ، یاسا و ڕێساکانی سەلامەتی ڕێگاوبان، ئاشناکردنیان بە ئۆتۆمبێل و پارچە و بەشەکانی، بنەما نێودەوڵەتییەکانی سەلامەتی و بەکارهێنانی ڕێگاوبان، فریاگوزاری سەرەتایی و چەندین بابەتی دیکەی هەرە پێویست بۆ هەموو شوفێرێک کە لە (ڕێبەری هاتوچۆ) جێگایان کراوەتەوە. بەڕێوەبەری گشتی دیوان داوای لە ئامادەبووان کرد کە لە ڕێی میدیاکانی بەڕێوەبەرایەتییان و پلاتفۆرمەکانی سۆسیال میدیا و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، بە زمانی سادەی خەڵک، بایەخی ئەو سیستم و پرۆگرام  و فێربوونی شوفێری، بەر لەوەی بچینە سەرشەقام، ڕوون بکرێتەوە. نمونەی بەوە هێنایەوە کە هەموومان کاتێک منداڵەکانمان دەگەنە تەمەنی ١٨ ساڵی، حەز دەکەین ببنە شوفێر و مۆڵەت دەربکەن و سەرمایەی خۆمان بۆیان بدەینە ئۆتۆمبێلێک بۆ ئەوەی هاوکاری خۆیان و خانەوادەکانیان بکەن. بەڵام ئەگەر ئەو گەنجە تازە پێگەیشتووە، کە ڕەنجی دایک و باوکیەتی، بە تەواوی ئاشنا نەکرابێت بە پێویستییەکانی لێخوڕینی سەلامەت و یاسا و رێساکانی هاتوچۆ و بنەما گشتییەکانی سەلامەتی و خۆپارێزی فێر نەبووبێت، ڕەنگە مەترسی بخاتە سەر گیانی خۆی و هاووڵاتیانی دیکەش کە شەقامەکان بەکار دەهێنن. بۆیە ئەرکی ئایینی و مرۆیی و ئەخلاقی هەموو دایک و باوکێکە، بۆ ئەوەی جگەرخۆشەکانیان سەلامەت بن و ڕەنج و ماندووبوونی خۆیان بەفیڕۆ نەچێت، ڕێگا نەدەن منداڵەکانیان بێ مۆڵەتی شوفێری، بێ ڕاهێنان و بوون بە شوفێری سەلامەت و ئاگادار و وریا، بچنە سەر شەقامەکان و ئۆتۆمبێل و ماتۆرسکیل بەکار بهێنن. لەمبارەیەوە د. میرانی هانی ئەفسەرانی بەڕێزیدا کە بە ڕوونی بایەخی ئەو سیستمە و پرۆگرامەکانی پەروەردەکردنی شوفێر بۆ هاووڵاتیان ڕوون بکەنەوە، کە بێگومان وەرچەرخانێکی یەکجار گەورەیە لە بواری هاتوچۆ و ئاکامەکانی لە چەند ساڵی داهاتوو لەسەر شوفێرە گەنجەکان بەدیار دەکەوێت کە بەو سیستم و پرۆگرامە نوێیە دەبنە خاوەن مۆڵەتی شوفێری.



لە تەوەرێکی دیکەدا، بەڕێوەبەری گشتی دیوان باسی لە پیرۆزی ئەرکی ئەفسەرانی هاتوچۆ کرد کە سەروکاری رۆژانە و بەردەوامیان لەگەڵ هاونیشتیمانیان هەیە و داوای لێکردن کە لە ئاستی بەرپرسیارێتی نیشتیمانیدا بن و خزمەتکاری خەڵک بن بە کردار، وەکو ئەوەی جەنابی سەرۆک وەزیران ڕێزدار مەسرور بارزانی هانی کارمەندانی حکومەتەکەی دەدات کە بە کردەوە خزمەتکاری خەڵک بن و خۆیان لە هاووڵاتیان بە گەورەتر نەزانن. روونکردنەوەی پێویستی لەسەر ئەو چەمکە بۆ ئامادەبووان دا کە ئەفسەران نابێت خۆیان لە بۆسەدا بن بۆ سزادانی شوفێران چونکە ئەرکی ئەوان زۆر لە سزادان گەورەترە و ئەوان پارێزەری گیانی خەڵکن لەسەر شەقامەکان و رۆژانە بە پەیڕەوکردنی یاسا و ڕێساکانی هاتوچۆ ژیانمان ئاسان دەکەن، گیانمان و ماڵ و سامانمان دەپارێزن. بۆیە زۆر گرنگە بە چاوی برایەتی و خۆشەویستییەوە لە شوفێر و هاووڵاتی دیکە بڕوانن و لە هەڵەی بچووک لێبوردە بن و ئامانجیان سزادان نیە بە قەد ئەوەی ڕاستکردنەوەی هەڵە و ڕێگریکردنە لە سەرکێشی و سەرپێچی.

لە تەوەرێکی دیکەدا باس لە سەرکەوتنی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی بە هەرسێ جۆری جێگیر، گەڕۆک، و پۆینت بۆ پۆینت کرد کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ دا بەشدارییەکی گەورەی لە پاراستنی گیانی خەڵک کردووە لە رێی کەمکردنەوەی لایەنی کەمی ٥٠٪ی رووداوەکانی سەختی هاتوچۆ کە ئەمەش بۆتە هۆی کەمبوونەوەی زیاتر لە ٥٠٪ی مردن و برینداری سەخت. بەو هۆیەشەوە لە پاڵ پاراستنی گیان، سەرو سامانی خەڵکیش کە ئۆتۆمبێلەکانیانە پارێزراوە و ئابوری خەڵک زیانی بەر نەکەوتووە. ئێستا بەشی هەرە زۆری هاووڵاتیان بە خۆشحاڵییەوە سەیری کامێراکان دەکەن و بەرهەمەکانی دەبینن کە دۆخێکی دروست کردووە شوفێریکردنی لەزەت و سەلیقەی بۆ گەڕاوەتەوە و سەرکێشی و پێشبڕکێ و لێخوڕینی نابەرپرسیاری تا ئەندازەیەکی گەورە کەم کردۆتەوە.


لە کۆتاییدا باس لەوە کرا کە پێشبینی دەکەین کە سیستمی نوێی ڕاهێنانی شوفێران و دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێریش دەبێتە هاوکارێکی دیکەی کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ڕێی پەروەردەکردنی شوفێرێکی هۆشیارتر، پڕ زانیاری یاساییتر، سەلامەتتر و بەرپرسیارتر.

ئەفسەرانی ئامادەبوو سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان و پێداویستی بەڕێوەبەرایەتییەکانیان خستە ڕوو و بە دڵگەرمییەوە دەگەڕێنەوە بەڕێوەبەرایەتییەکانیان بۆ ئامادەکاری دەستپێکردنی ڕاهێنانی شوفێری بە سیستمی نوێ.

Comments

Popular posts from this blog

کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای نوسینەوەی ستراتیژی توندڕەوی توندوتیژ

هونەری فێربوون و سوود وەرگرتن لە دەرفەتەکان

بۆنی نەوت و تۆزی ئارد دز