یاده‌وه‌رییه‌کانی هه‌نده‌ران.. کێشه داراییه‌کان
هێمن میرانی - لێسته‌ر
شه‌وی یه‌ک شه‌مه 16 ی نۆڤه‌مبه‌ر کات 3:47 ی به‌یانی که بۆ ئه‌وه دانیشتووم توێژینه‌وه‌یه‌ک ته‌واو بکه‌م
له‌وه‌ته‌ی حکومه‌تی عێراق بودجه و موچه‌ی کوردستانی به هۆی کێشه‌ی نه‌وته‌وه بڕیووه، قه‌یرانی ئابوری گه‌وره رووی له وڵاته‌که‌مان کردووه، من لێره نامه‌وێ باس له‌وه بکه‌م کێ مافی کێ ده‌خوات و کێ ده‌بێ چی بکات. ئه‌وه‌ی لێره ده‌ینووسم ته‌نیا یاده‌وه‌ری رۆژانه‌یه که پاش چه‌ند ساڵێکی دیکه ده‌بێته یادگاری، جارێ نازانم یادگاری خۆش ده‌بێ یان ناخۆش، چونکه نازانین ئایندهی خۆمان و وڵاته‌که‌مان چی ده‌بێ.
ئێمه، کاندیدانی تواناسازی، که بۆ ماسته‌ر و دکتۆرا ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه کراوین، خۆمان له بنه‌ڕه‌تدا کێشه‌ی داراییمان هه‌یه، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی خێزاندارن و منداڵیان هه‌یه، ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی وه‌ری ده‌گرین بایی ئه‌وه ناکا ژیانێک بگوزه‌رێنی که که‌ڵکی ئه‌وه‌ی هه‌بێ به ئاسووده‌یی بیرکردنه‌وه‌ی خۆت بۆ خوێندن ته‌رخان بکه‌ی. بۆیه ناچارین له خانووی بچووک بژین، ناچارین پشووی که‌م وه‌ربگرین و سه‌فه‌ری که‌م بکه‌ین، ناچارین منداڵه‌کانمان له نێو ئه‌و هه‌موو خۆشیه‌ی ئێره به چیرۆکی جۆراوجۆر و به‌ڵێنی ره‌نگاوره‌نگی کوردستان رازی بکه‌ین. ئه‌مانه مرۆڤ سه‌رقاڵ ده‌که‌ن.
وه‌کو گوتم خۆمان له بنه‌ڕه‌تدا کێشه‌مان هه‌بوو، ئه‌و موچه دره‌نگ که‌وتن و پێنه‌دانی مافه داراییه‌کان له کاتی خۆی کێشه‌کانی گه‌وره‌تر کردووه. ئێستا هه‌ندێ قوتابی له زانکۆ فشاریان له‌سه‌ره که ده‌بێ پاره‌ی خوێندن بده‌ن، که‌چی ئه‌وان هێشتا وه‌ریان نه‌گرتووه، هه‌ندێ زانکۆ بواری پێ داون که‌چی پاره‌ی کرێی خانوو و کاره‌با و غازیان نه‌داوه و فشآریان له‌سه‌ره.
من به‌ش به حاڵی خۆم پاره‌ی خوێندنم نه‌داوه، جاران سێ مانگ جارێک کرێی خانووم ده‌دا ئێستا بۆ یه‌ک وه‌رز به سه‌د تکا و رجا بۆیان کردوومه‌ته مانگانه، نامه‌ی بیلی کاغز و کاره‌بام بۆ هاتووه باوه‌ڕتان بێ ناوێرم نامه‌که بکه‌مه‌وه چونکه پاره‌ی پێویستم له‌به‌ر ده‌ست نیه بیده‌م. فه‌رمانبه‌رێکی ئه‌و کۆمپانیایه‌ی من فلاتهکهم لێی به کرێ گرتووه نامه‌یه‌کی توندی بۆ ناردووم که ده‌بێ ئه‌م هه‌فته‌یه کرێی خانوو بده‌م. ئه‌مانه مرۆڤ سه‌رقاڵ ده‌که‌ن... له هه‌مووی خه‌فه‌تبارتر به‌ڵێنم به هه‌ستی و هێلان دابوو که بێدی تایبه‌ت به خۆیان بۆ بکڕم و ده‌ست نیشانیشمان کردبوو که‌چی ئه‌وه له لای ئه‌وانیش بێ به‌ڵێن ده‌رچووم.
سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه، ده‌ڵێن ئه‌و فه‌رمانه‌ی وه‌زیری نوێی خوێندنی باڵا ده‌ری کردبوو، که له خواره‌وه وێنه‌که‌ی داده‌نێم له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه راگیراوه و حکومه‌ت بۆ ساڵی چواره‌می دکتۆرا ته‌نیا مافی ژیان بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ ده‌دات. شه‌ش مانگی دووه‌م و مافه داراییه‌کانی هاوسه‌ر من و ئێوه خۆش...
جا وه‌ره له نێو ئه‌و هه‌موو فشاره ده‌روون و داراییه تاقه‌تت هه‌بێ خۆت بۆ خوێندن ته‌رخان بکه‌ی..
خوا خراپتر نه ده‌یت.
Comments
Post a Comment