نا كارایى داموده‌زگاكان
هێمن میرانی
له دوای ڕووداوه‌كانی 17 شوبات، دۆخێك له كوردستان دروست بووه كه گه‌وره و بچووك، به‌رپرس و كاسب پێوه‌ی مه‌شغول بوون، هه‌ر یه‌كه و به جۆرێك گوزارشتی لێ ده‌كات و هه‌ر لایه‌نێك به جۆرێك هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌دات، له‌و به‌رواره‌وه سه‌دان پرۆژه و خاڵ و گوتار و به‌ڵێنی چاره‌سه‌ریمان بیست، ئه‌گه‌ر زێده‌ڕۆیی نه‌بێ له شه‌ش مانگی ڕابردوو هێنده‌ی قسه و به‌ڵێن دراوه، هێنده به جددی ده‌ستنیشانی كێشه بنه‌ڕه‌تییه‌كان نه‌كراوه و كاری جددی بۆ چاره‌سه‌ری نه‌نراوه. من به بێ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ئه‌و هه‌موو خاڵ و پرۆژه و گوتارانه‌ی له ماوه‌ی ڕابردوو پێشكه‌ش كراون، هه‌وڵ ده‌ده‌م په‌نجه له‌سه‌ر هه‌ندێ له كێشه بنه‌ڕه‌تییه‌كان دابنێم. به بڕوای من یه‌كێك له كێشه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی كوردستان لاوازی بونیاد سیستمی حوكمڕانییه، ئێمه نه‌ك نه‌مانتوانیووه داموده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌كانی كوردستان بونیاد و به‌هێز بكه‌ین، به‌ڵكو تائێستاش بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كوردستان و قسه له‌سه‌ر كردنیان به‌سه‌ر داموده‌زگا نیشتیمانییه‌كان باز ده‌ده‌ین و نادیده‌یان ده‌گرین، فه‌رامۆشكردنی بڕیاره‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رباره‌ی ڕووداوه‌كانی دوای حه‌ڤده‌ی شوبات و هه‌ڵبژاردنی كۆبوونه‌وه‌ی پێنج قۆڵی حزبی وه‌كو ئه‌لته‌رناتیڤ یه‌كێكه له ئاماژه‌كانی ئه‌م بواره. په‌رله‌مان نه‌ك نه‌یتوانی بڕیاره‌كانی خۆی فه‌رز بكات، به‌ڵكو كه‌مترین قسه‌شی له‌سه‌ر پێشێلكردن و بێ ڕۆڵكردنی خۆی كردووه. لاوازی و ناكارایی ده‌زگای قه‌زایی به هه‌موو پێكهاته‌كانی له كوردستان و فه‌رزكردنی ئیراده‌ی سیاسی وای كردووه كه خودی سیستمی حوكمڕانی له كوردستان ببێته بوارێك بۆ ته‌شه‌نه‌كردنی گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی و به‌فیڕۆدانی سامانی گشتی و خراپ به‌كارهێنانی پۆست و پله و پایه. له ناكارایی داواكاری گشتی و سه‌ربه‌خۆنه‌بوون و لاوازی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له كوردستان، كه‌شێك خوڵقاوه كه بۆ لێكردنه‌وه‌ی جامی ڕه‌شی سه‌یاره پێویست بكات سه‌رۆكی هه‌رێم مه‌رسوم ده‌ربكات، بۆ ڕێكخستنی حیمایه‌ی به‌رپرسه‌كان پێویست بكات سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌خاله‌ت بكات، له كاتێكدا ئه‌م پرسانه پێشتر له چوارچێوه‌ی یاسادا ڕێكخراون، به‌ڵام ده‌یان یاسا له كوردستان هه‌یه و جێبه‌جێ ناكرێ و په‌رله‌مان له یاساكانی خۆی ناپێچێته‌وه. كه‌واته كێشه‌كانی كوردستان له بونیادی دامودهزگایین، لاوازی داموده‌زگاكانه وایكردووه كه‌سه‌كان گه‌نده‌ڵ بن. كه‌واته پێویستمان به چاككردن و كاراكردنی ئه‌و سیستمه هه‌یه كه له‌ناو باڵه‌خانه‌ی داموده‌زگا نیشتیمانییه‌كان هه‌یه، ته‌نیا لێره‌دا ئیراده‌ی سیاسی ده‌توانی ڕۆڵی پۆزه‌تیڤ بگێڕێ، پێویسته ئیراده‌ی هێزه سیاسییه‌كان بڕیاربدات كه ده‌بێ یاسا سه‌روه‌ربێ، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بێ، په‌رله‌مان ئه‌ركه‌كانی خۆی جێ به‌جێ بكات و حكومه‌ت به فیعلی حكومه‌تی هه‌موو شاره‌كان و هه‌موو خه‌ڵك بێت، ده‌زانم زه‌حمه‌ته حزبه‌كان و به‌رپرسه سیاسییه‌كان بتوانن ئه‌و خوه‌ی بیست ساڵه له‌سه‌ری ڕاهاتوون كه له یه‌ك كاتدا هه‌موو شت بن ته‌رك بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خۆیان ئه‌مه نه‌كه‌ن، ده‌بێ خه‌ڵك ناچاریان بكات، چونكه به‌وشێوه‌یه‌ی ئێستا به‌رده‌وام بین، به ده‌ستی خۆمان كوردستان ده‌ڕووخێنین.
له 14.08.2011 له سایتى خه‌ندان بڵاوكراوه‌ته‌وه و پێشتر له گۆشه‌یه‌كى هه‌فتانه‌ى رۆژنامه‌ى ئاسۆ بڵاوكراوه‌ته‌وه.
ئه‌م بابه‌ته 2302 جار خوێنراوهتهوه
http://xendan.org/drejaWtar.aspx?NusarID=39&Jmara=3575
Comments
Post a Comment