له ئه‌زموونى به‌ریتانیاوه
هه‌ندێ پێشنیار بۆ وه‌زاره‌تى ناوخۆ ده‌رباره‌ى ریفۆرم له سیستمى هاتۆچۆ
![]() |
هێمن میرانى
|
پێشه‌كى
من پسپۆرى ئه‌و بواره نیم، به‌ڵام به هۆى ئه‌وه‌ى ساڵێك و چه‌ند مانگێكه ئۆتۆمبێڵ لێره لێدهخورِم دواى ئه‌وه‌ى مۆڵه‌تى شوفێرى به‌ریتانیام به ده‌ستهێنا، به پێویستى ده‌زانم هه‌ندێ سه‌رنجى گشتى بخه‌مه به‌رده‌ست لایه‌نى په‌یوه‌نددار به ئومێدى ئه‌وه‌ى به‌شدار بم له هه‌وڵه‌كانى كه‌مكردنه‌وه‌ى كاره‌ساتى ئۆتۆمبێل كه زیانى گیانى و ماددى گه‌وره به وڵاته‌كه‌مان ده‌گه‌یه‌نن. بۆ ئه‌وه‌ى له سه‌ره‌تاوه خوێنه‌ر به هه‌ڵه نه‌چێته ژووره‌وه، مه‌به‌ست ئه‌وه نیه كه كوردستان و به‌ریتانیا به‌راورد بكرێن، به‌ڵام بۆ بونیادنانى سیستمى هاتوچۆى هاوچه‌رخ ده‌بێ هه‌وڵ بدرێ سوود له ئه‌زموونى سه‌ركه‌وتوو وه‌ربگیرێ و لێكۆڵینه‌وه له‌و كه‌لێنانه بكرێ كه كاره‌ساتى هاتوچۆ زیاتر ده‌كه‌ن. ئه‌م نوسینه هه‌وڵێكى سه‌ره‌تاییه وه‌كو هاوڵاتیه‌ك كه خه‌مى خه‌ڵك و سامانى گشتى وڵاته‌كه‌یه‌تى.
سه‌رمایه‌ى نیشتیمانى
به له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌و ئامارانه‌ى له چه‌ند ساڵى رابردوو ده‌رباره‌ى قوربانیه‌كانى كاره‌ساتى هاتوچۆ له كوردستان بڵاو ده‌بنه‌وه، ده‌بێ هه‌ست به‌و راستیه بكه‌ین كه سیستمى هاتۆچۆى وڵاتى ئێمه كێشه‌ى گه‌وره‌ى هه‌یه كه بۆته هۆى له ده‌ست گیانى هه‌زاران هاوڵاتى كه سه‌رمایه‌ى گه‌وره‌ى نیشتیمانین و له پاڵ ئه‌و زیانه گیانیه گه‌ورانه، زیانى ئابورى گه‌وره‌ش به گوزه‌رانى خه‌ڵك كه‌وتووه. لێره‌دا جێى خۆیه‌تى كه توێژینه‌وه‌ى ورد ده‌رباره‌ى هۆكاره‌كانى زیادبوونى قوربانیه‌كانى هاتوچۆ له كوردستان بكرێ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ست نیشانى هۆكاره‌كان بكرێ كه چه‌نده‌یان په‌یوه‌ندى به خراپى رێگا و بان و چه‌نده‌ش هۆكارى كهمئهزوونى و سهرهرِۆیی شوفێرهكانه له كوردستان. ئه‌گه‌رچى من هیچ دیراسه‌یه‌كى وردم له‌م بواره‌دا له‌به‌رده‌ستدا نیه، به‌ڵام بێ هیچ گومانێك رێژه‌یه‌كى دیارى ئه‌و سهركێشیانهى هاتوچۆ په‌یوه‌ندیان به شوفێره‌كان و تیژرِۆییهوه هه‌یه، په‌یوه‌ندییان به لاوازى ئاستى هۆشیارى و سه‌لامه‌تى و خۆپارێزیه‌وه هه‌یه. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیان به خراپى سیستمى پێدانى مۆڵه‌تى شوفێرى و چاودێریه‌وه هه‌یه. بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدار بم له كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و كاره‌ساتانه، هه‌ندێ پێشنیار ده‌كه‌م كه ده‌كرێ له ئه‌زموونى هاتوچۆى به‌ریتانیه‌وه فێر بین.

