سه‌رکرده و میلله‌تی نه‌زۆک
پارتی له دوا کۆنگره‌یدا بێ رکابه‌ر به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی کرده‌وه سه‌رۆکی حزب ( له 1979 - ) ه‌وه له‌و پۆسته‌یه. له 2013 هش وێڕای ته‌واو بوونی دوو خولی سه‌رۆکایه‌تی، له پێشهاتێکی سه‌یردا له گه‌ڵ یه‌کێتی هاوپه‌یمانی دوو ساڵی دیکه سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمیان بۆ بارزانی به قانونی ژماره 19 له نێو پارله‌مان درێژ کرده‌وه ( له کاتێک خۆی له ناو خه‌ڵک هه‌ڵبژێردرابوو)، له هۆیه پێویستیه‌کانی ئه‌م قانونه نوسراوه " له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و سازان له‌سه‌ر هه‌موارکردنی ده‌ستوور ئه‌م قانونه داندراوه". له ساده‌ترین وه‌ڵامیش هه‌ندێ سه‌رکرده‌ی پارتی گوتیان که‌س له به‌ڕێز بارزانی باشتر نیه بۆ ئه‌وه‌ی له‌م دۆخه سه‌رۆکی هه‌رێم بێ.
یه‌کێتی: بڕیاریداوه له‌م مانگه کۆنگره بکا، ساڵێکه سکرتێره گشتیه‌که‌ی، به‌ڕێز جه‌لال تاڵه‌بانی ( له 1976 - ) ه‌وه له هه‌مان پۆسته، له نه‌خۆشخانه‌یه و هه‌م یه‌کێتی بێ سکرتێر و هه‌م عێراقی بێ سه‌رۆک کردووه. سه‌یره‌که ئه‌وه‌یه هه‌ندێ سه‌رکرده‌ی یه‌کێتی زۆر به باوه‌ڕه‌وه ده‌ڵێن کۆنگره باسی پۆستی سکرتێری گشتی ناکا و هه‌ر مام سکرتێره جا له قه‌لاچوالان بێ یان له به‌رلین!
گۆڕان: راسته وه‌کو حزب و مۆڵه‌تی رێکخراوێکی سیاسی ساوایه، به‌ڵام ئه‌و باڵه‌ی له نێو یه‌کێتیدا له قۆناغی جیاجیادا ناوی جیاجیای هه‌بوو که دواییان باڵی ریفۆرم بوو هه‌ر به رابه‌رایه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فا بووه. گۆڕان کۆنگره‌ی کرد و که‌سی هه‌ڵنه‌بژارد، خۆیان ده‌ڵێن کۆنگره‌که‌شیان جیاواز بوو، له کاتێک هه‌ڵبژاردن نه‌کردن له کۆنگره یه‌که‌م هه‌وڵی خۆ بواردن بوو له‌وه‌ی ئایا هه‌ر به‌ڕێز نه‌وشیروان وه‌کو رێکخه‌ر ده‌مێنێته‌وه یان ئه‌وان مۆدێلی دیکه‌یان هه‌یه. گۆڕانیش هه‌مان رێچکه‌ی گرت و ناوی دیکه‌ی لێ نا.
![]() |
پێ ده‌چێ میلله‌تی ئێمه چیتر سه‌رکرده نه‌خاته دونیاوه!!! |
کۆمه‌ڵ: له‌وه‌ته‌ی هه‌یه به‌ڕێز عه‌لی باپیر ئه‌میره و ته‌نانه‌ت ئێستا پێیه‌کی له به‌غدا و یه‌کێکی له هه‌ولێره و هه‌ر ئه‌میره! جا عه‌یبی چیه، ئه‌وه‌تا بارزانی سه‌رۆکی پارتی و هه‌رێمه، تاڵه‌بانی سه‌رۆکی عێراق و یه‌کێتیه و له به‌رلینه. بۆ به‌ڕێز باپیر جێی گله‌یی بێ؟.
سۆسیالیست: سۆسیالیست له زاکیره‌ی نه‌وه‌ی دوای راپه‌ڕێن واته کاکه حه‌مه، کاکه حه‌مه له هه‌موو کۆنگره‌کانی ئه‌م دواییه سکرتێره، سه‌رده‌مێک پارله‌مانتار و وه‌زیری هه‌رێم و سکرتێری حزبه‌که‌ی بوو. ئه‌ویش وه‌کو خه‌ڵکی دیکه!
زه‌حمه‌تکێشان: له کورتترین پێناسه‌دا کاک قادر عه‌زیز حزبه‌که‌ی توانده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خۆی هه‌ر سکرتێر بێ.
یه‌که‌م جار حزبی شیوعی و دواتر یه‌کگرتووی ئیسلامی ئه‌و ترادیشنهیان شکاند و سکرتێره‌کانی خۆیان گۆڕی.
له سه‌ده‌ی بیست و یه‌کدا تاکه میلله‌ت که سه‌رکرده ناخاته دونیاوه، کورده!
ئیتر بۆ پێشه‌وه
هێمن میرانی
www.facebook.com/hemn2011
Comments
Post a Comment