مۆڵه‌تى شوفێرى
ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌رباره‌ى سیستمى پێدانى مۆڵه‌تى شوفێرى له كوردستان هه‌مه هى 2004 – 2005 ه كه من مۆڵه‌تى شوفێریم وه‌رگرت، باوهرِ ناكه‌م گۆرِانكارى زۆر جه‌وهه‌رى به‌سه‌ر ئه‌و سیستمه‌دا هاتبێ. له رووى تیرۆرییه‌وه تاقیكردنه‌وه‌كانى مۆڵه‌تى شوفێرى له كوردستان زۆر هه‌ژارن، به چه‌ند پرسیارێكى كه‌م، كه نازانم ژماره‌یان چه‌نده، شوفێر ده‌توانێ له به‌ریان بكات و له تاقى كردنه‌وه ده‌ربچێ. ئه‌و دیووه تیۆرییه كه‌مترین زانیاریى پێویستى ده‌رباره‌ى شوفێرى و پێداویستیه‌كانى سه‌لامه‌تى تێدایه. لێره له به‌ریتانیا به‌شى تیۆرى تاقی كردنه‌وه‌ى وه‌رگرتنى مۆڵه‌تى شوفێرى 1000 پرسیاره، ده‌بێ هه‌ر هه‌زارى بزانی و خۆتى بۆ ئاماده بكه‌یت چونكه له‌وه 50 پرسیار دێته‌وه و ده‌بێ 43 ت راست بێ بۆ ئه‌وه‌ى به ده‌رچوو حساب بكرێی. ئه‌و به‌شه تیۆرییه زانیارى ئه‌وه‌نده وردى تێدایه كه به راستى وه‌كو ئه‌وه وایه برِوانامهیهك له سه‌لامه‌تى وه‌ربگرى. براده‌رێكى دكتۆرم ده‌یگوت له كوردستان زۆر جار كاتێك رووداوێكى هاتوچۆ دروست ده‌بێ، برینداره‌كه تا ده‌گه‌یه‌ندرێته نه‌خۆشخانه گیان له ده‌ست ده‌دات، چونكه ده‌خرێته پشته‌وه‌ى پیكاب و كه‌سیشمان هۆشیارى چۆنیه‌تى مامه‌ڵه كردنمان نیه له‌گه‌ڵ كه‌سى بریندارى رووداوى هاتوچۆ. ئه‌و به‌شه تیۆرییه‌ى سیستمى هاتوچۆى به‌ریتانیا زۆر به فراوانى و به وردى شوفێر ئامۆژگارى ده‌كات و فێرى ده‌كات چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و شوفێر و كه‌سانه بكات كه له‌سه‌ر رێگه ده‌یان بینێ له كاتى بوونى رووداوى هاتوچۆ. جا ئه‌مه یه‌كێكه له‌و نمونانه كه ده‌كرێ سوود له به‌شه تیۆرییه‌كى به‌ریتانیا وه‌ربگیرێ به‌و جۆره‌ى بگونجێندرێ له گه‌ڵ كوردستان.
هه‌رچى به‌شى لێخۆرین و كرداریه، له كوردستان زۆر بایه‌خى نیه و ته‌نیا ترایهكى كورت و هه‌ندێ پێچ كردنه‌وه‌ى نێو شوێنه‌كانى ترایی كردنه. سه‌رده‌مێك ژماره هه‌شت هه‌بوو كه زۆر زه‌حمه‌ت بوو له كاتێك له برى ئه‌وه‌ى زۆرترین قورسایی بخرێته سه‌ر چۆنیه‌تى كشاندنه‌وه‌ى ئۆتۆمبێڵ له ژماره‌ى هه‌شت یان هه‌ر مۆدێلێكى دیكه، ده‌كرێ بایه‌خ به هه‌موو جۆره‌كانى لێخۆرِین له ناو شار و ده‌ره‌وه‌ى شار و چۆنیه‌تى پێچ كردنه‌وه و راوه‌ستاندن و رۆیشتن و هه‌موو جوله‌یه‌كى پێویست. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌بێ ماوه‌ى لێخورِینى ئۆتۆمبێڵ له كاتى تاقى كردنه‌وه‌كه درێژتر بكرێ و هه‌ڵه‌كانى شوفێرى به سیستم ده‌ست نیشان بكرێن. لێره هه‌ر كاندیدێك بۆ وه‌رگرتنى مۆڵه‌ت ده‌بێ 45 خولهك له گه‌ڵ ئه‌و رێپێدراوه‌ى تاقی كردنه‌وه‌كه ده‌كات شوفێرى بكات. سێ جۆره هه‌ڵه داندراوه، هه‌ڵه‌ى ورد، هه‌ڵه‌ى گه‌وره و هه‌ڵه‌ى مه‌ترسیدار. بۆت هه‌یه 15 هه‌ڵه‌ى ورد بكه‌یت بۆ نمونه له كاتى ئیشاره‌ت داگیرساندن ده‌بێ پێشتر سه‌یرى ئاوێنه بكه‌ى ئینجا ئیشاره‌ت ههڵبكهى، ئه‌گه‌ر سه‌یرى ئاوێنه‌ت نه‌كرد یان پاش و پێشت كرد ئه‌مه هه‌ڵه‌ى بچووكه. به‌ڵام یه‌ك هه‌ڵه‌ى گه‌وره و یان مه‌ترسیدار له تاقى كردنه‌وه‌كه ده‌تخات. هه‌ڵه‌ى گه‌وره بۆ نمونه ئه‌گه‌ر بچیته كۆڵانێك ئیشاره‌ت ههڵنهكهى، یان ئۆتۆمبێڵه‌كه‌ت بخه‌یته جوله به بێ ئه‌وه‌ى به وردى هه‌ر سێ ئاوێنه‌ى راست و ناوهرِاست و چه‌پ و هه‌ر چوار دهورهى ئۆتۆمبێڵه‌كه‌ت سه‌یر نه‌كه‌ى بۆ دڵنیایی. تاقى كردنه‌وه‌ى پراكتیك یان عه‌مه‌لى لێره زۆر ورد و زه‌حمه‌ته. به‌شێكى زۆرى ئێمه مانان كه له ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا، له كوردستان یان له هه‌ر وڵاتێكى دیكه‌ى رۆژهه‌ڵاتى، شوفێریمان كردبێ ده‌بێ سه‌ره‌تا هه‌ڵه‌كانى خۆمان راست بكه‌ینه‌وه ئینجا ده‌توانین له تاقى كردنه‌وه سه‌ركه‌وتوو بین. بۆ ئه‌مه زۆرینه‌مان وانه‌ى فێر بوونمان لێره وه‌رگرتووه به‌ر له‌وه‌ى له تاقى كردنه‌وه‌كه دهربچێن، ئه‌م خولانه‌ى فێركردن كاسبیه‌كى گه‌وره‌یه به‌ڵام سوودى یه‌كجار زۆرى هه‌یه. مامۆستایه‌كى هیندى كۆمه‌ڵێك وانه‌ى كردارى به من گوت. رۆژێكیان پێى گوتم كه ئێمه‌ى رۆژهه‌ڵاتى هه‌موومان خوى خراپمان هه‌یه له شوفێرى، ده‌بێ واز له‌و خووه خراپانه بێنین ئینجا ده‌توانین مۆڵه‌تمان ده‌ست بكه‌وێ و بچینه سه‌ر شه‌قام و شوفێرى بكه‌ین له به‌ریتانیا. له كوردستان زۆر پێویسته تاقى كردنه‌وه‌ى كردارى زه‌حمه‌ت بكرێز زه‌حمه‌ت كردن به‌و مانایه نا كه كه‌س نه‌توانێ ده‌ربچێ به‌ڵكو ده‌بێ شوفێر ناچار بكرێ كه به ته‌واوى شاره‌زایی له شوفێرى و ئه‌خلاقى شوفێرى و قانونه‌كان و هێماكانى سه‌ر شه‌قام و سه‌لامه‌تى خۆى و شوفێرهكانى دیكه‌ى سه‌ر شه‌قام هه‌بێ ئینجا بێته سه‌ر شه‌قام، بۆ ئه‌وه‌ى سه‌لامه‌تى خۆى و شوفێرهكانى دیكه بپارێزێ. ئه‌گه‌ر شوفێر به زه‌حمه‌تى زۆره‌وه مۆڵه‌تى هاتوچۆى وه‌رگرت، رێزى مۆڵه‌ته‌كه‌ى ده‌گرێ و ده‌ترسێ له ده‌ستى بدات. هه‌ر ده‌رباره‌ى مۆڵه‌تى شوفێرى سیستمى خاڵ ( پۆینت) زۆر گرنگه كه هه‌ر مۆڵه‌تێكى شوفێرى پێك بێت له، بۆ نمونه 12 خاڵ. واته مۆڵه‌تى شوفێرى وه‌كو برِوانامهیهكى هه‌میشه‌یی نه‌بێ كه شوفێر وه‌رى گرت و ئازاد بێ به كه‌یفى خۆى شوفێرى بكات. شوفێر به ئه‌نجامدانى هه‌ڵه‌ى گه‌وره‌ى هاتوچۆ هه‌ر جاره‌ى 3 خاڵ یان زیاتر به گوێره‌ى سهرپێچیهكهى له مۆڵه‌ته‌كه‌ى وه‌ربگیرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر له سه‌رپێچى به‌رده‌وام بوو له ماوه‌یه‌كى كورت مۆڵه‌تى لێخورِینى لێ وه‌ربگیرێته‌وه. ئه‌مه چاره‌ى ئه‌و شوفێرانه ده‌كات كه باكیان به سزاى دارایی نیه. هه‌ڵبه‌ت لێره هه‌ر سه‌رپێچیه‌كى هاتوچۆ سزاى تایبه‌ت به خۆى هه‌یه و هه‌یانه خاڵ له مۆڵه‌ته‌كه‌ى ده‌شكێندرێ و سزاى دارایش ده‌درێ. زۆر پێویسته ئه‌م مۆدێله له سیستمى نوێى هاتوچۆى كوردستان ره‌نگ بداته‌وه. به‌م جۆره شوفێر له ترسى مۆڵه‌ته‌كه‌ى زیاتر خۆپارێزى ده‌كات. دیاره ئه‌م بابه‌ته ده‌بێ وه‌كو یه‌ك سیستم سه‌یر بكرێ، ده‌رهێنانى مۆڵه‌تى شوفێرى بكرێته پرۆسه‌یه‌كى درێژى فێركردن و راهێنان و په‌روه‌رده‌كردنى شوفێرێكى پابه‌ند به قانون و هێمن و بێ كێشه كه ماندوو بوونى زۆر به مۆڵه‌تى ده‌رهێنانى شوفێریهوه ده‌كێشێ و پاره‌ش خه‌رج ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش هاوپێچ كرا به بوونى سیستمى پێدانى خاڵ له كاتى سه‌رپێچى هاتوچۆدا، پێشبینى ده‌كرێ شوفێر زیاتر خۆپارێزى بكات. دیاره ئه‌مه پێویستى به‌وه هه‌یه كه سیستمى هاتوچۆ بكرێته دیجیته‌ڵ و ته‌واوى داتاى شوفێر و ئۆتۆمبێڵه تۆماركراوه‌كان بخرێنه نێو سیستمى ئه‌لیكترۆنى. زانیاریم نیه له كوردستان ئه‌مه كراوه یان نا. ئه‌م سیستمه له به‌ریتانیا به ئاستێكى گه‌وره سه‌ركه‌وتنى به ده‌ست هێناوه.
ترافیك لایت
ئاشكرایه كه ترافیك لایت بۆ ئه‌وه داندراوه كه هاتوچۆ رێك بخات و جه‌نجاڵى و تێك چهقینى ئۆتۆمبێڵه‌كان كه‌م بكاته‌وه، سه‌دان شوفێرى سه‌ره رۆمان بینى كه له گڵۆپى سووریدا و وه‌كو كورد ده‌ڵێ سه‌رى خۆى و خه‌ڵكى دیكه‌شى له قورِێنا. ئه‌و كاته‌ى له كوردستان بووم به‌شێك له ترافیك لایته‌كان به كامێراى چاودێریه‌وه به‌سترابوونه‌وه. له راستیدا پێویسته له‌سه‌ر هه‌موو ترافیك لایته‌كان كامێراى چاودێرى هه‌بێ. پێش ئه‌مه‌ش ده‌كرێ له رێى هه‌مواركردنى قانونى هاتوچۆ، سزاى خاڵ خستنه سه‌ر مۆڵه‌ت زیادبكرێ و رێزنه‌گرتنى ترافیك لایت و لێخۆرێن له كاتى گڵۆپى سووردا وه‌كو سه‌رپێچیه‌كى گه‌وره هه‌ژمار بكرێ و سزاى دارایی و خاڵى بۆ دابندرێ. ئه‌گه‌ر كامیرا له‌سه‌ر ترافیك لایته‌كان داندرا، ئه‌و خه‌ڵكانه‌ى له دواى نیوه شه‌ویش هاتوچۆ ده‌كه‌ن كه پۆلیس له ترافیك لایته جه‌نجاڵه‌كان نامێنێ ناچارن به گوێره‌ى قانون لێخورِن، چونكه نمونه زۆره كه ته‌نیا رێزى قانونى هاتوچۆ و ترافیك لایت ئه‌و كاته گیراوه كه پۆلیسى لێ بووه، ده‌نا بۆته فه‌وزا. كامێراى چاودێرى ئه‌مه به ته‌واوى رێك ده‌خات.
كامێراى چاودێرى و خێرایی
له وڵاتانى ئه‌وروپا سیستمى جۆراوجۆر بۆ سنوورداركردنى خێرایی هه‌یه، له ئه‌ڵمانیا بۆ نمونه له شهقامهكانى ده‌ره‌وه خێرایی سنوورى بۆ دانه‌ندراوه، كه‌چى له به‌ریتانیا ته‌نیا 70 مایل كه ده‌كاته 112 كیلۆمه‌تر له كاتژمێرێك دوا ئاستى خێراییه و له‌وه زیاتر سزاى له‌سه‌ره. له ناو شاره‌كان به گشتى 30 مایل كه نزیكه‌ى 45 كلیۆمه‌تره له كاتژمێرێكدا رێگه پێدراوه. ئه‌مانه له هه‌موو شوێنێك و له‌سه‌ر جاده‌كان نوسراون و له رێى كامێراكانى چاودێریه‌وه شوفێر به‌رده‌وام چاودێرى ده‌كرێ. ئه‌م سیستمه واى كردووه مرۆڤ له كاتى لێخورِیندا ماندوو نه‌بێ و كه‌متر رووبه‌رووى كاره‌سات ببێته‌وه كه ره‌نگه هۆكاره‌كه‌ى خۆت نه‌بیت به‌ڵكو شوفێرێكى سهرهرِۆ بێ. زۆر جار گله‌ییمان گوێ لێ ده‌بێ كه كامیراكانى چاودێرى له كوردستان ته‌نیا خه‌ڵك دهرِوتێننهوه. من به بێ ئه‌وه‌ى به‌رگرى له سیستمى هاتوچۆ بكه‌م، له رووى پره‌نسیپه‌وه دانانى كامێراى چاودێرى كردنى خێرایی پێشكه‌وتنه و هۆكارێكى گه‌وره‌ى پاراستنى سه‌لامه‌تیه و ده‌بێ په‌ره‌ى پێ بدرێ. له پاڵ ئه‌وه، له راستیدا ته‌نیا سزاى دارایی به‌س نیه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى تیژره‌وى ده‌كه‌ن و بێ باكانه و به خێرایی ئۆتۆمبێڵ لێ دهخورِن، لێره له به‌ریتانیا پاڵ سزاى دارایی زۆر، سزاى خاڵ خستنه سه‌ر مۆڵه‌ته‌كانى لێخورِینیشان بۆ داندراوه. واته ئه‌وه‌ى خێراییه‌كه‌ى له‌وه زیاتر بێ كه قانون رێگه‌ى پێداوه، سزایه‌كى دارایی گه‌وره ده‌كرێ و خاڵیش ده‌خرێته سه‌ر مۆڵه‌تى شوفێریهكهى.
پێداویستی ریفۆرم
هه‌ڵبه‌ت هه‌ر گۆرِانكاریهك له سیستمى هاتوچۆ ئاماده‌كارى باشى پێشوه‌خته‌ى ده‌وێ، بۆ نمونه له رووى قانونیه‌وه ده‌بێ ئه‌مه رێك بخرێ، بودجه‌یه‌كى باشى ده‌وێ، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ى گۆرِانكارییهكان بگاته خه‌ڵك پێویستى به هه‌ڵمه‌تێكى گه‌وره‌ى هۆشیارى هه‌یه كه ده‌كرێ كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن رۆڵى گه‌وره‌ى تێدا بگێرن. به‌ڵام مه‌حاڵ نیه و به‌ڵكو پێویسته به تایبه‌ت به ره‌چاوكردنى به‌رزى ژماره‌ى قوربانیه‌كان و ژماره‌ى كاره‌سات و رووداوه‌كانى هاتوچۆ. ئه‌م گۆرِانكارییانه به بێ چاره‌سه‌ركردنى گه‌نده‌ڵى له پێدانى مۆڵه‌تى شوفێرى، له ره‌شكردنه‌وه‌ى سزا و سه‌رپێچى هاتوچۆ، له پێدانه‌وه‌ى مۆڵه‌تى شوفێرى كه‌سێكى سهرهرِۆى قانونشكێن له لایه‌ن دۆستێكى یان فه‌رمانبه‌رێكى دیكه‌ى هاتوچۆ ئه‌نجامى پێویستى نابێ. بۆیه پێویسته ئه‌و كه‌لێنانه به سزاى توند بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه چاوپۆشى له كه‌سى سه‌رپێچیكار ده‌كه‌ن پرِ بكرێنه‌وه ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تا له رێى په‌روه‌رده‌كردنى كارمه‌ندانى وهاتوچۆ به پێویستى پابه‌ند بوون به قانونى هاتوچۆ به‌سه‌ر هه‌موان بۆ سه‌لامه‌تى گیانى خه‌ڵك و سامانى وڵاته‌كه‌مان ده‌ست پێده‌كات و دواتر به قانون رێك ده‌خرێ كه هه‌ر كارمه‌ندێكى هاتوچۆ چاوپۆشى له سه‌ر پێچى بكات خۆى سزا بدرێ.
تێبینی: ئه‌م وتاره له رۆژنامه‌ی خه‌بات رۆژی 24 ی نۆڤه‌مبه‌ری 2014 بڵاو کراوه‌ته‌وه
Comments
Post a Comment